داڤۆس؛ كۆڕبەندی ئابووری جیهانی

بڵاوکردنەوە:

ئیسماعیل عەبدوڵڵا ئەحمەد

نووسەر:

ئیسماعیل عەبدوڵا

بینراو:

372

بەش:

ڕامیاری

مێژووی کۆڕبەندەکە

كۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە شارۆچکەی داڤۆسی سویسرا، ڕێكخراوێكی ناحكوومیی قازانج نەویستە و له ساڵی ١٩٧١ لەلایەن زانای بواری ئابووری "كلاوس شواب" دامەزراوە، زیاتر لە هەزار كۆمپانیای نێودەوڵەتی و فرەڕەگەز ئەندامن لەو كۆڕبەندە. بەر لەوەی کۆڕبەندەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بێت، پێی دەگوترا 'کۆڕبەندی ئەوروپی بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکان'، بەڵام ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٧٣، کە بوونە هۆی ڕووخاندنی سیستەمی نرخی جێگر و شەڕی نێوان ئیسرائیل و عەرەب، وای کرد پانتایی کۆڕبەندەکە بۆ سەر ئاستێکی بەرزتر فراوان بکرێت و کێشە ئابووری و سیاسییەکان لە هەموو جیهاندا بگرێتەوە.

 

داڤۆس؛ کێن ئەوانەی بەشداری لە کۆڕبەندی ساڵانەی داڤۆسدا دەکەن؟

داڤۆس، دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتیی ناحکوومی و قازانجنەویستە، کە بە کۆڕبەندێکی جیهانی ناوبانگی دەرکردووە، کە ساڵانە لە مانگی کانوونی دووەم لە شارۆچکەی داڤۆس لە وڵاتی سویسرا ڕێکدەخرێت لە ژێر ناونیشانی 'کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی'، کە بە کۆڕبەندی داڤۆس ناسراوە. ساڵانە بەر لە دەستپێکردنی کۆڕبەندەکە بە چەند مانگێک ئامادەسازی بۆ دەکرێ و بانگهێشتی سەرۆک، سەرۆک وەزیران یان وەزیری دەرەوەی زۆربەی وڵاتانی جیهان دەکرێت. تێکەڵی گەورە سەرمایەدارە جیهانییەکان دەبن و بە گۆڕینەوەی بۆچوونی ئابووری، کە کەسایەتیی ئەکادیمی و ئابووریناسی گەورە و بەناوبانگ سەرپەرشتی دەکەن و لەسەر دوایین ئەو کێبڕکێیە ئابووری و سیاسییانەی، کە ڕووی لە جیهان کردووە دەدوێن و هەوڵ دەدەن چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزنەوە.

گەورە بەرپرسانی كۆمپانیاكانی جیهان و سەركردە سیاسییەكان، ساڵانە لەو شارۆچکە كۆدەبنەوە و وتووێژ لەسەر كێشە مەترسیدارەکانی ئابووری و ژینگەی نێودەوڵەتی دەكەن. هاوكات گرێبەست و پڕۆژەی ئابووریی هاوبەشی گەورە لە نێوان وڵاتان واژۆ دەكرێت، ئامانجی ئەو كۆڕبەندە ئابووریی ئازاد و رەخساندنی ژینگەیەكی گونجاوی وەبەرهێنانە لە تەواوی جیهاندا بۆ كۆمپانیایەکان. هەرچەندە ڕێكخراوێكی ناحكوومییە، بەڵام یەکێک لە مەرجەکامی ئەندامبوونی كۆمپانیایەكان لەو كۆڕبەندەدا ئەوەیە، كە داهاتی كۆمپانیایەكە نابێت كەمتر بێت لە یەک ملیار دۆلار لە ساڵێكدا، ساڵانەش هەر كۆمپانیایێكی ئەندام پێویستە ١٢ هەزار و ٥٠٠٠ دۆلار وەك ئابوونە بۆ ڕێكخراوەكە تەرخان بکات، هەروەها بەشداری ساڵانە بۆ هەر كۆمپانیایێك شەش هەزار و ٢٥٠ دۆلاری ئەمەریكییە، ئەگەر كۆمپانیایەك بیەوێ لە بەرنامە و ئەجێندای دیالۆگ و پانێلەكانی كۆڕبەندی داڤۆس باسی بكرێت، پێویستە ٢٥٠ هەزار دۆلار ببەخشێتە كۆڕبەندەكە، ئەگەر هاوبەشێكی بەردەوامی ساڵانەش بێت، تەنها پێویستە ٧٨ هەزار دۆلاری پێشکەش بە کۆڕبەندەکە بکات.

 

شارۆچکەی داڤۆس

لە ساڵی ١٩٧١ەوە، 'کۆڕبەندی ئابووری جیهان' لە شارۆچکەی داڤۆسی سویسرادا ئەنجام دەدەرێت. داڤۆس شارۆچکەیێکە، کە كەوتووەتە سەر ڕووباری لاندویسر لە ناوچەی براتیقۆی سەر بە كانتۆنی گرۆباندن لە سویسرا. سەرەرای ئەوەی ساڵانە كۆڕبەندی داڤۆس لەو شارۆچکە ئەنجام دەدرێت. لە ساڵی ١٢٨٠ی زایینی لە لایەن ڕۆمانەكانەوە كۆچ بەرەو ئەو شارۆچکە دەستی پێ كرد و دواتریش بوو بەشێك لە سویسرا، کە زۆرینەی دانیشتووانی بە ڕەگەز ئەڵمانین و بە زمانی ئەڵمانی دەدوێن. لە سەدەی هەژدەیەمدا داڤۆس بووە ڕوویێكی دیاری دەوڵەمەند و توێژەران، گشت چینە ئەرستۆكراتەكان لەو شارۆچکە كۆدەبوونەوە و ژیانیان بەسەر دەبرد.

 

 

کۆبوونەوە فەرمییەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی

 

کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی، ساڵانە چوار کۆبوونەوەی سەرەکی ڕێکدەخات:

• کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە شارۆچکەی داڤۆسی سویسرا بە بەشداریی پۆلێنێک لە سەرکردە سیاسی و گەورە سەرمایەدار و ئەکادیمییە پسپۆڕەکانی جیهان. هەموو ساڵێک لە مانگی کانوونی دووەم دەبەسترێت و تێیدا لەسەر ئەو کێبڕکێیە ئابووری و سیاسییانەی، کە ڕوو لە جیهان دەکەن وتووێژ دەکەن و هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری دەدەن.

کۆبوونەوەی ساڵانە بۆ پاڵەوانە نوێیەکان، کە لە چین دەبەسترێت و تێیدا تایبەتە بە داهێنانە زانستی و تەکنەلۆجییەکان.

لووتکەی ئەجێندای جیهانی، لە وڵاتی ئیمارات دەبەسترێت و تێیدا سەرکردەکانی بواری زانستی بەشدار دەبن بۆ ئەوەی وتووێژ سەبارەت بە کێبڕکێی و ململانێ و کێشەکانی جیهان بکەن.

کۆبوونەوەی ستراتیجیی پیشەسازی، تێیدا پلان و ستراتیجی کۆمپانیایە زەبەلاحە پیشەسازییەکان دەخرێتە ڕوو، کە هەر ساڵێکدا لە شوێنێک دەبەسترێت.

 

 

تەوەری کۆبوونەوەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی

 

کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس، لەسەر سێ تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانی ڕێکدەخات:

بڕیاردان لەسەر شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم

سەرپەرشتیی هەموو ئەو داهێنانە پیشەسازییە کێبڕکێکارییانە دەکات، کە بەرهەم هاتوون و چاوەڕێ دەکرێت لە داهاتوودا بێنە بەرهەم، هەروەک بازاڕی ئۆتۆمبێل و مۆبایل، هەروەها چۆنییەتیی کاریگەرییان بۆ سەر ژیانی نەوەکانی داهاتوو و چۆنییەتیی ڕێکخستنی دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و ڕووناکبیری.

چارەسەری ئەو ئاریشە جیهانییە ئابوورییانەی، کە لە ماوەی تەواوبوونی کۆنگرەی ڕابردوو تاوەکو ئێستا دووچاری ئامانجە سەرەکییەکانی کۆڕبەندەکە هاتوون، هەروەها ئەو گۆڕانکارییە ژینگەییانەی، کە دەبێت یەکدەنگیی لەسەر بدرێت و ڕووبەڕووبوونەوەی هەمەلایەنەی هەبێت لە هەردوو ئاستی حکومەتەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان و دۆزینەوەی چارەسەری تەکنەلۆژیی نوێ.

چارەسەرکدنی بابەتی تەنهایی لەسەر ئاستی جیهاندا

کۆڕبەندەکە هەوڵ دەدات، کە بیری نوێ بۆ دانانی ستراتیجیێک، کە سوود و قازانجەکەی بۆ تەواوی جیهانە بخاتە بەردەم سەرکردەکانەوە و لەسەر گۆڕانکارییە نوێیەکان ڕایان بهێنێ بۆ ئەوەی جیهان لە هەڕەشەی تەناهیی بپارێزرێت.

 

 

٥٣هەمین خولی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی

٥٣هەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی، کە بە لووتکەی داڤۆس ناسراوە، لە شارۆچکەی داڤۆس لە سویسرا دەستی پێ کرد. کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی ساڵی ٢٠٢٣ لە ژێر ناونیشانی "هەماهەنگی لە جیهانێکی دابەشکراو" بە بەشداری زیاتر لە دوو هەزار و ٧٠٠ کەس، کە ٥٠ سەرۆک و سەرۆک حکوومەتی ٣٠ وڵاتیان لە نێواندان بەڕێوە دەچێت.

ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بازرگانە گەورەکان بەشداری لەو کۆڕبەندەدا دەکەن، کە تاوەکو ٢٠ی کانوونی دووەم بەردەوام دەبێت. لە کۆڕبەندی ئەمساڵدا لە ماوەی چوار رۆژدا، زیاتر لە ٢٥٠ پانێڵ بەڕێوە دەچن، زیاتر لە دوو هەزار و ٧٠٠ سیاسەتمەدار لە ١٣٠ وڵاتەوە بەشدار دەبن، کە ٥٢یان سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتانن، هەروەها ٣٧٠ کەسایەتیی گشتی، زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ سەرکردەی بازرگانی و ٩٠ داهێنەر و ٥٦ وەزیری دارایی و ١٩ سەرۆکی بانکە ناوەندییەکان و ٣٠ وەزیری بازرگانی و ٣٥ وەزیری دەرەوە، ئامادەی ٥٣هەمین خولی ساڵانەی کۆڕبەندەکە دەبن. هەرێمی کوردستان، لە ئاستی سەرۆکایەتیدا وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەشداری کۆڕبەندەکەدا کردووە.

بەپێی ئەو ڕاگەیاندراوەی، کە لەلایەن کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی'یەوە بڵاوکراوەتەوە هەریەکێک لە: ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆڵتز؛ سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین؛ سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا، رۆبەرتا مێتسۆلا؛ سەرۆکی کۆریای باشوور، یوون سوک یول؛ هتد... بەشداری لە کۆڕبەندەکەی ئەمساڵدا دەکەن. کۆڕبەندەکە بە بەشداری هەر یەکێک لە باڵیۆزی ژینگەی ئەمریکا؛ جۆن کێری، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا؛ ئەڤریل هاینز، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەورووپا؛ کریستین لاگارد، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ ئەنتۆنیۆ گوتیرێس، سکرتێری گشتیی ناتۆ؛ یانس ستۆڵتێنبێرگ، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی؛ تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسیوس و سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە؛ فاتیح بیرۆل بەڕێوەدەچێت.

 

تەوەری کۆبوونەوەکانی ٥٣هەمین خولی کۆڕبەندەکە

دوایین بابەت و پرسە نێودەوڵەتییەکان لە بەرنامەی کۆڕبەندەکەی ئەمساڵدا بوون.

لە ماوەی کۆڕبەندەکەدا جگە لە قەیرانی ئابووری، هەروەها پرسەکان وەک جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، پەتای کۆرۆنا، تەکنەلۆژیا، وزە، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، تەندرووستی جیهانی، پرسی کۆچبەران و قەیرانە نێودەوڵەتییەکان وتووێژییان لەبارەوە دەکرێت.

ناونیشانی کۆبوونەوەکان بریتین لە 'وتووێژکردنی بەرەنگاربووەنەوەی دوایین قەیرانەکانی وزە و خۆراک لە چوارچێوەی سیستەمێکی نوێی وزە و کەشوهەوا'، 'هەڵاوسانی بەرزی ئێستای پەیوەست بە وەبەرهێنان، بازرگانی و سیستەمی ژێرخانی ئابووری'، 'پێکهێنانی سیستەمێکی نوێ بۆ داهێنان لە کەرتی تایبەت بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکان'، 'لە چوارچێوەی سیستەمێکی نوێی کاردا چارەسەرکردنی کەمایەسییەکانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی'، 'دوایین مەترسییە جیۆپۆلۆتیکییەکان لە چوارچێوەی سیستەمێکی نوێی دیالۆگ و هاوکاریدا'.

بانگەوازی سەرکردەکان کرا، بۆ ئەوەی 'بەیەکەوە دیالۆگ سەبارەت قەیرانەکان بکەن'.

 

پێگەی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکە

بەشداری کردنی هەرێمی کوردستان لە 'کۆڕبەندی ئابووری جیهان'، گرینگی ڕۆڵی هەرێمی کوردستان وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی لە ئاستی هەرێمی و نێودەڵەتی نیشان دەدات، بەتایبەت لە پرسەکانی پەیوەست بە سیاسەتە هەرێمییەکانی ئاساییش و ئابووریدا. هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەشداری کردن لە کۆڕبەندە جیهانییەکانی هاوشێوەی داڤۆسدا، دەتوانێت پێگەی سیاسی و ئابووری خۆی، بەتایبەتی لە لایەنی ئاساییشی وزەوە بەهێز بکات. بەوپێیەی، کە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی بەشداری لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی کۆڕبەندەکە لە ئاستی سەرۆکایەتیدا کردووە.

بەشداریکردنی نێردەی فەرمی ھەرێمی کوردستان، هەروەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی گرینگیێکی زۆری ھەیە، هەروەها کاریگەری لەسەر پێگەی ڕامیاری و ئابووری هەرێمی کوردستان، بە تایبەت لە لایەنی وزەی سرووشتییەوە. هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی کۆڕ و کۆبوونەوەکانی داڤۆس دەتوانێت پێگەی خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتی و ھەرێمی بەھێز بکات. بەشداریکردنی ھەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکەدا، ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە ھەرێمی کوردستان، وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی کاریگەری درووست دەکات لە لایەنی ئابووری و سیاسی لە ئاستی هەرێمی. بەوپێیەی، کە ئێستا لە جیهان لە سەردەمی 'جیھانیبوون' دایە، تێیدا بەرژەوەندی گشت وڵاتانی ھەرێمی و نێودەوڵەتی بەیەکەوە بەستراونەتەوە، کە ڕەنگدانەوە و کاریگەرییان لەسەر یەکتری دەبێت، بەتایبەتی ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست، کە بەھۆی ئەو پێگە سیاسی و ئابووری و ستراتیژییەی ھەیەتی لە ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی، هەروەها ھەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست دەتوانێت ئەو کاریگەرییە درووستبکات لە لایەنی ئاساییش و ئابووری.

 

 

لە ئامادەکردنی

ئیسماعیل عەبدوڵا ئەحمەد، توێژەری سیاسی، زانکۆی سەڵاحەددین – هەولێر

بەرواری ئامادەکردن

١٦\٠١\٢٠٢٣

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield