هەڵسەنگاندنێک بۆ بارودۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا – ساڵی 2020

بڵاوکردنەوە:

زنار بابەکر

نووسەر:

زنار بابەکر

بینراو:

930

بەش:

تەندرووستی

لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لە هەڵسەنگاندن و شیکاریی بارودۆخی تەندروستیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها چۆنیەتی کاردانەوەی دەوڵەتە ڕامیارییەکانی ناوچەکە لە وەڵامدانەوەیاندا، تاکو سەرجەم کێشە و نەنگییەکان لەوبارەیەوە دیاریبکرێت و بتوانرێت پێشنیاری گونجاو و شیاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێشکەش بکرێت.

 

پێشەکی

لە دەستپێکی ساڵی 2020، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) فریاگوزارییەکی تەندروستی گشتی ڕاگەیاند لە بڵاوبوونەوەی نێودەوڵەتی کۆڤید-١٩، کە ناسراویشە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا. هۆکاری تووشکەری ئەو نەخۆشییە ناودەبرێت بە SARS-CoV-2. لەماوەی کەمتر لە دوو مانگی ڕاگەیاندنی فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکە، ڤایرۆسی کۆرۆنا بەفەرمی بە نەخۆشییەکی جیهانگیر دیاریکرا. بەپێی ڕاپۆرتەکانی WHO، تا کۆتاییەکانی مانگی حەوتەمی ساڵی 2020، ئەم نەخۆشییە جیهانگیرە بە نزیکەی 503,000 کەسدا بڵاوبۆتەوە لە سەرانسەری جیهاندا.

مەبەست لەم لێکۆڵینەوەیە بریتییە لە پوختەکردنی زانیاری ئێپیدێمیۆلۆجی (پەتاناسی/درمناسی) نەخۆشی جیهانگیری کۆرۆنا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها بەخشینی ڕووانینێکی ڕوون لەوەی کە چۆن پەتاکە لەو ناوچەیەدا بڵاوبۆوە، بە ڕەچاوکردنی ئەو هەوڵە خۆجێییانەش کە لەلایەن دەوڵەتەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە لە وەڵامدانەوە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا جێبەجێکرا و پاشان شیکردنەوەی هەموو ئەو بارودۆخانە تاکو پێشنیاری گونجاو لەبارەی حاڵەتی تەندروستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە پێشکەش بکرێت.

سەرچاوەی ئەو زانیارییانەی کە لەم لێکۆڵینەوەیەدا پێشکەش کراوە، بریتییە لە ڕاپۆرتەکانی WHO، بابەتێکی ئینفۆدێمیۆلۆجی ماڵپەری (springer.org)، بابەتێک لە (BMJ Journals)، هەروەها بابەتێکی تریش لە (Journal of Frontiers).

بەداخەوە، دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکانی سەرچاوە ئاماژە پێدراوەکان، ئەوەیان خستۆتەڕوو کە دەوڵەتە عەرەبییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست زانیارییەکی ورد و تەواویان لە ڕاپۆرتەکانی کۆڤید-١٩ تەرخان نەکردووە. بۆیە، ئەگەر هەرچەندێکیش زانیارییەکان لەم لێکۆڵینەوەیەدا ورد و درێژدادڕ بن، هێشتاش، ناتوانرێت بەدڵنیاییەوە وەکو لێکۆڵینەوەیەکی تەواو و دەقیق متمانەی پێبکرێت بە بەراورد بە ڕاستەقینەی نەخۆشییەکە. بەڵام، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم زانیارییانە تاکو ئێستا دەتوانرێت بە باشترین دەرەنجام دابنرێن کە بتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ هەر شیکاری و هەڵسەنگاندنیکی دیاریکراو چونکە لە بڕواپێکراوترین لایەنەکانەوە وەرگیراون.

پرسی نەخۆشی کۆرۆنا لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی تەندروستی قووڵ هەیە بە ڕەچاوکردنی ناکۆکی و تەنگەژەی نێودەوڵەتیش لە ناوچەکەدا بەهەمان شێوە. ئەو زانیارییانەی کە لێرە بەدواوە پێشکەش دەکرێت، بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی ورد تاکو بتوانێت یارمەتیت بدات لە پێداچوونەوەیەک بە حاڵەتی نەخۆشییەکە لە ساڵی 2020. ئەگەر بمانەوێت تێبگەین کە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست چۆن وەڵامدانەوەی بۆ نەخۆشییەکە هەبوو، ئەوە دەبێت بەوشیارییەوە زانیارییە بەردەستەکان بپشکنین لەبارەی بڵاوبوونەوەکەی ساڵی 2020.

 

پرسی خزمەتگوزاری تەندروستی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە ناوەندێکی باوی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درمەکان دادەنرێت. دەوڵەتەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری بێهاوتای خۆیان هەیە بەسەر گەشتیارییەوە ئەویش بەهۆی حەج کردنەوە، کە ساڵانە ملیۆنان گەشتیار کێش دەکەن لەم ڕێگەیەوە. بەڵام، ئەو دەوڵەتانە کەمتەرخەمن لە پاراستنی پاکوخاوێنی و هەروەها خزمەتگوزارییەکی دابڕاوی تەندروستییان هەیە. هەموو ئەم هۆکارانە، پشتگیری ئەو ڕاستییە دەکەن کە دەکرێت هەر نەخۆشییەک بەخێرایی و هەروەها بەرفراوانی بڵاوبێتەوە بە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و پاشان دەوروبەریشییەوە.

زیاتریش لەمە، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بریتییە لە ناوچەیەکی ناکۆکی ڕامیاری و ناجێگری ئابووری، هەروەها ژێرخایەنی تەندروستی گشتی ناوچەکەش زۆر بەتوندی زیانی بەرکەوتووە بەهۆی ئەو جەنگ و پێکداچوونە توندڕەوانەی کە ملیۆنان خەڵکی بێلانە کردووە یا وەک کۆچبەر یا وەک ئاوارە بۆ وڵاتانی تری هەمان ئەو ناوچەیە یاخود هەر وڵاتێکی تری دەرەکی بە ڕامیاری و ئابوورییەکی جێگیرترەوە. ئەمە، وای لە دانیشتوانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کردووە تا زۆر زیاتر بکەونە ژێر مەترسی و هەڕەشەی نەخۆشییەوە و هەروەها زۆر کەمتر ئامادەباشیان هەبێت لە حاڵەتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی جیهانگیر. سەرەڕای هەموو ئەوانەش، ڕاپۆرتە تەندروستییەکان دەریدەخەن کە دانیشتوانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ڕێژەیەکی بەرزیان هەیە لە شەکرە و ئەو کێشانەی کە پەیوەستە بە دەمارەخانەکانی دڵەوە؛ هەردووک، کە دەرکەوتووە هۆکاری مەترسیدارن بۆ تووشبوونێکی توند بە کۆڤید-١٩.

 

بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە

ئێران یەکەمین وڵات بوو کە تووشبوو بە نەخۆشی کۆرۆنا، هەروەها بە بەرزبوونەوەیەکی خێراش لە حاڵەتی تووشبووان، نەخۆشییەکە بەخێرایی گوازرایەوە بۆ تورکیا، سعودیە، قەتەر، پاشانیش وڵاتانی تر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئینجا میسریش بەهەمان شێوە، کە لەوێوە نەخۆشییەکە گەیشت بە ناوچەی باکوری ئەفریقا. ئەم بڵاوبوونەوەیە خێرایەی کۆڤید-١٩ بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕاستەوخۆ دوای یەکەمین حاڵەتە تووشبوەکان لە ئێران، بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە سیستمی تەندروستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست چەندە لەژێر هەڕەشەدایە و هەروەها دانیشتوانەکەشی چەندە نا-ئامادەیە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی جیهانگیر. ئەگەرچی، زانیاری ئینفۆدێمیۆلۆجی دەریدەخات کە حەز و خواستی خەڵک بۆ کۆڤید-١٩ لە سەرەتاکانی بڵاوبوونەوەیدا، بەلای لایەن و ڕێگە پارێزییەکانی نەخۆشییەکەدا شکابۆوە. بەڵام، نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی پیویست و هەورەها ئەو ڕاستییەش کە حکومەتە خۆجێییەکان کاریگەرییەکی سنورداریان هەیە بەسەر ڕێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، هەردووک، هەر هەوڵێکی ڕامیارییان دادەمرکاندەوە کە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا جێبەجێ دەکرا بێ گوێدانە ئەوەی کە هاوڵاتیان چەندە هاوکاریش بوون لەگەڵ ئەو هەوڵەدا. لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ پلان و ستراتیژیەتێکی هاوبەش نەبوو لەنێوان دەوڵەتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ وەڵامدانەوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، هەر دەوڵەتێک بەتەنها و سەربەخۆ هەوڵی مامەڵەکردنی لەگەڵ نەخۆشییەکە دەدا.

ئێران، وەکو ناوەندی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، لە ڕاستیدا زۆرباش هاوکاربوو لەگەڵ ئۆفیسی خۆجێیی WHO لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست (EMRO) بە بەراورد بە دەوڵەتانی تری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەوەی کە ڕاپۆرتەکانی بەتەواوەتی لە کاتی خۆیدا دەگەیاند و هەروەها هەر زوو ڕێگاکانی پارێزی گرتەبەر. هەرچەندە، توانای ئێران بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشییەکە سنورداربوو وەکو هەر وڵاتێکی تری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. دواتر، میسر ڕووبەڕووی بڵاوبوونەوەیەکی خێرای کۆڤید-١٩ بوو، بەڵام، ئەوان کەمتر هاوکاربوون و هەروەها نەیانتوانی ڕێگاکانی پاراستن لە کاتی خۆیدا بگرنەبەر. دوابەدوای ئەمە، بە زیادبوونی توانستی تاقیکردنەوە بۆ دەرخستنی نەخۆشییەکە لە تووشبوواندا، بەتایبەت لەناو وڵاتانی "Gulf Cooperation Council (GCC)"، ڕاپۆرتەکان لە حاڵەتە تووشبووەکاندا ئێستا لە ژمارەیەکی زیاتری دانیشتواندا ئەنجامدەدرا لە کاتێکی کەمتردا و، هەروەها تەنانەت دوای ماوەیەکیش، هەندێک لەو وڵاتانەی GCC لە یەکەمینەکانی جیهان بوون بۆ ژمارەی تاقیکردنەوەکان لە هەر ملیۆنێک دانیشتواندا.

ستراتیژیەتێکی خۆجێیی لەلایەن WHO-EMRO گەشەی پێدرا بۆ هاوکاری کردنی دەوڵەتەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە توانستی وەڵامدانەوە بۆ نەخۆشی کۆڤید-١٩، کە تیایدا بڕیارەکانی وەستاندنی گەشت و داخستنی سنورەکان لە وڵاتانی تووشبوودا جێبەجێکرا لەلایەن زۆرێک لە حکومەتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە. هەرچەندە، هەندێک لەو وڵاتانە بڕیارکەیان دواخست. بەڵام، زۆر زیاتر لەوەی کە بیری لێدەکەیتەوە، سنورەکان داخرا و تەنها گەشتەکانی گەڕانەوە، هاتوچۆی پێداویستی و شتومەک، هەروەها هاوکاری مرۆیی ڕێگەی پێدەدرا لە هاتنە ناو وڵاتەکانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بە ڕەچاوکردنی ئەو بڕە زۆرەی پیداویستی تەندروستی کە بەکاردەهێنرا لەو ماوەیەدا، هەندێک لەو وڵاتانە تەنانەت هەناردەکردنی پێداویستی تەندروستییان قەدەغەکرد لەترسی هەر حاڵەتێکی فریاگوزاریی ناوخۆیی. لوبنان و ئیماڕات، لە یەکەمین ئەو وڵاتانە بوون کە ڕێگاکانی داخستنی قوتابخانە و شێوازەکانی تری دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتییان گرتبەر. عومرە، لەلایەن دەسەڵاتەکانی سعودیەوە وەستێنرا و چوونە ناو مەککە و مەدینە سنوردارکرا. وە، خۆشبەختانە، لەگەڵ دەستپێکردنی مانگی ڕەمەزاندا، بریکارە خۆجێیەکان ڕاهێنانی سەلامەت و پارێزراویان جێبەجێ دەکرد کە کاریگەرییەکی تێبینیکراوی هەبوو بەسەر بەرزکردنەوەی ڕێژەی پاکوخاوێنیدا. حکومەتە خۆجێییەکانیش بەهەمان شێوە دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەسەر تەلەفزیۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەپێناو هاندانی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی لەکاتی شەڕکردن لەگەڵ نەخۆشی کۆرۆنادا.

 

وەڵامدانەوەی نەخۆشییەکە

گرنگە ئاماژە بەوە بدرێت کە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێشووتر ڕووبەڕووی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی هەناسەیی بوو لە دوو جۆری جیاوازی ڤایرۆسی کۆرۆنای هاوپەیوەند، کە ناسراون بە SARS-CoV و MERS-CoV. هەروەها، بڵاوبوونەوەیەکی تر لە H1N1، لە ساڵی 2009. بۆیە، دەوڵەتەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە ئەزموونی ڕابردووەوە لەم دوو بڵاوبوونەوەیە، زیاتر ئاشنابوون لەگەڵ دەستەمۆکردنی نەخۆشیدا. بۆ نموونە، وەزارەتی تەندروستی سعودیە "Command and Control System" و هەروەها "Saudi Center for Disease Control and Prevention" دامەزراندبوو دوای دۆزینەوەی MERS-CoV. ئەم دوو دامەزراوەیەوە، ڕۆڵی پێشڕەوییان هەبوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی SARS-CoV-2 لە وڵاتەکەدا. لە کاتێکدا، وڵاتانی تری وەکو قەتەر، پلانی ئامادەکاری فریاگوزارییان داڕشتبوو کە بەشێوەیەکی کاریگەرانە ژمارەی حاڵەتە تووشبووەکانی MERS-CoV کەمکردۆتەوە لە ماوەی 10 ساڵی پێشوودا، کە ئەمەش بەهەمان شێوە ئەزموونێکی کاریگەرە لە ڕووبەڕووی بوونەوەی SARS-CoV-2. سەرەڕای ئەوەش، ناوەندە نەتەوەییەکانی ئەنفلۆنزا دامەزرێنرابوون لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دوای بڵاوبوونەوەی نەخۆشی H1N1، کە بەهەمان شێوە هاوکاربوون لە چوارچێوەی ئامادەکاری WHO بۆ نەخۆشی ئەنفلۆنزا (PIPF). دوبەی، وەک ناوەندی گواستنەوە بۆ هەوڵەکانی WHO ڕۆڵی دەگێڕا و ڕێژەی نزیکەی 88% لە گشت ئاڵوگۆڕەکانی جیهانی بەڕێوەدەبرد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەروەها، کوەیت، بڕی زیاتر لە 40 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی تەرخانکرد بۆ هەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڤید-١٩ لەلایەن WHO.

پێداچوونەوەیەک بەو پلان و تاکتیکە جیاوازانەی، هەروەها بەهەمان شێوە ئەو توانا و ئاستە شارەزاییە هەمەجۆرانەی کە وڵاتانی خۆرهەڵانی ناوەڕاست لەخۆی دەگرن، دەریدەخات کە لە ڕاستیدا دەکرێت چەندە کاریگەر بن ئەگەر تەنها هاوبەشی بکەن و پشتگیری یەکتر بن. بەڵام، بەداخەوە، ناکۆکی ڕامیاری تاکو ئێستا زۆر نا-هاوکار بووە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.

دەوڵەتانی GCC، لە کاتێکدا کە ئامادەباشییەکی بەهێزیان هەبوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە، ئەوانی تری وەکو یەمەن و سوریا، بەتەواوەتی پێویستیان بە هاوکاری هەبوو! هەروەها، خۆپیشاندانی ناوخۆیی لە عێڕاق و لوبنان لەلایەن خەڵکەوە بەڕێوەدەچوو هەر لەو کاتەی کە بڕیارەکانی WHO-EMRO جێبەجێ دەکرا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. هیچ ناوچەیەک ناتوانرێت دەستەمۆ بکرێت لەماوەی نەخۆشییەکی جیهانگیردا بەم هەموو ناکۆکی و بەگژیەکداچوونە ڕامیارییەوە. ئەمەش هەمووی، بێ ئاماژەدان بەوەی کە لە هەموو ئەو حاڵەتە تووشبووانەی بە WHO-EMRO بەخشراوە، تەنها ڕێژەی 3.4% بە وردەکاری تەواوە بەڵگەنامە کرابوون؛ کە ئەمە زۆر بەخراپی ئاستی لیکۆڵینەوە و بەدواداچوون دادەمرکێنێتەوە لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.

 

زانیاری بەردەست

تا مانگی دوانزەی ساڵی 2020، دەوڵەتە عەرەبییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها ناوچەی باکوری ئەفریقا، کە بەیەکەوە ناسراون بە ناوچەی MENA لەلایەن WHO، زیاتر لە 3.2 ملیۆن حاڵەتی تووشبوویان ڕاگەیاندووە بە SARS-CoV-2، هەروەها 55 هەزار مردوو بە نەخۆشی کۆڤید-١٩. زیادبوونێکی سێ هێندەیی بەرچاو کەوتووە لە ژمارەی مردووان لە نێوان مانگی نۆ و هەروەها مانگی دوانزەی ساڵی 2020، هەروەها کۆڤید-١٩ بە چوارەمین هۆکاری پێشڕەوی مردن دانراوە لە دەستپێکی ساڵی 2021. بەڵام، ‌هێشتاش، تێگەیشتنمان لە ئاستی کوشندەیی گواستنەوە و هەروەها خاڵە لاوازەکانی نەخۆشییەکە سنوردارکراوە لە ناوچەی MENA بەهۆی کەمی ئاستی زانیاری و ڕێژەیەکی کەم لە تاقیکردنەوەکان.

لەناو هەر 22 دەوڵەتە عەرەبییەکانی ناوچەی MENA، کەمتر لە 15 دانەیان ڕاپۆرتەکانیان بە زانیاری جیاکراوەی ڕەگەزەوە بەردەست خستووە. زانیاری پەیوەست بە ڕەگەزەوە لەسەر کۆڤید-١٩ بە گرنگ دادەنرێت، بەتایبەت لە دەوڵەتە عەرەبییەکان کە تیایاندا ئافرەتان لەژێر مەترسییەکی گەورەتردان بەهۆی کەمی هێزی کاری مێینە و هەروەها بەرپرسیاریەتییەکانی چاودێریکردن کە چاودێریکردنی هاوسێ نەخۆشەکانیش دەگرێتەوە.

تەنها 10 لە دەوڵەتانی عەرەبی زانیارییان بە جیاکردنەوەی تەمەنەوە تەرخانکردووە. هەروەها، تەنها ڕێژەی 68% لە وڵاتەکان زانیارییان بە جیاکردنەوەی ناوچەی جوگرافی دابین کردووە. زانیاری لەسەر کۆڤید-١٩ لەناو خەڵکی ناوخۆی بێلانەوە بەردەست نییە لە ناوچەی MENA، تەنها لە عێڕاق نەبێت، لە کاتێکدا کە ناوچەی MENA خاوەنی زۆرترین دانیشتوانی بێلانەیە لە جیهاندا. هەروەها، بڕیارە ڕامیارییەکانی پەیوەست بە ئاوارەکان لەسەر بنچینەی زانیارییەکی وردی تەندروستییەوە دەرنەکراون، کە ئەمە شتێکی زۆر مەترسیدارە لە حاڵەتی نەخۆشییەکی جیهانگیردا. ناوچەکە، بەگشتی، پێویستە بودجەیەک تەرخان بکات بۆ دابینکردنەی سەرمایەی هەوڵەکانی ڕیگری کردن و وەڵامدانەوە لەناو خەڵکانی بێلانەی ناوخۆیی وەکو ئاوارە و کۆچبەران.

 

سەرەنجام

ئەو زانیارییەی کە بەردەستە لەسەر بڵاوبوونەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڕوونی دەریدەخات کە خاڵی لاوازی سیستمی تەندروستی دەوڵەتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە جیاکاری ڕامیاری و ناکۆکی ناخۆییدا خۆی دەبینێتەوە. هاوکارییەکی بەکۆمەڵ پێویستە لەنێوان دەوڵەتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ دڵنیابوونەوەی لەوەی کە نەخۆشییەکە دەستی بەسەردا گیراوە و هەروەها گواستەوەنەشی دەستەمۆ کراوە. سنورەکان، ناتوانن ڕێگری لە هیچ نەخۆشییەک بکەن بۆ بڵاوبوونەوە، بۆیە حکومەتەکان پێویستە هاوکاری یەکتر بن بۆ وەستاندنی نەخۆشی کۆڤید-١٩. ستراتیژیەت و ڕامیاری خۆجێیی پێویستە بە هاوبەشی هەر تاکە وڵاتێکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێ بکرێت، ئەگەرنا، بێ گوێدانە ئەوەی کە هەر لایەنێک چۆن بەتەنها لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنادا دەجەنگێک هێشتاش هەر لەژێر هەڕەشە و مەترسی بڵاوبوونەوەی شەپۆلێکی تری گەورەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەدایە؛ مەگەر، کاریگەری ڕێگاکانی پارێزی و ڕێگریکردنیان بۆ وڵاتانی هاوسێ فراوان بکاتەوە.

هەروەها، نابێت لەبیری بکەین کە ڕاپۆرتەکانی حاڵەتی تووشبوو بۆ WHO پێویستە زیاد بکات و دەبێت بە وردەکاری زیاترەوە بەڵگەنامە بکرێن، تاکو هەوڵی زیاتری لێکۆڵینەوە بتوانرێت ئەنجام بدرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشییەکە. ئەمە دەکرێت بەشێوەیەکی زۆر گەورە کاریگەری هەبێت بەسەر ڕامیارییە خۆجێیەکانی حکومەتەکانەوە بۆ دەستەمۆ کردنی گواستنەوەی نەخۆشییەکە، لە کاتێکدا کە ڕێگەمان دەدات لێکۆڵێنیەوە و بەدواداچوونی تەندروستی زیاتر ئەنجامبدەین بە هیوای دۆزینەوەی ڕێگەی کاریگەرتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە.

لە کۆتاییدا، هەروەک پێشووتر ئاماژەی پێدرا، ناوچەی MENA و بەتایبەت خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، دەبێت پلانی دیاریکراو دابڕێژێت و ڕامیاری گونجاو بەجێ بگەیەنێت لەناو خەڵکانی بێلانەدا تاکو مەودای ناوچە تووشبووەکان بە نەخۆشییەکە بتوانرێت دەستەمۆ بکرێت. ئەم حاڵەتە تەنها پەیوەست نییە بە هەندێک لە وڵاتانەوە بەڵکو تەواوی ناوچەکە دەگرێتەوە بەگشتی، بۆیە، ئاوارە و کۆچبەران دەبێت بەشێوەیەکی نێودەوڵەتی چاودیاریان بکرێت و سەرپەرشتی بکرێن لە کاتێکدا پلانی هاوبەش گەشەی پێبدرێت بۆ دەست بەسەردا گرتیان و ڕێگری کردنیان لە بڵاوکردنەوەی نەخۆشییەکە.

 

سەرچاوەکان

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield