لە كوشتنی ژينا ئەمينی بۆ كوشتنی ژينا دزەیی

بڵاوکردنەوە:

ناوەندی پەڕنووس

نووسەر:

شەڤین موحەممەد عەلی

بینراو:

432

بەش:

ڕامیاری

وەک ئەوەی ئاگادارين كە لە رۆژی ١٥ کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستیکی چەند ناوچەیەکی مەدەنی هەولێری بۆردوومان کرد، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا ئاماژەی پێ دراوە بەهۆی هێرشەکەوە، "چوار هاووڵاتیی مەدەنی شەهید و 6 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ڕەوشی تەندرووستی هەندێ لە بریندارەکان ناجێگیرە،" و لە ناو كوژراوەکاندا ژينا كچە تەمەن یەک ساڵەکە کە تەنها يەک هەفته مابوو بۆ ئەوەی يادی رۆژی لەدايكبوونی بکرێت، بەڵام كۆماری ئيسلامی نەيھێشت ژينا یەک ساڵەکەی تەواو بكات، جارێکی تر كۆماری ئيسلامی ئێران ژيناكانمان بەبێ ھیچ تاوانێک دەكوژێت. لە ڕاستيدا ئەمە جاری یەکەم نييه بۆ ئێران كە کەسی بێ تاوان دەکوژێت، چونكه وەک ئەوەی ئاگادارين كە ئێران لە ١٦-٩-٢٠٢٢ کچە کوردێک بەناوی ژينا ئەمينی لە تەمەنی ٢٢ ساڵی لە کاتی دەستبەسەری پۆلیسی ئەخلاقی ئێران گیانی لەدەستدا. پۆلیسی ئەخلاق ژينايان دەستگیرکردووە، چونکە گوایە وەک پێویست سەرپۆشی لەسەرنەكردووه، ژينا ئەمینی بەھۆی ئەشکەنجدانی زۆرەوە گيانی لەدەستدا. ھەروەها ئەم جۆرە ھەڕەشانەی کۆماری ئيسلامی بۆسەر ھەرێمی کوردستان کارێکی نوێ نييه، بەڵکوو لە ساڵانی ڕابردووش چەندين جار لای سوپای پاسدارانەوە بە ئامانج كراوه، وەک بۆردوومانكردنی بارەگای پارته كوردييە ئۆپۆزسيۆنەکانی ئێران، کە تۆمەتباركران بە پشتيوانی كردنی ناڕەزايەتييە ناوخۆييەکانی ئێران (ژن، ژيان، ئازاد) كە بەھۆییەوە چەندين ھاوڵاتی مەدەنی بێ تاوان كوژران.

لە کۆتا ھێرشی ئێران بۆ سەر ھەولێری پايتەخت، حکومەتی عێراق شاندێکی بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی پێکهێنا بۆ سەردانی هەولێر و بینینی زیانەکانی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوون و ئارام، ئەلعەرەجی جەختی لەوە کردەوە کە "تۆمەتەکانی بەئامانجگرتنی بارەگایەکی مۆساد لە هەولێر بێ بنەمان،" عێراق مەترسی ئەوەی لەسەرە كە ديسان ببێته گۆڕپانی شەڕ لەنێوان ئێران و ئەمريكا. وا دياره كە كوشتنی ھەردوو ژيناكان ناڕەزايەتییەکی توندی بەدوای خۆيدا ھێنا، و ھەر لەگەڵ كوشتنی ژينا دزەیی ڕێژەیێکی زۆری ھاووڵاتيیان لەپێش بارگای نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە و ناڕەزايەتييان دەربڕی دەربارەی ھەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ھەرێمی كوردستان و نەک تەنها لە ھەولێر بەڵکوو لە سۆران و دھۆکیش کە چەندين درووشميان ھەڵگرتبوو. یەکێک لە درووشمەكان بريتی بوو: (ئێستا جياوازيمان نييه لەگەڵ غەزه وێنەی کوژراوەکان لە غەزه و وێنەی كوژراوەکان بەھۆی ھێرشی ئێرانەوه دانرابوون). ئێران کە بە هاوپەيمانێکی ستراتيژی عێراق دەدانرێت، بەڵام ئەم ھێرشەی ئێران لەسەر ھەرێمی كوردستان کە بەشێکە له عێراق لەدەرەوەی بازنەی پەيوەندييە نێودەوڵەتيیەکانە و ھیچ ياسای و ڕێسای نێودەوڵەتی لەبەرچاو نەگرتووه. زۆربەی سەرچاوەکان ئاماژه بە ھەبوونی ڕێکەوتنی ئەمنی و سياسی لەنێوان ھەر دوو وڵات دەکات، بەڵام ئێران ھیچ ڕێزی ئەم ڕێکەوتنەی نەگرت و سەروەری عێراق چەندین جار بەزاندووه. ھەر بۆیە ئەمەش وایکرد كە عێراق سكاڵای تۆماركرد لە ئەنجومەنی ئاسايش بەرامبەر بە ئێران بۆ ئەو پێشلکارييە و ئەو كوشتاريیەی کە ئەنجامدەدات.

کەواته دەتوانين بڵێين كە ئێران بەردەوامه له كوشتنی ژيناكانمان بەڵام دەبێ ئێران ئەوە بزانێ کە چەندين ژينای تر بەڕێوەیە و تەنانەت ئەم پێشلكارييه لە سەروەری خاکی عێراق و ھەڕەشەی بەردەوام لەسەر ھەرێمی كوردستان كاردانەوەی توندی دەبێت.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield