هێزی کێشکردن

بڵاوکردنەوە:

زنار بابەکر

نووسەر:

زنار بابەکر

بینراو:

1038

بەش:

زانست

هێزی کێشکردنی فیزیایی بریتییە لەو هێزەی کە وا لە تەنەکان دەکات لە یەکتر نزیکببنەوە و پێک ببەسترێنەوە. ئەمڕۆ، ئەمە هێزێکی زۆرباش ناسراوە و هەر لەگەڵ ناوهێنانی، ڕاستەوخۆ دەزانرێت کە باس لە چی دەکرێت. بەڵام، هەرگیز پێت وانەبێت کە هێزێکی تەواو تێگەیشتراوە و بەشێوەیەکی زانستی یەکلایی کراوەتەوە، نەخێر! بەڵکوو، تا ئەمڕۆش چەندەها بیردۆز و گریمانەی جیاواز لەسەر هێزی کێشکردن هەیە و هێشتاش زیاتر پەرە بە بیرۆکەی تازە دەدرێت لەبارەیەوە.

من ناتوانم لەم بابەتە باسی سەرجەم لە گریمانە و بیردۆزە جۆربەجۆرەکانتان بۆ بکەم لەبارەی هێزی کێشکردنەوە. ئاخر، بەڕاستی نە کەم و نە هیچ کامیشیان سادە و ساکارن تا بەتەواوەتی لە یەک بابەتدا بتوانم بیانخەمەڕوو بێ ئەوەی مافی هیچ کامیان لە ڕوونکردنەوە و شیکردنەوەیان بخۆم. ئەوەی کە بە پێویستی دەزانم ئەوەیە کە هێزە کێشکردنە بنچینەییەکەی نیوتن و دواتریش هێزە کێشکردنە پێشکەوتووترەکەی ئاینشتاین بخەمەڕوو، و ئەوانی تریش، پێم باشترە کە بۆ کات و ساتی خۆی بێت لە داهاتوو چونکە شتی زۆر و تایبەتم لەسەر ئەم باسوخواسە هەیە. بەڵام، جارێ من باسی چی تایبەت و بێهاوتا بکەم لە کاتێکدا کە زۆرینە تا ئەمڕۆش تەنانەت لە شتە باو و بنچینەییەکانیش نازانێت و شارەزایان نییە.

 

Page 2 | Newton Vectors & Illustrations for Free Download | Freepik

 

هێزی کێشکردنی نیوتنی بریتییە لەو هێزەی کە دەوترێت لە ناوچەقی هەر بارستاییەکدا بەشێوەیەکی سرووشتی بوونی هەیە. واتە، هەر شتێک کە لە بارستایی پێکهاتبێت، ئەوە بە بڕێکی دیاریکراو هێزی کێشکردنی خۆی هەیە کە هەمیشە ئاڕاستەی کێشکردنەکەی ڕووەو چەقی بارستاییەکەیە. لەم بیردۆزەیاندا، دوو شت کاریگەری لەسەر بڕ و توانای هێزی کێشکردن هەیە. یەکەمیان بارستایی، بە پەیوەندییەکی ڕاستەوانە: تاکوو بارستایی زیاتربێت هێزی کێشکردنەکە زۆرترە. هەروەها، دووەمیشیان دووری، کە ئەمیان بە پەیوەندییەکی پێچەوانە: تاکوو دوور نێوان هەر دوو تەنێک زیاتربێت، ئەوە هێزی کێشکردنەکە کەمترە. لەمە زیاتر، هیچ شتێکی ئاڵۆزتر و قووڵتر بوونی نییە لەسەر ئەم بیردۆزە! مەگەر، بڕۆمە ناو زانستی فیزیای جووڵۆکی و لقەکانیەوە. بەڵام، ئەگەر تۆ خوێندکارێکی کۆلێژی زانستە فیزیاییەکان نەبیت، ئەوە هیچ پێویستیت بەو لقانە نییە. بابەتەکەی منیش، زیاتر بۆ زانخواز و فێرخوازانی گەردوونناسییە، کە تەنها زانینی ئەوەندە زیاتر لەسەر ئەم بیردۆزە پێویست نییە.

جا، بە پشتبەستن بەم بیردۆزە چۆن دەتوانین دیاردەی کێشکردنی هەسارە و ئەستێرەکان ڕوون بکەینەوە؟ بۆچی هەسارەکان بە دەوری خۆردا دەخولێنەوە لەسەر ڕەوتی یەک خولگەی دیاریکراو بەبێ ئەوەی پێکدابچن یاخود لابدەن لەو ڕێڕەوە؟... باشترین شێوە کە بتوانم ئەمە بۆ تۆ ڕوونبکەمەوە، بریتییە لەوەی کە بڵێم ئەو هێزە کێشکردنەی هەر تەنێک هەیەتی، دەتوانیت بە بوارێک لە دەوری تەنەکە وێنای بکەیت. هەروەها، ڕادەی فراوانی و توندی ئەو بوارەش، دەکەوێتەوە سەر بڕی بارستایی تەنەکە – تا تەنەکە بارستایی زۆرتربێت، فراوانی و توندی بوارەکەی زیاتردەبێت. ئێستا، هەر تەنێکی بچووکتر و وردتر، بخەمە ناو بواری کێشکردنی ئەو تەنە گەورەترەی کە لە خەیاڵی خۆم دامناوە، ئەوە دەبینم ڕاستەوخۆ تەنە بچووکتر و وردترەکان کێشدەکرێن بەرەو ڕووی تەنە گەورەترەکە. بەڵام، چی ڕوودەدات، ئەگەر تەنێکی گەورەتر بخەمە ناو بواری ئەو تەنەی کە لە خەیاڵم دامناوە؟ ئەوە دەبینم کە ئەو تەنەی من دەستنیشانم کردووە و دامناوە کێشکدەکرێت بەرەو ڕووی تەنە گەورەترەکە، چونکە لەم حاڵەتەیاندا هێزی کێشکردنی تەنە گەورەترەکە زیاترە و بواری کێشکردنی ئەویان زاڵدەبێت بەسەر ئەو تەنەی کە من دەستنیشانم کردووە.

جا، لەگەڵ کاریگەری هێزی کێشکردن، تەنەکان لە بۆشایی ئاسماندا جووڵەیەکی دیاریکراوی خۆیان هەیە. واتە، هەموو تەنێک بە بڕێکی دیاریکراو هەژماری جووڵەی خۆی هەیە بۆ تێپەڕبوون بە بۆشایی ئاسماندا. ئەگەر دەشپرسیت چی ئەو جووڵەیەی بە تەنەکان بەخشیوە؟ ئەوە تەوژمی شەپۆلی پەرشبۆوەی سوپەرنۆڤاکان بە بۆشاییدا بە تەنەکانیان بەخشیوە. کاتێک کە تەنێکی لەم شێوەیە بە بڕێکی دیاریکراو لە جووڵە کە لە ڕەوتێکی دیاریکراودایە بۆ تێپەڕبوون بە بۆشاییدا – گریمان هەسارەیەک – دەکەوێتە ژێر کاریگەری هێزی کێشکردنی تەنێکی تر لە ڕێڕەوەکەیدا: ئەگەر هاتوو کاریگەری هێزی کێشکردن بەسەر ئەو هەسارەیەوە هاوتا و یەکسان بوو بە کاریگەری جووڵەی خودی هەسارەکە، خۆی، ئەوە ئەو هەسارەیە دەکەوێتە خولگەیەکەوە بەدەوری ئەو تەنەی کە کاریگەری هێزە کێشکردنەکەی خستۆتەسەر. بەم شێوەیە، هەموو خولگەی هەسارەکان و هەر تەنێکی تر کە لە بۆشاییدا هەیە، پێکهاتووە لە کۆمەڵە ئەستێرەییەکاندا.

دەکرێت بپرسیت کە ئاخۆ بۆچی هەسارەکەمان لە خۆر نزیکتر نابێتەوە و دوورتریش ناکەوێتەوە؟ ئایا خۆر کاریگەری کێشکردنی نییە بەسەر زەوییەوە؟ بێگومان! بەڵام هەروەک ڕوونم کردەوە، تەنها بە بڕێک کە نە دەهێڵێت لەوە نزیکترببێتەوە و نە دوورتریش بکەوێتەوە، بەڵکوو تەنها بکەوێتە سەر ڕێڕەوێکی خولگەیی بە پەیوەندییەکی پێکبەستراوی یەکسان لەنێوان هێزە کێشکردنەکەی هاوتا لەگەڵ جووڵەی ڕەوتی هەسارەکە. دەکرێت پرسیارێکی تریش هەبێت وەکوو ئەوەی کە خۆر بەم هەموو بارستاییە زۆرەوە چۆن زەوییەکی بچووکی وەکوو ئێمە ناخواتەوە؟ وەڵام بۆ ئەوەش ئەوەیە کە ئەگەرچی گومان لەوەدا نییە کە خۆر بارستایی ئێجگار زۆرترە و کاریگەری هێزی کێشکردنی زۆرترە، بەڵام بیرتبێت کە تا دووری نێوان تەنەکان زیاتربێت ئەوە ئەو کاریگەرییە کەمتر دەبێت. تا، وەکوو کاریگەری خۆر بەسەر زەوییەوە ئەوەندە کەمدەبێتەوە کە تەنها هاوتا دەبێت لەگەڵ جووڵەی ڕەوتی زەوی و دەیخاتە خولگەیەکەوە بەدەوری خۆیدا – لەوە کەمتریش نا! ئەگەر نا، ئەوە کاریگەری خۆر بەسەر زەوییەوە ئەوەندە کەمدەبێتەوە کە زەوی لە ڕەوتی خولگەکە لادەدات و دەڕوات.

کە تێگەیشتیت لەمانە، وردە وردە زیاتر دیاردەی گەورەترت لە پێکبەسترانی هەسارەیی و ئەستێرەیی بۆ ڕووندەبێتەوە. جا، کە من بەم شێوەیە باسم کردووە، ئەمە زۆر سادەیە تا بەشێوەیەکی سەرەتایی بتوانیت تێبگەیت. ئەگینا، ئەی هیچ هەسارە و تەنێکی تر لە دەوروبەری زەوی بوونی نییە؟ دەی ئەوانیش کاریگەرییەکی کێشکردن و ڕاکێشانیان بەسەر زەوییەوە هەر هەیە. لە هەمان کاتدا، زەویش کاریگەری بەسەر ئەوانەوە هەیە و... درووستترین و ڕاستترین دەستەواژە بۆ دەربڕینی ئەمە، بریتییە لەوەی کە سەرجەم هەسارە و مانگ و هەسارۆکەکان بەیەکەوە پەیوەندییەکی پێکبەستراویان ئاراندووە لەگەڵ خۆردا بە هاوتابوون و یەکسانبوونی بڕی جووڵەکەیان بە بۆشاییدا لەگەڵ ئەو بڕە کێشکردنەی کەوتۆتە سەریان لەنێوان خۆیاندا. لە دەرەنجامی هەموو ئەم هاوتابوونە گشتییەشدا، ئەم کۆمەڵە خۆرییەی ئێمەی درووستبووە و هەموو شتێک بەڕێکوپێکی لە خولگە و ڕەوتی خۆیدا گوزەر دەکات و دەجووڵێتەوە. کاتێک کە قووڵ بیر لەمە دەکەیتەوە، ناتوانیت ڕێگری لە سەرسامبوونی خۆت بکەیت کە چۆن و بە چ ڕێککەوتێک ئەم دیاردە هەسارەیی و ئەستێرەییە ناوازە ڕوویداوە! هێشتاش، ئەی چی کاتێک کە بۆت دەردەکەوێت بە ناکۆتا کۆمەڵەی ئەستێرەیی تری لەم شێوەیە هەیە کە هەر بە هەمان پەیوەندی کێشکردن بەستراون بەیەکەوە. ئەی، چی دەربارەی ئەو گەلەئەستێرانەی کە لە ئاستێکی باڵاتردا بە چەندەها و چەندەها و چەندەهای تریش لە هێزی کێشکردنی کۆمەڵە ئەستێرەییەکان بەیەکەوە بەستراونەوە؟... گەردوون،... نازانم. لەم ساتەدا هیچ وشەیەکم نییە بۆ پیاهەڵدان پێیەوە.

بۆچی دیاردەیەکی نەیزەکی ڕوودەدات و تەنێک دەکەوێتەوە خوارەوە؟ ئەو تەنە لە بنەڕەتدا خۆی لە خولگە و ڕەوتێکی دیاریکراودا بووە بە دەوری خۆردا، بەڵام، حاڵەتێک ڕوویداوە کە لە ساتێکی ڕەوتی خولگەکەیدا لە زەوییەکەمان نزیکبۆتەوە و ئەویش کەوتۆتە ژێر ڕکێفی کاریگەری کێشکردنی زەوییەکەمان. بەم شێوەیەش، بڕێکی کێشکردنی زیاتر دەکەوێتە سەر ئەو تەنە و چیتر ناتوانێت بە هێزی جووڵەکەی هاوتای هێزی کێشکردنەکە بکات بەسەریەوە، بۆیە ئەو تەنە ئاڕاستەی خۆی دەگۆڕێت و وەکوو نەیزەکێک دەکەوێتەوە خوارەوە. جا، دیاردە هەیە کە تەنانەت هەسارەش لادەدات لە ڕەوتی خولگەکەی، هەروەها پێکداچوونی ئەستێرەیی ڕوودەدات و دوو ئەستێرە و زیاتریش بەریەکدەکەون لە بۆشاییدا. بەڵام، ئەمانە هەموو دیاردەی زۆر دەگمەنن و لە حاڵەتی بێهاوتادا ڕوودەدەن. کەچی، هێشتاش وەڵامی ڕوونکردنەوەی هەر کامێکیان وەکوویەک سادە و ساکارە: یەکێکیان دەکەوێتە ژێر ڕکێفی زیاتری هێزی کێشکردنی ئەوی تریان و وای لێدەکات لە خولگەکەی لابدات. جا، وەک وتم، بە هەر ڕووداوێک بێت. بۆ نموونە، دەکرێت نەیزەکێک بە هێزێکی ئەوەندە گەورە بەر ڕووی زەوی بکەوێت کە لە دەرەنجامدا زەوی لە خولگەی خۆی لابدات. بە پشتبەستن بە ئاڕاستەی بەرکەوتنەکەی، دەکرێت لە خۆر نزیکی بکاتەوە تا خۆر زەوی کێش بکات و بیخواتەوە، یاخود زەوی لە خولگەی خولانەوە بە دەوری خۆردا دەربچێت و دووربکەوێتەوە. بەڵام، نیگەر مەبە، تاکوو ئێستا دیار نییە کە هیچ نەیزەکێکی ئەوەندە گەورە و زەبەلاح ڕووی لە ئێمەیە و لێمان دەدات. بەڵام ئەگەر هاتوو ڕوویدا و زەوی کەوتە حاڵەتێکیشەوە کە دوور بکەوێتەوە لە خۆر، ئەوە دەکرێت بەر هەر یەکێک لە هەسارەکانی تری کۆمەڵەی خۆری بکەوێت. ئێستا، دوای تێداچوونی دوو هەسارە لە کۆمەڵەی خۆریدا، دەبێت چارەنووسی هەسارە و تەنەکانی تر بە چی بگات؟ هەموو شتێک تێکدەچێت و لەو حاڵەتە ئەگەری تەواو هەیە کە هەموو کۆمەڵەی خۆری تێدابچێت و دابڕمێت بەسەر یەکدا!... هەموو شتێک ئەوەندە ڕێکوپێکە، کە تەنها یەک لادانێکی بچووک لە هەر تەنێک، دەرەنجام بە تیاچوونی تەواو دەگەیەنێت.

 

Orbit Background Images, HD Pictures and Wallpaper For Free Download |  Pngtree

 

تا ئێرە، ئەمە هەموو شتێکە کە پێویستیت پێی هەبێت بۆ زانین لەڕووی گەردوونناسییەوە بۆ هێزی کێشکردنی نیوتنی. بەڵام، لەدوای ئەمەوە، ئاینشتاین هات و وتی: کاکە شتی وا نییە! هیچ شتێکی وەکوو هێزێک لە ناوچەقی بارستاییەکاندا بوونی نییە. ئەی، پرسیان، کێشکردن چییە؟ وتی تەنها چەمانەوە و نووشتانەوەیە لە بۆشاییدا... با بۆت ڕوونبکەمەوە ئاینشتاین باسی چی دەکات و مەبەستی لەمە چییە.

 

In what kind of path would the planets move if suddenly the force of  gravity of the Sun stopped acting on the planets? - Quora

 

ئاینشتاین دەڵێت بۆشایی بە پارچە قوماشێک وێنا بکە و جارێ وا دابنێ کە بەتاڵە و هیچی لەسەر نییە – لەم حاڵەتە ڕووی پارچە قوماشەکە تەختە. بەڵام، ئەگەر هەر بارستاییەک – گریمان تۆپێک – بخەیتە سەر ئەو پارچە قوماشە، ئەوە دەبینیت کە قوماشەکە دەنووشتێتەوە و چەمانەوەی تێدا ڕوودەدات. جا، ئێستا ئەگەر تۆپێکی بچووکتر لە شوێنێکی تری مەودای ئەو چەمانەوەیە دابنێین، چی ڕوودەدات؟ دەبینین کە تۆپەکەش دەکەوێتە ناو ئەو چاڵاییەی کە تۆپەکەی تر درووستی کردووە و نزیکدەبێتەوە لێی تا بەر ڕووی دەکەوێت. ئەی، ئەگەر هاتوو تۆپە بچووکترەکەت یەکسەر دانەنا، بەڵکوو بە بڕێک لە خێرایی دیاریکراو بە ئاڕاستەیەکدا بەڕێت کردە ناو چاڵاییەکە؟ ئەوە ئەوکات، تۆپە بچووکترەکە دەست دەکات بە خولانەوە لە چاڵاییەکەدا تاکوو بەتەواوەتی قووڵدەبێتەوە و بەر ڕووی تۆپەکەی تر دەکەوێت. ئەمەیە کێشکردن لە بیردۆزە ڕێژەییەکەی ئاینشتایندا: هێزێک نییە! بەڵکوو، حاڵەت و بارودۆخێکی نووشتانەوەیە کە بارستاییەکان درووستیان کردووە لە بۆشاییدا. بۆ ئەوەی ئەم ڕوونکردنەوەی کە پێشکەشم کرد بەتەواوەتی و زۆر بەجوانی ڕوونبێت، پێشنیاز دەکەم کە هەر ئێستا بۆ ساتێک – تەنها چەند خولەکی سەرەتا – سەیری ئەو گرتە ڤیدیۆیەیە بکەیت کە لە کۆتایی بابەتەکەدا دامناوە، کە تێیدا فیزیازانێک بە کرداری هەموو شتەکە ڕووندەکاتەوە و تەنها بە سەیرکردن و ڕامانی خۆت دەتوانیت لە هەمووی تێبگەیت دوای خوێندنەوەی دەقەکانی من.

ئەم گریمانەیەی ئاینشتاین، دژایەتی هیچ هۆ و ئەنجامێک ناکات لەگەڵ بیردۆزە کێشکردنەکەی نیوتن. بەڵکوو، زیاتریش لەمە، کێشکردن ڕووندەکاتەوە بە بێ ئەوەی کە بە هێزێک دەستنیشانی بکات – چونکە هەرگیز کێشکردن بە هێزێکی سرووشتی نەتوانراوە بڕیاری لەسەر بدرێت و بە دەستنیشانکردنی بە شێوەی هێزێک لە ناوچەقی بارستاییەکان زیاتر خەیاڵی دەردەکەوێت وەکوو لە زانستی. با چەند ڕوونکردنەوەیەک بدەین لەسەر ئەم بیردۆزەی کێشکردنی ئاینشتاین بۆ پرسەکانی کە کردمان و وەڵاممان دایەوە بەپێی هێزە کێشکردنەکەی نیوتن...

دەبینین کە ئەستێرەی خۆر چەمانەوەیەکی درووستکردووە لە ناوچەی خۆجێیی بۆشایی گەردووندا، هەروەها هەر یەکێکی تریش لە هەسارەکان لەگەڵ ئەوەی کە لە مەودایەکی دیاریکراوی ئەم چەمانەوەیەدا بەدەوری خۆردا دەخولێتەوە، ئەوە هاوکات خۆشیان چەمانەوەیەکی تری دیاریکراوی بچووکتر و خۆجێییان درووستکردووە. کەوابێت، دەگەین بەو دەرەنجامەی کە هەروەک چۆن بەپێی کێشکردنی نیوتنی یەکسانبوونی بڕی هێزی کێشکردن لەگەڵ بڕی جووڵەی هەسارەکان توانیویەتی خولگەکان پێکبهێنێت، بە هەمان شێوەیەش بەپێی کێشکردنەکەی ئاینشتاین بڕی چەمانەوەی بۆشایی بە یەکسانبوون لەگەڵ بڕی جووڵەی هەسارەکان توانیویەتی خولگەکان پێکبهێنێت. ئینجا، هەروەک چۆن دەبینین دیاردەیەکی کەوتنە خوارەوەی نەیزەکی ڕوودەدات کاتێک کە تەنێک دەکەوێت ژێر ڕکێفی هێزی کێشکردنی تەنێکی تر، ئەوە دەتوانین بڵێین کە نەیزەکێک دەکەوێتەوە خوارەوە هەر کە دێتە ناو مەودای چەمانەوەی بۆشایی درووستبوو لە بارستایی هەسارەی زەوییەوە.

هیچ دژیەکێک و ناکۆکییەک لەم بیردۆزەی ئاینشتاین بوونی نییە لەگەڵ هێزە کێشکردنەکەی نیوتن! تەنانەت، چۆن تا بارستایی زیاتربێت ئەوە هێزی کێشکردن زۆرترە، بە هەمان شێوەیەش تا بارستایی تەنێک زیاتربێت ئەوە چەمانەوەیەکی زۆرتر و گەورەتر درووست دەکات لە بۆشاییدا. هەروەها، هەروەک چۆن کە تا دووری نێوان تەنەکان زیاتربێت ئەوە کاریگەری هێزی کێشکردن کەمدەکات، بە هەمان شێوەش دووری زیاتری نێوان تەنەکان دەبێت هۆی ئەوەی کە کەمتر بکەونە ژێر کاریگەری چەمانەوەی درووستبوو لە بارستاییەکانیاندا.

 

Relativity - Curved Space-Time, Geometric Gravitation | Britannica

 

13.7 Einstein's Theory of Gravity | University Physics Volume 1

 

ئەو وێنانەی کە تا ئێرە پێشکەشم کردوویت، وێناکردن و لەبەرچاوکردنی بۆشاییە لە ڕووتەختێکی دوو دووریدا، بەڵام ئەگەر بتوانیت لە بیری خۆتدا لێکی بدەیتەوە بەشێوەیەکی سێ دووری ئەوە ئەم چەمانەوەی بۆشاییە بەم شێوەیە دەردەکەوێت...

 

LIGO: Detecting Gravitational Waves | AMNH

 

 

 

 

گرتە ڤیدیۆی ئاماژەپێدراو:

https://youtu.be/MTY1Kje0yLg

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield