ڕەهەندەکان

بڵاوکردنەوە:

زنار بابەکر

نووسەر:

زنار بابەکر

بینراو:

437

بەش:

زانست

شتێکمان هەیە پێی دەوترێت "ڕەهەند (Dimension)." هەر کاتێک کە لە فیزیادا زاراوەی "ڕەهەند" بەکاردەهێنرێت، ئەوە ئاماژەیە بۆ دوورییەک. بۆ نموونە دووریی درێژیمان هەیە، لەگەڵ پانی و هەروەها بەرزی، کە ئەوەی کۆتایی – بەرزی – هەندێک جار ناویش دەبرێت بە قووڵی. ئەمانە، بەگشتی، بریتین لە سێ دوورییە بنچینەییەکانی جیهانی ماددیی فیزیایی ئێمە و بە "سێ ڕەهەندەکە" ناسراون.

ڕەهەندەکان مەیدان و ڕووتەختێک بۆ هەبوون دەهێننە ئاراوە. ئەمە، واتە چی؟ واتە شتێک بۆ ئەوەی بوونی هەبێت، دەبێت لەناو ڕەهەندێکدا هەبێت. جا، هەبوون هەیە لە ئاستێکدا کە تاک ڕەهەندییە – تەنها یەک دووری هەیە. لە کاتێکدا کە هین تر هەیە دوو ڕەهەندییە و ئێمەش هەین کە سێ ڕەهەندین. بۆ بیر و هزری ئێمەی مرۆڤ سەختە تا بتوانین وێنا و خەیاڵی بوونی هەر شتێکی تر بکەین لە ڕەهەندەکانی تر. خۆمان لە ڕەهەندێکی سێ دووریدا دەژین، بۆیە هەموو شتێکیش کە بەرکەوتەمان لەگەڵیدا هەیە لەڕێگەی هەستەکانمانەوە، بە هەمان شێوە هەر لە هەمان ڕەهەندی سێ دووری ئێمەدایە.

توانیومانە کە وێنای هەبوونی شتی تر بکەین لە ڕەهەندێکی دوو دووریدا. سادەترین نموونە: کاتێک کە تۆ سەیری ڕووکاری پەڕەیەک دەکەیت، دەبینیت ئەگەر خەتێک بکێشیت تەنها دەتوانیت ئەو خەتە بۆ سەرەوە و خوارەوە لەگەڵ ڕاست و چەپ بجووڵێنیت. کەوابێت، لە ڕووکاری پەڕەیەکدا، تۆ ڕەهەندێکی دوو دووریت هەیە. ئاڵۆزتر لەمە: ئەمڕۆ گرتە و یاری ڤیدیۆییمان هەیە کە تێیاندا دەبینین کەسایەتییەکان و شتەکان تەنها دەتوانن بۆ سەرەوە و خوارەوە لەگەڵ ڕاست و چەپ بجووڵێن – هەر بە نموونە یاری ماریۆ، یاخود جیۆمەتری داش – ئەمانە بریتین لە ڕەهەندێکی دوو دووری ئاڵۆزتر.

بەڵام، ئەی دەبێت بوون لە ڕەهەندێکی تاک دووریدا چۆنبێت؟ واتە، جووڵەکردن تەنها لە ڕاست بۆ چەپ هەبێت، یان لە سەرەوە بۆ خوارەوە هەبێت، یانیش لە دەرەوە بۆ ناوەوە هەبێت. سەختە بۆ ئێمە، ناتوانین وێنا و خەیاڵی هەر شتێکی لەم شێوەیە بکەین، تەنانەت تاکوو ئێستا لەڕێگەی هەستەکانمانەوە نەمانتوانیوە درک بە بوونی شتێکی لەم شێوەیە بکەین. بیرۆکەیەک کە دەخرێتە ڕوو بۆ هزراندنی بوونێکی تاک ڕەهەندی: ژێیەک یان دەزوویەک بێنە بەرچاوی خۆت کە تەنها دەتوانێت بۆ ڕاست و چەپ بڕوات. بەڵام، دەبێت زۆر قووڵ بیر لەمە بکەیتەوە تاکوو بتوانیت وێنای بکەیت! ئاخر، دەزوو و ژێییە ئاساییەکان کە لە ڕەهەندی سێ دووری خۆماندا بوونیان هەیە، جگە لە درێژی ئەوە پانی و بەرزیشیان بە بڕێکی زۆرکەم و دیاریکراو هەر هەیە. بەڵام، کاتێک کە تۆ دەزوویەک لە ڕەهەندێکی تاک دووریدا وێنا دەکەیت، ئەوە بەتەواوەتی دەبێت پانی و بەرزییەکەی لە بیری خۆتدا بەلاوەبنێیت.

ڕەهەندمان هەیە بە چوار دووری، پێنج دووری، شەش دووری، حەوت دووری، هەشت دووری، نۆ دووری، دە دووری و هەروەها تا کۆتایی! ئەوەندەی ژمارە هەیە و دەتوانرێت بژمێردرێت، دەکرێت ڕەهەند بوونی هەبێت. بەڵام، تا چەند بیر و هزری ئێمە دەتوانێت بیخەمڵێنێت؟ ئێمەی مرۆڤ تەنانەت ناتوانین وێنای بوونی هەر شتێک بکەین تەنها یەک تاکە ڕەهەند لە سەروو ڕەهەندە سێ دوورییەکەی ئێمەوە، چ جا ڕەهەندی تر کە لە چوار دووریش بەرزتر و باڵاترە! بۆچی؟ ئاخر، بیرسایانە ئەمە ماقول نییە. ئایا هەر شتێک کە لە ڕەهەندێکی دوو دوووریدا بوونی هەیە، دەتوانێت وێنا و خەیاڵی هەر شتێک بکات کە لە ڕەهەندی سێ دووری ئێمەدا بوونی هەیە؟ ناتوانێت، چونکە تەنانەت تایبەتمەندییە هزرییەکانی ناهێڵێت. دەی، بە هەمان شێوەش ئێمەی مرۆڤی سێ دووری بە هیچ شێوەیەک ناتوانین بوونی هەر شتێک لە ڕەهەندێکی چوار دووری و بەرزتردا بخەمڵێنین، تایبەتمەندی هزریمان توانای لێکدانەوەی نییە. بەڵام، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمڕۆ ئێمەی مرۆڤی سێ دووری گەیشتوون بە ئاستێک کە دەسەڵاتمان هەیە و دەتوانین ڕەهەندی دوو دووری بەکاربهێنین. ئایا، دەکرێت بوونەکان لە ڕەهەندە بەرزترەکانیش نەتوانن بە هەمان شێوە سوود لە ڕەهەندێک یان چەند ڕەهەندێکی دیاریکراوی نزمتر لە خۆیان وەربگرن و بەکاریان بهێنن؟ بە نموونەش، ڕەهەندێکی سێ دووری هاوشێوەی ئێمە؟ دەشێت، چونکە ژیرانە ئەمە ناماقول نییە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە چۆن ئێمەی سێ دووری دەتوانین سوود لە ڕەهەندێکی دوو دووری نزمتر وەربگرین، ناتواین بڵێین ناکرێت کە هەر ڕەهەندێکی تری بەرزتر بتوانێت ڕەهەندە نزمترەکەی یان نزمترەکانی بەکاربهێنێت.

ئینجا، هەر شتێک کە بۆ نموونە لە ڕەهەندێکی سێ دووریدا بوونی هەیە، ئەوە پێکهاتە و تایبەتمەندی هەبوونی ڕێگەی نادات کە جگە لە ڕەهەندێکی سێ دووری لە هیچی تردا بتوانێت بوونی هەبێت! ئەمە بۆ هەر ڕەهەندێکی تر نکۆڵی لێنەکراوە. ئەگەر بوونێکی هەر ڕەهەندێکی دیاریکراو بخرێتە ناو ڕەهەندێکی بەرزتر یان نزمترەوە، ئەوە پێکهاتە و تایبەتمەندی هەبوونی ناتوانێت بەرگەی ئەو ڕەهەندەی تر بگرێت! چی ڕوودەدات؟ چی بەسەردێت؟ نازانم! تاکوو ئێستا هیچ کەس ئەزموونی گۆڕان و گواستنەوەی ڕەهەندی نەکردووە و نە لە هیچ شتێکیشدا تێبینی کراوە. بەڵام، ئەگەر وردبیتەوە ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە کە بوونێکی دیاریکراو لە ڕەهەندەکەی خۆیدا نەبێت، ناتوانێت و ناکرێت لە ڕەهەندێکی تردا بوونی هەبێت. بەڵام، ئاگاداربە، ئەمە نابێت بەلای ئەوەدا بمانشکێنێتەوە کە بڵێین مادام وایە دیارە هەر ڕەهەندی تر و بەرزتر بوونی نییە! لە کاتێکدا کە من پێتدەڵێم ڕەهەندی تر بە ناکۆتا بوونی هەیە، تۆ ناتوانیت ئەو بەهانەیە بۆ من بهێنیتەوە کە من لەخۆمەوە ئەم قسەیە دەکەم و مادام ئەزموونی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ ڕەهەندی تری بەرزتر و باڵاتردا نییە، ئەوە تۆ بڵێیت ناکرێت و ناشێت شتی وا بوونی هەبێت. دەی، ئاخر، من سەرەڕای زانستە بیرکارییەکە، تەنانەت لایەن و دیوە ژیربێژییەکەش پشتیوانمە کە چۆن دەکرێت ڕەهەندی تری زۆر باڵاتر بوونی هەبێت ئەگەر تەنانەت درکیشیان پێنەکرێت – هەروەک ڕوونکردنەوەم لەسەری دا و با بەشێوەیەکی تریش دووپاتی بکەمەوە...

لەم ئاستەی ئەمڕۆ کە زانستیی سەردەم پێی گەیشتووە، ئەو وتەیەی کە ڕەهەندی بەرزتر و باڵاتر ناکرێت بوونی هەبێت، دەبێت بە ڕاکردن و خۆدزینەوە لە پرسەکە. چۆن ئێمەی مرۆڤی سێ ڕەهەندی ئەمڕۆ گەیشتوون بە ئاست و پلەیەک کە بەتەواوەتی دەتوانین دەسەڵاتی خۆمان بەسەر هەر شتێکی دوو ڕەهەندیدا بسەپێنین – لە کاتێکدا کە بۆ هەر شتێکی دوو ڕەهەندی وەکوو بوونێکی وێنانەکراو و نەخەمڵێنراو هەین – بە هەمان شێوەش زۆر ئاساییە هەر شتێک لە ڕەهەندێکی بەرزتردا بوونی هەبێت و دەسەڵاتی خۆیمان بەسەردا بسەپێنێت بە بێ ئەوەی کە ئێمە تەنانەت بتوانین وێنا و خەیاڵیشی بکەین. بەڵام، دووبارە، ئەمەش واتای ئەوە نییە کە هەمیشە هەر شتێک کە لە جیهانی سێ ڕەهەندیی ئێمەدا ڕوودەدات، کارلێک کراوە بە ڕەهەندێکی بەرزتر کە ئێمە تەنانەت ناتوانین درکیشی پێبکەین – نابێت پەلە بکەین لە بڕیاردان لەسەر ئەمە. تەنها دەتوانین بڵێین، کە هەموو ڕەهەندێک لەگەڵ ڕادەی کاریگەری ئەو هێزەی کە خۆی بەسەر خۆیدا هەیەتی، هەمیشە ئەو ڕادەیەش دێت کە ڕەهەندێکی بەرزتر کاریگەری بەسەریەوە دەبێت.

کاتێک کە تۆ دەستت (کە بوونێکی سێ ڕەهەندییە) بەسەر پەڕەیەکدا (کە بوونێکی دوو ڕەهەندییە) دەهێنیت و دەبەیت (بەشێوازێک کە تەواو دەستت بەرکەوتەی هەبێت لەگەڵ پەڕەکەدا)، چی لەسەر ڕووکاری ئەو پەڕەیەدا دەردەکەوێت؟ لە چاوی ئێمەی بوونەوەری سێ ڕەهەندییەوە، ئەگەر بەتەواوەتی بتوانین لەسەر ڕووی پەڕەکە بڕوانین ئەوە تەنها پەڵەیەک و سێبەرێکی ڕەش و تاریک، هیچی تر! کەوابێت، بۆ هەر بوونێکی دوو دووریی سەر ڕووکاری ئەو پەڕەیەش، ئەگەر وەکوو ئێمە درکی بۆ بوون هەبێت بە چاو، ئەوە کاتێک کە ئەزموونی دەستی سێ ڕەهەندیی ئێمە دەکات لەسەر پەڕەی دوو ڕەهەندیی خۆیەوە، یان هەر تەنها ئەو سێبەر و تاریکاییە دەبینێت کە ئێمە بینیمان، یان هەر شتێکی تری هاوشێوە کە سەرهەڵدراوی نەگونجانی دەستی سێ ڕەهەندیی ئێمەیە لەسەر ڕووکاری ئەو پەڕە دوو ڕەهەندییە. نە ڕەهەندە دوو دوورییەکەی دەتوانێت قبوڵی ئەو هەبوونە سێ دوورییەی دەستی ئێمە لە خۆیدا بکات، نە بیر و هزری ئەو شتەش کە لەو ڕەهەندە دوو دوورییەدا هەیە دەتوانێت لێکدانەوە و شیکاری بۆ دەستی ئێمەی سێ دووری بکات.

جا، ئێستا، با پرسیارێک بکەم؟ باشە، شتێک کە لە ڕەهەندێکی چوار دووری یان بەرزتریش بوونی هەیە و دێت بەرکەوتە دەکات لەگەڵ ڕەهەندی سێ دووری ئێمە، ئەوە دەبێت ئێمە چۆن بیبینین و بە چ شێوەیەک هەستی پێبکەین کاتێک کە ڕووبەڕووی دەبینەوە؟... ئەگەر بەدوای ئەم باسوخواسەدا بڕۆیت، ئەوە دەچیتە ناو جیهانی بەرئاساوە*، واتە جیهانی پارانۆرماڵ (Paranormal). بەڵێ، بەشێوەیەکی ژیرانە و بیرسایانە، دیاردەی بەرئاسا بوونی هەیە و دەتوانرێت لێکدانەوەی بۆ بکرێت. جاران، تەنها فەیلەسوفان بوون کە دەیانوت ڕەهەندی تری بەرزتر لە سەروو ئەوەی ئێمە بوونی هەیە، بەڵام ئەمڕۆکە فیزیازانەکانیش پشتگیری لەم وتەیە دەکەن و خۆیانی لێ بێبەری ناکەن. کەوابێت، ئێمە لە سەردەمێکدا ناژین کە پێویست بکات خۆمان لە دیاردەی بەرئاسا بەلاوە بنێین و لێی ڕابکەین و ڕاستەوخۆ بە درۆ و قسەی نا-ماقول بڕیاری لەسەر بدەین. بەڵام، ئاگاداربە، زانست لەوەندە زیاتر کە ددان بە بوونی ڕەهەندی بەرزتردا دەنێت، لەگەڵ پەیوەندی و بەرکەوتەیان لەنێوان یەکتردا، هەنگاو نانێتە ناو مشتومڕی دیاردەی بەرئاساوە. بۆچی؟ چونکە ئەو بنەما و بنچینانەی کە زانست کاری تێدا دەکات و بەکاریان دەهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، ئەمڕۆکە ڕێگری لێدەکات لە هەنگاونانی زیاتر بۆ قووڵبوونەوە. ئاستی تێگەیشتنی زانستیی ئەمڕۆی ئێمە، نە گەیشتووە بەوەی کە بڕیار بدات هەر دیاردەیەکی دیاریکراو بەڕاستی بریتییە لە دیاردەیەکی بەرئاسا لە ڕەهەندێکی ترەوە، نە گەیشتووشە بەوەی کە خۆی بتوانێت خۆویستانە بەرکەوتەی هەبێت لەگەڵ هەر ڕەهەندێکی بەرزتردا. بۆیە، هەر زوو ئاماژەم بەوە دا کە هیچ کەسێک ئەزموونی شتێکی لەم شێوەیەی نەکردووە و نە تێبینیشی کردووە. خۆ، لەوانەیە، ئەو دیاردە بەرئاسایانەی کە هەیە و باسدەکرێت، پەیوەست بە ڕەهەندەکانی تربێت – تەنها ئەوەندە و زیاتر نا، بە "لەوانە" و گریمانەکردن. بەڵام، من لە ڕوویەکی زانستییەوە ئەم بابەتە بۆ تۆ باس دەکەم و هەر شتێکیش کە زانست بەتەواوەتی ددانی پێدا نەنابێت و بڕیاری لەسەر نەدابێت، من ناتوانم لەخۆمەوە قسەی لەسەر بکەم. تا ئەمڕۆکەش، هیچ دیاردەیەکی بەرئاسا کە دەوترێت هەیە و ڕوویداوە و باس دەکرێت، بەتەواوەتی لەلایەن کۆمەڵگەی زانستییەوە وەکوو دیاردەیەکی پەیوەست بە ڕەهەندی بەرزتر و سەرووتر بڕیاری لەسەر نەدراوە.

 

کۆتایی.

 

* بەرئاسا واتە نزیک لە ئاسایی. ئەم وشەیە لە پێشنیاری مامۆستا (هاوڕێ جەلال)ەوە بوو، کاتێک کە پرسیم چ وشەیەک گونجاوە تا لە بەرانبەر وشەی (Paranormal)ی ئینگلیزی بەکاریبهێنم بۆ بابەتەکەم. یەکێک لە واتاکانی وشەی (بەر) بریتییە لە نزیک، هەروەها (ئاسا) لە (ئاسایی) وەرگیراوە. نابێت تێکەڵ بکرێت لەگەڵ "دەرئاسا،" کە ئاماژەیە بۆ هێز و دیاردەی سەرووسرووشتی (Supernatural).

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield