دەستکەوتەکانی کورد لە شۆڕشی ١٤ تەممووز

بڵاوکردنەوە:

ناوەندی پەڕنووس

نووسەر:

کاروان لوقمان

بینراو:

318

بەش:

مێژوو

 

 

دوا بەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی(١٤تەممووزی ١٩٥٨)، بارودۆخی سیاسی ئێراق بەتەواوی گۆڕا سەردەمێکی نوێ بۆ گۆڕانکاری لە ئێراقدا هاتەدی. کوردەکانیش، چاویان لەو گۆڕانکاریە بوو بە ئومێدی ئەوەی  بگەن بە ماف و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانیان. چونکە، (٣٧)ساڵ بوو کوردەکان بەدەستی ڕژێمی پاشایەتیەوە دەیان ناڵاند و هیچ مافێکی نەتەوەیان بۆ  دەستەبەر نەکرابوو. هەر لەیەکەم ڕۆژیی شۆڕشدا، خەڵک لە شارە کورد نشینەکانی وەک (سلێمانی و هەولێر،کەرکوک، زاخۆ ،کۆیە)ڕژانە سەر شەقام. بۆ پشتگیریی کردن لەم شۆڕشە، ژمارەیەکی زۆریش لە کوردەکان سەرباز بوون و بەشداریان لەم شۆڕشەدا کرد دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتی لەوانە؛ عەقید روکن (محێدین عەبدولحەمید) کە بە ڕەگەز کورد بوو، لە شۆڕشی(١٤ی تەممووزی ١٩٥٨)بەشداری کرد. هەروەها، (عەبدولفەتاح شاڵی)یش یەکێک بوو لەو ئەفسەرە کوردانەی کاریگەری گرنگی هەبووە لەسەر سەرکەوتنی شۆڕش. جگە لەم کەسایەتیانە هەریەک لە (مستەفا زەڵمی و مستەفا عەبدوڵلا) دوو کەسایەتی دیکەی کورد بوون کە بەشداریان لەم شۆڕشەدا کرد. ئەم پشتگیریەی کوردەکان، بۆ شۆڕش بۆ ئەو بارودۆخە خراپ و ناهەموارە دەگەڕێتەوە کە حوکمەتی پاشایەتی بەسەر نەتەوەی کوردی دا هێنابوو.

ئیبراهیم ئەحمەد، پاش کاتژمێرێک لە بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ڕوخانی سیستەمی پاشایەتی و دامەزراندنی  حکومەتی کۆماری بەناوی لیژنەی (کەرکوکی پارتی دیموکراتی کوردستان) بروسکەی پیرۆزبای ئاراستەی شۆڕش خوازان کرد. هەروەها، پارتی دیموکراتی کوردستان دوای دوو ڕۆژ لە شۆڕش واتا (١٦ی تەممووزی ١٩٥٨) بەیاننامەیەکی بۆ گەلی کورد و وڵاتی ئێراق بەگشتی بڵاوکردەوە. تێیدا ئاماژەی بەوە کرد پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری داوە خەبات بکات، و بە هەموو هێز و توانايەوە پارێزگاری لە کۆماری ئێراق بكات و هەوڵی بەرەو پێشبردنی بدات. حکومەتی کۆماری و عەبدولکەریم قاسم، بەڵێنیاندا کە گۆڕانکاری جددی لە باردۆخی مەسەلەی کورد دا بکەن و کار بۆ بەدیهێنانی یەکسانی نەتەوایەتی بکەن. یەکەم کاریش کە ئەنجامدرا لە (٢١/٧/١٩٥٨) ئازادی گشتی بۆ هەموو گیراوە سیاسییەکان دەرچوو هەریەک لە (شێخ ئەحمەدی بارزان) و (شێخ لەتیفی کوڕی شێخ مەحموود) و (گۆرانی شاعیر)، یەکەم کەس بوون کە ئەم لێبوردنە گشتییە گرتنیەوە. ئەوە بوو حوکمەتی تازە لە  لە نوسینەوە و داڕشتنەوەی دەستووردا لە (٢٧/٧/١٩٥٨) لەماددەی (٣) دانی بە هاوبەشی مافی کورد نا لە خاکی ئێراق، و بەپێی ئەم دەستوورە مافەکانی گەلی کورد لە خاکی ئێراق دەچەسپێنرا. بەمەش یەکەمین دەوڵەت بوو، کە پارچەیەک لە خاکی کوردانی پێوە لکابێ و دان بە مافەکانی کوردەکاندا بنێ تێیدا، بۆ یەکەمین جاریشە حوکومەتێ لە ئێراقدا باس لەوە بکات کە کورد و عەرەب لە مافە نەتەوەیەکاندا یەکسانن. عەبدولکەریم قاسم، هەر لە سەرەتای دەسەڵاتەکەیەوە ویستی نیاز پاکی خۆی بەرامبەر کوردەکان پیشاندا بەوەی چەند کەسایەتیەکی کورد لە حکومەتەکەی بەشداری پێکرد  لەوانەش (بابا عەلی شێخ مەحموود) و (خالید نەقشبەندی). هەرچەندە، ئەم کەسایەتیانە بێلایەنبوون و پەیوەندیان بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە نەبوو، بەڵام ئەمە هەنگاوێکی باش و دۆستانە بوو بەرامبەر نەتەوەی کورد. پارتی دیموکراتی کوردستانیش، ڕۆژی (٢٧/٧/١٩٥٨) نێردراوی خۆی بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم ئەحمەد ڕەوانەی بەغداد کرد و سەردانی دەسەڵاتی نوێیان کرد. سکرتێری پارتی ئیبراهیم ئەحمەد، لێدوانێکی گرنگیدا و تێیدا هەڵوێستی  پارتی دیموکراتی کوردستان و گەلی کوردی خستەڕوو سەبارەت بە شۆڕش. عەبدولکەریم قاسم، لەم دیدارەدا جەختی لەسەر برایەتی هەردوو نەتەوەی کورد و عەرەب کردەوە و بەشێوەیەکی سەرەکی ئاماژەی بە مافەکانی گەلی کورد کرد. هەروەها، باسیشی لەوە کرد کە (مستەفا بارزانی) لە سایەی حکومەتی پێشوەوە دووچاری نەهامەتی و کێشە بووەتەوە و پێویستە حكومەتی نوی نەرمتربن لەگەڵی. عەبدولکەریم قاسم هەر لەم کۆبونەوەیەدا بڕیاری لێخۆشبوون وگەڕانەوەی مەلا مستەفایدا، ئەوەبوو مستەفا بارزانی لە (٢٩/٨/١٩٥٨) نامەیەکی لە ڕێگای باڵوێزی کۆماری عەرەبیەوە نارد بۆ عەبدولکەریم و تێیدا پیرۆزبای خۆی ئاڕاستە کرد و داوای لێکرد، کە ڕێگا بە گەڕانەوەی بدات. عەبدولکەریم قاسمیش، لە (٢/٩/١٩٥٨) وەڵامی نامەکەی مستەفا بارزانی دایەوە بەوەی کە ڕازیە بە گەڕانەوەی بۆ خاکی ئێراق، ئەوەبوو مستەفا بارزانی، لەسەر داوای خۆی نێردرایە شاری (براگ)، لە چیکۆ سلۆفاکیا، وە وەفدێک بە سەرۆکایەتی ئیراهیم ئەحمەد بە مەبەستی هێنانەوە و یاوەری کردنی مستەفا بارزانی بەڕێکەوتن بەرەو شاری براگ. لەوێشەوە وەفدەکە بەرەو شاری قاهیرە بەڕێکەوتن و لەوێوە مستەفا بارزانی چاوی بە جەمال عەبدوناسر سەرۆکی میسر کەوت و تێیدا دەربارەی شۆڕشی (١٤ی تەممووزی ١٩٥٨) و پرسی کورد لەگەڵیدا کۆبوویەوە و هەر لەوێشەوە بە فڕۆکە ڕۆژی (٦/١٠/١٩٥٨) بەرەو ئێراق کەوتەڕێ.

 

جەماوەڕێکی یەک جار زۆر  بۆ هاتنەوەی مستەفا بارزانی ئامادە بوون و زۆریان بە جلوبەرگی کوردیەوە لە بەغداد شادیی و خۆشیان دەگێڕا. دوابەدوای هاتنەوەی مستەفا بارزانی، عەبدولکەریم قاسم وەک ڕێزێک بۆی ئۆتۆمبێلەکەی عبدلئیلای پێداو لە ماڵەکەی نوری سەعید سەرۆک وەزیرانی پێشوو نیشتەجێی کرد. موچەیەکی (٥٠٠) دیناری بۆ بڕیەوە، نزیکەی  (٦٠٠) تفەنگی پێدا بۆ ئەوەی خۆی و هاوەڵانی بپارێزێ. مستەفا بارزانیش، لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستەی عەبدولکەریم قاسمدا هەمیشە ئەوەی دەگوتەوە کە سەربازێکی شۆڕشی (١٤ی تەممووزی١٩٥٨) وەک پێشەوایەک لە عەبدولکەریم قاسم دەڕوانێ. دوابەدوای ئەمەش، حکومەتی ئێراق هەنگاوی نا بۆ گەڕانەوەی هاوەڵانی مستەفا بارزانی کە لە سۆڤیەت مابوونەوە ژمارەیان زیاتر لە (٧٨٤) کەس دەبوو، نزیکەی (٤٦٠) پیاو (١٨٠) ژنی بە ڕەگەز سۆڤێتی و (٢٢٥) منداڵ  لە (١٧/٤/١٩٥٩) بە کەشتی لە (ئۆدیاسەوە) بەڕێکەوتن و گەشتنە شاری بەسرە و دواتر چوونە شاری بەغداد. هەندێک لەو کەسایەتیانە لە شاری بەغداد مانەوە بۆ یارمەتی مستەفا بارزانی، و هەندێکی دیکەیان گەڕانەوە ناوچەی بارزان. بەهۆی یارمەتیدانی گەڕانەوەی خەڵکەکەوە مستەفا بارزانی یاداشتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا  ستایشی میهرەبانی عەبدولکەریمی کرد.

یەکێکی دیکە لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی(١٤ی تەممووزی ١٩٥٨) بۆ کوردەکان ئازادی چاپەمەنیەکان بوو. هەڵبەتە کوردەکان، لەژێر دەستی ڕژێمی پێشوو چەند ڕۆژنامە و گۆڤارێکیان بە کوردی دەردەکرد، بەڵام ئەم گۆڤارانە هەمووی شعر و شانامە بوون نەك بابەتی سیاسی. سەرەتای ڕژێمی کۆماری، بەتایبەت ساڵی (١٩٥٩) پەیوەندی سەرکردایەتی کورد و عەبدولکەریم قاسم بەهێز بوو ئەمەش وای کرد ڕێگە بە دەرچوونی (١٤) گۆڤار و ڕۆژنامەی کوردی  بدات. لە نێوانیاندا ڕۆژنامەی (خەبات) کە ئۆرگانی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو لە (٤/٤/١٩٥٩) دەرچوو. ھەروەھا، ڕۆژنامەی (کوردستان) وەکوو زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان کە ڕۆژنامەیەکی هەفتانەی سیاسی کوردی و عەرەبی بوو، (جەلال تاڵەبانی) سەرنووسەری بوو، لە بەغداد دەرچوو. هەروەها، ڕێگادرا چەند شاعیرێک لە ڕادیۆی (بەغداد) بتوانن بە زمانی کوردی بابەت و شعر و شانامەکانیان بخوێننەوە. هەروەها، ڕێگە درا بە کوردی لە قوتابخانەکاندا بخوێندرێت و زمانی کوردی ببێتە زمان ڕەسمی کوردەکان. کۆرسی زمان بۆ ئەو مامۆستایانەش کرایەوە کە بەباشی زمانی کوردیان نەدەزانی، کتێب بە زمانی کوردی چاپ کراو بەسەر قوتابخانەکاندا دابەشکرا  لە ماوەی دوو ساڵدا.

قوتابخانە کوردیەکان، لە قوتابخانەکانی  عەرەبی و تورکی جیا کرانەوە و فۆرم و شێوازی کوردی خۆیان وەرگرت. لێرە بەدواوە قوتابخانەکان سروودی کوردیان دەگوتەوە و ئاهەنگیان بە کوردی ساز دەکرد بەمشێوەیە لە ساڵانی سەرەتای دەسەڵاتی عەبدولکەریم قاسمدا چالاکی کلتوریی و نەتەوەی کورد بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کرد. هەر لە سەردەمی دەسەڵاتی عەبدولکەریم قاسم دا بوو کارکرا، بۆ ئەوەی شاری کەرکوک بخرێتەوە سەر کوردستان. ئەوە بوو کۆمەڵێک مامۆستای کورد یاداشتێکیان بەرز کردوە بۆ عەبدولکەریم و تێیدا داوای مافی نەتەوەیی و ڕۆشنبیری کوردیان کرد، و تێیدا داوایان کرد (مدیریە المعارفە کوردستان) دابمەزرێت و مەڵبەندەکەشی هەر لە شاری کەرکوک بێت. بەڵام، ئەم هەنگاوە لەلایەن عەرەبە شۆفێنی و نەتەوە پەرستەکانەوە  بەرهەڵستی کراو هیچ ئەنجامێکی لێنەکەوتەوە. هەر لە سەرەتای دەسەڵاتەکەیەوە، عەبدولکەریم یەکێک لەو سێ پارتەی کە پشتی پێدەبەست پارتی دیموکراتی  کوردستانبوو، ئەمەش ببووە هۆی ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بێتە پارتێکی بەهێز و لەنێو جەماوەر و پارەتە  سیاسیەکانی تردا جێی خۆی بکاتەوە و بکەوێتە پەیوەندی و ڕێککەوتنكردن لەگەڵ حزبە ئێراقیەکاندا. بەتایبەت، پارتی (شوعی ئێراقی) ئەم پارتە لە سەرەتای دەسەڵاتی عەبدولکەریم قاسم بیروڕایان لەگەڵ عەبڕولکەریمدا یەک بوو. هەروەها، بۆچوونیان سەبارەت بە پرسی کورد و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بۆچونێکی دۆستانەبوو. ئەوەبوو لە (٦ی تشرینی دووەمی/١٩٥٨) ڕێککەوتنێکیان بەست بەناوی (میساق التعاون)، لەم ڕێککەوتنەشدا باس لە مافی ئۆتۆنۆمی کورد کرا و باس لە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی کورد کرا. بەم ڕێکەوتننامەیەش هێندەی تر پارتی دیموکراتی کوردستان بەهێزتر دەرکەوت. ئەوە بوو ساڵی (١٩٥٩) پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنگرەیەکی بەست و تێیدا مستەفا بارزانی کرایە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، و ئیبراهیم ئەحمەدیش بووە جێگری پارتەکە.

لە کاتی گەڕانەوەی مستەفا بارزانی هاوەڵانی دا عەبدولکەریم قاسم چەکی پێدان تا یارمەتی حکومەتی  کۆماری بدەن و بیپارێزن. دوژمنی ئەم حکومەتەش، لایەنگرانی یەکێتی عەرەبی و ناسری و نەتەوەی و شێخە عەرەبەکان و دەرەبەگ و ئاغا کوردەکان بوون. ئەوە بوو چەند بزوتنەوەیەکی نەیار دژ بە دەسەڵاتی عەبدولکەریم قاسم ئەنجام درا.

 

کوردەکانیش، ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕا لە دامرکاندنەوەی ئەم بزوتنەوانە. بەتایبەت، بزوتنەوەی (مایسی ١٩٥٩) کە لە شاری موسڵ ئەنجام درا. بەسەرکردایەتی، عەبدولوەهاب شەواف مستەفا بارزانی نزیکەی هەزار پێشمەرگەی ناردە موسڵ بۆ دامرکاندنەوەی ئەم بزوتنەوەیە. یەکێکی تر لەو بزوتنەوانەی کە دژ بە دەسەڵاتی عەبدولکەریم قاسم کراوە و کوردەکان ڕۆڵیان هەبووە لە دامرکاندنەوەی، بزوتنەوەکەی (شێخ ڕەشید لۆلان) بوو، بە پشتیوانی تورکیا و ئێران ئەنجامی دا، بەڵام بە ئاکام نەگەیشت و دامرکایەوە. لە ئەنجامی ئەم یارمەتیانە، عەبدولکەریم قاسم لە ساڵی (١٩٦٠) تەواوی ئەو زەوی و زارانەی بۆ  مسەفا بارزانی گەڕاندەوە کە لە سەردەمی پاشایەتی دەستی بەسەردا گیرابوو. هەر هەمان ساڵ مۆڵەتی  ڕەسمیدا بە پارتی، کە وەك پارتێکی ئێراقی کار و چالاکیەکانی ڕاپەڕێنێ.

بەگشتی، ئەوانەی باس کران زۆرێک لەو دەسکەوتانە بوون کە کوردەکان لە سەردەمی دەسەڵاتی عەبدولکەریم قاسمدا بەدەستیان هێنابوو. ساڵانی سەرەتا، عەبدولکەیرم قاسم سیاسەتێکی نەرم و دیموکراسیانەی بەرامبەر بە کوردەکان پەیڕەو کرد. لەبەرامبەریشدا، کوردەکان یارمەتی سەرخستنی و مانەوەوەی دەسەڵاتەکەی عەبدولکەریم قاسمیان دەدا، بەڵام دوای ساڵی (١٩٦٠) عەبدولکەریم قاسم لە بەڵێنەکانی پەشیمان بۆوە،  کە بەکوردەکانی دابوو. ئەمەش، لە ئەنجامی ئەو فشارانە بوو کە لایەنە عەرەبە شۆفینیەکان دەیان خستەسەر عەبدولکەریم قاسم سەبارەت بە پرسی نەتەوەی کورد. بۆیە پەیوەندی  کورد و عەبدولکەریم قاسم دوای ساڵانی (١٩٦٠-١٩٦١) بەتەواوەتی ئاڵۆز بوو.

 

سەرچاوەکان

١ - ئەحمەد باوەڕ: مێژووی هاوچەرخی ئێراق ،چ پ.کارۆ، سلێمانی، ٢٠١٨.

٢ - ئەحمەد باوەڕ: پەرەسەندنی دۆزی کورد لە ئێراق و کاریگەری لەسەر کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ١٩٥٨_ ١٩٧٩،چاپخانەی کارۆ،سلێمانی،٢٠٢٣.

٣ - نادر ئینتیسار: ئبنۆنەتەوەی کورد، و.عەتاقەرەداغی، چ.پ تیشک، سلێمانی، ٢٠٠٤.

٤ - حەسەن ئەرفەع: کوردەکان، چ.پ. سەردەم، سلێمانی،٢٠٠١.

٥ - سەروەر عەبدولڕەحمان عومەر: حزبی شۆعی ئێراقی و مەسەلەی کورد (١٩٣٤ـ١٩٧٥)، چ.پ کارۆ سلێمانی،٢٠١٩.

٦ - فاتیح عەبدوللە شوانی: پارێزگای کەرکوک لە(١٩٥٧ـ١٩٧٧)، چ.پ رامان، ب ش چ، ٢٠٠٥.

٧ - بەهرۆز جەعفەر: ململانێکانی نێوان شۆڕشی ئەیلول، ب ش چ،٢٠١٠.

٨ - مستەفا نەریمان: بیرەوەریەکانی ژیانم، چ.پ حریە بەغداد.

٩ - سەلاح ڕەشید: مام جەلال ـ دیداری تەمەن ـ لە لاوێتیەوە بۆ کۆشکی کۆماری، چ.پ ئەدیبان سلێمانی، چاپی چوارەم ٢٠١٩.

١٠ - ڕەفیق رەحمان مام خول: مستەفا بارزانی ڕۆڵی و هەڵوێستی لە پێشهاتە سیاسییەکان دا(١٩٥٨ـ١٩٧٠)، شەهاب، هەولێر،چاپی دووەم.٢٠١٣.

١١ - نەوشیروان مستەفا: پەنجەکان یەکتر ئەشکێنن، سلێمانی، چاپی سێیەم، ١٩٩٨.

١٢ - گوینتەر دێشنەر: کورد گەلێکی لەخشتەبراوی غەدر لێکراو، و.حەمەکەریم عارف،  بێشوێنی چاپ، چاپی دووەم١٩٩٩.

١٣ - حوسێن محەمەد عزیز: پێنج کاتژمێر لەگەڵ ئیبراهیم ئەحمەد، چ.پ سیما سلێمانی، چ.سێیەم، ٢٠٠٢.

١٤ - واحد عومەر محێدین: دانوستانەکانی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی کورد و حکومەتەکانی ئێراق(١٩٢١-١٩٦٨)، چ.پ.سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی کوردستان، سلێمانی، ٢٠٠٦.

١٥ - سەباح عەلی سلێمان، دڵشاند محەمەد عەبدولرەحمان، پەرەسەندنە سیاسییەکان لە کەلار و دەوروبەری لە ساڵانی (١٩٥٨-١٩٦١)دا، گۆڤاری زانکۆی گەرمیان، ٢٠٢١.

١٦ - هاوکار کەریم حەمە شەریف، شۆڕشی ئەیلول، ب ش چ، ٢٠١٢.

١٧ - ئارام مەجید عەلی: پەیوەندیی و هەڵوێستی عەبدولکەریم قاسم بەرامبەر بە کورد،گۆڤاری مێژوو، ژ ٢٨ ،ساڵی حەوتەم  ٢٠١٣.

١٩ - نیهایەت عەلی حسێن: پەیوەندیە سیاسییەکانی مستەفا بارزانی و عەبدولکەریم قاسم، چ پ.چوارچرا، سلێمانی، ۲۰۱۳.

٢٠ - خالید عبدولڕەحمان: ڕئیس مصطفی عبدالله لەشۆڕشی ١٤ تەممووزی ١٩٥٨دا، چاپخانەی شڤان،سێمانی،٢٠٠٦.

٢١ - مستەفا زەڵمی: کاروانی ژیانم، بەرگی یەکەم، چاپخانەی تەفسیر، هەولێر.

٢٢ - احمد عبدالعزیز: الزعیم العصامي المكافح الشهيد عبدالكريم قاسم في ميزان التاريخ،بنکەی ژین، ٢٠١٥.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield