دەسەڵاتی ڕۆمانۆڤەکان

بڵاوکردنەوە:

ئیسرا دزەیی

نووسەر:

ئیسرا دزەیی

بینراو:

437

بەش:

مێژوو

ناوهێنانی ئیمپراتۆریەتی ڕووس؟

لە سەردەمی فەرمانڕەوایی ڕووسیا هەر کەسێک دەسەڵاتی دەگرتەدەست پێیان دەوترا (Czar) قەیسەر، وە خێزانەکانیشیان یان ئافرەتە دەسەڵاتدارەکان پێیان دەوترا (Czarina) کە هەردوو ئەم دەستەواژەیە تایبەت بوون بە سەردەمی فەرمانڕەوایی ڕووسیا، وەکو چۆن دەستەواژەی گشتی و ئینگلیزی ئیمپراتۆر  (Emperor) و (Empress) بەکاردەهاتن، یاخود لە وڵاتانی تر وشەی سوڵتان و خان بەکاردەهات بۆ فەرمانڕەواکانیان.

 

بنەماڵەی ڕۆمانۆڤ و قەیسەرەکانی ڕووس (Czar):

بنەماڵەی ڕۆمانۆڤ دوایین بنەماڵەی ئیمپڕاتۆری بوون کە فەرمانڕەوایی ڕووسیایان کرد. یەکەم جار لە ساڵی ١٦١٣ هاتنە سەر حوکم و لە ماوەی سێ سەدەی دوایی ١٨ ڕۆمانۆڤ تەختی ڕووسیایان گرت، ئەوانیش (پیتەری مەزن، کاثرینی مەزن، ئەلێکساندەری یەکەم و نیکۆلاسی دووەم) بوون. لە ماوەی شۆڕشی ١٩١٧ی ڕووسیادا شۆڕشگێڕانی بەلشەڤیک پاشایەتییان خستە ژێرەوە و کۆتاییان بە بنەماڵە و دەسەڵاتی ڕۆمانۆڤ هێنا. قەیسەر نیکۆلاسی دووەم و هەموو خێزانەکەی، منداڵە گەنجەکانی، لەلایەن سەربازانی بەلشەڤیکەوە دەستڕێژی فیشەک کران.

 

پیتەری مەزن:

ڕۆمانۆڤەکان لە سەدەی شانزەهەم و حەڤدەهەمدا ڕژێمی بەگزادەیی مەزن بوون لە ڕووسیا، لە ساڵی ١٦١٣ میخائیل ڕۆمانۆڤ بوو بە یەکەم قەیسەری ڕۆمانۆڤی ڕووسیا، دوای ماوەی پانزدە ساڵ لە هەڵچوونێکی سیاسی پاش ڕووخانی بنەماڵەی ڕوریکی ناوەڕاستی ڕووسیا، ئەو ناوی (مایکڵی یەکەم)ی وەرگرت.

نەوەی مایکڵی یەکەم کە بە پیتەری مەزن ناسرابوو، ڕووسیای لە دەوڵەتێکی نیشتەجێی سادەوە گۆڕی بۆ یەکێک لە گەورەترین ئیمپراتۆریەکانی ئەوروپا، ئەویش لە ڕێگەی جەنگەکانی دژی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و ئیمپراتۆریەتی سوید، ڕووسیا ناوچەکەی فراوان کرد و بوو بە دەسەڵاتداری هەردوو ناوچەی دەریای باڵتیک و دەریای ڕەش.

پیتەری یەکەم لە ساڵی ١٧٢١دا خۆی بە ئیمپراتۆری ئیمپراتۆری نوێی دامەزراوی ڕووسیا ڕاگەیاند، ئەو پێگەیەی گرت هەتاوەکو مردنی لە ساڵی ١٧٢٥دا.

 

کاثرینی مەزن:

لە ماوەی فەرمانڕەوایی ڕابەری ڕۆمانۆڤ (کاثرینی دووەم) کە بە کاثرینی مەزن ناسراوە، ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا گەورەتر و بەهێزتر بوو. ماوەی فەرمانڕەوایی کاثرین (١٧٦٢- ١٧٩٦) بوو. زۆرجار پێی دەوترێت سەردەمی زێڕینی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا. کاثرینی دووەم چاودێری پێشکەوتووی هونەرەکان بوو و لە ماوەی فەرمانڕەوایی ئەودا ڕووسیا فەلسەفە و مۆدە و کەلتووری ئەوروپای ڕۆژئاوای گرتەبەر.

لە ساڵانی دواتردا، هەڵمەتێک لەلایەن ئیمپڕاتۆری ڕووسیا (ئەلێکساندەری یەکەم)ەوە نوێنەرایەتی وەچەرخانێکی جەنگی ناپلیۆنی کرد. فەڕەنسییەکان لە ساڵی ١٨١٢دا لە کاتی بەرزایی و فراوانی دەسەڵاتی (ناپلیۆن بۆناپارت)دا ڕووسیایان داگیر کرد، کەچی سوپای ئەلێکساندەری یەکەم سوپای فەرەنسای بەزاند و گورزێکی گەورەی لە ناوبانگی ناپلیۆن و سەرکردایەتییەکەی بەسەر زۆربەی ئەوروپادا لاواز کرد.

 

قەیسەر نیکۆڵاسی دووەم:

قەیسەر نیکۆلاسی دووەم دوایین ئیمپراتۆری ڕۆمانۆڤ بوو، لە ساڵی ١٨٩٤ هەتاوەکو بە وازهێنانی زۆرەملێ لە ئازاری ١٩١٧ فەرمانڕەوایی دەکرد، لە ماوەی فەرمانڕەوایی ئەودا ڕووسیا تووشی ماوەی نائارامی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو، کاتێک بەسەر باوکیدا سەرکەوت (قەیسەر ئەلێکساندەری سێیەم)، نیکۆلاسی دووەم ئەزموونی کەمی لە حکومەتدا هەبوو،ئەو بە فراوانی وەک سەرکردەیەکی لاواز و بێهێزی سیاسی دەبینرا.

مامەڵەکردنە هەژارەکەی بۆ جەنگی ڕوسیا-یابان لە (١٩٠٤-١٩٠٥) و لە دواییدا ڕاپەڕینی کرێکارانی ڕووسیا کە بە ڕۆژی یەکشەممەی خوێناوی ناسراوە و تێوەگلانی ڕووسیا لە جەنگی جیهانی یەکەمدا، کەوتنی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیای خێراتر کرد.

 

شێوازی ژیانیان:

قەیسەر نیکۆلاسی دووەم لە ساڵی ١٨٩٤ هاوسەرگیری لەگەڵ شازادە ئەلێکسی هێسی کرد کە لە ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیا بوو، پاش ماوەیەکی کەم لە تاج لەسەر دانانی ئەلێکس کە دواتر ناوی ئەلێکساندرا فیۆدۆرۆڤنای وەرگرت، نەوەی شاژنی ڤیکتۆریا بوو لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا. نیکۆلاس و ئەلێکساندرا چوار کچیان هەبوو بەناوی ئۆلگا، تاتیانا، ماریا، ئەناستاسیا و کوڕێکیان بە ناوی ئەلێکسی  کە ئەمیشیان نەخۆشی هیمۆفیلیا (کێشە لە خوێن مەیین)ی هەبوو، زۆرێک لە خزمەکانی شاژن ڤیکتۆریا نەخۆشیەکەیان بۆ ماوەتەوە، کە هەندێک جار بە نەخۆشی پاشایەتی ناودەبرێت، هەر بۆ ئەم مەبەستە قەیسەر و خێزانەکەی هەڵسان بە بانگکردنی ڕاسپۆتینی ڕەبەن بۆ کۆشکەکەی خۆیان بە مەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشی کوڕەکەیان، چونکە خاتوونی قەیسەر ئەلێکساندرا پێیوابوو کە پیاوە ئایینیەکان دەتوانن دەستیان هەبێت لە چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشیانە، سەرەڕای ئەوەش کچەکانی قەیسەر لەماوەی جەنگی جیهانی یەکەمدا بەشداریان دەکرد لە تیمارکردنی نەخۆشەکان و وەکو پەرستارێک ڕۆڵیان دەبینی بە تایبەت تاتیانا و ئۆلگا.

 

کۆتایی هێنانی دەسەڵاتەکەیان:

قەیسەر نیکۆلاسی دووەم لە ساڵی ١٩١٥ سانت پترسبۆرگی جێهێشت بۆ ئەوەی فەرماندەیی بەرەی شکستخواردووی سوپای ڕووسیا بکات لە جەنگی جیهانی یەکەمدا، بەڵام تا ساڵی ١٩١٧ زۆربەی ڕووسەکان هەموو باوەڕیان بە توانای سەرکردایەتیی قەیسەرەکە لە دەست دابوو، چونکە

گەندەڵی حکومەت زۆر خراپ بوو و ئابووری ڕووسیا بە توندی لەلایەن جەنگی جیهانی یەکەمەوە تێکشکابوو لەگەڵ شۆڕشگێڕەکانی بەلشەڤیک لە بانگەشەکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەیسەرەکە، نیکۆلاسی دووەم دوای چەندین ساڵ لە ئاژاوە، لە کۆتاییدا تا (١٥ی ئازاری ١٩١٧) لە تەختەکە پاشایەتی کرد و وازی لە دەسەڵات هێنا و ئیتر کۆتایی بە زیاتر لە ٣٠٠ ساڵ لە فەرمانڕەوایی ڕۆمانۆڤ هات.

لە ماوەی شۆڕشی ڕووسیا لە (تشرینی دووەمی ١٩١٧)دا، بەلشەڤیکەکانی سۆسیالیستی بە سەرۆکایەتی ڤلادیمیر لینین دەسەڵاتیان لە ڕووسیا گرتە دەست وەکو حکومەتێکی کاتی و یەکەم دەوڵەتی کۆمۆنیستی جیهانی دامەزراند.

 

نەخۆشی سووڕێژە و بڕیاری قژ تاشینیان:

لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ١٩١٧، گراند دوچێس ئۆلگا و براکەی ئەلێکسی لە دەرەوەی ماڵەکە خەریکی یاری کردن بوون بەبەفر لەگەڵ کوڕە خوێندکارێکی سەربازی گەنج، کە بێ ئاگایی خۆی تووشبووی سووڕێژە بوو، خوشک و براکە بەدبەختیانە ئەوانیش تووشی ئەو نەخۆشیە بوون و دواتر بڵاوبوویەوە بۆ خوشکەکانی تریش و دوای ماوەیەک و چاک بوونەوەیان لەو نەخۆشییە، ئەو دەرمانەی کە بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشیە بەکاریان دەهێنا و بووە هۆی ئەوەی قژیان بەهێواشی هەڵبوەرێت. لە کۆتاییدا، لە کۆتایی بەهاری ١٩١٧دا، بڕیاریان دا هەموو سەریان بتاشن بۆئەوەی یارمەتیدەربێت خێراتر دووبارە قژیان بێتەوە، تەنانەت قژی کچەکان گەشتبووە سەر شانەکانیان چەند ڕۆژێک بەر لە کوشتنیان.

 

فەرمانی لە سێدارەدان بۆ ڕۆمانۆڤەکان:

بنەماڵەی ئیمپراتۆریی ڕۆمانۆڤ نێردران بۆ سیبیریا تاکو لە ماڵدا بە دەستبەسەرکراوی بژین لە نیسان و ئایاری ١٩١٨ و دوایی ئەندامانی بنەماڵەکە ڕاگواسترانەوە بۆ ماڵی ئیپاتیڤ، کە خانووی بازرگانێک بوو لە ییکاترینبێرگ.

لە دوای شۆڕشی جەنگی ناوەخۆ لە نێوان سوپای بەلشەڤیکی "سوور" و هێزەکانی دژە بەلشەڤیکی "سپی" لە مانگی حوزەیراندا هەڵگیرسا، تا مانگی حەوت سوپای سپی لە ییکاترینبێرگ پێشڕەوی دەکرد، کەچی دەسەڵاتدارانی ناوەخۆ فەرمانیان پێکرا کە ڕێگە لە ڕزگارکردنی ڕۆمانۆڤەکان بگرن لە لایەن سوپای سپییەوە و دوای کۆبوونەوەیەکی نهێنی سۆڤیەتی ییکاترینبێرگ، بنەماڵە ئیمپراتۆرییەکەی ڕۆمانۆڤ سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا.

 

دەستڕێژی فیشەک لە شانزدەی تەمموز:

لە شەوی ١٦ی تەمووزی ١٩١٨دا، بنەماڵەی ڕۆمانۆڤ فەرمانیان پێکرا جلی جوان بپۆشن و بچنە تونێڵی خانووەکەیان (ماڵی ئیپاتیڤ) کە تێیدا لێیان داواکرا بە جوانی ڕیزبن بۆ ئەوەی وێنەیەکی خێزانی بگرن، ئەوانیش پێیان سەیربوو، ڕیزبوون هەر وەکو وێنەگرەکە فەرمانی پێکردن، خانەوادەی ڕۆمانۆڤ چاوەڕێی ئەوەیان دەکرد کە وێنەکە بگیرێت لەلایەن وێنەگرەکەوە کەچی نەیانزانی لەبڕی وێنەگرتن دەستڕێژی فیشەک دەکرێن، ئیتر ڕۆمانۆڤەکان بە تەقەکردن سزای لە سێدارەدانیان سەپێنرا و لەلایەن هێزەکانی بەلشەڤیکەوە کوژران.

 

پاشماوەکانی ڕۆمانۆڤ:

پاشماوەی خێزانەکە لە ١٩٩١ لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا لە چیاکانی ئۆڕاڵ دۆزرایەوە، دوای تاقیکردنەوەی بۆماوەزانی ناسنامەی نیکۆلاس و ئەلێکساندرا و سێ کچەکەیان پشتڕاست کردەوە.

کەچی پاشماوەی ئەلێکسی و یەکێک لە خوشکەکانی تا ساڵی ٢٠٠٧ بە نهێنی مایەوە کە گۆڕێکی تر لە نزیک گۆڕە بەکۆمەڵە گەورەکە دۆزرایەوە، گۆڕەکە بەشێکی پاشماوەی دوو ئێسکی سوتاوی تێدابوو، کە دواتر بە پشکنینی بۆماوەزانی دیاریکرا هی ئەلێکسی بوو، وە هەروەها هی یەکێک لە خوشکەکانی، کە پێدەچێت ئەناستاسیا یان ماریا بێت.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield