ڕانینە باهەڵدراوەکەی ئالکیوبێری

بڵاوکردنەوە:

زنار بابەکر

نووسەر:

زنار بابەکر

بینراو:

192

بەش:

زانست

 

لە ساڵی 1931، جۆن کامبێڵ، نووسەرێکی زانستیی خەیاڵی ئەمەریکی، بیرۆکەیەکی پێشکەش کرد لە گەشتێکی بۆشایی خێراتر لە خێرایی ڕووناکی لە یەکێک لە کارەکانی بە ناونیشانی "دوورگەکانی بۆشایی." دواتر، لە ساڵانی 1990ـەکان، فیزیازانێکی بیردۆزەوانی مەکسیکی بە ناوی میگێل ئالکیوبێری، پێشنیازی ڕێگەیەکی ڕەوا و قبوڵکراوی کرد لەسەر هەمان ئەو بیرۆکەیە بۆ گەیشتن بە خێرایی سەروو خێرایی ڕووناکی؛ ڕێگەکەشی، لەسەر کارەکانی فیزیازانێکی تری ئەمەریکی بە ناوی کیپ ثۆرن، لەبارەی کونی کرمی و گەشتی کات بنیاتنرابوو. ئەگەرچی، هەردوو بیرۆکەی کونی کرمی و گەشتی کات هێشتاش هەروەکوو دوو چەمکی زانستیی خەیاڵاوی ماونەتەوە و هەر بیرۆکەیەکیش کە بۆیان پێشکەش کراوە لە گریمانەیەکی بنیتراو لەسەر زانستی خەیاڵی هیچی تر نییە، بەڵام بیرۆکەی ڕانینە باهەڵدراوەکەی ئالکیوبێری بەتەواوەتی لەسەر بنچینەی یاسای فیزیایی بنیاتنراوە و ئەمەیان گریمانەیەکە کە بەپێی بیردۆزە کارپێکراوەکانی زانستی سەردەم هیچ گومانێک لە کارکردنیدا نییە.

 

Miguel Alcubierre, físico mexicano que descubrió cómo viajar más rápido ...

 

ئەگەر بیرتبێت، لە بابەتەکانی پێشووتردا هەر لەم زنجیرە بابەتە لەبارەی گەشتکردن بەناو بۆشایی، زۆرباش باسی ئەوەم کردووە کە چۆن خێرایی ڕووناکی بەربەستێکە بۆ جووڵانەوە و گەشتکردنی هەر تەن و تەنۆلکەیەک لە گەردووندا بەپێی بیردۆزە ڕێژەییەکەی ئەلبێرت ئاینشتاین؛ هیچ شتێک ناتوانێت بە خێراتر لە خێرایی ڕووناکی بجووڵێتەوە و گەشت بکات – تەنانەت بنەما فیزیاییەکانی پێکهێنەری گەردوون قبوڵی هەبوونی پێکهاتەیەکی لەم شێوەیەیان نییە و نابێت. بەڵام، ئەی چی ئەگەر هاتوو لەجیاتی تەنێک، توانیمان کارێک بکەین کە خودی بۆشایی بە خێراتر لە خێرایی ڕووناکی بجووڵێنینەوە؟ واتە، لەجیاتی ئەوەی کە خۆمان بەخێرایی بەرەو ئامانجەکە بڕۆین، ئامانجەکە بەخێرایی لە خۆمان نزیک بکەینەوە! ئەمە ئەو بیرۆکەیەی گەشتکردنە بەناو بۆشایی کە لەڕێگەی ڕانینەکەی ئالکیوبێرییەوە دەتوانین بەدەستی بهێنین. واتە، لەجیاتی ئەوەی بتوانین کەشتییەک درووست بکەین بۆ گەشتکردن بە خێراییەکی زیاتر لە خێرایی ڕووناکی، بتوانین بۆشایی گەردوون بەپێچەوانەی ئاڕاستەی ئامانجی خۆمان بجووڵێنینەوە بەخێراییەکی ئێجگار زۆرەوە لە کاتێکدا کە کەشتییەکەی خۆمان هەر تەنها بەخێراییەکی ئاسایی خۆی دەجووڵێتەوە.


ئەمە چۆن؟ ...

ئەم جۆرە گەشتەی بۆشایی پێی دەوترێت ڕانینی باهەڵدان (Warp Drive لە وشەی "باهەڵدان،" مەبەست لە باهەڵدرانە – هاویشتن و دەرپەڕاندن لەڕێگەی نووشتانەوە و چەماندنەوەی بۆشاییەوە – هەروەک ڕوونی دەکەمەوە کە چۆن دەتوانێت بەکاربهێنرێت لە ڕانینەکەی ئالکیوبێریدا ...

 

 

کەشتییەکەی ئالکیوبێری بوارێک لە دەوروبەری خۆی درووست دەکات بۆ چەماندنەوەی بۆشایی گەردوون لە پێشەوە و پاشەوەی خۆی تا دوو خاڵی دەستنیشانکراو بە یەکەوە ببەستێتەوە و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا کەشتییەکە بگوازێتەوە بەناو ئەو مەودا بچووککراوەی کە بەئاسایی لە ڕادەبەدەر دوور و فراوانە. بە پەستاوتنی بۆشایی بەردەم خۆی و هەروەها کشاندنی بۆشایی پشتەوەی خۆی، کەشتییەکەی ئالکیوبێری دەتوانێت دیاردەیەک لە گەشتکردن بەناوی بۆشایی درووست بکات هەروەک چۆن کە خلیسکێنەرێک لەسەر تەختەیەک گەشت بەناو ئاودا دەکات؛ دەبینیت کە شەپۆلێک درووست دەکات کە ئەو شەپۆلە لە پشتەوەی خۆی بەرزبۆتەوە و کشاوە بەڵام لە پێشەوەی پەستێوراوە و چۆتەوە ناوەوە، ئەمەش وا لە خلیسکێنەرەکە دەکات کە بە خێراییەکی زۆر بتوانێت بەناو ئاوەکەدا بڕوات و لەگەڵ تەکانی ئەو شەپۆلە ئاوەی کە درووستی کردووە گەشت بکات. هەر بەم شێوەیەش، لە ئەنجامی درووستکردنی بوارێکەوە بەدەوری کەشتییەکەدا، دەتوانیت بۆشایی بەردەم کەشتییەکە بپەستێویت و بۆشایی پشتەوەش بکشێنیت، تاکوو دیاردەیەکی شەپۆلی لە بۆشایی گەردووندا درووست بکەیت و لەگەڵ تەکانی ئەم شەپۆلە بە کەشتییەکەت ڕێ بکەیت.

 

 

بەم شێوەیە، گەشتکردن بەناو بۆشاییدا هیچ سنوور و بەربەستێکی فیزیایی ناشکێنێت! ئەگەر هیچ تەنێک نەتوانێت بە خێرایی ڕووناکی گەشت بکات، ئەوە بیرتبێت کە لەم حاڵەتەدا کەشتییەکە خۆی هەر تەنها بە خێراییەکی ئاسایی ڕێ دەکات، ئەوە بۆشاییەکەی دەوروبەریەتی کە بە خێراتر لە خێرایی ڕووناکی چەماوەتەوە و وا لە کەشتییەکە دەکات ئەو مەودا زۆرە بە ماوەیەکی کەم تێپەڕ بکات. بە واتایەکی تر، لەجیاتی ئەوەی کە کەشتییەکە بۆ ئامانجە بڕوات، ئەوە ئامانجەکەیە کە بەرەو کەشتییەکە دێت. لەڕووی فیزیاییەوە، بەپێی سەرجەم بیردۆز و یاسا قبوڵکراو و کارپێکراوەکان، نکۆڵی لە کارکردنی کەشتییەکی لەم شێوەیە ناکرێت. تەنها بەربەست هەبێت چییە؟ دووبارە، ئاستی درووستکاریی ئەندازیاری و نەخشەسازی ئەمڕۆی مرۆڤایەتییە.

مەڵێ، ئەی کەوابێت جیاوازی ئەم بیرۆکەیەش لەگەڵ هەموو ئەوانەی تر چییە! چونکە ئەگەر هەر گریمانەیەکی تر لە گەشتکردن بە بۆشاییدا ئاستەنگییەکی نەسەپێنراو و ناکۆکییەکی چارەسەرنەکراوی هەبێت لەڕووی بیردۆزی و گریمانەییەوە، ئەوە ڕانینە باهەڵدراوەکەی ئالکیوبێری نییەتی! واتە، ئەگەر لەگەڵ سنووری توانستی ئەندازیاری و درووستکاری، هەر بیرۆکەیەکی تری گەشتکردن بە بۆشاییدا ئاستەنگییە فیزیاییەکەشی هەر هەبێت، ئەوە ڕانینە باهەڵدراوەکەی ئالکیوبێری ئەو ئاستەنگییە فیزیاییەشی نییە و ئەوەی ماوەتەوە تەنها گەیشتنی مرۆڤایەتییە بە توانستی درووستکاری و ئەندازیارییەکەی.

بەڵام ... لە ڕاستیشدا، ئاستەنگییە درووستکاری و ئەندازیارییەکان هێندە سادە و ساکاریش نین. یەکەمین شت: کڕۆکەکەی. لە کەشتییەکەی ئالکیوبێریدا جۆرە کڕۆکێک بۆ درووستکردنی بوارەکەی دەوروبەری بەکاردەهێنرێت کە پێی دەوترێت کڕۆکی باهەڵدان (Warp Core). لەم کڕۆکەدا، ماددە و دژەماددە بەکاردەهێنرێت بۆ تێکشکاندنیان بە یەکتردا تاکوو بتوانێت ئەو وزەیەت بۆ بەردەست بخات کە پێویستیت پێی دەبێت. بێگومان! پێت وایە کە باهەڵدانی بۆشایی گەردوون کارێکی ئەوەندە سادە و ساکاربێت، جگە لە ماددە و دژەماددە چیتر هەیە بتوانێت ئەو وزەیەت بۆ بەدەستبهێنێت؟ بەڵام، دژەماددە لە تاقیگەکاندا پەرەی پێدراوە و بە بڕی زۆر بچووک درووستیش کراوە، بۆیە دووبارە لەڕووی زانستە فیزیاییەکەوە ئەمەش ئاستەنگییەکی نەسەپێنراو و کێشەیەکی چارەسەرنەکراو نییە، بەڵکوو دووبارە ئاستێکی بەرزتری ئەندازیاری و توانستی درووستکاری پێویستە تاکوو زیاتر و زیاتر بە بڕێکی کارپێکراو دژەماددە بە دەست بهێنرێت. هێشتاش، لەگەڵ ئاستەنگی درووستکردنی زیاتری دژەماددەکەدا، دەبێت ئەوەش ڕەچاو بکرێت کە تۆ چۆن و لە چ پێکهاتەیەک ئەو کڕۆکە درووست دەکەیت تا پێکداشکانی ماددە و دژەماددەکەیەک لە خۆیدا هەڵبگرێت؟ ... پاشان، ئەو بوارە مەزنەی کە دەتوانێت بۆشایی بچەمێنێتەوە بە ڕادەیەک کە بە خێراییەکی زیاتر لە خێرایی ڕووناکی کەشتییەکەی تۆ تێ بپەڕێنێت، دەبێت چ ئاستێک لە تیشکدانەوە و شەپۆلی زیانبەخش لەخۆبگرێت بەڕووی کەشتییەکە کە لەوانەیە وای لێبکات هەر بە چاوترووکانێک دای بڕمێنێت! بۆیە، دەبێت ئەو کەشتییە لە پێکهاتەیەک درووستکرابێت یاخود بە شێوەیەک کە تەنانەت بتوانێت بەرگەی ئەو شەپۆل و تیشکدانەوە زیانبەخشانەش بگرێت.

هەبوونی ماددەیەکی لەم شێوەیەیە بۆ درووستکردنی کەشتییەکە تا بەرگەی ئەو هەموو هێزە بگرێت و بەرپەچی ئەو تیشکدانەوەیە بدات و هەروەها هەڵگری وزەیەکی بێشووماری پێکداچوونی ماددە و دژەماددەبێت – ماددەیەکی لەم شێوەیەک کە تاکوو ئەمڕۆش نەدۆزراوەتەوە و بوونی نییە لەسەر هەسارەی زەوی تاکوو کەشتییەکەی پێ درووست بکرێت – هەر خۆی بریتییە لەو هێڵە سوورەی بەسەر تەواوی ئەم بیرۆکەیەدا دێت و هیوای هەموو شتێک بۆ سەرکەوتن لە بەدەستهێنانی دەشکێنێت. مەگەر، بگەین بە ئاستێک لە تەکنەلۆژی و بەرەوپێشچوونی زانستی کە ماددەی دەستکرد درووست بکەین بۆ ئەم مەبەستە و ئەمەش، بە سەدان ساڵی تر بۆ نەوەی نەوەکانمان. ئینجا، تۆ دەزانیت درووستکردنی دژەماددە چ تێچوویەکی هەیە؟ لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، دژەماددە بەنرخترین پێکهاتەی دنیایە و ئەوە دەیان ساڵە تەنها بە ڕێژەییەکی زۆر کەمی تەنۆلکەیی توانراوە بەرهەم بهێرێت، چ جا بگات بە ئاستێک تۆ بتوانیت وەکوو سەرچاوەیەکی وزە بۆ کەشتییەکی ئاسمانی بەکاری بهێنیت.

خۆ، ڕاستە کە لەلایەنی زانستە فیزیاییەکە و یاسا و بیردۆزەکانەوە نکۆڵی لە کەشتییەکەی ئالکیوبێری ناکرێت، بەڵام ئاستی تەکنەلۆژی و ئەندازیاری گەیشتن بەو قۆناغە ئەوەندە دوور و سەختە کە من هیوای زۆر زیاترم بە دۆزینەوەی ڕێگەی تر هەیە لەو بیرۆکانەی کە ئەمڕۆ بە گریمانەیی قبوڵ نەکراون! واتە، من پێم وایە کە زووتر ڕێگەیەکی زانستی قبوڵکراو بۆ ئەوانەی تر دەدۆزرێتەوە کە دەوترێت زانست ڕەتیان دەکاتەوە و هێشتاش زووتر توانستی درووستکاری و ئەندازیاریمان پێیان دەگات دوای قبوڵ کردنیان، وەکوو لەوەی بگەین بە ئاستێک کە کەشتییەک درووست بکەین بتوانێت بۆشایی گەردوون بچەمێنێتەوە ئەگەر تەنانەت لەڕووە زانستییەکەوە قبوڵکراویش بێت و نکۆڵیشی لێنەکرێت.

بەپێی هەموو ئەو زانیارییەی کە لەم بوارەدا هەیە و بەردەستە تاکوو ئەم بەروارەی ئەمڕۆ، ئەمە بریتییە لە تێڕووانینی من لە ڕانینە باهەڵدراوەکەی ئالکیوبێری. بەڵام، وەک هەمیشەش ئەو دیوە نەزانراو و بەردەست نەخراوەش هەیە کە لە لێکۆڵینەوە و پەرەپێدان دایە و وەکوو ئەمەش، من ناتوانم بڕیاردەری هیچ شتێکم بم لەوبارەیەوە. دەزگای ناسا و ئاژانسی بەرگری ئەمەریکا لەم ساڵانەی دواییدا ڕایانگەیاند کە ماوەیەکی زۆرە خەریکی لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانن بە گەشتی خێراتر لە خێرایی ڕووناکی و بە ڕانینە باهەڵدراوەکەی ئالکیوبێریش یەکێک لەناویانەوە. هەر خۆی ئەم وتەیەش بەسە تاکوو هەموو ئەگەرێک بهێنێتە ئاراوە، بە ئەرێنی و نەرێنیشەوە. لەوانەیە، شتێک پێشکەش بکرێت و ڕابگەینرێت کە هەموو هیوایەک بگەڕێنێتەوە و گومان لە درووستکردنی کەشتییەکی ئالکیوبێریدا نەهێڵێت، بەڵام لە هەمان کاتدا لەوانەشە شتێکی تربێت کە بەتەواوەتی بیرۆکەی گەشتەکەی ئالکیوبێری لەناوبەرێت.

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield