دەستوور؛ دایکی یاساکان و بزوێنەری پێشکەوتنی وڵاتان.

بڵاوکردنەوە:

سۆنیا مەحموود

نووسەر:

سۆنیا محمود

بینراو:

836

بەش:

ڕامیاری

دەگوترێت کە دروستبوونی دەستوور دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی سیانزەیەم. بە دیاریکراویش بۆ ساڵی ١٢١٥، بۆ پەیماننامەی ماگناکارتا (میثاق الأعظم) کە لەنێوان گەلی بەریتانیا و پاشا جۆن لاکلاند مۆرکراوە. ئەو بڕگە و ماددانەی کە لە ٦٢ خاڵەکەی پەیماننامەکە ھاتبوون، بوون بە سەرچاوە و ئیلھامبەخش بۆ زۆربەی دەستوورەکانی جیھان.

دەستوور لەدایکبووی بیرۆکەی دیموکڕاسییە. شانشینی بەریتانیاش وەک یەکەمین وڵاتی دیموکڕاسی تاکە وڵاتە تا ئەم ساتەش کە دەستووری نوسراوی نییە. پاشان، فکرەی دەستوور لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەدەی حەڤدە دەرکەوت. مێژووی نووسینەوەی یەکەم دەستوور دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ١٧٨٧. دواتر، لە ساڵی ١٧٨٩ پەسەندکراو چووە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەو دەستوورە لە پێشەکییەک و حەوت ماددەی یاسایی پێکھاتبوو. دەستوورێکی کورتوپوخت و پڕمانایە، کە لەسەر ئاستی جیهان بە کۆنترین بەڵگەنامەی کارپێکراو هەژمار دەکرێت، چونکە تەمەنی (۲۳۱) ساڵە و تاکو ئێستاش کاری پێدەکرێت.

لەدوای ئەوەی ساڵی ١٧٨٩ چووە بواری جێبەجێکردنەوە تاوەکو ئێستا ٢٧ جار ئەم دەستوورە ھەموارکراوەتەوە. وڵات لە ھەمبەری نەبوونی دەستوور و کارپێنەکردن بە دەستوور، وەک کەشتی بێکاپتن وایە، و وڵات بەرەو دیکتاتۆری دەبات. له‌ بوونی ده‌ستووردا، دیکاتۆری ده‌پووکێته‌وه‌ و نامێنێت. لە نەبوونی دەستوور بۆشایەکی گەورە لە وڵاتدا دروست دەبێ و پەلدەکێشێت بۆ چەندین کاری ناڕەوا و تێکچوونی وڵات و دروستبوونی دیکتاتۆری. ھەر بە نموونە لە سەردەمی سیاسی خۆرئاوادا، ئه‌و بۆشایی و کەلێنە دەستوورییەی ئەڵمانیا و ئیتالیا بوو وای کرد، هیتلەر و مۆسۆلۆنی سوودی لێوه‌ربگرن، ببنە دەستەڵاتدارێکی ڕەها و دیکتاتۆر. بەڵام، لە ئەمەریکا و به‌ریتانیا، بوارێک بۆ دۆزینەوەی ئەو کەلێنانە نەبوو هه‌رچه‌نده وەک باسیشمان کرد ‌تا ئیستا له‌ به‌ریتانیا ده‌ستوورێکی نووسراو نییه‌، به‌ڵام، وه‌ک چاوگێکی (مەرجەع) سه‌ره‌کی چاویان له‌ چه‌ندین بەڵگەنامەی ده‌ستووری هه‌یه‌ و‌ کاری له‌سه‌ر ده‌که‌ن. بۆ نموونه،‌ بەڵگەنامەی ماگناکارتا‌ و چەندانی تر ڕۆڵی ده‌ستوور ده‌بینن. ئه‌م بەڵگەنامانه‌ ڕێگایان له‌وه‌ گرت، چەرچل ببێته‌ دیکتاتۆر، یان ده‌ستووری ئه‌مه‌ریکا ڕێگای له‌وه‌ گرت ڕۆزڤێلت ببێتە تاکه‌ ده‌نگێک و بڕیاری خۆی وه‌ک دیکتاتۆرێک بدات. کەواتە، ھەبوونی دەستوور و کارپێکردنی ھۆکاری پێشکەوتنی وڵات و سەقامگیری وڵاتە.

دەستوور هەیکەلی یاسایی و سیاسی دەوڵەتێک دەستنیشان دەکات؛ کۆمەڵێک ڕێسایە کە پەیوەندی ھەیە بە ڕوونکردنەوەی سەرچاوەی دەسەڵات و ڕێکخستن و مومارەسەکردنی دەسەڵات، و گواستنەوەی پەیوەندی نێوان دەسەڵاتەکان. ھەروەھا، پەیوەندی بە ماف و ئازادیە گشتییەکان ھەیە. بەشێوەیەکی تر، واتا ھەموو ئەوەی لە دەستووردا ھاتووە پەیوەستە بە: دەسەڵات و ماف و ئازادیەکانەوە (السلطة و الحقوق و الحريات).

لە فەرھەنگە کۆنەکانی زمانی عەرەبی وشەی دەستوور بەدی ناکرێت. ھەر وەک لە کتێبی (النظرية العامة في القانون الدستوري و النظام الدستوري في العراق) لە نووسینی ((د. احسان حمید – د. کطران زغیر – د. رعد ناجي)) ئاماژەی پێکراوە کە، وشەی دەستوور دەگەڕێتەوە بۆ ڕەچەڵەکێکی فارسی کە ھاتۆتە زمانی عەرەبییەوە لە ڕێگەی زمانی تورکییەوە. دەستوور لە زمانی عەرەبی بە مانای بنەما (الأساس) یان ڕێسا (القاعدة) دێت. ھەروەک یەکەمین دەستوری عێراق کە ساڵی ١٩٢٥ دەرچوو پێی دەگوترا (القانون الاساسي العراق). لە زمانی کوردیش واتا (یاسای بنەڕەتی). بەڵام، بەگشتی لە فەرھەنگی یاسایی عەرەبی و کوردیدا، وشەی دەستوور بەکاردەھێنرێت.

دەستوور باڵایی ھەیە بەسەر سەرجەم ڕێسا یاساییەکان و لەسەرەوەی ھەڕەمی یاساییە. کەواتە لەڕووی ھێزی یاساییەوە ڕێسا دەستورییەکان لەسەرەوەی یاسای ئاسایی و ڕێنمایی و سیستەمن. نابێت ھیچ یاسایەک هەبێت لەگەڵ بڕگە و یاساکانی دەستووردا ناکۆکبێت. ھەر بۆیە نابێت ھیچ یاسایەک لە وڵات دەربچێت کە پێچەوانەی دەستوور بێت. گەر ھەر یاسایەک دەربچێت و پێچەوانەی بڕگە و بابەتاکانی دەستوور بێت، ئەوا  نا-یاساییە (غیر مشروع)ـە و کاری پێ ناکرێت. ھەر بۆیەش دەستوور بە دایکی یاساکان دادەنرێ، چونکە ئەو یاسا و ڕێنماییانەی لە وڵات دەردەچن لەوەوە سەرچاوە دەگرن و لەژێر ڕۆشنایی دەستوور دادەڕێژرێن.

 

جۆرەکانی دەستور جیاوازن و چەند جۆرێک دەستورمان ھەیە.

- جۆرەکانی دەستوور لەڕووی شێوەوە دوو جۆرە:

١ - دەستووری نوسراو (الدستور المدون): کە دەگوترێت دەستووری نوسراو مەبەست لێی ئەوەیە کە، بڕگە و ماددەکانی نوسراونەتەوە لە بەڵگەنامەیەک یان چەند بەڵگەنامەیەکی فەرمی کۆکراونەتەوە. لە ئێستادا، زۆربەی وڵاتان خاوەنی ئەم جۆرە دەستوورەن. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش یەکەم وڵاتە کە بووە بە خاوەنی دەستووری نوسراو. دواتر، فکرەی نووسینی دەستوور لە ئەمریکاوە گواستراوەتەوە بۆ ئەوروپا.

یەکەم وڵاتیش لە ئەوروپا کە بوو بە خاوەنی دەستووری نوسراو، فەڕەنسا بوو ساڵی ١٧٩١.

٢ - دەستووری نەنوسراو (الدستور غير المدون): مەبەست لێی ئەو دەستوورەیە کە یاسادانەر ھەڵناستێ بە دانانی حوکمەکانی و جێگیر کردنی لە بەڵگەنامەی  دەستووردا. لە ڕوحی کۆمەڵگاوە سەرچاوە دەگرێت، وەردەگیرێت لە داب و نەریت و پێشینەی دادوەری (عرف و سوابق قضائية). دیارترین نموونە بۆ دەستووری نەنوسراو وڵاتی بەریتانیایە. ھەروەھا وڵاتانی  سعودیە و نیوزلەندا و ئیسرایل خاوەنی ئەم جۆرە دەستوورەن.

 

- جۆرەکانی دەستوور لەڕووی ئەو ڕێوشوێنانەی کە پێویستە بۆ ھەمووارکردنەوە:

١ - دەستووری نەرم (الدستور المرن): بریتییە لەو دەستوورەی کە بە ھەمان ئەو ڕێوشوێنانەی کە پێویستە بۆ ھەموارکردنەوەی یاسایەکی ئاسایی ھەمواردەکرێتەوە.

٢ - دەستووری ڕەق (الدستور الجامد): ئەو جۆرە دەستوورەیە کە پێویستی بە کۆمەڵێک ڕێوشوێنی تایبەت ھەیە بۆ ھەموارکردنەوەی کە جیاوازە لە یاسای ئاسایی و بە ھەمان ڕێگای ھەموارکردنەوەی یاسای ئاسایی ئەنجام نادرێت. بەڵکو پێویستی بە کۆمەڵێک ڕێکاری زۆر توندتر و قورستر و ئاڵۆزتر ھەیە لەو ڕێکارانەی کە لە یاسا ئاساییەکان پەیڕەودەکرێت. دەستووری ڕەق (جامد) ھەموارناکرێتەوە، تەنها بەو ڕێکارانە نەبێت کە خودی دەستورەکە بۆی دیاری کردووە. بۆیە، ئەگەر ھاتوو یاسادانەری ئاسایی یاسایەکی دەرکرد کە پێچەوانەی دەقێکی دەستوور بوو، ئەوا بابەتی چاودێری لەسەر دەستووربوونی یاساکان (الرقابة على الدستورية والقوانين) دێتە پێشەوە. چونکە ئەم یاسایە پێچەوانەی دەستوورێکی ڕەقی کردووە. دەستووری ڕەقیش باڵایی ھەیە بەسەر ڕێساکانی یاسای ئاسایی، بۆیە نابێت ڕێسای یاسایی پلەنزم پێچەوانەی ڕێسای یاسای پلەبەرز بێت، بە پشتبەستن بە ڕێسای پلەبەندی یاساکان (مبدأ التدرج القوانين).

 

دانانی دەستوور بەپێی قۆناغە مێژووییەکان گۆڕانی بەسەردا ھاتووە و گۆڕاوە. لە کۆندا و لەسەرەتای دانانی دەستووردا، تەنھا یەک ویست بوونی ھەبووە، کە ئەویش ویستی حاکم بووە. دواتر لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا، تاکەکان ڕازینەبوون بەو جۆری حوکمە بۆیە داوایان کرد کە خۆیان ویستیان ھەبێت لە دانانی دەستوور. لەو قۆناغەدا دانانی دەستوور ھاتە پێش کە گەل و حاکم تێیدا بەشدارن لە دانانی. دواتر وردە وردە پێشکەوتن زیاتر ڕوودەدات و گەل دەبێت بە خاوەن سیادە و سەروەری، خۆی ھەڵدەستێ بە دانانی دەستوور، گەل خۆی بڕیار دەدات بەوەی چ دەستوورێکی دەوێت.

 

- دوو ڕێگامان ھەیە بۆ دانانی دەستوور کە ڕێگای نادیموکراسی و دیموکراسییە.

ڕێگای نادیموکراسی: واتا ویستی گەل بوونی نەبووە، یان کەمبووە لە چاو ویستی حاکم. کە دوو ڕێگای ھەیە:

١ - بەخشین (المنحة): ویستی گەل بوونی نییە لە چاو ویستی حاکم. ویستی حاکم ویستێکی ڕەھایە (مطلق)، و حاکم چەندی بوێت لە ماف دەیدات بە گەل. حاکم بۆ پاراستنی پێگەی خۆی ھەندێک ماف دەدات بە گەلەکەی و ھەر بۆیەش (بەخشین)ی پێ دەگوترێت. دەستووری فەڕەنسی ساڵی ١٨١٤ بەم ڕێگایە دانراوە.

٢ - گرێبەست (عقد): ڕێگای دووەمی نادیموکراسییە، قۆناغێکی پێشکەوتووترە بەراورد بە ڕێگای بەخشین. فەرمانڕەوا بەتەنھا دەستوورەکە دانانێت، بە ویستی ھەردوولا دادەنرێت، ویستی حاکم لە لایەک و گەلیش لە لایەک. گرێبەست قۆناغێکی گواستنەوەیە لەنێوان نادیموکراسی بۆ دیموکراسی. لەم قۆناغەدا ویستی حاکم و گەل یەکسانە.

- ڕێگای دیموکراسی: ئەمیش دوو ڕێگایە:

١ - ڕێگای ئەنجومەنی ھەڵبژێردراو (طريقة جمعية التأسيسية): ڕێگایەکی دیموکراسییە. گەل خۆی ھەڵدەستێ بە دانانی دەستوور، بە ھەڵبژاردنی کۆمەڵێک نوێنەر بۆ مەبەستی دانانی دەستوور. لەدوای ئەوەی وڵاتەکە بوو بە خاوەنی دەستوور، ئەو ئەنجومەنەی دەستوورەکەی داناوە ھەڵدەوشێتەوە و ناتوانێت دەستوورەکە ھەمواربکاتەوە. یەکەم دەستووری نوسراو ھی ئەمریکا ساڵی ١٧٨٧، دیارترین نموونەیە بۆی کە پێی دەگوترا "باوکانی دامەزرێنەر."

٢ - ڕێگای ڕاپرسی دەستووری ( طريقة الاستفتاء الدستوري): دووەم ڕێگای دیموکراسییە لە دانانی دەستوور. باشترین ڕێگایە لە دانانی دەستوور، چونکە گەل بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری دەکات لە دانانی. دەستوور دوای نووسینەوەی لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕەوە، لە ڕاپرسییەکدا دەخرێتە بەردەم میللەت، تا بە بەڵێ یان نەخێر ڕەزامەندی لەسەربدەن. دەستووری عێراق ساڵی ٢٠٠٥ بەو ڕێگایە دانراوە، کە لیژنەیەکی ٢٥ کەسی دایناوە و یەکلاکردنەوەکەی لەلایەن گەل بووە.

 

ماوەی دانانی دەستوور و داڕشتنی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر دەگۆڕێت. توێژینەوەیەک لە ساڵی ٢٠٠٩ دەریخست کە تێکڕای کاتی پێویست بۆ پڕۆسەی داڕشتنی دەستوور نزیکەی ١٦ مانگە. لە کاتێکدا، لە کاتی داڕشتنی دەستووری ١٩٤٦ی ژاپۆن، بیرۆکراتەکان لە ماوەی ھەفتەیەکدا دەستوورەکەیان داڕشت.

وڵاتی عێراقیش ھاوشێوەی ھەر وڵاتێکی تر خاوەنی دەستووری خۆیەتی و لە مێژووی ژیانی عێراق چەندین دەستووری کاتی و ھەمیشەیی ھەبووە. یەکەمین دەستوریشی بە ناوی یاسای بنەڕەتی عێراق (القانون اساسي العراق) ساڵی ١٩٢٥ دانراوە. و، کۆتا دەستووریشی بریتییە لە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ و تا ئەم ساتەش کاری پێدەکرێت. لە ١٤٤ ماددەی یاسایی پێکھاتووە، ٦ دەروازەشی ھەیە.

لەڕووی سیاغە و ناوەڕۆکەوە، دەستووری عێراق یەکێکە لە دەستوورە بەھادارەکانی دونیا، بەڵام کێشەکە لە کارپێکردنەکەیدایە. ئەو دەستوورە بە وەرچەرخانێکی گرنگ و مێژوویی دادەندرێت بە بەراورد بە دەستوورەکانی پێش خۆی. چونکە، بەشێکی زۆر لە مافەکانی کورد و پێکهاتەکانی تری عێراقی ناساندوە و جێگیرکراوە. شایەنی باسە کە لە مەنھەج و لە بەشی یاسادا ئەم بابەتە جێگەی کراوەتەوە لە سەرجەم زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش، لە بەشی یاسا بابەتی (القانون الدستوري) دەخوێندرێت کە سەر بە قسمی یاسای گشتییە (قانون عام).

لە ئێستادا، داوا دەکرێت ھەرێمی کوردستانیش ببێت بە خاوەنی دەستووری خۆی. ئەو پرسە لە ئێستادا و لەنێو کایەی سیاسی ھەرێمی کوردستان مشتومڕی زۆری لەسەر دەکرێت. زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان بۆچوون و دیدی خۆیانیان لە سەری هەبووە. زۆربەی لایەنەکان بە باشی دەزانن کە کوردستان ببێت بە خاوەن دەستوور، و بە ھەنگاوێکی گرنگی دادەنێن. دەشڵێن کە  بوونی دەستوور بەمانای ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کورد دێت، ئەویش بە بەشداریکردنی گشت هێزە سیاسییەکان و کۆکردنەوەی ئەزموونی چەند ساڵەی حوکمڕانی.

لە کۆتایدا دەڵێم: "بەھیوام لە دانانی دەستور گەل و میللەت خاوەنی سەرەتا و كۆتا  گوتە و گفت بن تێیدا."

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield