تابووتی خەون

بڵاوکردنەوە:

زنار بابەکر

نووسەر:

لانە ساماڵ

بینراو:

415

بەش:

وێژە

خۆ من شارەزای سەدەکانی دووری نیم، بەس لە ئاوازە تەنیاکەی ڕۆح تێدەگەم، دەزانم شەو تابووتی خەونەکانە.
تابووتی هەزار و یەک خەونی یاخی و دوو سەد هەزار مەرگی ناکاو، گوڵدانی هەموو ئەسرین و تاسەکانە.
شازەردەواڵەی گشت مەراقە ئەستەمەکانە؛ کە خودی مەحاڵیش، مەحاڵ کردووە و ناوێرێت فزە بکات.
 

لەگەڵ دۆستێک بە تەلەفۆن قسە دەکەم. نیگەرانە و دەیەوێت نیگەرانییەکەی بشارێتەوە و بە خەندە سەرزارەکییەکەی فریوم بدات. پاش هەواڵ پرسینێکی گەرموگوڕ، درێژە بە قسەکانی دەدات. قسەیەکم دەیوەستێنێت. کاتێک دەڵێم: (تۆ سەرەتا ئاگردانی دڵت پێ بکە، ئینجا وەرە نمایشی بورکانی پڕجۆشوخرۆشم بۆ بکە.) بە دەنگەلەرزەیەکەوە تەنیا دەتوانێت بڵێت، (جا ئاگر ماوە تا ئاگردان لە خۆی بگرێت! بۆتە خۆڵەمێش... خۆڵەمیش.)
 

دەزانن، مرۆڤ بە ئاگردانی ناو دڵی دەژی؟ ئاگردانێک دایمە ئاگری ناوی پێ بێت و گەرمت بکاتەوە. هەر ئەو ئاگردانەی جۆشوخرۆشت دەداتێ، دەگەیتە لوتکەی چێژ لە ژیان بینین، لوتکەی ئومێد، لوتکەی ئارامی و ئاسوودەیی. بەڵێ، هەر ئەو ئاگردانەیە ژینت کۆنترۆڵ دەکات.
 

وەک شاعیر دەڵێت: (دڵ کە جۆشێکی نەبێت، شوشەی بەتاڵم بۆچییە؟)
 

خوا نەکات ئەم ئاگردانە خامۆش بێت! خوا نەکات ببێتە خۆڵەمێش و ئاسەواری نەمێنێت! وەک ئاسن سارد ببێتەوە، ئەو کات دەتکاتە سەهۆڵ؛ دەبیتە نمایشکارێکی لێنەزان، هەرچەند بتەوێت لەگەڵ بەرامبەرت گەرموگوڕ بیت، شکست دێنیت و جوان پێتەوە دیارە لە دڵەوە نییە.
 

شەو داهاتووە؛ مانگ لە حەوشی ئاسمان وەستاوە و هاودەمی من و هەزار دەردەداری تره. لەم دیو پەنجەرە چوارگۆشەکەوە، شەوقی گڵۆپە کزەکەی حەوشە دێتە ژورێ. ده‌ڵێم، ئێستا نا ئێستا، با له‌ تاكی په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ سه‌ر ده‌ردێنێت و مژدەیەکی دوورەدەست دێنێت. ئای، بای لاسار و سەرشێت! تۆ لەکوێی؟ خۆ تۆ کچۆڵەیەکی نازدار نیت نەوێری لە ماڵێ بێیە دەر، باوکێکی نەدار نیت سەرقاڵبی بە ژماردنی قەرزی سەر، دایکێکی چاوەڕوان نیت بۆ ڕۆڵەت لە حەوشە چاو لە دەرکە و دەر. ئەمشەو، بە قەد کۆکراوەی دەیجوری سەدەیەک درێژە، بە قەد نۆ مانگی دووگیانی دایکێک نابڕێتەوە؛ وەک قووڵای بیرێک قووڵە و تەنگە و تاریکە. 
 

ئەوە گۆرانیەک هەبوو، ئەوە چی دەوت؟ (خوا حەکیم بکات دەرمانم ئەمشەو.) دەزانی زۆربەی گۆرانیبێژان و شاعیران کێشەیان لەگەڵ شەو هەیە؟ چوزانم! ڕەنگە سێ لەسەر چواری خەڵکی سەرگۆی زەوی وابن. ئەی، پێت وایه ئارامترین شەوی مرۆڤ کامەیە؟ ئەو شەوەی لەگەڵ ئازیزێک قسە دەکەی و لە کۆتایی قسەکاندا دەڵێت "شەوت ئارام." وای لە ئارامی ئەو شەوە و لە ئاسوودەیی ئەو دڵەی تا بەیان بە خەندە و ئارامی دەخەوێت! ئەو شەوە مەرگیش بێت، دەڵێی سەرچاوم. ئیسرائیلیش بێتە ڕۆحکێشانت، بەگەشییەوە لەگەڵی دەڕۆیت. وای لە ئارامی ئەو ڕۆحەی ئازیزێک ئارامی پێداوە و دەڵێت ئارامبە! ئارامبە چۆلەکە سەرچڵەکە! دەی، لەگەڵم بیڵێرەوە: (شەو و بێدەنگی چەند خۆشە! هەمیشە خۆزگە هەر شەوبا.) بڵێ، ئەی مەستی بادەی ئەڤین، شێتە سەرشێتەکەی ئەمشەو، شەو بۆ مەستێکی دڵخۆش جەنەتی سەر زەمینە و بۆ بنیادەمێکی دڵ بەخەم تابووتی خەونە. من نازانم ئەم قوماری ژیانە تا کەی بەردەوامە، تا کەی وەک جۆلانێ سەر و خوارمان پێ دەکات. وەلێ، دەزانم ڕۆژێک هەردێ بگەینە تابووتی خۆزگەکانمان و تا ئەبەد لێی نەیەینە دەرێ...


نووسین: لانە ساماڵ.
هەڵەچن: زنار بابەکر.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield