ڕوونکردنەوەیەک لەسەر شێوازی بڵاوکردنەوەی بابەتەکان

بڵاوکردنەوە:

ناوەندی پەڕنووس

نووسەر:

زنار بابەکر

بینراو:

283

بەش:

پەڕنووس

لە پێشوودا، ئاماژە بەوە دراوە کە شێوازی کارکردن لە ناوەندی پەڕنووس بریتییە لە پێگەیاندن و پەروەردەکردنی ئەندامان؛ ئەمە، بریتییە لەو دێڕەی کە پێویستە بەرچاوبێت – هەم بۆ خودی ئەندامان و هەم بۆ خوێنەران – لەبارەی شێوازی بڵاوکردنەوەی بابەتەکان. ئەمە واتای چی؟ واتە، تۆی ڕەخنەگر، چاوەڕێی هیچ نایابی و ناوازەبوونێکی تەواو مەکە لە ئێمە! لە کاتێکدا، ئێمە کە لەسەر ڕێچکەیەکی فێربوون و گەشەسەندنین بۆ گەیشتن بەو نایابی و ناوازەییە. بەڵام، هێشتاش، ئەوە واتای ئەوە ناگەیەنێت کە تۆ ڕەخنەکانت لە ئێمە بگریتەوە، بەڵکوو ئەندام لەسەریەتی کە بە دڵێکی فراوانەوە پێشوازی لەو ڕەخنانە بکات و ڕەچاویان بکات – مەگەر ئەمەش هەر شێواێکی تر لە گەشەسەندن و فێربوون نییە!

پاشان، پێویستە ئەوە زانراوبێت کە لە ناوەندی پەڕنووسدا، جگە لەوەی کە مامۆستا و شارەزا هەیە تا وەک ڕێبەر و ڕێنیشاندەرێک دەستمان بگرێت بۆ گەورەبوون لەسەر ڕێچکەیەکی درووست، هەمان کات چەند ئەندامێکی ئەزمووندار هەیە بۆ ڕێنماییکردنی ئەندامانی تازە و نوێ لەسەر پەیڕەوکردنی شێوازێکی شیاو لە بڵاوکردنەوەی بابەتەکاندا – چ جا بۆ داڕشتنی ناوەڕۆکی بابەتەکانبێت بە شێوازێکی زانستی و ئەکادیمیانە، یاخود ڕووکەشیانە لە ڕوواڵەتی پەیڕەوی بنەما ڕێزمانی و ڕێنووسییەکان.

ئێمە لە ناوەندی پەڕنووس، پێوەرمەندی خۆمان هەیە. ناتوانین ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی بابەت بدەین بە هەموو شێوەیەک؛ بەهۆی ئەوە نا کە خۆمان گیرۆدە دەکەین لەناو چوارچێوەی یەک باوەڕگە و پەیڕەوی سنووردار، بەڵکوو بەهۆی ئەوەی کە هەست بە بەرپرسیاریەتی دەکەین لەئاست دەربڕینی وشەی "نووسین" لە وتەی "بڵاوکردنەوەی بابەت بە نووسین." ئاخر، هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی نووسین – چ وەک نووسەر یاخود وەرگێڕ – سادە و ساکار نییە و بە ڕەچاونەکردنی دەرەنجامی نەخوازراوی خۆی هەیە. لە پێشینەی ئەو دەرەنجامە نەخوازراوانەشدا، بریتییە لە سەرهەڵدانی کەسایەتییەکی نەشیاو لەناو کۆمەڵەی نووسەر و وەرگێڕان کە هیچ ڕێز و پێزانینێکی نییە لەوەی کە "نووسین" چییە و چۆنە و دەبێت چۆنبێت! پاشان، ئەوەی کە تۆ دەینووسیت و بڵاوی دەکەیتەوە، لێرە، دەبێت بۆ تۆمارێک بۆ داهاتوو. هەروەها، ناوەندی پەڕنووسیش، سپاردەیەکە بۆ داهاتوو! کەوابێت، ئەوەی تۆ دەینووست دەبێت بە نموونەیەک بۆ سپاردەی داهاتوو، ئایا دەبێت کە تۆ چ نموونەیەک بۆ سپاردەی داهاتوو جێبهێڵیت بەبێ ڕەچاوکردنی هەر بنەما و بنچینەیەکی نووسین و هەڵگرتنی هەر بەرپرسیاریەتییەک وەکوو نووسەر یاخود وەرگێڕ!

بۆیە، ئەم چەند خاڵەی خوارەوە هەیە – کە لە ئەنجامی ئەزموونی درێژخایەنی ناوەندی پەڕنووس، خەمخۆری ئەندامانی ئەزمووندار، هەروەها مامۆستایانی شارەزا و شایستەوە لە بواری نووسین دەستنیشانکراوە – دەبێت ڕەچاوبکرێت لەلایەن هەر ئەندامێکی ناوەندی پەڕنووسەوە:-

 

هەر بابەتێک کە لە ناوەندی پەڕنووس بڵاودەکرێتەوە، ئەوە ئامادەکارانی بابەت خۆیان بەرپرسیاریەتی هەر شتێک هەڵدەگرن لەسەر ئەو بابەتە. واتە، ئەگەر نووسینە، ئەوە نووسەر خاوەن دەنگ و قسەیە لەسەر ئەو بابەتە؛ ئەگەر وەرگێڕانە، وەرگێڕ خاوەن دەنگ و قسەیە لەسەر ئەو وەرگێڕانە. هەروەها، ئەگەر هەڵەچنی بۆ کراوە، ئەوە ئەندامی ناوبراوی هەڵەچن بەرپرسیارە لە کاری هەڵەچنی بۆ ئەو بابەتە.

 

ئەگەر هاتوو هەر تێبینییەک، ڕەخنەیەک، پرسیارێک یاخود هەر شتێک بۆ هەر بابەتێک هاتبوو، ئەوە ئامادەکارانی بابەت پێویستە وەڵامدانەوەیان بۆی هەبێت نەک دەنگی خوێنەران بەلاوە بنرێت. لەم حاڵەتەدا، ئەگەر وتەی خوێنەر لەسەر نووسین بوو بۆ نووسەر/وەرگێڕ، ئەوە نووسەر/وەرگێڕ لەسەری بە وەڵام دێت؛ ئەگەر بۆ هەڵەبڕ بوو لەسەر هەڵەچنی بابەت، ئەوە هەڵەبڕ لەسەری بە وەڵام دێت؛ ئەگەر بۆ وێنە بوو لەسەر وێنەی سازێنراو، ئەوە نەخشەساز لەسەری بە وەڵام دێت؛ و هەروەها.

 

سەرنج و تێڕووانینی هەر ئەندامێک بۆ هەر بابەتێکی دیاریکراو – کە دەکرێت لە بابەتەکانی ئەنداماندا دەربکەوێت – هەرگیز نابێت بە سەرنج و تێڕووانینی ناوەندی پەڕنووس لەسەر ئەو بابەتە. ناوەندی پەڕنووس، خێزانێکە بە ئەندامی فرەجۆرەوە، هەریەکەو بە بیروباوەڕ و ڕوانگەی خۆی بەڕووی هەر بابەتێکی ژیاندا. جگە لە مەیدانێک بۆ پێشکەشکردنی هەوڵ و چالاکی ئەندامانی زانستخواز، ناوەندی پەڕنووس هیچی تر نییە! کەوابێت، هەرگیز تێڕووانینی هەر ئەندامێک بۆ هەر بابەتێک، نابێت بە تێڕووانینی ناوەندی پەڕنووس بۆ ئەو بابەتە. تەنانەت، زۆر ئاساییە ئەگەر لە مەیدانی پەڕنووسدا چەند ئەندامێکی بە دژواری لەسەر یەک بابەتێکی دیاریکراو بە تێڕووانینی دژوار ڕووبەڕووی یەکترببەوە – ئەوکاتە چ چێژ و سوودێک لە چەند دیدگەیەکی دژوار لەسەر ئەو بابەتە پێشکەش دەکرێت بە خوێنەران!

 

هەر شتێک، بەگوێرەی شتەکە، خۆی. ئەگەر ورد لەم وتەیە ڕابمێنیت، ئەوە دەستنیشانکردنی زۆر خاڵی تر بۆ ڕەچاوکردن لە ئەستۆی ئێمە دەکاتەوە. بۆ نموونە، کە تۆ وتار دەنووسیت، ئەگەر وتارەکە زانستییە ئەوە بەپێی وتارێکی زانستیانە دەبێت بنووسرێت؛ ئەگەر پەخشانێکی وێژەییە ئەوە بەپێی بنەما وێژەییەکانی پەخشان دەبێت بنووسرێت؛ ئەگەر هۆنراوەیە، ئەوە بەوپێیەی کە دەبێت هۆنراوەی پێبنووسرێت؛ ئەگەر وەرگێڕانە، ئەوە بەو شێوازانەی کە وەرگێڕانی پێ ئەنجامدەدرێت؛ و هەروەها.

زمانی بێهاوتای کوردی، جوانی لەوەدایە کە لە نووسیندا بۆ هەر شێوازێکی نووسین بنەما و بنچینەی تایبەتمەندی خۆی هەیە کە بە شێوەیەک لە شێوەکان جۆری نووسین تەنها بە ڕووکەش جودا دەکاتەوە! ئەندامان، بە ڕێنمایی سەرجەم شارەزا و لێهاتوویان، هۆشیاری ئەوەتان پێدەدرێت کە ڕەچاوی شێوازە جۆربەجۆرەکانی نووسین بکەن بۆ هەر بابەتێکی هەمەجۆر. ئەگەر پێتوایە کە هێشتاش لە ئاستێکی سەرەتاییدایت و ناتوانیت نووسینێکی ڕاستوڕەوان بەم ئاستە پێشکەش بکەیت، زۆر ئاساییە! چەندەها ئەندامی تر هەیە لەناو ئەم خێزانەی پەڕنووس تا ڕێنمایی تۆ بکات و سوودی لێوەربگریت تا فێرت بکات.

 

سەبارەت بە ڕێزمان و ڕێنووس، ناوەندی پەڕنووس پێوەرمەندی خۆی هەیە بۆ نووسین و هەڵەچنی. مەرجە لەسەر ئەندامی نووسەر/وەرگێڕ تا ڕەچاوی ئەو پێوەرمەندییە بکات و هیچ دەق و دێڕێک لەخۆیەوە نەنووسێت، وەک چۆن ئەندامی هەڵەچنی لەخۆیەوە شێوازی هەڵبڕی بۆ هیچ دەق و دێڕێک نەبێت. هەروەک ئاماژەی پێدراوە و دووپاتیش دەکرێتەوە، ئەم پێوەرمەندییە بۆ ئەوە نییە تاکوو دەستی نووسەر و وەرگێڕ گیرۆدە بکرێت، بەڵکوو تەنها لە هەستکردن بە بەرپرسیاریەتییە بەرانبەر بە ئەرکەکانی "نووسەری" و "وەرگێڕی" لەو تۆمارگەیەی کە ناوەندی پەڕنووس بۆ زمانی کوردی لەخۆی دەگرێت.

هەست دەکەین کە پێویستە ڕوونکردنەوەیەکی زۆر وردتر لەسەر ئەم خاڵە بدەین نەک هەر بۆ ئەندامان و خوێنەران، بەڵکوو بۆ مامۆستایان و ڕەخنەگران ...


 

ئەم بەشەی خوارەوە بریتییە لە نووسراوێکی پێشووتری ئامادەکراو لەلایەن (زنار بابەکر) وەک ڕێنماییەک بۆ ئەندامان، کە لەلایەن مامۆستا (هاوڕێ جەلال)، خۆی، کاری هەڵەچنی بۆ کراوە ...

 

شێواز و ڕەوتی نووسین، شتێکی ئەوەندە سادە و ساکار نییە تاکوو هەر کەسێک بە خواست و ویستی خۆی بێ گوێ دانە هیچ یاسا و ڕێسا و بنەمایەک لەخۆیەوە بنووسێت! تا چەند ناوەڕۆکی بابەتی نووسراو گرنگی و پێویستی خۆی هەبێت، لە تۆمارکردنی زانست و زانیاری، یان ئافراندنی بارودۆخ و حاڵەتێکی ڕامان و سەرنجی قووڵ بۆ خوێنەر، زۆر لەوەش زیاتر؛ شێوازی نووسین، پێگەی تایبەتی خۆی هەیە لە داڕشتنی وتار و نووسینی سەرجەم زانستەکاندا، تەنانەت خودی داهێنان و نوێگەریش بۆ زمانەکە.

ئێمە وەک ناوەندی پەڕنووس، هۆشیاری بە نووسەران و وەرگێڕان دەدەین تا بەتەواوەتی ڕەچاوی بنەما و شێوازی نووسینی بابەتەکەی خۆیان بکەن. ئەمەش، چۆن؟ هەر ئەندامێک کاتێک کە بابەتێک دەنووسێت، پێوەرێکی دیاریکراوی لە نووسینەکەیدا هەبێت. ئایا دەکرێت من لە بابەتێکی زانستیدا هەرچی شێوەزاری جۆربەجۆرە بەکاریبهێنم و هیچ کەس تێنەگات من چیم نووسیوە؟ ئاساییە ئەگەر بابەتێکی زانستی بە شێوەزارێکی دیاریکراو نووسرابێت، بەڵام ئەویش بە ڕەچاوکردنێکی تەواو لە بنەماکانی ڕێنووس و ڕێزمان لەو شێوەزارەدا. ئاخر، ناکرێت بۆ نموونە تۆ بابەتێکت لەسەر باسوخواسێکی بیری فەلسەفی یان بیردۆزێکی زانستی و چەمکێکی ڕامیاری هەبێت، بەڵام بە زمانێکی زۆر بازاڕی و بێ گوێ دان بە ڕێنووس و ڕێزمان پێشکەشی بکەیت. کەوابێت، مەبەستی ناوەندی پەڕنووس لێرەدا ئەمەیە: شتەکان بەپێی پێوەر و بنەماکان، نەک لەخۆوە بنووسرێن.

زمانی کوردی خاوەن هیچ شێوازێکی ڕەها نییە بۆ نووسین، بەڵکوو کۆمەڵێک پێوەر هەن کە لەلایەن زۆرینەی هەرە زۆری زمانەوانانی کوردەوە دانراون. ناوەندی پەڕنووس ئەو پێوەرانە بە چەند خاڵێک دەخاتە ڕوو – ئەو پێوەرانە تایبەتن بە شێوەزاری کرمانجی ناوەندی. بابەتێکی تایبەتمان ئامادەکردووە لەژێر ناونیشانی "هەندێک ڕێنمایی بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی درووست بنووسین." تا، هەر کەسێک کە وەکوو ئێمە لە قۆناغی فێربوونی ڕێنووسی درووستی زمانی کوردی دایە، بتوانێت سوودیان لێ وەربگرێت. ئەم بابەتە لەلایەن (هاوڕێ جەلال)ەوە ئامادەکراوە بۆ ئەندامان – بە سوپاس و پێزانینەوە – لەسەر بنەما و بنچینەی ئەو خاڵانەی کە بە پێوەرمەند دادەنرێن بۆ ڕێنووسی درووستی زمانی کوردی.

تکایە، ئاگاداربن لەوەی کە ناوەندی پەڕنووس بە هیچ شێوەیەک مەبەستی لەوە نییە کە هیچ شێوازێکی تری نووسینی قبوڵ نەبێت و ڕەتی بکاتەوە، نەخێر! بەڵکوو وەک ئەرکێکی مێژوویی و مافی زمانەکەمان کە بەسەرمانەوەیە، ئەو خاڵانە پێشنیاز دەکەین، تا لەسەریان ڕابێین و پێڕەویان بکەین. دەرگای گفتوگۆکردن لەسەر ئەم بابەتەش دانەخراوە و هەمووان دەتوانن گفتوگۆی لەسەر بکەن و هەڵیبسەنگێنن. ئەوەی کە گرنگبێت ئەوەیە کە ناوەندی پەڕنووس بێگومان ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی بابەت دەدات بە هەر شێواز و ڕەوتێکی نووسین، تا ئەوکاتەی کە نووسەری بابەت بزانێت کە چۆن دەنووسێت و هۆکاری دیاریکراوی خۆی هەبێت لەوەی کە چۆن دەنووسێت، نەک لەخۆیەوە بێ گوێ دانە هیچ بنەما و بنچینەیەک بنووسێت.

تکامان وایە هەر نووسەر و وەرگێڕێک وشیاربێت و لەخۆوە نەنووسێت، بەڵکوو خۆی بە بەرپرسیار بزانێت بەرانبەر زمانەکەی. با ئەوە بزانین، زمان پایە و بنچینەی یەکەمی نووسینە. هەرکات بنچینەکەمان پتەو نەبێت، هەر ماڵێکی لەسەر بنیات بنێین لەرزۆک دەبێت!


 

ئەگەر هەر بابەتێک بە ڕادەیەکی زۆرباش پەیڕەوی پێوەرەکانی ڕێنووسی و ڕێزمانی بۆ نەکرابوو وەکوو ئەوەی کە ناوەندی پەڕنووس دەستنیشانی کردووە، ئەوە ناوەندی پەڕنووس ئازادە لەوەی ئەو بابەتە ڕادەستی هەر ئەندامێکی هەڵەچن و هەڵەبڕ بکات – لە ئێستادابێت، یان لە داهاتوودا.

تێبینی: داوای ئەوە لە ئەندامان ناکرێت کە بابەتەکانیان هیچ هەڵەیەکی ڕێنووس و ڕێزمانی تێدا نەبێت، تەنها ئەوەی کە تا چەند دەتوانن ڕەچاوی پێوەرمەندی نووسین بکەن و هەرگیز لە هەوڵدان نەوەستن بۆ پەیڕەوکردنی بنەماکانی ڕێنووس و ڕێزمان بە ئاست و ڕادەیەکی باشتر و زیاتر.

 

لەبارەی سازاندنی وێنەی دیاریکراو بۆ بابەتەکان لەلایەن نەخشەسازان، پێویستە ئەوە زانراوبێت کە بۆ هەر بەشێکی دەستنیشانکراو لە ناوەندی پەڕنووس کڵێشەی دیاریکراو هەیە تا هەر بابەتێک لە بەشەکەی خۆی بە یەک شێوەی دیاریکراو بڵاوبکرێتەوە؛ مەرجە لەسەر نەخشەسازان تا پەیڕەوی ئەم کڵێشانە بکەن و ڕووکاری گشتی ماڵپەڕ نەگۆڕن.

 

هەر ئەندامێک کە کاری دەنگی دەکات بۆ خوێندنەوەی بابەت؛ ئەگەر هاتوو بابەتەکە هەڵەچنی بۆ کرابوو، مەرجە لەسەری کە بابەتەکە بەتەواوەتی دێڕبەدێڕ و وشەبەوشەی وەکوو خۆی بخوێنێتەوە. بەڵام، ئەگەر هاتوو هەڵەچنی بۆ نەکرابوو، ئەوە ئازادە لەوەی کە چۆن دەیخوێنێتەوە، ئەگەرچی پێشنیازی ئەوەی بۆ دەکرێت تا شارەزای پێوەرەکانی نووسینبێت لە ناوەندی پەڕنووس و هەوڵبدات بەپێی ئەو پێوەرانە بەباتەکان بخوێنێتەوە.

 

ئەندام مەرجە لەسەری کە چالاکی خۆی لە ناوەندی پەڕنووس بەشێوەیەکی بەردەوام بنوێنێت. هەمیشە داوای ئەوەی لێناکرێت کە بابەت ئامادە بکات و کاری خۆی بەجێ بگەیەنێت، هەرگیز زۆری لە هیچ ئەندامێک ناکرێت بۆ کارکردن! بەڵام، ئەگەر دەستبەرداری هەوڵ و کۆششەکانی خۆشی بووبێت بۆ کارکردن بۆ هەر ماوەک – کورت یان درێژ – ئەوە مەرجە لەسەری لەناو گرۆی گشتی ئەندامان چالاکی خۆی هەر هەبێت بۆ گفتوگۆکردن؛ هەم بۆ نواندنی هەڵوێستی خۆی وەکوو ئەندامێک لەسەر هەر گفتێک، هەمیش بۆ ئاگاداربوون لە هەر گۆڕانکاری، بارودۆخ و حاڵەت یاخود ڕووداوێک کە لەلایەن ئەندامانی سەرپەرشتیارەوە پێشکەش دەکرێت.

 

گفتوگۆی ئەندامان لەناو گرۆی گشتی هەمیشە کراوەیە و سەرجەم ئەندامان مافی خۆیان هەیە بۆ دەربڕینی هەر وتەیەک و تێبینییەک، پێشنیارێک، یاخود ڕەخنەیەکیش سەبارەت بە هەر یەکێک لەم خاڵانە و هەرشتێکی تریش کە بە نەنگی دەیبینن لە ناوەندی پەڕنووس. ئەگەر هاتوو مشتومڕی ڕەوا لەسەر هەر شتێک ئاڕاستەی لە تۆوە بۆ ئێمە بوو، ئەوە هیچ ڕێگرییەک بۆ ئێمە نییە تاکوو شێوازی کارکردنمان بگۆڕین و مافی ڕەوایی بە تۆ بدەین – هەمووان شایستەی هەڵەین و هەرگیز درەنگ نییە بۆ گۆڕان. بەڵام، دڵنیاشبە بۆ هەر خاڵێک کە لێرە پێشکەشکراوە ئەوە ئێمە مشتومڕی ڕەوامان هەیە لە ئەزموونەوە، بۆیە ڕێنمایی ئەوەی دەدەین کە کارەکانمان هەر بەم شێوەیە ئەنجام بدەین – تکامان ئەوەی کە ئەگەر هاتوو مشتومڕی ئێمەت بە ڕەوا زانی، ئەوە ڕەچاوی خاڵەکانمان بکەیت و بەیەکەوە خزمەتێکی دڵسۆزانەتر بە شێوازی نووسین، بڵاوکردنەوەی بابەت و زمانی کوردی بکەین.

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield