ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەردەوامی قەيرانە نێودەوڵەتييەکان

بڵاوکردنەوە:

ناوەندی پەڕنووس

نووسەر:

شەڤین موحەمەد عەلی

بینراو:

339

بەش:

ڕامیاری

ھەروەک ئاشكرايه كە قەيرانی نێودەوڵەتی بریتییە لە خاڵی وەرچەرخان یان گۆڕان لە پەیوەندی نێوان وڵاتان بە شێوەیەکی لەناکاو (مفاجئ)، کە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر بەهاو بەرژەوەندییە باڵاکان لەخۆ دەگرێ، بەجۆرێک وا لە درووستکەری بڕیار دەکات هەڵوێستی خێراو کارای هەبێت لە ماوەیەکی زۆر کورتدا. بەدڵنیاییەوە ساڵی (٢٠١١)، سەرەتای گۆڕانکاریی ڕیشەیی بوو لە ھاوکێشە ھەرێمی و نێودەوڵەتييەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، وە لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕۆڵی كاريگەری دوو زلهێزی ھەرێمی (تورکیا -ئێران)، هەروەها لاوازی کاریگەری زلهێزەکانی تری وەک میسر و سعودیە، لەگەڵ ڕووخانی وڵاتانی وەک ئێراق و سوریا و لیبیا. ھەروەها، دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت و تاك جەمسەری ئەمەریکا، ڕوسيا وەکوو ھێزێکی تری ھەرێمی دەرکەوت كە بە میراتگری ڕەوای (شەرعی) يەکێتی سۆڤیەت خۆی ناساند. تەنانەت, بوو بە ئەکتەرێکی سەرەکی لە سوريا. بنچينەی قەيرانەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەر لە دوای کۆتایی ھاتنی جەنگی سارد بۆ کۆمەڵێک ھۆکار دەگەڕێتەوە لە کە دوو ڕەگەزی بنەڕەتی لەخۆ دەگرێت ئەمانیش بریتیین لە:

یەکەمیان: لە ھۆکارە ناوخۆییەكانەوە سەرچاوە دەگرێت كە كاريگەری پێکهاتەی دیمۆگرافی و ئيتنيكی و ئايینی ناوچەکەيان لەسەرە، و كۆمەڵێک ھۆکاری دیکەش کە پەيوەستن بە چاكسازی سياسی وكۆمەڵایەتی و ئابورييەوە.

 ڕەگەزی دووەم: پەیوەستە بە بەنێودەوڵەتیکردنی قوڵی پرسەکانی ناوچەکە بەتایبەتی دیارترین دیاردەی ئەو بەنێودەوڵەتیکردنە، خۆی لە پرسی پەرەسەندن و  میلیتاریزەکردنی ئەو چەمکانە دەبینێتەوە، کە مامەڵە لەگەڵ ئەو قەیرانانە دەکات کە پێشتر لە ناوچەکە بوونیان هەبووە، یان چاوەڕوان دەکرێت سەرهەڵبدەن. هەر بۆیە بەنێودەوڵەتیکردن لەگەڵ دیدگایەکی سەرچاوە گرتوو لە توندوتیژیەوە بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆتە هۆی ئەوەی کە تەوژمی قەيرانەکان هەڵبگەڕێتەوە لەناوچەکە، وە سەرهەڵدانیان بە ئاراستەیدەرەوە.

١ - ھۆکارە ديمۆگرافی و ئیتنیکی و ئايینیەکان:

ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بەپێی زۆربەی خوێندنەوە كۆمەڵایەتييەکان ڕووبەڕووی کێشەیەک دەبێتەوە، کە پەيوەندی ھەیە بە بەشداری گەنجان لە بونيادنانی کۆمەڵگا. ئەمە جگە لە کێشەکانی زۆربوونی ڕێژەی دانيشتوان و بێکاری، وە پرسی پەروەردە و گەشەسەندنی ئابوری و كۆمەڵایەتی، و....هتد.

دەتوانين بڵێین ھەموو يان زۆربەی وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەم کێشانەیان هەیە، کە ئەمەش دواجار كاريگەری دەبێت لەسەر درووست كردنی بڕياری سياسی لەم وڵاتانه. ھەروەھا، ئەگەری دەستێوەردانی ھەیە لەلایەن دەوڵەتەکان، و دەستێوەردانی دامەزراوه حكومی و ناحكوميیە نێودەوڵەتييەکان لە کاروباری ناوخۆی ئەم وڵاتانە. هەروەک لە ڕاپۆرتی (المعرفة العربي) بۆ ساڵی (٢٠٠٩) دا هاتووە، ئاماژە بەوە دەکات؛ لە گرنگترين ئاستەنگەکان، کە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی دەبێتەوه، بريتييه لە چاكسازی دامەزراوەیی، حوکمڕانی باش(حوكمة)، ڕەخساندنی ھەلی كار و ھەمەچەشنكردنی سيستەمی ئابووری. بەڵام، لەھەمان كاتدا ڕاپۆرتەکە ئاماژەشی بەوەداوه، كە داگيركاری و ململانێ و ئەجێندا دەرکییەکان، کاریگەری بەرچاويان ھەیە لەسەر دەستڕاگەيشتن بە کۆمەڵگەیەکی ڕۆشنبير لەم ناوچەدا.

لە ڕاستیدا، شکستھێنانی ئەم ناوچەیە بۆ بەڕێوبردنی قەیرانگەلێکی لەم جۆرە، وە سەرھەڵدانی قەيرانی تر بۆ کۆمەڵێک دەستێوەردان و پڕۆژە دەرکییەکان دەگەڕێتەوە، لە سەرووی ھەموويان پڕۆژەی ئەمەريكا بۆ پاڵپشتیکردن و چەسپاندنی ديموكراسی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، چونكه ئەم پڕۆژەیە کۆمەڵێک بابەت دەخاتەڕوو سەبارەت بە چاكسازی سياسی و پەروەردە و پرسی گەنجان، كە وا لە ئەمەريكا دەکات سەروەریی  وڵاتان پێشێل بکات، بۆ چارەسەر كردنیان، وە سەپاندنی شێوازێکی تايبەتی لە سياسەتکردن و مامەڵەی دارایی لەگەڵیان.

سەرەڕای ئامانە، بارودۆخێکی شڵەژان درووست بووه، لە دەرئەنجامی بەرزبونەوەی دياردەی ھەستکردنی کۆمەڵەیەکی یەکگرتوو (دەستە جەمعی) بە پێکهاتە ئيتنيیەکان. ئەمەش، ھۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ھەستی ھاوڵاتيبوون بەرەو لاوازی دەڕوات لای پێکھاتە ئیتنیيەکانی وڵاتانی ناوچەکە، کە بۆدواجار دەبێته ھۆی درووستبوونی کۆمەڵگایەک پێی دەڵێن کۆمەڵگا "لێکترازاوەکان".  واته، هيچ يەکانگيريیەک لە نێوان دانيشتوانی وڵاتانی ناوچەکەدا نامێنێت، ئەمەش وادەکات زياتر ئينتمايان بۆ دابونەريته بۆماوەییەکان بێت.

سەبارەت بە ئاينيش، ئەوا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕيت لە زۆربەی قەيران و ڕووداوەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، كه دەتوانين بڵێین فاكتەرێکی ھاوبەشە لە نێوان زۆربەی گەلانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، تەنانەت ھەندێک لە لێکۆڵینەوەکان، باس لەوە دەکەن كە دەستەواژەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست وەکو جێگرەوەیەکە بۆ زاراوەی "جيهانی ئيسلامی".

جێگەی ئاماژە پێدانە، سەرھەڵدانی ڕۆڵی بزوتنەوە ئيسلامييەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دوای سەرھەڵدانی شۆڕشی ئيسلامی ئێران له (١٩٧٩) بووە ھۆی بە ئاگاھێنانەوەی ڕۆژئاوا بۆ ڕاستییەکی (واقعێکی) نوێ،كە چيتر دووری جوگرافيا لەو ناوچانەی کە قەيراناوين مانای ئەوە نييە کە بەر مەترسی ناكەون، ئەمەش لە ڕاستیدا لەدوای ڕووداوەکانی يانزدەی سێپتێمبەر نيگەرانيیەکانی ئەمەریکای زياتر كرد سەبارەت بە ناوچەکە.

 

٢ - ھێزی سەربازی

ھێزی سەربازی یەکێکە لەگرنگترين پێوەرەکانی بەھێزی دەوڵەتێک، و توانای ڕووبەڕووبونەوەی ئەم دەوڵەتە بۆ کێشە و قەيرانه ئاسایشییەکان، ھێزی سەربازی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییەکانی لەسەر قەیرانەکانی ناوچەکە گرنگە لەبەر دوو هۆکاری بنەڕەتی ئەمانیش:

١ - کاریگەرییەکانی لەسەر قەیرانەکانی ناوچەکە بەگشتی لە ڕووی سەرهەڵدان، و کاردانەوەی ئەم قەیرانانە.

٢ -ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە سیاسەتی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە ناوچەکەدا زياتر لايەنی سەربازی بەکاردەھێنێت.

کێبڕکێی دەوڵەتان بۆ بەدەستھێنانی چەک لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دەبێته ھۆی درووست بوونی بارودۆخێکی ناسەقامگير، وە كاريگەری دەبێت لەسەر پرۆسەی گەشەسەندن لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە. بەڵام، ئەوەی بارودۆخەکە زياتر ئاڵۆز دەکات بوونی ڕاستەوخۆی ھێزی سەربازی ئەمەريكايه لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. ئەمەريكا، لەدوای جەنگی سارد پڕۆسەی خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخە نێودەوڵەتييەکان جێبەجێ دەکات، و ھێزه سەربازيیەکانيشی دەستيان كرد به دەستێوەردان لە زۆربەی ململانێیەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بە ئامانجی پاراستنی بەرژەونديیەکانی خۆی لە ناوچەکەدا. ئەمەش نەک نەبووه ھۆی چارەسەر کردنی ململانێیەكان، بەڵکوو ململانێیەكانی قوڵتر کردوە، بە ڕادەیەک گەيشتنە ئاستی قەيرانی نێودەوڵەتی، بۆ نموونه قەيرانی فەڵەستين  و ئيسرائيل.لە دواى قەيرانى کەنالى سوێس لە (١٩٥٦)دا، کە بەريتانيا و فەرەنسا و ئيسرائيل دژى ميسڕ بوون، لە لايەكى تريش هەوڵەكانى (ئێران و توركيا و ئيسرائيل) لە دژى جيهانى عەرەبى بە هاوكارى ويلاتە يەكگرتووەكانى ئەمەريكا، و دواتر لە سەرەتاى جەنگى ئەمەريكا دژى ئێراق لە (٢٠٠٣) دەوڵەتانى عەرەبى تووشى دابەشبوونێكى بەهێز کرد، تەنانەت بەرەو سستبوون و ئاژاوەش چوون، کە پاشان بەهارى عەرەبى بەدوادا هات، ئەوەش بووە هۆى هێنانەکایەى بەربەستى نوێ، و سەرھەڵدانی بەهاری عەرەبی کە ھيوایێکی تری بە گەلانی ناوچەکە دا كە بەرەو قۆناغی وەچەرخانی ديموكراتی بڕۆن. بەڵام، ديسان ئەم گەلانه شكستيان ھێنا  لە پڕۆسەی ديموكراتی ئەويش بەھۆی ئەوەی کە زۆربەی دەوڵەتان، و سيستەمە شارەواكان خەریکی بەڕێوبردنی قەيران بوون لە ڕێگەی بڵاوكردنەوی ئاژاوه و شەڕ، و لاوازكردن و ماندوو كردنی گەلان لە ڕێگەی بەردەوامیدان بەم بارودۆخە، کە ئەمەش لە ڕاستيدا پێی دەوترێت بەڕێوبردن بە قەيران، كە جياوازه لە بەڕێوبردنی قەيران. چونكه، دەسەڵاتداران بەردەوام بوون لە درووست كردنی قەيرانی نوێ بۆئەوەی قەيرانی گەورەتر پەردەپۆش بکەن. ئێران، لە چەند ساڵى ڕابردوو بەشێوەيەكى بەرچاو  چۆتە قووڵايى جيهانى عەرەبى، ئێستا هەردوولا لە سووريا سەرقاڵى جەنگێکى ئەلیکترۆنین بۆ ماندوو كردنى يەكتر، بەهەمان شێوە ئيسرائيل بەرنامە نەوەوەييەكە و موشەکەكانى ڕاستەوخۆ ئاڕاستەى ئێران دەكات. ململانێكانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، تەنيا تايبەت نيیە به ئێران، توركيا پێوەندييەكانى لەگەڵ ئيسرائيل و سعودی

ئيمارات و ميسڕ داڕوخاوە، بەهەمان شێوە ئێران پاڵپشتى حەماس دەكات لە دژى ئيسرائيل، توركيا رێڕەوى ئێرانى گرتووە، بەڵام بەجۆرێكى ترە، ئەويش بە پاڵپشتيكردن لە ئيخوان کە بە ئەوەش دەسەڵاتدارانی عەرەبی توڕەكردووه.

کەواته، دەتوانين بڵێین كە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست یەکێکە لەو ناوچانەی کە زۆرترين قەيرانی تێدا ڕوودەدەن، بەھۆی کۆمەڵێک ھۆکاری ديموگرافی و ئيتنيكی و ئايينی و تێکچوونی هاوسەنگی سەربازی لەم ناوچەیەدا، و سيستەمی سياسی ئەم وڵاتانه کە زۆربەيان ناديموكراتين. هەروەها، لاوازی ئەم دەوڵەتانەی لە ڕووی مامەڵەكردن لەگەڵ قەيرانەکان، دواتر کۆی ئەم ھۆكارانە وادەکات کە قەيرانەکان زياتر و قوڵتر ببنەوە لە ناوچەکەدا.

 

لەم خشتەی خوارەوەش ھەموو ئەو قەيرانه دەخەينەڕوو كە لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەبووه لەم ساڵانەی دواييدا، و لەگەڵ ئەکتەرە سەرەکيیەکانی قەيرانەکان و ژمارەی قوربانيیەکانی ئەم قەيرانانه.

 

     

 

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield