جۆرێکی نوێ لە هەستەوەری بومەلەرزەزانی بۆ سەر مانگ دادەنرێت
بڵاوکردنەوە:
ناوەندی پەڕنووس
نووسەر:
شاکار جوامێر
بینراو:
390
بەش:
زانست
لە میانی ئەرکەکانی ئەپۆلۆ، لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، چەند ئامێرێکی بومەلەرزەپێوەر لە گەشتەکە ڕەوانەی سەر مانگ کران. لەوێدا زانیارییان لەسەر لەرزینە بومەلەرزەییەکانی مانگ کۆکردەوە بۆ ماوەی هەشت ساڵ، داتاکان دەریان خستووە کە هەندێک لە بوومەلەرزەکانی سەر مانگ بەهێز بوون بە گوڕی 5 پلە. مانگ، بە پێچەوانەی زەویەوە لە ڕووی تەکتۆنیکیەوە چالاک نییە. بومەلەرزەی مانگ سەرچاوەی جیاوازە ھەندێکیان بەھۆی جیاوازی گەرمی ڕۆژ بە شەو درووست دەبن لەگەڵ گۆڕانی پلەی گەرمی ڕووەکەی؛ ھەندێکی تر کە قووڵتر ڕوودەدەن ڕەنگە بەهۆی ڕاکێشانی زەویەوە بێت و ھەندێکی تریش بەھۆی ساردبوونەوەی مانگ بەھێواشی و بچووکبوونەوەیەتی بە تێپەڕبوونی کات. تێگەیشتن لەوەی کە چۆن و کەی و لە کوێ ئەم بوومەلەرزانە ڕوودەدەن زۆر گرنگە بۆ پلاندانان بۆ ئەرکەکان بۆ سەر مانگ، بە تایبەت ئەگەر بڕیار بێت پێکهاتەی هەمیشەیی وەک بنکەیەکی مانگ لەسەر ڕووی مانگ درووست بکرێت. توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، کە تەکنەلۆژیایەکی نوێی بومەلەرزەزانی سەرهەڵدەدات کە پێی دەوترێت هەستکردن بە دەنگی دابەشکراو (DAS) دەتوانێت بوومەلەرزەکانی مانگ بە وردبینییەکی بێ وێنە بپێوێت. لە کاتێکدا، ئەرکەکانی داهاتووی ناسا لە گەشتەکانی ئارتەمیس پلانیان هەیە بگەڕێنەوە سەر مانگ بۆ ئەوەی لەنێو ئامانجەکانی تری توێژینەوەکەدا هەستەوەری بومەلەرزەیی نوێ جێگیر بکەن؛ توێژینەوەکە کەیسێک بۆ بەکارهێنانی (DAS) دەخاتە ڕوو نەک بۆ بومەلەرزەپێوەرە ئاساییەکان. لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا, پرۆفیسۆری جیۆفیزیا ژۆنگوێن ژان خەریکی پەرەپێدانی (DAS) بووە، کە بریتییە لە ناردنی لەیزەر لە ڕێگەی کێبڵی فایبەر ئۆپتیکەوە و پێوانەکردنی چۆنیەتی گۆڕانی ڕووناکی لەیزەر لە سەرانسەری کێبڵەکەدا کاتێک هەست بە لەرزین دەکات. بەم شێوەیە, کێبڵەکە وەک زنجیرەیەک لە سەدان بومەلەرزەپێوەرێکی تاک کاردەکات، ئەمەش ڕێگە بە توێژەران دەدات زۆر بە وردی بوومەلەرزەکان بپێون. توێژینەوەیەکی ئەم دواییە دەریخستووە کە کێبڵێکی 100 کیلۆمەتری دەتوانێت وەک هاوتای 10 هەزار بومەلەرزەپێوەر کاربکات. بەهۆی ئەوەی تەنها چەند بومەلەرزەپێوەرێکی تاک لەسەر مانگ هەن و لە یەکتر دوورن، سیگناڵە بومەلەرزەییەکانی سەر مانگ تەواو ناڕوونن یان ژاوەژاون، وەک گوێگرتن لە ڕادیۆیەک وایە کە هاشە هاشەیەتی؛ ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دیاردەیەک کە پێی دەوترێت پەرشوبڵاوی کە شەپۆلە بومەلەرزەییەکان لە کاتی گەشتکردن بە چینە تۆزەکەی سەرەوەی ڕووی مانگدا کەمتر ڕوون دەبنەوە. بەڵام، هەبوونی چەندین هەستەوەر لەڕاستیدا هەبوونی هەزارانی وەک ئەوەی کێبڵی فایبەر ئۆپتیک دەتوانێت دابینی بکات یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕوونکردنەوەی سیگناڵێکی ژاوەژاو.
لە توێژینەوە نوێیەکەدا، توێژەران کێبڵێکی فایبەر ئۆپتیکیان لە ئەنتارکتیکا جێگیرکردووە, کە بە تەکنەلۆژیای (DAS) جێگیر کراوە. ژینگەی بەستوو و وشکی جەمسەری باشوور کە دوورە لە چالاکییەکانی مرۆڤ نزیکترین هاوشێوەیە لەسەر زەوی لە مانگەوە؛ هەستەوەرەکانی (DAS) ئەوەندە هەستیار بوون کە بتوانن ئەو لەرزینە بچووکە بپێون کە بەهۆی درز و جوڵەی سەهۆڵەکەوە درووست بووە، ئەمەش ئەوە پیشان دەدات کە دەتوانین بومەلەرزەی سەر مانگیش بپێون. یەکێکی دیکە لە سوودەکانی بەکارهێنانی (DAS) لەسەر مانگ ئەوەیە کە کێبڵی فایبەر ئۆپتیک لە ڕووی فیزیکییەوە تەواو خۆڕاگر دەبێت بەرامبەر بە ژینگەی سەختی مانگ، وەک: تیشکی بەرز و پلەی گەرمی زۆر و تۆزی قورس. هەنگاوەکانی داهاتوو بریتین لە نیشاندانی ئەوەی کە (DAS) دەتوانێت بەو سەرچاوە سنووردارانەی هێزی بەردەست لەسەر مانگ کار بکات و مۆدێلکردن و شیکاری زیاتر ئەنجام بدات بۆ ئەوەی تێبگەین کە بوومەلەرزە بچووک و دوورەکان چەندە دەتوانن ببن و وە دەستنیشان بکرێن.
هەستکردن بە دەنگی دابەشکراو چۆن کاردەکات؟
بۆ بەکارهێنانی کێبڵی فایبەر ئۆپتیک وەک ڕیزبەندییەکی چڕ لە هەستەوەری بومەلەرزەزانی دەرهێنەرەکانی لەیزەر لە یەکێک سەر کێبڵەکەدا جێگیر دەکرێن، و تیشکی ڕووناکی لە ڕێگەی تاڵە شووشە درێژ و تەنکەکانەوە دەتەقێنن کە ناوەکی کێبڵەکە پێکدەهێنن. شووشەکە ناتەواوی بچووکی هەیە کە بەشێکی بچووکی ڕووناکی دەگەڕێنێتەوە وە سەرچاوەکەی لەوێ تۆمار دەکرێت. بەم شێوەیە، هەر ناتەواوییەک وەک خاڵێکی ڕێگای شوێنپێهەڵگرتن بە درێژایی کێبڵی فایبەر ئۆپتیک کاردەکات، کە بە شێوەیەکی گشتی تەنها لە خوار ئاستی زەویەوە دەنێژرێت. شەپۆلە بومەلەرزەییەکان کە بەناو زەویدا دەجوڵێن دەبێتە هۆی ئەوەی کێبڵەکە کەمێک بجوڵێت، ئەمەش کاتی گەشتی ڕووناکی بۆ ئەم خاڵە لێیەوەی دێت دەگۆڕێت. بەم شێوەیە ناتەواوییەکان بەدرێژایی درێژی کێبڵەکە وەک هەزاران بومەلەرزەپێوەرێکی تاک کاردەکەن، کە ڕێگە بە بومەلەرزەناسەکان دەدەن چاودێری جووڵەی شەپۆلە بومەلەرزەییەکان بکەن. بۆ نموونە، بەکارهێنانی کێبڵەکانی فایبەر ئۆپتیک پەیوەندییەکان لە سەرانسەری ویلایەتی کالیفۆرنیا دەتوانێت هاوتا بێت لەگەڵ پێکەوە بەستنی ملیۆنان بومەلەرزەپێوەر، ئەمەش وا دەکات توێژەران بتوانن چاودێری ورد لەسەر داینامیکی توێکڵ درووست بکەن لە هەر شوێنێک کە کێبڵەکانی فایبەر ئۆپتیک لە نزیکەوە دەیپێون.
بابەتی هاوشێوە
زۆرترین بینراو
developed by Scorpion shield