سەمای با

بڵاوکردنەوە:

زنار بابەکر

نووسەر:

لانە ساماڵ

بینراو:

336

بەش:

وێژە

دوێنێ شەو، کە زۆر دڵتەنگ بووم، وەک کاتژمێر دوازدە جار بە دەوری خۆمدا خولامەوە. دەمخواست، پڕ بە گەرووم هاوار بکەم و نەمکرد. دەمخواست، بە ئارەزووی دڵ بگریم و نەگریام. ئەمجارە، وەک پیاو خۆمم خواردەوە. لای ئێوارەکەشی، باش نەبووم، لەسەر عەرزە ڕەقەکەی حەوشە دانیشتبووم و وەک مناڵ گۆرانیم دەوت و دەمنووزاندەوە. چاوم بڕیبووە دارە بڵندەکانی گەڕەک، کە بەدەم باوە دەلەرانەوە و لەگەڵی ڕۆحم دەلەرایەوە.

(بڵێی دار لە ترس و شەرما سەما بکات، یان لە ڕێز و عەشقدا؟)

لە بازاڕم و لەبەر شەکەتی هێزم نییە سەر بەرزکەمەوە و پێشەوەی خۆم ببینم، هەزار خەیاڵی چرچ و لۆچ لە مێشکمدا پەنگ دەخواتەوە و ساف نابێت و چاک نابێت. بە دەستێک ئارەقی نێو چاوانم دەسڕم و لە دڵەوە داوای لێبووردن لە خۆم دەکەم و کۆڵێک تەریق دەبمەوە.

هێزێک ڕامدەچڵەکێنێت و بەرەو داوەوە دەمبات. دەمم دەکەمەوە، وەک شێر بنەڕێنم و هەرچی داخی دڵمە لەوی دەرکەم. لەبەردەم ئەو ژنە بەتەمەنەشدا، شەرم دەمگرێت. دەستێک دەخەمە سەرشانی، دەڵێم: (دایە گیان، بمبوورە. خۆ، ئازارت نەبوو؟) بە ڕوویەکی میهرەبانی سەیرم دەکات و لە دڵەوە دەڵێت، (عەمر درێژبیت، ڕۆڵە گیان!) سەرێک دادەخەم و بەردەوام دەبم لە ڕێ و ڕۆیشتنەکەم.

من لەنێو سەمای دارەکاندا غەرق بووم. بە قوڕگێکی زبر و ماندووەوە، (سەرم کەیلی تەمومژە و شەویش داهات)ـی کەمال موحەممەد هەزار بارە دەکەمەوە. 
چەند خۆشە! ئەو بستە کەلاوەیەی دڵت تێیدا خۆشە. چەند سەرئێشەیە! ئەو مەملەکەتە گەورەیەی خاڵییە لە ئومێد و خۆشی. دڵ قیبلەی هەموو بەختیارییەکە؛ کە دڵ تەنگ بوو، ژیانیشت لەگەڵ خۆی تەنگ دەکات. دایکم هاوارێک دەکات و بانگم دەکات، بچم نان بخۆم. دەڵێم، باشە و تا دەگەمە ژووری نانخواردنەکە، پرتەپرتمە.

بە خواردن سکمان تێر دەکەین، ئەی بەچی ڕۆح تێر دەبێت؟
بە خواردن سکمان تێر دەکەین، ئەی بەچی ڕۆح تێر دەبێت؟
بە خواردن سکمان تێر دەکەین...
بە خواردن...
بە خواردن...
بە... بە...
خواردن...

نووسین: لانە ساماڵ
هەڵەچن: زنار بابەکر

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield