چاوکرانەوەیەک بەڕووی فراوانی گەردوون
بڵاوکردنەوە:
زنار بابەکر
نووسەر:
زنار بابەکر
بینراو:
714
بەش:
زانست
چی هەیە لە دەرەوە؟ لە دوورییە مەزەندەنەکراوەکانی بۆشایی ئاسمانەوە چی دەگوزەرێت؟ دەبێت سەرکێشییەکانی گەردوون چ جۆرە پێکهاتە و تەنێکی نامۆ بئارێنێت؟ کاتێک کە من شەوانە بەدەم خەوەوە لە تاریکایی ئاسمان دەڕوانم، دەبێت هیچ تەنێکی شاراوە و ونبوو خۆی لەو تاریکاییە فراوانەدا حەشارنەدابێت؟ ئەو بریقە ڕۆشنانەی کە بەرچاوم دەکەوێت لێر و لەوێ هەمووی هەر تەنها ئەستێرەیەکی تر دەنوێنێت؟ یاخود، شتێکی تری لەوانەیە زۆر سەرنجڕاکێشتر، لەوانەشە زۆر تۆقێنەرتر، بوونی هەبێت کە بۆ چاوەکانی من هەر تەنها هاوشێوەی ئەستێرەیەکی تر دەردەکەوێت؟
لە بەشی پێشووتردا: (ئاشناییەک بە بۆماوەهێڵی گەردوون)، ڕوونمکردەوە کە چۆن ئەستێرەکان پێکدێن، لە چییەوە پێکدێن، هەروەها بەدرێژایی تەمەنیان بە چ چارەنووسێک دەگەن دوای ئەوەی کە پێکدێن. ئێستاش، لەم بەشەی کۆتاییمدا، لە زنجیرە وتاری "دەروازەیەک بەرەو قووڵایی گەردوون،" باس لە هەر پێکهاتوویەک و دیاردەیەکی تر دەکەم (لانیکەم زۆرینەیان) کە بوونی هەیە – لە تەنە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵە ئەستێرەییەکەی خۆمانەوە، تاکوو ئەو تەنە نامۆ و زەبەلاحانەی کە لەوپەڕی دوورییەکانی گەردوونەوە دەتوانرێت لەڕێگەی ئامێرە تەلیسکیبۆییەکانی سەردەمەوە ببینرێن. هەروەها، وەک دەستپێکیش، لە جۆری ئەو تەنەوە دەستپێدەکەم کە زێدی ژیانی ئێمەی مرۆڤایەتی پێکهێناوە: دایکە زەوی.
هەسارە
هەسارە چییە؟ لە بەشی پێشووتر، زۆر بەڕوونی ئاماژەم بەوەدا کە هەسارە و ئەستێرە زۆر جیاوازن و دەبێت تەواو جودا بکرێنەوە. ئەو بیروباوەڕە چەوتەی کە هاتووە و دەڵێت مانگ و خۆریش هەر هەسارەن، ئەوە بیروباوەڕێکی کۆن و دێرینی زانستە ئەستێرەناسییەکانی (Astrology) جیهانی ئەفسانە و شارستانییەتە سەرەتاییەکانی مرۆڤایەتییە؛ لای ئەوان، لە زانستە ئەستێرەناسییەکانیاندا، هەردوو خۆر و مانگیش بە دووان لە هەسارەکان دانراون. بەڵام، دەبێت ئەوە بزانرێت کە لە زانستی گەردوونناسی (Astronomy) ئەمڕۆدا، پێوەری جیاواز هەیە بۆ بوون بە هەسارە و ئەستێرە. جا، کە پێشووتر زۆر، زۆر بەوردی و تەواوی باسم لە ئەستێرەکان کردووە، ئەوە جارێکی تر دووبارەی ناکەمەوە و ئەم وتارەی پێ درێژدادڕ ناکەمەوە.
دەستنیشانکردنی هەر تەنێک بە هەسارە، بابەتێکی سادە و ساکار نییە! تاکوو ئەمڕۆش، مشتومڕ لە ئارادایە لەنێوان گەردوونناساندا لەبارەی ئەوەی کە پێوەری بوون بە هەسارە چییە؟ بەڵام، ئەوەی کە بەشێوەیەکی گشتی و بەرفراوان بڕیاری لەسەر دراوە و یەکلایی کراوەتەوە، ئەوەیە کە دەڵێت بۆ ئەوەی هەر تەنێک ببێت بە هەسارە، دەبێت ئەم سێ تایبەتمەندییە لەخۆبگرێت: ١) دەبێت بەدەوری ئەستێرەیەکدا بخولێتەوە. ٢) دەبێت شێوەی گۆیی هەبێت. هەروەها، ٣) بای ئەوەندە گەورەبێت کە هیچ تەنێکی تری هاوقەبارە لە دەوروبەرییەوە نەبێت تا هەروەک خۆی لە خولگەکەیدا بەدەوری ئەستێرەکەیدا بخولێتەوە (بە واتایەکی تر، هێزی کێشکردنی بای ئەوەندە بەهێزبێت کە ئەگەر هاتوو هەر تەنێکی تر لە دەوروبەر و نزیکی خولگەکەیەوە هەبوو، ئەوە کێشیان بکات و لەخۆیان بگرێت).
بۆچی پلۆتۆ (وێنەی خوارەوە) بە هەسارە دانانرێت؟ خۆ، پلۆتۆ تەنێکی گۆییە، هەروەها بە دەوری ئەستێرەیەکدا – خۆرەکەی ئێمە – دەخولێتەوە. بەڵام، هێزی کێشکردنی پلۆتۆ بای ئەوەندە بەهێز نییە تا هەر تەنێکی تری هاوقەبارە لە نزیک و دەوروبەری خولگەکەی بەدەوری خۆردا کێشبکات و ڕێچکەی خولانەوەکەی پاکبکاتەوە – چەندەها تەنی تر لەسەر ڕێچکەی خولگەی پلۆتۆ هەیە. بۆیە، لەبەر ئەم هۆکارە پلۆتۆ لە ڕیزبەندی هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆری دەرهێنراوە و چیتر بە هەسارە دانانرێت.
ئەو تەنانەی کە دوو تایبەتمەندی هەبوونی شێوەی گۆیی و خولانەوەیان بەدەوری ئەستێرەیەکدا لەخۆگرتووە، بەڵام هاوشێوەی پلۆتۆ هێزێکی کێشکردنی ئەوەندە بەهێزیان نییە تا ڕێچکەی خولانەوەیان لە تەنەکانی تر پاکبکەنەوە، ناودەبرێن بە هەسارەی کورتەبنە (Dwarf Planets). پلۆتۆش، تەنها هەسارەی کورتەبنە نییە لە کۆمەڵە خۆرییەکەی ئێمەدا، بەڵکوو لە ڕاستیدا زۆرن و تەنها کەمێکیان دەستنیشانکراوە و بەگشتیش زۆر دوورن لە ئێمەوە، وەکوو هاومیا (Haumea)، مەیکمەیک (Makemake) و ئێریس (Eris)، لەگەڵ دانەیەکی تریش کە دەستنیشانکراوە و ئەمیان نزیکە: سیریس (Ceres)، کە یەکەمین هەسارۆکەی کورتبنە بووە تاکوو ئێستا توانرابێت بە کەشتییەکی ئاسمانی سەردانیکرابێت و لەم وێنەیەی خوارەوەدا دەتوانرێت ببینرێت.
هەسارەکان، هەروەک ئەستێرەکان لەناو نێبیولاکاندا پێکدێن، هەر بە هۆکاری هێزی کێشکردن لەڕێگەی لەخۆگرتن و کۆکردنەوەی تەنە بچووکتر و وردیلەترەکانی دەوروبەرەوە. بەڵام، پێویستە بەر لە ماوەی درووستبوونی هەسارەیەک، ئەستێرەیەک پێشووتر پەیدابووبێت. بۆچی؟ چونکە ئەم ئەستێرەیە تایبەتمەندی و پێکهاتەی ئەو هەسارەیە دیاریدەکات هەر کە هەسارەکە بەتێپەڕبوونی کات خەریکە پێکدێت. بۆ نموونە، لە حاڵەتی کۆمەڵە خۆرییەکەی ئێمەدا، دەبینیت کە ئەو هەسارانەی لە خۆرەوە نزیکن بریتین لە هەسارە تاوێرییەکان، واتە لە کانزا و ماددەی ڕەق و تاوێری پێکهاتوون. بەڵام، ئەوانەی دوورتر گشتییان بریتین لە هەسارە گازییەکان. ئینجا، زۆر سەیر و نامۆیانەش، پشتێنەیەکی هەسارۆکەیی هەیە ڕێک لەنێوان کۆتا هەسارەی تاوێری و یەکەمین هەسارەی گازی؛ ئەمە، چۆن؟...
لەو کاتەدا کە هەسارەکان خەریکبوون پێکبێن، هێزی کێشکردنی خۆر وای لە توخمە قورسەکان – واتە ئەوانەی کە بارستاییان زۆرە و تاوێرین – کردووە تا نزیکترببنەوە لە خۆی و هەر کە هەسارەکانی عەتارد، زوهرە، زەوی و مەریخ دەستیانکردووە بە پێکهاتن، ئەوە ڕاستەوخۆ بە هێزی کێشکردنیان ئەو توخمە تاوێرییانەیان لەخۆیانگرتووە. ئەوەشی کە لە دوورترەوە ماوەتەوە و نەتوانراوە لەلایەن خۆرەوە زۆر کێشبکرێت، بریتییە لە تەنۆلکە گازییەکان، کە لە دەرەنجامدا هەسارە گازییەکانی موشتەری، زوحەل، ئۆرانۆس و نیپتۆنیان پێکهێناوە. بەڵام، کاتێک کە دەوترێت گازی، واتای ئەوە نییە کە تەواوی هەسارەکە هەر بەتەنها لە گاز پێکهاتووە، بەڵکوو هەموویان کڕۆکێکی تاوێرییان هەر هەیە – کە ئەگەرچی بە بەراورد بە بارستایی گشتی هەسارەکە کەمینەیە، بۆیە هەسارەکە بە جۆرێک لە هەسارەی گازی هەژماردەکرێت.
ئەو پشتێنە هەسارۆکەییەی کە لەنێوان هەسارەکانی موشتەری و مەریخ دەبینرێت؛ دەتوانین بڵێین، کە ئەم پشتێنە هەسارۆکییە سنوری ئەو مەودایە دیاریدەکات لە کۆمەڵە خۆرییەکەی ئێمە کە خۆر دەتوانێت تێیدا تەنە ورد و بچووکەکانی وەک هەسارۆکەکان بخواتەوە و کێشبکات. خۆ، هێزی کێشکردنی خۆر زۆر دوورتر لەو پشتێنە هەسارۆکەییە دەڕوات و چەندان هەسارە و تەنی تر هەیە لە سوڕی خۆردا لە پشتەوەی ئەو پشتێنە هەسارۆکەییەوە، بەڵام هێزی کێشکردنی هەسارەی موشتەری زەبەلاح هەیە کە سنوری ئەو مەودوای خواردنەوە و قووتدانی خۆری دیاریکردووە و هەسارۆکەکانی ناو پشتێنەی هەسارۆکەیی لە خولگەی خۆیدا بەجێگری هێشتۆتەوە. ئەگینا، هەر تەنێکی تر بە هاوقەبارەیی هەسارۆکەیەکی ئاسایی لە دیوی ناوەوەی ئەو پشتێنە هەسارۆکەییەوە – ئەگەر نەکەوێتە ژێر کاریگەری هەر کام لە هەسارەکانی تری عەتارد، زوهرە، زەوی و مەریخ – ئەوە بەدڵنیاییەوە هێزی کێشکردنی خۆر دەیخواتەوە.
کەوابێت، دەبینیت کە لە بنەڕەتدا، چۆن هەر ئەستێرەکانە کە تایبەتمەندی و پێکهاتەی هەر هەسارەیەک دیاری دەکات! نەک هەر تەنها بۆ بوون بە هەسارەیەکی گازی یان تاوێری، بەڵکوو ئەی پلەی گەرمی؟ ئەو هەسارانەی کە لە خۆرەوە نزیکن پلەی گەرمیان چەندە بەرزە و ئەوانەشی کە دوورن چەندە نزمە! تەنانەت، دوو کۆتا هەسارەی کۆمەڵەی خۆری: ئۆرانۆس و نیپتۆن، بە دوو هەسارەکانی "گازی سەهۆڵاو" ناسراون. ئەی کاریگەرییەکان لەسەر بەرگەهەوای هەسارەکان و ئەو چینە جیاواز و جۆربەجۆرانەی کە پێکدێن لە هەسارەکەدا؟ باسکردنی ئەوەی کە چۆن ئەستێرە کاریگەری بنچینەیی و بنەڕەتی هەیە لەسەر پێکهاتن و سەرهەڵدانی هەر هەسارەیەک، خۆی وتارێکی سەربەخۆی دەوێت.
هەسارۆکە
هەروەک لە شێوازی پێکهاتنی وشەکەوە دیارە: هەسارە+ۆکە=هەسارۆکە. پاشگری (ۆکە) بۆ کورتکردنەوە بەکاردەهێنرێت. کەوابێت، لەمەوە دەتوانین بڵێین کە هەسارۆکە بریتییە لە تەنێک کە هەر تایبەتمەندی هەسارە لەخۆدەگرێت بەوەی کە بەدەوری خۆردا دەخولێتەوە، تەنها ئەوەی کە زۆر بچووک و وردە و ناتوانرێت بە هەسارە هەژماربکرێت.
هەندێکیان لە ئاستێکی قەبارەیی گەردوونیدا، ئەوەندە وردیلە و بچووکن کە هەژماری زیخ و لم و وردەبەردیان بۆ دەکرێت، لە کاتێکدا کە هەندێکی تریان تیرەکەیان تا چەند سەد کیلۆمەترێک فراواندەبێت. ئەوەش لە یاد نەکرێت، کە هیچ شێوەیەکی دیاریکراویان نییە! واتە، یەکێکی تر لەو تایبەتمەندییانەی کە هاوتا نییە لەگەڵ هەسارەکاندا، ئەوەیە کە شێوەیان نەک هەر گۆیی نییە بەڵکوو تەنانەت ناڕێک و دیارینەکراوە.
ڕەچەڵەک و ڕەسەنی سەرجەم هەسارۆکەکان لە گەردووندا، بریتییە لەو پاشماوەیەی کە نەتوانراوە کێشبکرێت و هەسارەیەکی لێپێکبهێنرێت. جا، دەکرێت پاشماوەی ئەستێرەکەی چەقی هەر کۆمەڵە ئەستێرەیەکی دیاریکراوبێت، یاخود ئەو پاشماوەیەبێت کە لە بۆشاییەکی دیاریکراودا هەسارەیەک لە کاتی پێکهاتنیدا نەیتوانیوە لەخۆیبگرێت. پاشان، بە ملیۆنان و ملیۆنان تا ملیاران ساڵ لە خولانەوە بەدەوری ئەستێرەی چەقدا، ڕەوتی خولگەی دیاریکراوی خۆیان وەرگرتووە، بەڵام نەک هەر تەنها بە هێزی کێشکردنی ئەستێرەی چەقیان بەڵکوو هی هەسارەکانی دەوروبەریشیان.
هەندێک جار هەسارۆکەکان لە ڕەوتی خولگەی خۆیان لادەدەن، ئینجا بە هەر هۆکارێکی دیاریکراوبێت و ئەمە حاڵەتێکی زۆر ئاساییە لە گەردووندا. چیش ڕوودەدات کە لە خولگەی خۆیان لایاندا؟ دەکەونە ژێر کاریگەری هەسارەیەکی دەوروبەر و نزیکەوە و ڕاستەوخۆ بەرەو ڕووی ئەو هەسارەیە ڕێدەکەن. لێرەدا، پێیان دەوترێت نەیزەک (Meteor): هەر هەسارۆکەیەک کە بەر ڕووی هەسارەیەک دەکەوێت.
بەپێی بەڵگەی پاشماوەی ئەو نەیزەکانەی لەسەر ڕووی زەوی ماوەتەوە و لێکۆڵینەوەی لەسەرکراوە، لەگەڵ چاودێرییە سەردەمییەکان بۆ نەیزەکە هاتووەکان بەرەو ڕووی زەوی، دەرکەوتووە کە هەرچی هەسارۆکەی وردیلەیە و دەبێت بە نەیزەک و بەرەو ڕووی زەوی ڕێدەکات، ئەوە هەر لەناو بەرگەهەوای زەویدا بەخێرایی کەوتنەخوارەوە لەژێر هێزی کێشکردنی زەویدا دەسووتێت و شیدەبێتەوە. بەڵام، نەیزەکی وا گەورەش هەیە، کە، بۆ نموونە کاتێک بەر ڕووی زەوی دەکەوێت تەواوی جۆری بوونەوەری دایناسۆڕەکان لەناودەبات و لە دەرەنجامی لێکەوتەکانیدا تەواوی شێوازی زیندەیی هەسارەی زەوی دەگۆڕێت بۆ ژیانکردن. هەشە کە لەنێوان ئەم دووانەدایە – نە زۆر وێرانکەر و نە زۆریش سست و لاواز بۆ شیبوونەوە لە بەرگەهەوادا – کە لەوانەیە توخمی وەها بهێنێت بۆ سەر زەوی کە پێشووتر هەر بوونیشی نەبووە! تەنانەت، یەکێک لە بیردۆزە هەرە باوەکانی ئەوەی کە ئاو چۆن بە زەوی گەیشتووە، ئەوەیە کە لە نەیزەکەکانەوە هاتووە.
کلکدار