نەخۆشی خەمۆکی

بڵاوکردنەوە:

مستەفا مەقسوود گەردی

نووسەر:

وەزارەتی تەندروستی سعودیە

بینراو:

1427

بەش:

تەندرووستی

خەمۆکی نەخۆشییەکە کە دەبێتە هۆی تێکدانی بارودۆخی دەروونی مرۆڤ و گەشتن بە هەستێکی بەردەوام لە دڵتەنگی، و لەدەستدانی هەستکردن بە خۆشی و کەمبوونی متمانە بەخۆبوون و نەمانی سەرنج لەسەر ژیانی رۆژانەی. وە هەندێک کات دەبێتە هۆی هەسکردن بە گومان لەسەر هەموو شتێکی چواردەور، ئەم نەخۆشییە کاریگەری دەبێت لەسەر لایەنی هەستی، بیروهۆش هەروەها هەڵسوکەوتی مرۆڤ کە دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی زۆری سۆزداری و جەستەیی کە ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت لەسەر کاروباری رۆژانە و دروستبوونی بیرکردنەوەیەکی نادروست لەسەر ژیان و پەنابردن بۆ خۆکوشتن.

 

جۆرەکانی خەمۆکی:

جۆرەکانی خەمۆکی دیاری دەکرێت بەپێی چەند حاڵەتێکی تایبەت، وەک:

1. تێکچوونی باری دەروونی لاوەکی: ئەم تێکچوونە، تێکچونێکی کاتییە لەوانەیە بۆماوەی چەند مانگێک یاخود چەند ساڵێک بمێنێت، بەڵام ئەگەری نەمانی هەیە، کە دەبێتە هۆی هەستکردن بە بێتاقەتی و بێزاربوون لە هەموو شتێک، بەڵام کەسانی توشبوو بەم حاڵەتە زۆر پێوەیان دیارنابێت کە لەو بارودۆخەدان.

2. خەمۆکی وەرزی: بەزۆری کاریگەری دەبێت لە وەرزی زستاندا و کاتێک تیشکی رووناکی کەم دەبێتەوە، بەڵام ئەگەری نەمانی دەبێت لە هاتنی وەرزی بەهاردا، کاتێک هەست بەتەنهایی دەکات و دوورە لە خەڵکی چواردەور کە دەبێتە هۆی زۆرخەوی و زیادبوونی کێش.

3. خەمۆکی بیری: لەم جۆرە نەخۆشییەدا کەسەکە دەچێتە بارودۆخی تێکچوونی دەروونی گەورە، کە دەبێتە هۆی دروسکردنی بیرکردنەوەیەکی سەیر و خەیاڵکردن و بینینی هەندێک شت کە خودى خۆی دروستی کردوون و کەس ناتوانێت بیانبینێت.

4. خەمۆکی لەدوای منداڵبوون: ئەم جۆرە بە مەترسیدارترین جۆری نەخۆشی دەروونی دادەنرێت، کە تووشی زۆربەی ئافرەتان دەبێت لەدوای منداڵبوونیان بە دوو هەفتە، کە ئافرەتان دەچنە حاڵەتێکی بێ تاقەتی زۆر لە ماوەی سکپڕی و دوای منداڵبوون، وە لە نیشانەکانی: (دڵتەنگییەکی زۆر، دوودڵی، هیلاکبوون) کە ئەمەش کار لە چالاکی رۆژانەی و گرنگیدان بەخۆی و منداڵەکەی دەکات.

5. خەمۆکی خەنداوی: لەم جۆرە خەمۆکییە ئەو کەسانە تووش دەبن کە لە حاڵەتێکی بێ تاقەتی لەڕادەبەدەردان و هەوڵدەدەن خۆیان بە دڵخۆش نیشان بدەن لەلای کەسانی دیکە، بەڵام لە ڕاستیدا هەستی ئارامی و بەختەوەریان لەدەستداوە، لەم بارودۆخەدا کەسەکە پەنادەبات بۆ زۆرخۆری و خەوتن بۆ ماوەیەکی درێژ.

6. خەمۆکی هەوەسی (موودی): کەمێک ئەم جۆرە نەخۆشییە جیاوازە لە جۆرەکانی دیکە، ئەویش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە نازانرێت نەخۆشەکە لە چ حاڵەتێکدایە، هەندێک کات دەچێتە دڵتەنگییەکی زۆرەوە و لەهەمان کاتدا ئەگۆڕێت و دەچێتە دڵخۆشییەکی زۆر.

 

هۆکار و کاریگەرییە مەترسیدارەکانی

 

هۆکارەکان:

1. هەندێک کات دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی خێزان.

2. جۆری بیرکردنەوەی کەسەکە کە زۆر دوودڵە، یاخود متمانەی بەخۆی کەمە، یانیش زۆر سەرزەنشتی خۆی دەکات،... هتد.

3. توشبوون بە نەخۆشییە مەترسیدارەکان بۆ نموونە: نەخۆشی شێرپەنجە.

4. ئاڵودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و ئەلکحول.

5. بە بەردەوامی یادبوونی سەختییەکانی ژیان وەک: هیلاکی لە کارکردن، تەنهابوون بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ، بارودۆخی ئەشکەنجەدان و هتد.

 

نیشانەکانی:

هەموو ئەو کەسانەی تووشی ئەم نەخۆشییە بوون هەمان نیشانەیان لەسەر دەرناکەوێت، بەڵکو نیشانەکانی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، ئەویش بەپێی بارودۆخ و کاتی نەخۆشەکە. نیشانەکانی پۆلێندەکرێن بەم شێوەیەی خوارەوە:

1. نیشانە دەروونییەکان:

• دڵتەنگی بەردەوام.

• کەمبوونی متمانە بەخۆبوون و هەست کردن بە ونبوون.

• هەستکردن بە بێئومێدی و تاوان.

• هەستکردن بە دڵەڕاوکێ و دوودڵی.

• کەمبوون و نەمانی ئارەزوو بۆ چالاکی رۆژانە.

• بێهزبوون و لەدەستدانی بیرکردنەوەی دروست.

• بیرکردنەوە لە مردن یان خۆکوشتن.

2. نیشانە جەستەییەکان:

• ناڕەحەتی لە خەوتن بە شەودا، و بەخەبەربوونی زوو یاخود خەوتنێکی زۆر.

• هەستکردن بە لاوازی و نەمانی ئارەزوو بۆ جووڵە.

• کەمبوونی هەستکردن بە برسیەتی و کەمبوونی کێش، یاخود بەپێچەوانەوە زیادبوونی هەستکردن بە برسیەتی و زیادبوونی کێش.

• سەرئێشەی توند، و دروستبوونی ئازار لە ماسولکەکان بەبێ هەبوونی هیچ هۆکارێکی دیار.

• قسەکردنێکی زۆر لەگەڵ خۆیدا، و جووڵەکردن بەشێوەیەکی خاو.

• دروستبوونی کێشە لە گەددەدا.

• لەدەستدانی ئارەزووی سێکسی.

• گۆڕان لە سوڕی مانگانە.

3. نیشانە کۆمەڵایەتییەکان:

• پەنابردن بۆ تەنهایی.

• گرنگی نەدان بە کاروبار یاخود خوێندن.

• دوورکەوتنەوە لە خێزان و هاوڕێ نزییکەکان.

• پەنابردن بۆ ماددە هۆشبەرەکان و ئەلکحولییەکان.

 

هەندێک نەخۆشی دیکە هەن کە هەمان کاریگەری خەمۆکییان هەیە، وەک: کێشە لە ثایرۆیدە ڕژێنەکان، یاخود نەخۆشی دەماغ، يان کەمی ڤیتامیناتەکان وەک: ڤیتامین (D). لەبەر ئەم هۆکارە دەبێت لە لایەنی تەندروستییەوە پشکنینی بۆ بکرێت پێش ئەوەی بە حاڵەتی خەمۆکی دابنرێت.

 

جیاوازی لە نێوان دڵتەنگی و خەمۆکی:

لەکاتی زیادبوونی ناخۆشییەکانی ژیان، قورس دەبێت بۆ کەسەکان کە بەرگەی بگرن وەک: مردنی کەسێکی نزیک، یاخود لەدەستدانی کار، یانیش کۆتایی پێهاتنی پەیوەندییەکان و هتد. بۆیە زۆر ئاساییە هەست بە دڵتەنگی بکەن و هەندێک پێیان وایە کە تووشی خەمۆکی بوون، بەڵام لە ڕاستیدا هەستکردن بە دڵتەنگی وەک خەمۆکی نییە، چون دڵتەنگی هەستێکی ئاساییە و جیاوازە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر، بەڵام لە هەندێ ڕووەوە لە خەمۆکی دەچێت، وەک: بێ تاقەتی و خۆدوورخستنەوە و هتد. بەڵام جیاوازیشیان هەیە لە هەندێک ڕووەوە:

 

جیاوازیەکان:

• دڵتەنگی هەستێکی ئاساییە بەرامبەر ناخۆشییەکان، هەستکردن بە دڵتەنگی لەوانەیە هەستێکی کاتی بێت و هێشتا کەسەکە ئەتوانێت هەست بە دڵخۆشی بکات، و بیر لە داهاتووی خۆی بکاتەوە،  و لەو حاڵەتی دڵتەنگییە دەربچێت

• هەبوونی متمانە بەخۆبوون.

• خەمۆکی حاڵەتێکی نەخۆشییە، کە نەخۆش بەبەردەوامی هەست بە دڵتەنگی دەکات و ناتوانێت دڵخۆشی خۆی لە هیچ شتێکدا ببینێت، و بە دروستیش بیر لە داهاتووی بکاتەوە.

• نەبوونی متمانە بەخۆبوون و بێزاربوون لە ژیان.

 

هەندێک هۆکار هەن کە دەبنە هۆی دروستبوونی خەمۆکی بەڵام هەمان هۆکاریش دەتوانێت ببێتە هۆی دڵتەنگی بۆ کەسانی دیکە، وە زانینی جیاوازای نێوانیان یارمەتیدەرێک دەبێت بۆ ناسینی حاڵەتەکە و زوو چارسەرکردنی.

 

کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟

• لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی حاڵەتەکە و بەرداومبوونی بۆ زیاتر لە چەن ڕۆژێک یاخود چەند هەفتەیەک.

• ئەگەر بێ تاقەتی و بێزاری گەشتە ڕادەیەک کە کاریگەری هەبێت لەسەر ژیانی رۆژانە و پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تردا.

• لەکاتی بیرکردن لە کۆتایی پێهێنانی ژیان و زیان گەیاندن بە خودی خۆی.

 

چۆنیەتی دیاریکردنی نەخۆشییەکە:

• مێژووی کەسایەتی: پرسیارکردن لە باری تەندروستی و دڵنیابوونەوە لە هەبوونی نیشانەکانی بۆ ماوەی دوو هەفتە.

• شیکاری تاقیگەی: پزیشک لەوانەیە داوای پشکنینی گشتی بکات بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کاریگەرییەکانی ئەم نەخۆشییە نەبۆتە هۆکارێ بۆ دروستبوونی کێشە و کەموکورتی لە جەستەی نەخۆشەکەدا.

 

چارەسەرکردنی:

بۆ چارەسەری ئەم بارودۆخە هەندێک دەرمان بەکاردەهێنرێت کە پێی دەوترێت (دژەخەمۆکی) کە زۆربەی کات ئەنجامەکەی دەردەکەوێت لەدوای بەکارهێنانی بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک (لەنێوان دوو هەفتە بۆ چوار هەفتە)، و لە هەندێک بارودۆخدا لەوانەیە زیاتر بخایەنێت (بۆماوەی چەند مانگێک یان چەند ساڵێک)، بەڵام هەندێک لە نیشانەکانی کەم دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ڕێکخستنی خەوتن و خواردن و هەندێک لە باری دەروونی نەخۆشەکە.

 

سەرچاوە:

ئەم بابەتە وەرگیراوە و وەرگێڕدراوە لە ماڵپەری وەزارەتی تەندروستی سعودیە.

بەستەر:
https://www.moh.gov.sa/HealthAwareness/EducationalContent/Diseases/Mental/Pages/005.aspx

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield