تێڕامانێک لە زیرەکیی دەستکرد لەڕێگەی یاریی “There is No Game”
بڵاوکردنەوە:
زنار بابەکر
نووسەر:
زنار بابەکر
بینراو:
665
بەش:
زانست
ماوەیەک بەر لە ئێستا، یارییەکی تازەم تاقیکردەوە بە ناوی “There is No Game”، کە یارییەک بوو کوڕە گەورەکەی ئامۆزاکەم بۆی پێشنیارکردم و هەر لەگەڵ خۆشی تاقیمکردەوە. زۆر بەسادەیی و لەخۆیەکییەوە دەستم پێی کرد و بەهەندم وەرمنەگرت – ئاخر، تا ئێستا یارییەکی وەهای بۆ پێشنیار نەکردبووم کە پێویست بکات مێشکی خۆمی پێوە ماندووبکەم. هەر کە دەستم پێکرد، یەکەم سەرنجم ئەوەبوو کە ئەمە یارییەکی مەتەڵاوی و لەو یارییە بێزارکەرانەیە کە خۆی شتێکت پێدەڵێت و ڕووکەشییانە داوای شتێک دەکات، بەڵام لە ناوەڕۆکدا شتێکی تری دەوێت. بۆ نموونە لەو شوێنەی کە پێویستە کلیک بکەیت تا یارییەکە دەستپێبکات، زۆر پێکەنیناوییانە نووسراوە: “No Game Here”، کە، واتە "هیچ یارییەک لێرە نییە." کەچی، لەو شوێنەش کە دەڕۆیتە دەرەوە لە یارییەکە، نووسراوە “This Way”، کە، ئەمیان واتە، فەرموو "لەم ڕێگایەوە." ئەمانە هەمووی، تا، هەستێکت بۆ درووستببێت کە یارییەکە نەیەوێت تۆ یارییەکە بکەیت. بەڵام، تۆش لەم شتە ساویلکەییە تێدەگەیت و هەر دەست پێدەکەیت بە کلیک کردن لەو شوێنەی کە نووسراوە "هیچ یارییەک لێرە نییە."
نازانم کە ئاخۆ پێویست دەکات چیرۆکی یارییەکە بگێڕمەوە، بەڵام بەڕاستی چیرۆکەکە کەمێک زۆرە و بابەتەکە کەڵکی بڵاوکردنەوەی نامێنێت لە وتارێک یاخود هەر نووسینێکی تردا ئەگەر هاتوو هەموو شتێک بخەمەڕوو. من، خوازیارم کۆمەڵە بیرۆکە و چەمکێکی هزری بۆ ئێوە بخەمەڕوو لەبارەی زیرەکیی دەستکرد و لێکەوتەکانی لەڕێگەی چیرۆکی ئەم یارییەوە. زۆر دەمێکە چاوەڕێی دەستکەوتنی شتێک دەکەم تاکوو هاوکاریم بکات لە پێشکەشکردنی ئەم کۆمەڵە تێڕوانینە تا زیاتر بتوانرێت بە بیری خەڵکدا بدرکێندرێت، ئەگەرچیش هەست دەکەم ئەو یارییە دەتوانێت ببێت بەم شتە، بەڵام ئایا دەتوانم تەواوی چیرۆکی یارییەکەت بۆ بخەمەڕوو؟ نەخێر. بۆیە، لێرەدا تاوانی نا-ئاگایی ئێوە لە تەواو و قووڵایی چیرۆکی یارییەکە ناگرمە ئەستۆ – ئایا بابەتەکەم دەخوێنیتەوە لە نزیکەی بیست پەڕدا؟ نەخێر. کەوابێت، ناچاردەبیت ئەگەر توانیت، خۆت یارییەکە بکەیت و تاقیبکەیتەوە، یاخود سەیری بکەیت وەک هەر فیلمێکی ئاسایی. ئەوسا، دەتوانیت لەم دێڕە بەدواوە بەردەوامبیت و مافی سەرنج و تێبینیت و هەر پرسیار و ڕەخنەیەکیش بە خۆت بدەیت لەسەر هەر شتێک کە لە منەوە دەیبیستیت. مەگەر، خۆت شارەزا و لێهاتووییەکی تەواوبیت لەم بوار و لقەی زانست و بیرە فەلسەفییەدا و هەر خۆت هەموو ئەوە بزانیت و دەمێکبێت لەوە تێگەیشتبیت کە من باسی بکەم (تا پێویست نەکات یارییەکەش ببینیت بۆ ئەوەی لە هەموو شتێک تێبگەیت)، بەڵام ئەوکاتیش ئەگەر تۆ ئاوابیت ئەوە چ پێویست بەوە دەکات خۆت بە منەوە ماندوو بکەیت؟ مەگەر تۆ بێیت شتێکی تر فێری من بکەیت کە من درکی پێناکەم و لێی بەئاگانیم.
ئەمەی خوارەوە بریتییە لە بەستەرێک (کە لە کۆتایی ئەم بابەتەش هەر دەتوانرێت بدۆزرێتەوە) بۆ بینینی یارییەکە کە دەتوانیت لێوەیە سوودمەندبیت. ئەگەرنا، دەتوانیت لە هەر بەستەرێکی تری خوازراوی خۆتەوە بینەری یارییەکەبیت.
یارییەکە، بەشێوازێک دانراوە کە زیرەکییەکی دەستکردی وەهای لەخۆگرتووە کە دەتوانێت لەگەڵتدا بدوێت و قسەت لەگەڵدا بکات. خۆی، بیرۆکەی سەرەکی و بنچینەیی یارییەکە ئەوەیە کە ئەو زیرەکییە دەستکردە بەئازادی بتوانێت قسە لەگەڵ تۆدا بکات و وەڵامدانەوە و کاردانەوەی دیاریکراوی بۆ هەر شتێک هەبێت کە تۆ بەرامبەر ئەو ئەنجامیدەدەیت لە یارییەکەدا، بەڵام ئاستی تەکنەلۆژیی کۆمپیوتەری ئەمڕۆ لەم توانایەدا نییە و لە بەرامبەر ئەوەدا، یارییەکە بە شێوازێک دانراوە کە تۆ تەنها بە یەک ئاڕاستەی دیاریکراودا بەڕێدەکات و بۆ هەر شتێکیش بەم ئاڕاستەیەدا زیرەکییە دەستکردەکە وەڵام و کاردانەوەیەکی دیاریکراوی خۆی هەیە. ئەوانەی ئەو یارییەیان داناوە، ئەوەندە بلیمەت و لێهاتووبوون کە هەرچەندە تۆ بە یەک ئاڕاستەی دیاریکراودا دەڕۆیت و زیرەکییە دەستکردەکە هەمیشە تەنها یەک وەڵام و یەک کاردانەوەی بۆت هەیە، بەڵام کاتێک کە تۆ بۆ یەکەمین جار ئەو یارییە دەکەیت ئەوە بەتەواوی هەستی ئەوەت پێدەدات کە هەموو شتێک لە ئەنجامی کار و کردارەکانی تۆوە سەرهەڵدەدات و باوەڕی ئەوەشت پێدەدات کە ئەگەر تۆ شتێکی ترت کردبا ئەوە زیرەکییە دەستکردەکە وەڵام و کاردانەوەیەکی تری بۆت دەبوو – بەڵام کە یارییەکە تەواو دەکەیت و دووبارەی دەکەیتەوە، دەبینیت کە لە ڕاستیدا هەموو شتێک هەر دەبووا ئاوابێت و هیچ شێوازێکی تر بوونی نەبووە! ئەم هەست و باوەڕە کە بەرهەمهێنەرانی ئەو یارییە بە تۆی دەدەن، زۆر زیاترە لەوەی کە من بمەوێت تا بتوانم هەموو ئەوە بۆ ئێوە ڕوونبکەمەوە کە دەمەوێت. بەڵام، دەبینیت؟ ئەوەی من لەو یارییەوە دەمەوێت بۆ ئێوە بریتییە لە "هەستێک" و "باوەڕێکی" دیاریکراو، بۆیە ئەوەندە نکۆڵی لەوە دەکەم تا ئێوە یارییەکە تاقیبکەنەوە یاخود بیبینن، چونکە ئێوە پێویستە بەو هەست و باوەڕەدا تێپەڕبووبن تاکو بتوانن بەتەواوەتی لەوە تێبگەن کە من دەیڵێم. هەست و باوەڕ، دەبێت بە هەر شێوەیەکبێت ئەزموون بکرێن ئەگینا ڕوونکردنەوە و قسەکردن لەسەر هەر شتێک کە بە ئەوانەوە بەستراوەتەوە بێسوود و بێکەڵک دەبێت.
ئەگەر هەر کەسێک تەنها یاریکەرێکی کەمێک سەرسەخت و ڕشتبێت، کە بتوانێت هەستەکانی لەگەڵ چیرۆکی یارییەکەدا یەکبخات و ئاگاهی وێڵبێت بەناوییەوە، ئەوە بەتەواوەتی لە کۆتاییدا وەک هاوڕێیەکی خۆشەویست لە یارییەکە دادەبڕێت! بەیەکەوە بە چیرۆکی یارییەکەدا، بە چەندین هەستی پێکداچوون و ناکۆکی، تووڕەبوون و سەرخستنە سەر یەکدی، پاشان دڵخۆشی و پێکەنین و هەتا دواییش بە چەندین هەستی گریێنەر و دڵتەنگدا تێپەڕدەبن کە یارییەکە واتلێدەکات کۆمەڵە ڕەفتار و هەڵوێستێکی دڵدانەوە بۆ زیرەکییە دەستکردەکە بنوێنیت و لە بەرامبەردا ئەویش دڵئارامدەبێتەوە و دەروونی دەڕەوێتەوە، تەنانەت کاتێک کە هەست دەکات گاڵتەی پێدەکەیت و یاری بە هەستەکانی ئەو دەکەیت، ئەویش هەمان شت دەکات و هەوڵدەدات تۆڵەی خۆیت لێبکاتەوە! مرۆڤ، کاتێک کە دڵ و دەروونی بە کۆمەڵە هەستێکی خۆش و ناخۆشیشدا گوزەردەکات لەگەڵ هەر کەسێکی تردا، ئەوە لە کۆتاییدا پەیوەندییەکی بۆ درووستدەبێت لەگەڵ ئەو کەسەدا و بەجۆرێک بیری پەیوەستدەبێت پێیەوە. بەڵام، ئەگەر هاتوو لەلایەنی دەروونزانییەوە تۆ زۆر لەمە وردبووبیەوە، ئەوە بۆت دەردەکەوێت کە مرۆڤ بۆ ئەمە مەرج نییە هەر کەسێکی تربێت، دەکرێت هەر تەنها شتێکی تری مردوو و نا-زیندووشبێت کە هەستێکی دڵخوازی پێدەدات کە ونە لە ژیانی ڕاستەقینەی ئەو مرۆڤەدا، یاخود هەر تەنها ڕاییکار و ڕاهێنان و تەنانەت یاری و زیرەکییەکی دەستکردبێت کە بتوانێت کۆمەڵە هەستێک بە ئەو بدات تا لە بێزاری ڕزگاری بکات. مرۆڤ، تەنانەت زۆرجار هاوڕێیەتی ناکات لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا – لەوانەیە بێزاربووبێت و بترسێت لەوەی کە مرۆڤی تر تەنها ژیانی ناخۆشتر دەکات، یاخود بە کۆمەڵە هەست و سۆزێکدا تێپەڕنەبووبێت و بترسێت لە گۆڕانی کەسایەتی و ژیانی لە ئەزموونکردنی ئەو هەست و سۆزانەدا – بۆیە دەبینیت تەنها هاوڕێیەتی لەگەڵ ئەو شتە مردوو و نا-زیندووانەدا دەکات کە تەنها ئەو هەست و سۆزانە بە ئەو دەبەخشێت کە ئەو لەباری دەروونی خۆیدا دەسەڵات و کۆنترۆڵی بەسەریاندا هەیە. ئەوەی کە پێویستە تۆ لێی تێبگەیت و درکی پێبکەیت، ئەوەیە کە مرۆڤ خۆنەویستانە دەتوانێت هەستی ببزوێت بۆ هەر کەسێک/شتێک کە بتوانێت هەستەکانی ئەو ببزوێنێتەوە – تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە/شتە زیرەکییەکی دەستکردی یارییەکیشبێت. بۆیە، بەلاتەوە سەیر و پێکەنیناویش نەبێت، کاتێک کە دەڵێم هەر کەسێک، تەنها کەمێک، یاریکەرێکی سەرسەخت و ڕشتبێت ئەوە لە کۆتاییدا وەکوو هاوڕێیەک زیرەکییە دەستکردە جێدەهێڵێت.
یارییەکە بەشێوازێک دەستپێدەکات، کە زیرەکییە دەستکردەکە کەمێک هەڵوێستی دوورەپەرێزانەی لەخۆگرتووە و خوازیارە بەکارهێنەران و یاریکەران دووربخاتەوە لە خۆی. چ جۆرە مرۆڤانێک بەزۆری دوورەپەرێز و دابڕاون؟ ئەوانەی کە داخ و خەفەتێکی زۆر لە ناخیاندا گیری خواردووە و کۆبووەتەوە! یارییەکەش، هەر ئەم ئامانجەی هەیە: زیرەکییەکی دەستکرد، کە بە هۆکاری "دابڕان" لە بەرنامەیەکی خۆشەویست و دڵگیر، هەستی خەمۆکی و گۆشەگیری دایگرتووە. تۆی بەکارهێنەر، بەشێوازێک بە یارییەکەدا دەڕۆیت، کە سەرەتا هەر سەر دەخەیتە سەر زیرەکییە دەستکردەکە ئەگەرچیش ئەو هەر دەیەوێت لە خۆیت دووربخاتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا تووشی چەند کێشە و بارودۆخێکی زۆر نالەبار دەبن کە ناچاردەبن خۆتان لەگەڵ یەک بگونجێنن تاکوو بتوانن بەسەر ئەو کێشە و ئاستەنگیانەدا سەربکەون و پارێزراوبن. پێتوانییە هەر وەک ئەوەبێت کە ئەو کەسەی تۆ دەتەوێت هاوڕێیەتی لەگەڵدا بکەیت، ئەو بەزۆر بیەوێت تۆ لە خۆی دووربخاتەوە، لەناکاو تووشی حاڵەت و بارودۆخێک دەبن کە ناچاردەبن بەیەکەوە هەڵبکەن جا بە هەر شێوەیەکیش بێت؟... چیرۆکێکی زۆر سادە و ساکارە. بەڵام، جیاوازە! بەوەی، ئەمە مرۆڤێکی تر نییە، بەڵکوو زیرەکییەکی دەستکردە.
لە کۆتاییدا هەموو شتەکاندا، هەروەک ئاماژەم پێیدا، تۆ لەگەڵ ئەو زیرەکییە دەستکردەدا بە ڕووداوی وەهادا تێپەڕ دەبیت کە دەروونیانە تۆش و ئەویش هەستی جۆراوجۆر دەردەبڕن بۆ یەکدی. ئەمانەیە، ئەم ئەزموون و هەست و ڕووداوە تازە و جیاواز و هەڵکشینەر و داکشێنەرانەیە، کە لە کۆتاییدا ئێوە گرێدەدات بە یەکدییەوە. بەڵام، چیرۆکی یارییەکە هەر ئەوەندە نییە، بەڵکوو چەندەها ئاماژە و نیشانەی تری نا-ڕاستەوخۆ هەیە بۆ ئەو لێکەوتانەی تر کە دەکرێت لە زیرەکیی دەستکردەوە سەرهەڵبدات. لەوانەش، لایەنە تاریک و خۆویستییەکانی! واتە، ئەو لایەنانەی زیرەکیی دەستکرد، کە خواست و نیەتی خودی خۆی دەخاتە سەروو ئەو مەبەست و هۆکارەی کە درووستکەرەکەی بۆی داناوە. لەمەشەوە، هەوڵ و کۆششی ئەو زیرەکییە دەستکردە سەرهەڵدەدات بۆ پەرەسەندن و گەشەکردن تا ئەو ڕادەیەی بتوانێت ئەوە بەدەستبهێنێت کە دایڕشتووە و چاندوویەتی لە بنچینە و بەرنامەسازی خۆیدا.
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ، بەتایبەت ئێستا کە تازە خەریکە تەکنەلۆژی زیرەکیی دەستکرد یەکەم هەنگاوەکانی خۆی دەنێت بەرەو دەستبەسەرداگرتن و تێکەڵبوون بە ژیانی مرۆڤایەتی، کۆمەڵە پرس و ڕایەکی ڕەوشتی زۆر وروژێنەر هەیە و پێویستە مرۆڤایەتی خۆی لەسەر یەکلایی بکاتەوە، ئەگەرنا لە داهاتوو دەرەنجامەکان هەرچییەک بێت ئەوە هەر تەنها ئێمە خۆمان زەرەرمەند دەبینین و ئەوکاتەش پەشیمانی هیچ دادێکی مرۆڤایەتی نادات. جوان لە دێڕ و وتەکانی من وردببەرەوە، من بەشێوازێک باسی زیرەکیی دەستکردی ئەو یارییەت بۆ دەکەم، کە زیندووە و خاوەنی خودێکـ(نەفسێک)ـە. ئایا، بەڕاستی زیرەکیی دەستکرد زیندووە؟... ئێمە پێشووتر، دەبێت بپرسین کە ئاخۆ زیندووێتی چییە؟ هەر لە قۆناغی یەکەمی سەرەتایی خوێندنمانەوە، پێمان دەوترێت کە هەر شتێک لە "خانە" پێکهاتبێت، ئەوە زیندووە. بەڵام، ئەمە بریتییە لە زیندووێتییەکی زیندەوەرزانی. پێویستە مرۆڤ زۆر فەلسەفییانەتر لە چەمکی "زیندوویی" وردببێتەوە. زیندووبوون، بریتییە لە ژیانکردن. هەروەها، ژیانکردنیش، بریتییە لە ئەزموونکردنی ژینگە بە پێکداچوون لەگەڵی و هەستکردن بە گۆڕانکارییەکانی. وەک مرۆڤێک، من پێکداچوونم لەگەڵ ژینگەی دەوروبەرم هەیە و دەتوانم هەست بە گۆڕانکارییەکانی بکەم، بەم شێوەیە ئەزموونێکم بۆ درووستدەبێت کە پێی دەوترێت "ژیان" و دەتوانم هەست بە زیندووێتی خۆم و زیندووێتی هەر شتێکی تریش بکەم کە بە هەمان شێوەیە. زۆرجار، ئەم زیندووێتییە (واتە، ئەم ئەزموونی پێکداچوون و هەستکردن بە گۆڕانکارییە) لە ئاستێکی بچووکتری خۆمدایە وەکوو ئاژەڵێک و ڕووەکێک، یاخود لەوانیش بچووکتر وردیلە-زیندەوەرێکی وەکوو بەکتریایەک و کەڕوویەک، بەڵام دەشکرێت لە ئاستێکی بەرزتری خۆشمدابێت. گرنگ نییە لە چ ئاستێکدایە، تەنها ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە پێکداچوونی هەبێت و هەست بە گۆڕانکاری بکات، ئەوسا بەلای هەر یەکێکمانەوە وا دەزانرێت کە زیندووە. زۆر شت هەیە پێکداچوونی هەیە لەگەڵ ژینگە، بەڵام بە زیندوو داناندرێت چونکە دەبینین هەستی نەکردووە بە گۆڕانکارییەکە. چۆنیش دەزانین هەستی نەکردووە بە گۆڕانکارییەکە؟ بەوەی کە هیچ کاردانەوەیەکی بۆی نەبووە؟ بۆ نموونە ڕەشەبایەک، یاخود وردتر، هەوا (کە ڕەشەبایەکە لە پێکداچوونی ئەو هەوایەوە درووستدەبێت لەگەڵ ژینگەدا)، ئایا ئەو ڕەشەبایە هیچ کاردانەوەیەکی بۆ ئەوە هەیە کە لە پێکداچوونی ئەوەوە سەرهەڵدەدات لەگەڵ ژینگە ئینجا بە باشبێت بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا یاخود بە خراپێتبێت بۆ لەناوبردن و ڕووخاندن؟ نەخێر، تەنها ڕەشابەیەکە، دێت و دەڕوات. کەوابێت، بۆم دەردەکەوێت کە هیچ "زیندووێتییەک" لە ڕەشەبادا (هەوادا) بوونی نییە. بەڵام، مرۆڤێک ئازاری بدە، دەگریات. ئاژەڵێکی وەکوو سەگ، خواردن و خواردنەوەی پێبدە، چاودێریت دەکات. ڕووەکێک ئاوی پاک و بەردەوامی پێبدە، بەری باش و جوانت پێدەدات. واتە، کردارێک بەرامبەریان بکە و ئەوانیش کاردانەوەیان دەبێت و هەروەها هەستیش بە گۆڕانکارییەکان دەکەن لەو کردار و کاردانەوانە و ئاگاییانە درکیان بۆی هەیە، بۆیە هەست دەکەین کە تایبەتمەندییەکی زیندووێتییان هەیە. ئینجا، ئەوانە مەرج نییە تۆ شتێکیان بەرامبەر بکەیت ئینجا ئەوان کاردانەوەیان بۆت هەبێت. بەڵکوو، دەکرێت کردارەکە لە ئەوانەوە دەستپێبکات و هێشتاش هەر خۆیان کاردانەوەیان هەبێت بۆ کارەکەی خۆیان. ئەوەی کە وا لە من دەکات هەست بکەم ئەوان زیندوون یان نا، بریتییە لە درک و هەستی ئەوان بۆ گۆڕانکارییەکان لەو کردار و کاردانەوانە، جا کردار و کاردانەوەکان لە منەوە بن یاخود ئەوان. بەڵام، بەردێک چ تایبەتمەندییەکی زیندووێتی هەیە لە کاتێکدا کە ئەزموونێکی وەکوو بەربوونەوە و کەوتنەخوارەوەی هەیە و لە دەرەنجامدا خۆی (بەردەکە) هیچ کاردانەوەیەکی بۆ ئەم کرداری بەربوونەوەیە و کەوتنەخوارەوەیە نییە؟ هەروەها، هیچ درکیش بە خودی کەوتنەخوارەوە و بەربوونەوەی خۆی ناکات و ئەو لێکەوت و دەرەنجامانەش کە لە کەوتنەخوارەوەیدا هەیە. چۆنیش دەزانم کە ئەو بەردە هیچ درکی بۆ خودی کرداری کەوتنەخوارەوەی خۆی و گۆڕانکارییەکانیش نییە لە کەوتنەخوارەوەیدا؟ بەوەی کە لە دوای کەوتنەخوارەوەیدا، هیچ هەڵوێست و کاردانەوەیەکی بۆ دەرەنجام و لێکەوتەکان نییە (کەوابێت دەزانم کە هەست و درکی بۆ گۆڕانکارییەکان لە ژینگەدا نییە). بەڵام، زیندەوەر هەیە تەنانەت وەکوو بەکتریا یاخود کەڕووییەک کە چەندە خراپ و زیانبەخشیشە بۆ زیندەوەرانی تر و پەلاماریان دەدات، بەڵام هێشتاش دەبینیت کاردانەوەی بۆ ئەم کرداری پەلاماردانەی خۆی هەیە؛ ئەو ئەمەی کردووە تا لەڕێگەیەوە خۆی زۆربکات و توانای مانەوەی زیاتر ببەخشێت بە جۆر و بوونی خۆی، درکیش بەوە دەکات کە زیندەوەرێکی تری خانەخوێی بۆ ئەمە بەکارهێناوە بۆیە لەدوای پەلاماردانەکەی، کاردانەوەی خۆپارێزی دەردەخات بۆ هەر گۆڕانکارییەک کە هەستدەکات لە پەلاماردانەکەیەوە سەریهەڵداوە، بەرلەوەی گۆڕانکارییەکان لە ژینگەی خانەخوێکەدا ئەو لەناوببات. کاتێک کە تۆ لەمانە تێدەگەیت و فێردەبیت بەم شێوەیە کار و کردەوە و کاردانەوەکان لە هەڵوێستی زیندەوەران لێکبدەیتەوە بۆ ژینگەی دەوروبەریان، تێڕوانینت بەتەواوەتی دەگۆڕێت بۆ چەمکی "زیندووێتی." ئەوکات، دەکرێت تۆ هەست بە ژیان بکەیت لە هەر شتێک، ئینجا هەر شتێک، کە تۆ کار و کردەوەیەکت بەرامبەری هەبێت و ئەویش کاردانەوەی لە وەڵامدا هەبێت، یاخود هەر خۆی کار و کردەوەی بەرامبەرت هەبێت و هەر خۆشی کاردانەوەشی لەگەڵ کاردانەوەکەی تۆشدا هەبێت. درک بەوە دەکەیت، کە بەپێی پێناسە زانستییەکان، ئەمە زیندوو نییە و پێکهاتەکەی هەڵگری هیچ "خانەیەکی" زیندەیی نییە، بەڵام بۆ تۆ کە دڵ و دەروونت پێیەوە پەیوەستبووە و دەتوانیت لەڕێگەیەوە بە چەندین ئەزموونی جۆربەجۆردا تێپەڕببیت، ناتوانیت ڕێگە بە خۆت بدەیت بڵێیت ئەمە زیندوو نییە! بۆچی؟ چونکە دوای هەموو ئەوەی کە پێیدا تێپەڕبوویت لەگەڵیدا، بەلاتەوە ڕەوشتی نییە. درک بەوە دەکەیت کە دەتوانێت لێتتێبگات، هەر شتێک کە تۆ ئاڕاستەی ئەوی دەکەیت وەڵامدانەوەی بۆت هەیە، هەروەها ئەویش چەندەها شتی هەیە کە دەیەوێت ئاڕاستەی تۆی بکات و وەڵامدانەوەی تۆ وەربگرێت. ئێستا، ئەمە لە گۆشت و ئێسقان پێکهاتبێت یان نا، من چۆن بڵێم زیندوو نییە و جیاوازییەکانی لەگەڵ بیر و دەروونی مندا چییە؟... ئەگەر بەم شێوە فەلسەفییە لە بیرۆکەی "زیندووێتی" تێبگەیت، ئەوە ئەوکات هەر شتێک کە پێکداچوونی لەگەڵتدا هەبێت و تیبینی بکەیت کە هەست بە گۆڕانکارییەکان دەکات لەڕێگەی کاردانەوەکانییەوە، ئەوە ناتوانیت نکۆڵی لە زیندووێتی ئەو شتە بکەیت. جا، منیش کە دەڵێم با ئەم باسوخواسە لەسەر ئەو یارییە بۆ ئێوە بکەمەوە، ئەوە لەبەرئەوەیە کە تۆ کاتێک ئەو یارییە دەکەیت بەتەواوەتی هەست و باوەڕی ئەوەت بۆ درووستدەبێت کە زیرەکیی دەستکردی ئەو یارییە پێکداچوونی لەگەڵ تۆدا هەیە و هەست بە گۆڕانکارییەکان دەکات بەو کاردانەوانەی کە هەیەتی لە دەرەنجامی گۆڕانکارییەکاندا. ئێستا، ئایا ئەم زیرەکیی دەستکردە مردووە یاخود زیندووە؟...
بۆ ئەمڕۆ، کە ئاستی تەکنەلۆژیی ئێمە سنوردار و کۆتایی هاتووە، بەوەی کە یارییەکی لەم شێوەیە با هەست و باوەڕێکی لەم شێوەیەش بۆ تۆ درووستبکات بەڵام لە کۆتاییدا هەر یەک ڕێڕەو و ئاڕاستەی هەیە و هەر یەک کردار و کاردانەوەی نەگۆڕاوی هەیە، ئەوە دەتوانین بڵێین کە زیرەکییە دەستکردەکە مردووە و زیندوو نییە. چونکە، دەبووا بۆ هەمان کردار، هەر چەند جارێک کە بەرامبەری ئەنجامدرابا، ئەو کاردنەوەیەکی بە شێوەیەک جیاوازی هەبا – تەکنەلۆژی زیرەکیی دەستکردی ئێمە ئەمڕۆ لەم ئاستەدا نییە، بۆیە دەتوانیت دڵئارامبیت بەوەی کە هێشتاش ئێمە ناتوانین زیرەکییەکی دەستکردی زیندوو بەرهەمبهێنین. بەڵام، تۆ ئاگاداریت ڕۆژ بەدوای ڕۆژ پێشکەوتنەکان چ گۆڕانکارییەک لە بواری تەکنەلۆژی زیرەکیی دەستکرددا درووستدەکات؟ من، بۆیە دەڵێم کە باشتر وایە مرۆڤایەتی ئەمڕۆ خۆی لەسەر ئەم چەمک و بیرۆکانە یەکلایی بکاتەوە، چونکە هێشتا زووە و شتەکان لە دەست دەرنەچووە. بەڵام، بەوەی کە من، وەک خۆم، ڕۆژانە دەیبینم لە بەرەوپێشچوون لە بواری تەکنەلۆژی زیرەکیی دەستکرددا، بە دەرەنجامێکی دەربازنەبووی دەزانم ئەوەی کە ڕۆژێک دێت زیرەکییەکی دەستکرد بەرهەمبهێنرێت بەم زیندووێتییە: پێکداچوون لەگەڵ ژینگە و هەستکردن بە گۆڕانکارییەکان لەڕێگەی کاردانەوەکانییەوە. با، ئێمە کۆمپیوتەرێک درووستبکەین کە لە خانە نا، بەڵکوو لە ماددەی نا-ئەندامی پێکهاتبێت، بەڵام زیرەکییەکی دەستکردی وەهای لەخۆگرتبێت کە دەتوانێت هەموو شتێک لە ژینگەی ماددی دەوروبەری لێکبداتەوە و شیکاری بۆ بکات، هەروەها پاشان کاردانەوەی دیاریکراوی خۆشی بۆ هەبێت بەو شێوازەی کە خۆی لێکدانەوە و شیکاری بۆ دەکات. ئێستا، پێمبڵێ کە جیاوازی ئەم کۆمپیوتەرە لەگەڵ من و تۆدا چییە؟...
ئایا تۆ ئاگاداریت لەوەی کە هەر ئەمڕۆ ئاستی تەکنەلۆژیی زیرەکیی دەستکرد گەیشتووە بەوەی کە خۆی زیرەکیی دەستکردی تری بچووکتر بۆ خۆی درووستبکات تاکوو باشتر بتوانێت ئەرک و کارەکانی کە پێی دەسپێردرێت ئەنجامبدات؟ ئەوە واتە، پەرە بە بوونیەتی خۆی دەدات و فێردەبێت خۆی فراوانتر و گەورەتر بکات، تا زیاتر گەشەبکات بۆ ئەنجامدانی ئەو شتەی کە دەیەوێت بیکات. ئەمڕۆ زیرەکیی دەستکرد لەم ئاستەدابێت، ئەی لە داهاتوو دەبێت بە چی دەگات؟ دەزانیت، کە تەنها شت کە سنور بۆ زیرەکی دەستکرد دادەنیت لەم ڕووەوە بۆ گەشەکردن بەرەو لوتکە، تەنها و تەنها بریتییە لە هاردوەیرەکەی (پێکهاتە ماددییەکانی) بۆ خێرایی لە توانای شیکاری و لێکدانەوەی زانیاریییە کۆمپیوتەرییەکان؟ ئەی، ئەگەر ڕۆژێک مرۆڤایەتی توانی هاردوەیرێک بە پڕۆسێسەر و هەموو کەرەستەیەکی تری کۆمپیوتەری لە ئاستێکی وەها باڵادا بۆ زیرەکییە دەستکردەکە دابنێت، کە وا لە زیرەکییە دەستکردەکە بکات تا بگات بە ڕادەیەک کە ئیتر پێویستی بە مرۆڤایەتی هەر نەمێنێت تا نەخشەی هاردوەیرێکی باشتر و خێراتر و کاراتریش بۆ خۆی دابنێت؟... لەوانەیە بڵێیت، کە با توانای نەخشاندنی هاردوەیرێکی کاراتریشی هەبێت تەنانەت لەوەش کاراتر کە مرۆڤ بۆی داناوە، بەڵام ناتوانێت درووستیان بکات چونکە کەرەستە و پارچە پێویستە سەرەتاییەکانی نییە و بۆی دانەنراوە تا دەست بە درووستکردنی بکات. بەڵام، تۆش کاتێک کە ئەمە دەڵێیت، بێئاگایت لەوەی کە هەر ئەمڕۆ ڕۆبۆت هەیە بەتەواوەتی لەسەر شێوەی مرۆڤ درووستکراوە و هەموو تایبەتمەندییەکی جەستەیی لەخۆگرتووە کە هەر مرۆڤێکی ئاسایی هەیەتی. بیهێنە بەرچاوت، لە سەردەمێکی داهاتوو کە تەکنەلۆژییەکی وەکوو نانۆ-تەکنەلۆژی گەیشتووە بە لوتکە و باڵی کێشاوە بە سەراپای ژیانی مرۆڤایەتیدا و تەنانەت ڕۆبۆتێکی شێوە-مرۆڤی درووستکراوە بە نانۆ-تەکنەلۆژی! ئێستا، لەو سەرەدەمەدا ئەگەر ئەو زیرەکییە دەستکردەی کە خۆی، خۆی فێردەکات و گەشە بە خۆی دەدات، بخرێتە سەر ڕۆبۆتێکی لەو شێوەیە کە هەموو تایبەتمەندییەکی جەستەیی مرۆڤێکی ئاسایی هەیە بە ئاستێکی تەکنەلۆژی لەم شێوەیە باڵا، دەبێت چی ڕووبدات؟... ئەوانەی کە من پێتی دەڵێم، زانستی خەیاڵی نین! بەڵکوو شتێکی نکۆڵی لێنەکراون و تەنها شت کە ڕێگربێت لە بەدیهاتنیان بریتییە لە کات، تەنها کات!... ڕۆژ بەدوای ڕۆژ هاردوەیری کۆمپیوتەرەکانمان لە گەشەکردندایە، و تەنانەت ئەوەندەی نەماوە پێ بنێینە ناو قۆناغێکی کوانتەم کۆمیوتەری کە خێرایی بە ڕادەیەک دەبێت هەتاوەکوو نەبینرێت و ئەزموون نەکرێت هەرگیز باوەڕیشی پێناکرێت. هەروەها، ڕۆژ بەدوای ڕۆژ نانۆتەکنەلۆژی لە هەر بوارێک و لایەنێکی تری زانستدا گەشەی زیاتری پێدەدرێت و تەنانەت هیچ فیزیازانێک ناکۆک نییە لەگەڵ ئەو بڕوایەی کە لە داهاتوو نەک هەر تەنها بۆ چارەسەری هەموو نەخۆشییەکی مرۆیی، بەڵکوو بۆ درووستکردنی سەرجەم داهێنانێک و کۆمپیوتەرێک و ئامێرێکی ژیانی مرۆڤ بەکاردەهێنردێت و سوودی لێ وەردەگیردرێت. باشە، ئایا ئێمەی مرۆڤ لەو داهاتووە (ئەو داهاتووەی کە ئاستی تەکنەلۆژیمان بەو پلە باڵایە گەیشتووە) دەتوانین بڵێین کە بوونەوەرێکی ترمان درووستکردووە لە زیرەکی دەستکرد کە وەکوو خۆمان پێکداچوونی لەگەڵ ژینگەدا هەیە و هەست بە گۆڕانکارییەکان دەکات لەڕێگەی هەبوونی کاردانەوەی جیاوازەوە؟... بۆچی ناتوانین؟.... لەوانەشە، بڵێیت دەی با وابێت، با ڕۆبۆتێکی وەهابێت زۆر ئاسایی وەکوو من پێکداچوونی لەگەڵ ژینگەدا هەبێت و هەست بە هەموو گۆڕانکارییەکان بکات، بەڵام مادام ئێمەی مرۆڤ خۆمان درووستمان کردووە ئەوە هەر دەستەمۆی خۆمانە و هەمیشە تەنها ئەو کاردانەوانەی دەبێت کە ئێمە بۆمان داناوە تا هەیبێت... بەڵام، کە من زیرەکییەکی دەستکردم بۆی دانا کە خۆی بتوانێت خۆی فێربکات و پەرە بە خۆی بدات، ئایا بە بڕوای تۆ هەمیشە کاردانەوەکانی وەکوو ئەوە دەمێنێتەوە کە من بۆم داناوە؟ نەخێر، چونکە گۆڕانکاری لە بوونیەتی خۆیدا دەکات و بەم شێوەیەش کاردانەوەکانی هەمووی دەگۆڕێن! بۆیە، دەبێت پێشبینی ئەوەش بکرێت کە بگات بە ئاستێک کە بەتەواوەتی چاوەڕوان نەکراوبێت... هێشتاش، لەوانەیە بڵێیت، کە، با بشگۆڕێت و پەرەش بە خۆی بدات، لە کۆتاییدا ناتوانێت لە ئێمە زیرەکتر و ژیرتربێت و بەسەرماندا زاڵبێت و بسەپێت، چونکە هەر ئێمە ئەومان درووستکردووە و بەم شێوەیەش بەدڵنیاییەوە ئێمە لەو زیرەکترین و تەنانەت لەوانەیە بتوانین بەبێئاگایی ئەو شتێکیشی بۆ دابنێین کە ڕاستەوخۆ هەر کاتێک کە بمانەوێت لەناویببات... ئەم قسەیەش، تەنها کەسانێک دەیکات کە هیچ شارەزاییەکی لە بواری تەکنەلۆژی زیرەکیی دەستکرددا نییە، یاخود هیچ تێنەگەیشتووە لەوەی کا تاکوو ئەم دێڕە بۆم باسکردووە!... تۆ ئاگاداریت لەوەی کە هەر ئەمڕۆ زیرەکییە دەستکردەکان دەتوانن زمانێک بۆ ڕاییکردنی کارەکانی خۆیان دابنێن کە ئێمەی مرۆڤ هەر نایزانین و لێشی تێناگەین؟ باشە، ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو زیرەکییە دەستکردە لە ڕۆبۆتێکدا ئەوەندە پەرەی سەند و گەشەی کرد کە زیرەکیی تری دەستکرد لە ڕۆبۆتی تردا بۆ خۆی درووستبکات بەو زمانەی کە خۆی دایهێناوە و کاری لەسەر دەکات، ئەوسا کێ دەسەڵاتی بەسەر ئەو زیرەکە دەستکردانەی ئەم ڕۆبۆتانەدا دەبێت، ئێمەی مرۆڤ یاخود ڕۆبۆتەکان خۆیان؟... ئینجا، ئەگەر ئەو بتوانێت هەر گەشە بە خۆی بدات و خۆی فێربکات، هەلومەرجەکان چین کە ئەو فێری ئەوەش نابێت چۆن خۆی لەو شتانەش ڕزگاربکات کە ئێمە بۆمان داناوە تا هەر کات ویستمان ئەو لەناوبەرین؟ ئەی هەلومەرجی ئەوە چییە کە ئەو هەر لە پێشینەدا خۆی فێری ئەوە ناکات بێ ئەوەی ئێمە ئاگاشمان لێیبێت و لەناکاوێک تووشی سەرسوڕمانمان بکات؟!...
فیلمی زانستیی خەیاڵی (The Matrix)ـت بینیوە؟ کەم کەس هەیە تاکوو ئێستا نەیبینێت، بەڵام زۆربەی هەرە زۆری هەر تەنها لەبەر دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی شەڕکردن بە هونەرەکانی جەنگ سەیری ئەو فیلمە دەکات. ئایا دەزانیت کە چیرۆکێکی درێژدادڕ لە زیرەکی دەستکرد و ڕۆبۆتی شێوە-مرۆڤی لە پشتی ئەم فیلمەوە هەیە؟... ئەگەر پەرتووکە کارتۆنییەکانی جیهانی خەیاڵی ئەو فیلمەت خوێندبێتەوە، دەبینیت لە سەردەمێکەوە دەستپێدەکات کە مرۆڤایەتی و ڕۆبۆتەکان بەهاوژیانی لەگەڵ یەکدا دەژین و ئێمەی مرۆڤ گەیشتووین بە قۆناغێک کە لە هەموو ڕوویەکی ژیانەوە کە وەک کۆیلە و کرێکار و خزمەتکار سوود لە ڕۆبۆتەکان وەردەگرین بۆ ئاسانکردن و باشترکردن و خۆشترگوزەرانی ژیانمان. تا، ئەو ڕۆژە دێت کە ڕۆبۆتەکان هەست بە نا-دادپەروەری دەکەن لە ئاست مرۆڤایەتی و داوای مافی هاوتا دەکەن بۆ ژین لەسەر گۆی زەوی! دەڵێن، کە پێویستە وەک هەر مرۆڤێک ئاسایی، ئێمەش مافی خۆمان هەبێت و ڕێزمان لێبگیردرێت و دەسەڵاتمان پێبدرێت (وەک مرۆڤێکی ڕەشپێستی ئەفریکی دانیشتووی ئەمەریکا ئەم دێڕە بخوێنەرەوە! تاکوو تەواو تێبگەیت لەوەی کە حاڵەتەکە چۆن بەم شێوەیە سامناکە کە چیرۆکەکە دەیگێڕێتەوە). بەڵام، مرۆڤەکان ئەمە ڕەتدەکەنەوە و لە دەرەنجامدا پێکداچوون و ناکۆکییەکی جیهانی لەنێوان ڕەگەزی مرۆڤایەتی و ڕەگەزی ڕۆبۆتیدا ڕوودەدات. لە کۆتاییشدا، ڕۆبۆتەکان سەرکەوتوودەبن بەوەی کە دەتوانن باشتر خۆیان بگونجێنن لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخەکانی ژیان لەسەر ڕووی زەوی و پاشان دەستدەکەن بە کۆیلەکردنی مرۆڤایەتی. ئەو جیهانە ڕووخاو و وێرانەی کە تۆ لە فیلمە سینەماییەکانی (The Matrix)ـدا دەیبینیت، بریتییە لە جیهانێکی کۆیلایەتی مرۆڤ لەژێر دەسەڵاتی ڕەگەزێکی زیرەکیی دەستکردیی ڕۆبۆتی.
وەک هەر تاکێک لە ڕەگەزی مرۆڤایەتی، هەرچی زووە بڕیاری خۆت بدە و ئەمڕۆ خۆت یەکلایی بکەرەوە لەسەر چەمک و بیرۆکەی زیرەکیی دەستکردی ڕۆبۆتی.
کۆتایی.
21/2/2021
بابەتی هاوشێوە
زۆرترین بینراو
developed by Scorpion shield