گای فالاریس؛ یەکێک لە خراپترین و قێزەونترین سزاکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا

بڵاوکردنەوە:

سۆنیا مەحموود

نووسەر:

سۆنیا محمود

بینراو:

397

بەش:

مێژوو

مرۆڤ ھەمیشە ھەوڵی داھێنانی شێوازی نوێی ئەشکەنجەدانی ھاومرۆڤەکانی داوە. بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی چەندین جۆری ئەشکەنجەدان و شێوازی لەسێدارەدانی ترسناک ھەبوون. ھەروەھا، زۆر زاڵمیش ھەبوون کە ئەشکەنجە و لە سێدارەدانیان وەک ئامرازێک بۆ ترساندنی ھاوڵاتیان بەکارھێناوە، کە دژی بیرۆکەکانیان یان ڕژێمەکانیان وەستاونەتەوە، بە شێوازی سەیر و سەمەرە و ترسناک سزایان داون. بەڵام ئەوەی لێرەدا سەیر و سەمەرەیە، ئەو جۆری سزایە لە شێوەی پەیکەرێکی ھونەریدا نەخشێندراوە. ئەم پەیکەرە شتێکی تاریک و ترسناک دەشارێتەوە کە لە ئامێری کوشتن ناچێت، بەڵام بە وردبوونەوە لە ناوەڕۆکەکەی وا دەرناچێت و تێڕوانینت دەگۆڕێت. بە سەیرکردن لێی پەیکەرێکی جوانی برۆنزی هەڵکۆڵراو دەبینی، بەڵام لە ڕاستیدا ئامێرێکی ترسناکە، ترسناک!

بە گوێرەی "دیۆدۆرۆس سیکۆلۆس" لە گێڕانەوەی چیرۆکەکە لە کتێبی (Bibliotheca Historica)، پێریلۆسی ئەسینا ئەو ئامێرەی لە نێوان ساڵانی (٥٧٠ بۆ ٥٥٤)ی پێش زایین داھێناوە. چیرۆکی دروستبوونی ئەو ئامێرە دڕندەیە وا دەگێڕنەوە، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە یۆنانی کۆن، پەیکەرتاشێکی ئەسینا بە ناوی "پێریلۆس" پێشنیاری دروستکردنی گامێشەکەی بۆ "فالاریس"، فەرمانڕەوایەکی ستەمکاری یۆنانی لە "سیسیلیا" کرد، کە دەوروبەری ساڵی ٥٧٠ پێش زایین دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت، و دەسەڵاتی خۆی بەسەر بەشێکی زۆری دوورگەکەدا درێژکردەوە. وەک ئامرازێکی نوێ بۆ لە سێدارەدانی تاوانباران، وەک دیارییەک بۆی ھێنا بۆ ئەوەی لای فالاریس ڕەزامەندی بەدەستبهێنێت و پێگەی لای ئەو بەرزببێتەوە.

ئەو ئامێری ئەشکەنجەدانە بەتەواوی لە برۆنز دروستکرابوو، قەبارە و شێوەی هەمان قەبارە و شێوەی گایەکی ڕەسەن و ڕاستەقینە بوو. لە لایەکییەوە دەرگایەکی هەبوو واتا لە سکی گایەکەدا، کە ئەوەندە گەورە بوو مرۆڤێک بە ئاسانی دەیتوانی بچێتە ژوورەوە. لە ژێرەوەشی ئاگرێک ھەبوو، لە دوای ئەوەی تاوانباران دەنێردرانە ناو گایەکە و دواتر دەرگایەکەیان دادەخست. ئاگرێک لەژێرەوەی گایەکە دادەگیرسێندرا و تا ڕادەیەک گەرم دەکرا کە سوور دەبوویەوە، تاوانباران لە ناویدا دەبرژێندران تا ئەو ساتەی دەمردن. دوکەڵی ناو سکی گایەکە لە ڕێگەی لوتی گایەکە دەھاتە دەرەوە. جا ئەوەی لێرەدا جێگەی تێڕامانە ئەوەیە کە شێوازێکی میکانیزمی دەنگیی ئاڵۆز لەناویدا هەبووە. کاتێک تاوانباران ھاواریان دەکرد، ھاوار و ناڵەی ئەشکەنجەدراوەکان کە دەھاتە دەرەوە ھاوشێوەی دەنگی گا بوو. کاتێکیش گایەکە دەرگایەکەی دەکرایەوە، ئێسکە سوتاوەکانی قوربانیەکان وەک گەوھەر دەدرەوشانەوە. دەکران بە ملوانکە و زۆرجار "فالاریس" لە ملی دەکردن. ئا ئەوە ڕێک پارچە شانۆیەک بوو بۆ بینین و یۆنانییەکان زۆریان خۆشدەویست.

بیرۆکەی گایەکە پەیوەندی بە کلتوور و بیروباوەڕی ئەفسانەیی یۆنانییە کۆنەکانەوە هەیە. بۆ ئەوان گا هێمای دەسەڵات بوو و پەیوەندی بە خوداوەندەکانەوە هەبوو. بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە: چۆن ڕێگە درا ئامێرێکی ئەشکەنجەدانی ترسناک وەک ئەو گایە لە شوێنێکی شارستانی وەک یۆنانی کۆن بەکاربهێنرێت؟

وەڵامەکەی ئەوەیە، کە یۆنانی کۆن پارچە پارچە ببوو دابەش ببوو بەسەر چەند شارێک. کە بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی کۆیلە بوون. ئەشکەنجەدانەکانیش لە ناوخۆدا بوون. ھەر بۆیە تەنھا ھاوڵاتیانی "ئاکراگاس" بوون کە تووڕەیی فالاریسیان تووشببوو، ئەشکەنجە درابوون. ئەو گایە لە مێژوودا تایبەت نەبوو. وەک زۆر شتی تری یۆنانیەکان، ڕۆمەکان وەریانگرت و بەکاریانهێنا بۆ ئەشکەنجەدانی مەسیحییەکان. پێشبینی دەکرێت هەندێک مەسیحی بەناوبانگی وەک "سانت ئیوستاس" و "سانت ئەنتیپا" لەلایەن گا برۆنزیەوە کوژرابن. بەڵام کەنیسەی کاثۆلۆکی بەفەرمی ئەمە ڕەتدەکاتەوە. دوای ڕووخاندنی فالاریس، گایەکە لەناوچوو. خەڵکی ئاکراگاس کە لە ستەمکاریی فالاریس بێزاربوون، خۆیان ڕێکخست بۆ ڕاپەڕین. سەرکردە نوێیەکەیان "تێلێماکۆس"، فالاریسی فڕێدایە ناو خودی گایەکە، بۆ ئەوەی هەمان چارەنووسی ئەو کۆیلانە بچێژێت کە فالاریس بۆ سەرگەرمی خۆی ئەشکەنجەی دەدان. لە کۆتاییدا، گایەکەیان بردە کارتاژ و لەوێ شارەکە کەوتە دەست ڕۆمەکان.

جا سەرنجڕاکێشترین بەشی ئەو ئەفسانەیە ئەوەیە، کە یەکەمین کەس کە بوو بە قوربانی گایەکە، داھێنەری خودی گایەکە (پێریلۆس) بوو، لە کاتێکدا ئەو بۆ بەدەستھێنانی پێگە و پلە ئەمەی دروستکرد. بەڵام، بێئاگا لەوەی خۆی تیادەچێت. "بەگشتی ئەوانەی پلانی شتێکی خراپ دادەنێن کە ئامانجیان کەسانی دیکەیە بە زۆری لە ئامێرەکانی خۆیاندا گیریان خواردووە." دیۆدۆرۆس، لە پێشەکی باسەکەی لە کتێبی (Bibliotheca Historica) ئەوەی باسکردووە. بۆ تاقیکردنەوەی ئامێری دەنگیەکە، فالاریس، پێریلۆسی پاڵنا بۆ ناو دروستکردنەکەی خۆی و ئاگرەکەی داگیرساند. بەڵام، پێش مردنی رێگەی پێدا دەربچێت و ئازادی کرد، تەنھا بۆ ئەوەی جەستە سووتاوەکەی لە لوتکەی گردێکی بەرز فڕێبداتە خوارەوە.

جا، کورد وتەنی، "ئەوەی چاڵ بۆ خەڵک هەڵبکەنێت خۆی تێدەکەوێت."

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield