پیدۆفیلیا مەترسیەک کە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە

بڵاوکردنەوە:

شادی غەفوور

نووسەر:

شادی غەفوور

بینراو:

750

بەش:

هی تر

پیدۆفیلیا چییە و مەترسیەکانی چین؟

پیدۆفیلیا یاخود حەزکردن بە سێکس لەگەڵ منداڵ یەکێکە لەو کێشانەی لە ئێستادا لە جیهاندا زۆر بڵاوە و جێگەی مەترسیە و لە لیستی نەخۆشییە دەروونیەکان دانراوە، دەزگای جیهانی دیاریکردن و ئاماری نەخۆشییە دەروونییەکان (DSM-5) هەستاون بە دیاریکردنی پێناسەیەک بۆ پیدۆفیلیا. پیدۆفیلیایی وەکو ناڕێکی یاخود لادانێکی سێکسی وەسف کردووە، پێناسەی کردووە بەوەی کە حەز و خولیا و ئارەزوو و پاڵنەری سێکسی توندوتیژی منداڵان لەخۆدەگرێت، هەروەها کەسی تووشبووی ئەم بارودۆخە ئارەزووەکانی ئەوەندە توندن کە دووچاری زەحمەتی دەبێت لە مامەڵە لەگەڵ ئەوانی تردا و هەست بە ئاڵۆزی و دژواری دەکات. مەترسی لەسەر لایەنی دەروونی و جەستەیی قوربانیەکە هەیە و کێشەی سەرەکی ئەم توندوتیژیە ئەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و کوردستانی خۆمان باس ناکرێت و بەنهێنی دەیهێڵنەوە و باسکردنی بە عەیبە دادەنرێت. هەروەها توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە دەڵێن ڕێژەی لە ٤٠٪ لە دەستدرێژکەرە سێکسیەکان یاخود پیدۆفیلەکان لە ئەندامی خێزانی منداڵە قوربانیەکەن ئەمەش وادەکات منداڵ ترسی درکاندی ئەو ڕووداوەی هەبێت کە بەسەری دێت لەلایەن کەسی دەستدێژکەر یان منداڵ لە تەمەنێکی زۆر بچووک دەستدرێژی دەکرێتەسەر و نازانێت تەنانەت ئەو کارەی بەرامبەری دەکرێت بۆ بەتاڵکردنەوەی حەزە سێکسیەکانی کەسی دەستدرێژیکەرە. زۆرجار گوێبیستی ئەوە دەبین کە ئەم جۆرە کێشانە نابرێنە بەردەم دادگا بەڵکو لەڕێگەی عەشایەریەوە چارەسەر دەکرێن، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە دابونەریتی ئێمە ئەو بابەتانەی پەیوەندی بەشەرەفەوە هەیە نابرێنە بەردەم یاسا بەڵکو خەڵک خۆی چارەسەری دەکات. هەروەها پێویستە لەسەر دایکان و باوکان ببن بە هاوڕێی منداڵەکانیان، تاوەکو ئەگەر دەستدرێژی کرایە سەر منداڵەکان بتوانن بیدرکێنن کە کێشەی سەرەکی ئەم دەستدرێژییە ئەوەیە منداڵەکان ناتوانن و دەترسن لە ئاشکراکردنی. ئەو دەستدرێژیانەی دەکرێنە سەر منداڵ لەلایەن کەسی پیدۆفیلەوە چ جۆرێکن؟ زۆربەی کات لەڕێگەی هاوسەرگیریەوە دەکرێت کە کەسی تەمەن گەورە هاوسەرگیری لەگەڵ منداڵدا دەکات. ئەمەش جۆرێکە لە دەستدرێژیەکی قبوڵکراوە کە لە زۆر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێگە بەو حاڵەتە دراوە و بگرە زۆریش باوە کە منداڵ هاوسەرگیری بکات. کە ئەم حاڵەتە لەڕووی دەروونی و جەستەییشەوە کێشە بۆ منداڵ درووستدەکات. کەسی پیدۆفیل زۆر جار لەڕێگەی دەست لێدان یاخود ماچکردن یان هەر جۆرێکیتری دەستدرێژیی سێکسی بەرامبەر منداڵ بەناوی سۆزیی ساختەوە دەریدەخات. ئەوەی کێشە درووستدەکات زۆر جار ئەندامی خێزانی قوربانیەکەن یان لە خزمە نزیک و بڕواپێکراوەکانن وەک مام و خاڵ...

مێژووی پیدۆفیلیا بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟ لە زۆربەی مێژووی وڵاتاندا ئەوە دەرکەوتووە کە پیدۆفیلیا هەبووە هەر لە کۆنەوە. بەڵام ناوی بۆ دانەنراوە بەڵکو وەکو هاوسەرگیریەکی شەرعی و پەیوەندیەکی جوان وەسفی ئەو کارە قێزەونە کراوە لەهەندێک بارودۆخدا. لە مێژووی یۆنانی و ڕۆمانی و هاوسەری خواوەندە کۆنەکان و لە وڵاتە عەرەبیەکانیش بوونی هەبووە کە کچ لە تەمەنێکی زۆر بچووکەوە بەشوودراوە بە کەسی گەورە. ئەوەی جێگەی مەترسیە ئەوەیە کە پیدۆفیلیا خەریکە قبوڵ دەکرێت و بەکارێکی ئاسایی دەزاندرێت. زۆرێک لە ئەکتەر و گۆرانی بيژەکانی هۆڵیود و کەسە سیاسیە گەورەکان پشتگیری پیدۆفیلیا دەکەن، منداڵباز و بەشێک لە دەروونناسەکان داوای ئازادی پیدۆفیلیا (سێکس کردن لەگەڵ منداڵ) دەکەن.

دەڵێن دەبێت ماف و یاسای تایبەت بە خۆیان هەبێت وەک هاوڕەگەزبازەکان پیدۆفیلیاکانیش هیچ جیاوازیان نییە لەگەڵ ئەوان. کە ئەمەش دژی هەموو پێوەرە ئەخلاقیەکانە. لە ئێستادا پیدۆفیلیا لە لیستی نەخۆشیە دەروونیەکان دانیپێدانراوە، زۆرێک لە خەڵک دژی ئەوەن بەڵام گومانی ئەوەش دەکرێت کە تەنانەت ئەنجامدەرەکەشی سزانەدرێت لەژێر ناوی نەخۆشیەوە، کە ئەمەش پێشێلکردنی مافی منداڵە. من وەک کەسێک کە دژی پیدۆفیلیام لە لیستی نەخۆشی دەروونی داینانێم، بەڵکو یەکێکە لە تاوانە قێزەونەکان ئەنجامدەر و ئەو کەسەی بیر لە ئەنجامدانی دەکاتەوە پێویستە سزابدرێت.

لەماوەی ساڵانی ڕابردوو کەیسی پیدۆفیلیا لە کوردستان زۆر زیادی کردووە هەندێکشیان ئەنجامدەرەکانی بە سزا نەگەیشتوون لەبەر هەبوونی پشتگیری لەلایەن کەسی پلە باڵاوە. یان کەیسەکانیان داخراوە بۆ پاراستنی شەرف و ناوبانگیان. زۆرێک لەو منداڵانەی لەسەر شەقام کاردەکەن دەستدرێژی دەکرێتە سەریان و ئەنجامدەری کارەکە لەبەر نەبوونی بەڵگەی تەواوەتی بە سزا نەگەیشتوون و ئەو منداڵانە خاوەنێکی وایان نیە پشتگیریان بکات و بتوانن لە دادگا کەیس لەدژی تۆمەتبار بکەنەوە.

بۆ نوسینی ئەم بابەتە سوودم لەو ڕێنمایانە وەرگرتووە کە د. ھەڤین کەمال باسی کردوون لەگەڵ ئەو دۆسێیانەی خۆم لە کوردستان کەم تا زۆر بەرچاو ڕوونیم لەسەری هەبووە.

 

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield