سه‌رده‌می زێڕینی ئیسلامی(1)
بڵاوکردنەوە:
محمد مجید
نووسەر:
Kings and Generals
بینراو:
945
بەش:
مێژوو
له ئێستادا، نزیكه‌ی دوو ملیار باوه‌ڕدار مسوڵمانن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌م ئایینه سه‌ره‌تایه‌كی ساده‌ی هه‌بووه. ئیسلام وه‌كو بزووتنه‌وه‌یه‌كی ئایینی ده‌ستی پێكرد و بووه ده‌وڵه‌تێكی بچووك پاشان بووه ئیمپراتۆریه‌تێك له نیمچه دوورگه‌ی عه‌ره‌بیدا له سه‌ده‌ی حه‌وته‌مدا، پاشان بووه ده‌وڵه‌تێكی بڵاو و فراوانی فره‌ڕه‌گه‌ز و فره‌كه‌لتوور، به‌ڵكو فره‌ئاینیش، كه ئه‌كه‌وته سه‌ر فره‌ڕێی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و كەلتووری له‌نێوان ئه‌وروپا و ئاسیادا.
كه‌واته هیچ سه‌یر نییه كه بیرۆكه‌كان و كه‌لتووره‌كان و خه‌ڵكی له جووڵه‌دابن له‌نێو ئیمپراتۆریه‌تی ئیسلامی، و له‌گه‌ڵ ئایینێك و حكومه‌تێكی به‌خشنده‌دا، ئه‌مه بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه‌پێی ئه‌وترێت "سه‌رده‌می زێڕینی ئیسلامی". ئه‌م زنجیره ڕاپۆرته گفتوگۆی ئه‌و به‌خششانه ئه‌كات كه له‌م ماوه‌یه‌دا پێشكه‌شی مرۆڤایه‌تی كراوه. ماوه‌ی ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه زه‌به‌لاحانه له‌هه‌ریه‌ك له بواره‌كانی زانست و فه‌لسه‌فه و پزیشكیدا؛ سه‌ره‌تا سه‌یری زانسته مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ئه‌كه‌ین، له‌گه‌ڵ ڕاڤه‌كردنی چۆنیه‌تی هه‌بوونی ئه‌م سه‌رده‌مه زێڕینه.
هۆکارێکی سه‌ره‌كی كه ئیمپراتۆریه‌تی ئیسلامی ئه‌م گه‌شه‌سه‌ندنه هزریه‌ی هه‌بوو؛ به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ندێك نائاسایی له‌خودی ئیسلامه‌وه سه‌رچاوه ئه‌گرێت، زۆر شوێن له ده‌قه ئیسلامییه پیرۆزه‌كاندا – قورئانی پیرۆز و فه‌رمووده‌كان – پله‌یه‌كی به‌رز دائه‌نێت بۆ فێركردن و دۆزینه‌وه زانستییه‌كان به چاوپۆشی كردن له سه‌رچاوه‌ی زانیاریه‌كه، زانا مسوڵمانه‌كان فێربوونیان له نووسینی كه‌سانی نامسوڵمان به كێشه‌یه‌كی گه‌وره نه‌ئه‌بینی بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی ژێرخانی زانستی‌یان. زانایه‌كی مسوڵمان به‌ناوی (برهان ا‌لدین) ڕایگه‌یاند كه فێربوون پێویسته بۆ هه‌مووان ته‌شریع بكرێت، بیرۆكه‌یه‌كی نوێ بوو بۆ سه‌رده‌مه‌كانی ناوه‌ڕاست.
مسوڵمانه‌كان ڕێژه‌یه‌كی به‌رزیان هه‌بوو له‌و كه‌سانه‌ی كه خوێندنه‌وه و نووسین ئه‌زانن به‌هۆی دیقه‌ت خستنه سه‌ر زانست له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی كه به‌شێكه له ژیانی باڵا، قوتابخانه‌كان ته‌نها تێگه‌یشتنێكی باش بۆ شیكردنه‌وه و ڕێساكانی ئیسلام بۆ منداڵان ده‌سته‌به‌ر ناكه‌ن به‌ڵكو زانا گه‌نجه‌كانی ڕائه‌كێشا له چین و باكگراوندی جیاجیاوه بۆئه‌وه‌ی پێكه‌وه بیرۆكه بگۆڕنه‌وه، جا ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره و فره‌جۆری وه‌كو ئیمپراتۆریه‌تی ئیسلامی موتوربه‌كردنی زیاتری بیرۆكه‌كان به‌دوای خۆیدا ئه‌هێنێ. دواتر له‌سه‌رده‌می زێڕیندا، ئه‌م پرۆسه‌ی فێركردنه شێوه‌یه‌كی فه‌رمی پێدرا له‌و قوتابخانانه‌ی كه پێی ئه‌وترا "مه‌دره‌سه"، مه‌دره‌سه‌كان له‌هه‌مان كاتدا و له‌نێو هه‌مان باڵه‌خانه‌دا هه‌م مزگه‌وت بوون هه‌میش به‌شی ناوخۆیی و كتێبخانه‌ش بوون، هه‌ندێك له‌م مه‌دره‌سانه دواتر ئه‌بنه یه‌كه‌مین زانكۆكان كه پله‌ی زانستیان ئه‌به‌خشی، هه‌روه‌ها، ئیمپراتۆریه‌تی ئیسلامی به‌شێوه‌یه‌كی گه‌وره پاڵپشتی دارایی كاری زانا و فه‌یله‌سوفه‌كانی ئه‌كرد، ئه‌و بڕه‌ی كه حكومه‌ت له وه‌رگێڕاندا خه‌رجی ئه‌كرد زه‌به‌لاح بوو، پێشبڕكێی بوجه‌ی هه‌ندێك له لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌مان ئه‌كه‌ن.
سیمبوڵی ئه‌م قۆناغه "بیت الحكمة" (خانه‌ی دانایی) بوو له به‌غداد، كتێبخانه‌یه‌كی قه‌به بوو كه ئیمپراتۆری ئیسلامی خه‌لیفه‌ی مسوڵمانان (المنصور) بنیاتی نابوو، خانه‌ی دانایی زۆر بنچینه‌ییه بۆ سه‌رده‌می زێڕینی ئیسلامی، تاوه‌كو ئه‌وه‌ی كه بنیاتنانی وه‌كو سه‌ره‌تای ئه‌م سه‌رده‌مه دائه‌نرێت، و ڕووخانیشی به كۆتاییه‌كه‌ی، یه‌كێك بوو له‌گه‌وره‌ترین لانكه‌كانی جۆره‌ها كتێبی ده‌گمه‌ن، چ فارسی و چ عه‌ره‌بی.
بزوێنه‌ری نێو دڵی ئه‌م گه‌شه‌سه‌ندنه فراوانه له سه‌رده‌می زێڕیندا، جوڵه‌ی وه‌رگێڕان بوو. ئیمپراتۆریه‌تی ئیسلامی له‌زۆرینه‌ی خاكه‌كه‌یدا ڕێژه‌ی %10 یان كه‌متر مسوڵمانی تێدا بوو، و كه‌مێك له‌وڕێژه‌یه به عه‌ره‌بی ئه‌دوان(2)، كاتێك به‌نێو ئیمپراتۆریه‌تی ساسانی‌دا بڵاوه بوو، پۆلێكی گه‌وره له زانای فارسیان دۆزیه‌وه و هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌سه ئه‌كادیمیانه‌ی كه ئیمپراتۆریه‌تی بێزه‌نتیان جێ هێشتبوو، خیلافه‌تیش به‌ستنی به تۆڕێكی فراوان له بازرگانی و زانیاری هه‌روه‌ها زمانی عه‌ره‌بی زیاد كرد بۆ ئه‌م كۆمه‌ڵه زمانه. زۆرینه‌ی زانیارییه‌كان كه دێنه نێو ئیمپراتۆره‌كه‌وه به فارسی، یۆنانی یان عه‌ره‌بی بوون، به‌ڵام ئه‌كرا به لاتینی، چینی یان هه‌ر ژماره زمانێكی نووسراو بوایه له ده‌وروبه‌ری ئه‌ورو-سیای ئه‌وكات.
به‌ره‌وپێشچوونی زانستی له‌لایه‌ك، ئه‌گه‌ر خیلافه‌ت بیه‌وێت وه‌كو ئیمپراتۆریه‌تیه‌ك كاربكات، ئه‌وا پێویستی به سوپایه‌كه له وه‌رگێڕ بۆئه‌وه‌ی لێشاوی زانیاری له به‌رده‌وامیدا بێت، كاتێك به‌غداد كرایه پایته‌ختی نوێی ئیمپراتۆریه‌ته‌كه، كه‌سه باڵاكان له بیرۆكه فارسی و هیلنیستیه‌كانه‌وه(3) ئیلهامیان وه‌رئه‌گرت، ئه‌وه ئاره‌زوویه‌كی ده‌سپێكرد بۆ فێربوونی زیاتر له یۆنانییه كۆنه‌كانه‌وه، له‌سه‌روو ئه‌وه‌شه‌وه، له دوای شه‌ڕی طلاس له‌ساڵی 751، ئیمپراتۆریه‌تیه‌كه چه‌ند دیلێكی چینییان ده‌ستگیر كرد، ئه‌مه ڕه‌نگه له رووداوێكی بێ مانا و بێ بایه‌خ بچێت به‌ڵام ده‌ركه‌وت كه‌یه‌كێكه له‌گرنگترین به‌ره‌و پێشچوونه‌كان چونكه ڕێخۆشكه‌ری جوڵانه‌وه‌ی وه‌رگێڕانه‌كان بوو، و ڕه‌نگیشه ڕێخۆشكه‌ری ته‌واوی سه‌رده‌مه زێڕینه‌كه. ئه‌م دیلانه ئه‌یانزانی كه‌چۆن كاغه‌ز دروست بكه‌ن كه‌ئه‌وه‌ش ئه‌كرێت دروستكردنی كتێب ئاسانتر بكات وه‌ك ئه‌وه‌ی له پێست دروست بكرێت (پێستی گوێرەکە و ئاژەڵانی تر).
یه‌كه‌مین پرۆژه‌ی گرنگ و به‌رچاو بریتی بوو له وه‌رگێڕانی ده‌قه پیرۆزه‌كانی ئیسلام وه‌كو قورئان بۆ چه‌ندان زمان بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئیسلام به‌نێو ئیمپراتۆریه‌تیه‌كه و جیهاندا، له‌وه‌ش زیاتر، كاره كلاسیكییه‌كانی ده‌قه‌كانی یۆنانییه كۆنه‌كان و فارسییه‌كان وه‌رگێڕدرانه سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی، ئه‌و زمانه‌ی كه بووه زمانی هاوبه‌شی نوێ له‌نێو ئیمپراتۆریه‌تیه‌كه‌دا. یه‌ك زمانه‌وانی به‌هره‌مه‌ند به‌دیاریكراوی زیاد له سه‌د كاری وه‌رگێڕا، كه هی نووسه‌ری به‌ناوبانگ بوون وه‌كو گالن (گالینۆس) و هیپۆكره‌یتس (ئه‌بقرات)، له هه‌ندێك حاڵه‌تی وه‌كو ئه‌وه‌ی ئه‌رستۆ وه‌رگێڕانه عه‌ره‌بییه‌كه هۆكاری ئه‌وه‌یه كه ئه‌و به‌رهه‌مانه تاكو ڕۆژگاری ئێستامان ماون و پارێزراون. هه‌ندێك شوێنی وه‌ك خانه‌ی دانایی به‌شێكی واڵای هه‌بوو تایبه‌ت به وه‌رگێڕان، كه كه‌سانی تایبه‌تمه‌ند و به‌ئه‌زموونی تێدا بوو كه له ئاماده‌باشیدا بوون بۆ وه‌رگێڕانی هه‌ر پارچه‌یه‌ك، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندانه له ته‌واوی ئیمپراتۆریه‌تییه‌كه‌وه هاتبوون، و زۆرێكیان زه‌رده‌شتی و نه‌سڕانی بوون كه له‌گه‌ڵ مسوڵمانه‌كاندا كاریان ئه‌كرد. هه‌ر كه به‌رهه‌مێك وه‌رگێڕانی ته‌واو ئه‌بوو، چه‌ند كۆپییه‌كیان لێی ئه‌نووسیه‌وه بۆ بڵاوكردنه‌وه، به‌ده‌ستی كوتتاب(4)ـی خه‌تخۆش. ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه ئه‌و كاره بوو كه سه‌رچاوه ئه‌ده‌بییه ئه‌وروپیه‌كانی له له‌ناوچوون پاراست.
دوای لێبوونه‌وه له‌و بابه‌ته، ئێستا ئه‌توانین سه‌یرێكی زانسته كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆییه‌كان بكه‌ین كه له سه‌رده‌مه‌كانی ناوه‌ڕاستدا ته‌نها پێی ئه‌وترا فه‌لسه‌فه، زانسته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان زۆر دوور بوون له دروستبوون و به‌فه‌رمی بوون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، پیاوێك به‌ناوی (ئیبن خه‌لدوون) كه له ماوه‌ی سه‌رده‌می زێڕینی ئیسلامدا ژیاوه زۆرجار به دامه‌زرێنه‌ری زۆرێك له زانسته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان دائه‌نرێت، وه‌كو دیمۆگرافی، ئابووری، زانستی لێكۆڵینه‌وه له‌كاری مێژوونووسان و كۆمه‌ڵناسی، (ئیبن خه‌لدوون) زانایه‌كی تونسی بوو له چینی باڵا. به‌هۆی باری خێزانه‌كه‌یه‌وه، باشترین فێربوونی كلاسیكی ئیسلامی وه‌رگرتبوو. فێربوونه‌كانیشی بریتی بوون له عه‌ره‌بی، قورئان، فه‌رمووده‌ناسی، یاسا و فیقهـ ، هه‌روه‌ها به‌سه‌ركه‌وتووی چووه ژێر ئه‌ركی بوون به حافیز، كه‌ئه‌وه‌ش پرۆسه‌یه‌كی قورسه كه كه‌مینه‌یه‌ك له مسوڵمانان ئه‌یگرنه به‌ر بۆ له‌به‌ركردنی هه‌موو قورئان(5). له‌سه‌رووی ئه‌م فێربوونانه‌وه، (ئیبن خه‌لدوون) فێری بیركاری، فه‌لسه‌فه و لۆژیكه كلاسیكیه‌كان بوو. به‌ڵام (ئیبن خه‌لدوون) ده‌ستی نه‌كرد به‌و هه‌موو به‌رهه‌مانه‌ی له زانسته‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا پێش ئه‌وه‌ی ژیانێكی پیشه‌یی سه‌ركه‌وتووی ته‌واو نه‌كرد وه‌كو سیاسه‌تمه‌دارێك له ماوه‌یه‌كی ته‌واو ناجێگیری تونس‌دا. له‌دوا ساڵه‌كانی ژیانیدا، ژیاننامه‌ی خۆی نووسیه‌وه، هه‌روه‌ها كتێبێكی مێژووی جیهان به‌ناوی (كتاب العبر) یاخود "كتێبی وانه و په‌نده‌كان"، تا ئه‌مڕۆ، ئه‌و به‌شانه‌ی كتێبه‌كه كه باسی مێژووی به‌ربه‌ره‌كان له باكووری ئه‌فریقیا ئه‌كات هێشتا به‌كاردێت وه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌ك، له‌م كتێبه‌یدا، باسی دوو شێوازی ژیان ئه‌كات، كه هه‌ردووكیان به‌ربڵاوبوون له باكووری ئه‌فریقیا له‌و كاته‌دا. ئه‌وانه‌ش بریتی بوون له خه‌ڵكانی ڕه‌وه‌ند (دەشتەکی/خێڵەکی/به‌ده‌وی) و شارنشین، ده‌رباره‌ی كاریگه‌ری داگیركردنی شارێك له‌سه‌ر دانیشتووانه‌كه‌ی له كتێبه‌كه‌یدا نووسیویه‌تی. هه‌ردووكی بنچینه‌ی گرتووه له‌سه‌ر بیرۆكه و چه‌مكێكی سه‌ره‌كی به‌ناوی "العصبیة" یان یه‌كبوون و پێكه‌وه‌بوونی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌مه ڕه‌نگه زۆر سه‌ره‌تایی ده‌ركه‌وێت، به‌ڵام به یه‌كێك له كاره یه‌كه‌مینه‌كان دائه‌نرێت له بواری لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی. و له‌كاتی شیكردنه‌وه‌ی ئه‌م چه‌مكه، باسی ئه‌و هۆکارە كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی كرد كه ئه‌بێته هۆی جیاوازی و دووبه‌ره‌كی ئابووری، ڕامیاری و ته‌نانه‌ت جیاوازی سایكۆلۆژی له كلتوره‌كاندا. ئه‌م جۆره كارانه به‌ره‌وپێشچوونێكی جددی زانستی به‌خۆوه نه‌بینی تاكو سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م. له‌كاتی گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ی ئابووری، وا ده‌ره‌كه‌وێت كه (ئیبن خه‌لدوون) به‌رپرسه له به‌ره‌وپێش بردنی بیردۆزی (نرخی كار)، كه بیرۆكه‌یه‌كی بنچینه‌یی ئابوریه ته‌نانه‌ت بۆ ئێستاش. هه‌ندێك بیرۆكه‌ی وه‌كو گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری، باجدان و هه‌روه‌ها GDP (كۆی به‌رهه‌می ناوخۆیی) چه‌نه‌ها سه‌ده له‌پێش كاتی خۆیه‌وه بوو، ئه‌گه‌ر هه‌زاره‌یه‌ك له‌پێش نه‌بووبێت، له‌كۆتایشدا، (ئیبن خه‌لدوون) جیاكاریه‌كی توندی كرد له‌نێوان ئه‌وه‌ی كه خۆی ناوی نا زانسته نائایینیه‌كان و زانسته ئایینیه‌كان، ئه‌وه هه‌وڵێك بوو بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی دیبه‌یت و گفتوگۆیه‌كی دیار له‌نێوان ئه‌وانه‌ی كه ئه‌یانویست دیقه‌ت بخه‌نه سه‌ر زانست و فه‌لسه‌فه، و ئه‌و زانایانه‌ی كه بانگه‌وازیان ئه‌كرد بۆ تێگه‌یشتنێكی سۆفی و ڕۆحانی بۆ ئایینزانی ئیسلامی.
هه‌رچه‌نده زانسته مرۆییه‌كان دره‌وشایه‌وه، زۆرینه‌ی ئه‌و دره‌وشانه‌وه‌یه له بواری فه‌لسه‌فه‌دا بوو. فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامی له‌م سه‌رده‌مه‌دا سه‌ر به یه‌كێك بوو له دوو ته‌وژم. یه‌كه‌میان "كه‌لام" بوو كه زیاتر دیقه‌تی ئه‌خسته سه‌ر ئه‌و پرسیارانه‌ی كه په‌یوه‌ندی هه‌بوو به ئایینزانیه‌وه. ئه‌مه گفتوگۆی ده‌رباره‌ی ویستی ئازاد و عه‌قڵانیه‌تی هێنایه ئاراوه. گروپێك هه‌بوون كه به‌توندی ده‌ستی گرتبوو به عه‌قڵانیه‌ته‌وه وه‌كو ڕێگا دروسته‌كه بۆ تێگه‌شتن له پرسیاره‌كانی ده‌رباره‌ی ئایینزانی، ئه‌وانیش "موعته‌زیله" بوون. ئه‌وانیش لای خۆیانه‌وه دیبه‌یتیان ئه‌كرد له‌گه‌ڵ هه‌ر قوتابخانه‌یه‌كی تر وه‌كو "ماتوریدی"، كه ئه‌وان فه‌رمووده‌یان نه‌ئه‌بینی وه‌كو ده‌قانێك كه پشتی پێببه‌سترێت له‌كاتی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ عه‌قڵ، و به‌شێوه‌یه‌كی زۆر توند باوه‌ڕیان به ویستی ئازاد هه‌بوو. قوتابخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی دیكه‌ی ئایینزانی "ئه‌شعه‌ریه‌ت" بوو، كه بیرۆكه‌ی ئه‌مان ده‌رباره‌ی ویستی ئازاد سنووردار بوو بۆ دیاریكردنی چه‌ند ئه‌گه‌رێك كه پێشوه‌خته بۆت دیاریكراوه له‌لایه‌ن خودایه‌كی ته‌واو زاناوه. زۆرێك له‌و لۆژیك و گفتوگۆیانه‌ی ئه‌م ته‌وژمه هه‌یانبوو ئاماژه‌یه‌ك بوو بۆ كاریگه‌ری زۆریان به فه‌یله‌سوفه یۆنانییه‌كان. ئاینزانێكی كوردی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست (ئیبن ته‌یمیه)، ته‌نانه‌ت زۆرێك له‌م گفتوگۆیانه‌ی وه‌سف كردبوو وه‌كو چاره‌سه‌ری یۆنانی بۆ كێشه‌گه‌لێكی یۆنانی كه هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تدا نه‌ئه‌بوو مسوڵمانانی سه‌رقاڵ كردبا. ڕه‌خنه‌كانی (ئیبن ته‌یمیه) ئاماژه‌یه بۆ ڕایه‌كی تری دیاری ئایینزانی له فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامی‌دا. هه‌موو ئه‌م قوتابخانانه ئه‌قڵیان به‌كارئه‌هێنا بۆ مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵ ئیسلامدا، به‌م شێوه‌یه‌ش، ته‌فسیرات و ڕاڤه حه‌رفییه‌كان ڕه‌تكرانه‌وه.(6) ئه‌م كاره‌ش به‌بێ به‌ره‌نگاری تێنه‌په‌ڕی له‌لایه‌ن هه‌ندێك زانای تره‌وه، كه نیگه‌رانی ئه‌وه بوون ئه‌م جۆره بیركردنه‌وانه ئاڵه‌نگاری جێ و پله‌ی ئه‌مان بكات له كۆمه‌ڵه‌گادا (7). هه‌رچۆنێك بێت، ئه‌وانه‌ی ماونه‌ته‌وه له زانایانی ئه‌هلی كه‌لام هێشتا ئاماده‌بوونێكی دیاریان هه‌یه له ئیسلامدا تاكو ئه‌مڕۆ. "كه‌لام" ئێستا وشه‌یه‌كی هاوواتایه بۆ ئایینزانی، هه‌روه‌ها ئایینزانی ئیسلامی هێشتا بوارێكی زۆر ئه‌كادیمییه.
دووه‌م گه‌وره قوتابخانه‌كه‌ی تری فه‌لسه‌فه ڕه‌نگه ئه‌مڕۆ ئێمه ئاسانتر به "فه‌لسه‌فه" بیناسینه‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌وكاتیش وشه‌ی philosophyـیان له یۆنانییه‌وه وه‌رگرت و ئه‌م قوتابخانه‌یان ناونا "فه‌لسه‌فه". ئه‌م قوتابخانه‌ش بریتی بوو له‌و زانایانه‌ی كه گفتوگۆی كاره‌كانی (ئه‌رستۆ)، (فیثاگۆرس) و (ئه‌فڵاتۆن)ـیان ئه‌كرد و له‌سه‌ری بیرۆكه‌یان بنیات ئه‌نا، و ژماره‌یه‌كی زه‌به‌لاح فێرکاری و ده‌قی فه‌لسه‌فه‌ییان بڵاوئه‌كرده‌وه. هه‌ندێك له‌م زانایانه به‌رپرسیارن له پێشكه‌ش كردنی بیرۆكه‌كانی خۆیان، هه‌روه‌ها بیرۆكه‌كانی یۆنانی و هیندۆس و نه‌سڕانییه ڕۆژئاواییه‌كانیش. ئه‌م زانین گواستنه‌وه‌یه یه‌كێكه له سه‌ره‌كیترین ئه‌و هۆیانه‌ی كه (ئه‌رستۆ) له دواتردا ڕۆڵێكی زۆر گه‌وره ئه‌بینێت له ئایینزانی نه‌سڕانیه‌ت. فه‌یله‌سوفێك، (ئیبن سینا)، زانایه‌كی تازه‌گه‌ر بوو له جیهانی گه‌وره‌ی مێتافیزیك. مێتافیزیك ئه‌و به‌شه‌ی فه‌لسه‌فه‌یه كه هه‌وڵ ئه‌دات له بنچینه‌كانی دنیا تێبگات – لێكۆڵینه‌وه له شته‌كان، سیفه‌ته‌كان و هه‌بوونی خوودی شته‌كان. یه‌كێك له دابه‌شبوونه سه‌ره‌كییه‌كان كه كاتێك دێینه سه‌رباسی فه‌یله‌سوفه یۆنانییه دیاره‌كانی وه‌كو (ئه‌رستۆ) و (ئه‌فڵاتۆن)، گفتوگۆیه ده‌رباره‌ی شێوه‌كان. شێوه، یان گه‌وهه‌ر (ناوخن) ـی شتێك، ئه‌وه‌یه كه وا له هه‌ر شتێك ئه‌كات كه جیاواز بێت له‌ڕووی خودێتیه‌وه، شێوه‌ی، گێڕانه‌وه‌ی ڕووناكی، و له‌و نموونانه. سێگۆشه سێگۆشه‌یه له‌به‌ره‌وه‌ی سێ لای هه‌یه، ئه‌مه وه‌كو نموونه‌یه‌كی بنچینه‌یی. (ئه‌فڵاتۆن) باوه‌ڕی وابوو كه هه‌موو شته‌كان، ته‌نانه‌ت ته‌نه بێخەوشەکان بوونیان هه‌یه له جیهانێكی شێوه‌دا، له‌و شوێنه‌ی كه بیرۆكه‌ی كامڵی شته‌كه بوونی هه‌یه. ئه‌وه‌ی ئێمه ئه‌یبینین ته‌نها سێبه‌رێكی ئه‌و شته‌یه. (ئه‌رستۆ) ئه‌م بیرۆكه‌ی ڕه‌ت كرده‌وه، بڕوای وابوو كه شێوه‌ی ته‌نه‌كان له‌م جیهانه‌دا بوونیان هه‌یه، به‌وشێوه‌ش، هه‌موو ته‌نه‌كان پێكهاتوون له هه‌ریه‌كه له ته‌نه‌كه و شێوه‌كه‌ی. (ئیبن سینا) ویستی ئه‌م دوو بیرۆكه‌یه موتربه پێبكات له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌ی له ڕۆح هه‌روه‌ها بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی كه ڕۆح بوونی هه‌یه. ئه‌وه‌شی ئه‌نجامدا به تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی هزریی. ئه‌وه‌ش تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی به‌ناوبانگه له مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا، "پیاوه سه‌رئاو كه‌وتووه‌كه". له‌م تاقیكردنه‌وه‌دا، ئه‌یویست خه‌یاڵی پیاوێك بكات كه به‌ئازادی له هه‌ودا ئه‌كه‌وێته خواره‌وه، و توانای ئه‌وه‌ی نییه شتی تر ببینێت. به گه‌ڕانه‌وه بۆ خود، مرۆڤ هێشتا ئه‌توانێت ئه‌زموونی هه‌بوون و هۆشی خۆی بكات. (ئیبن سینا) باوه‌ڕی وابوو كه ئه‌مه به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه ڕۆح بوونی هه‌یه، شتێكی ناوه‌كیی نا-مادده‌یی، كه هه‌ردوو خه‌سڵه‌ته ده‌ره‌كییه‌كه ده‌رئه‌خات (مادده و شێوه)، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستێكی تره، وه‌كو هه‌وڵێك بۆ تێكه‌ڵ كردنی دوو بیرۆكه‌كه. ئه‌م بیرۆكه‌یه زۆر زۆر هاوشێوه‌ی خاڵی به‌ناوبانگی ده‌سپێكی (دیكارت)ـه، كه چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك دواتر به‌ناوبانگ ئه‌بێت به‌و دێڕه‌ی كه ئه‌ڵێت: (cogito ergo sum)، (من بیر ئه‌كه‌مه‌وه كه‌واته من هه‌م).
له جیهانی "بیردۆزی زانیندا"، كاره فه‌لسه‌فییه‌كان ده‌رباره‌ی تێگه‌یشتن له زانین، فێربوون و تێگه‌یشتن، فه‌یله‌سوفه‌كان كاریان ئه‌كرد بۆ تێگه‌یشتن له هزری مرۆڤ. ئەم بیردۆزە ناسراویشە به "خۆفێركردن"، فه‌یله‌سوفی عه‌ره‌ب (ئیبن نه‌فیس)، بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌و بیرۆكه‌ی كه كه‌سێك چۆن فێربێت به‌بێ یارمه‌تی هیچ كه‌سێكی تر، ڕۆمانێكی فه‌لسه‌فی نووسی به‌ناوی "خود ئایینزانی"(8). ئه‌م ڕۆمانه له زۆر ڕووه‌وه یه‌كه‌مین بوو، و بوو به بنه‌ما بۆ زۆرێك له‌كاره ئه‌ده‌بییه بنچینه‌ییه‌كان. یه‌كێك بوو له یه‌كه‌مین ڕۆمانی عه‌ره‌بی كه هه‌رگیز نووسرابێت. چیرۆكێكی پێگه‌یشتنی هه‌بوو(9) به‌ماوه‌یه‌كی زۆر پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م جۆره چیرۆكه ببێته شێوازێكی به‌ناوبانگ. ڕووداوه‌كانی له‌سه‌ر دوورگه‌یه‌كی بیابانی بوون، كه ڕه‌نگه یه‌كێك بێت له‌یه‌كه‌مین نموونه‌كان. ته‌نانه‌ت ڕه‌هه‌ندی كۆتایی جیهانی تێدا بوو، هه‌روه‌ها ڕوونكردنه‌وه‌ی ڕۆژی دوایی له‌ڕووی فه‌له‌كناسی، زینده‌زانی و ئاینزانی. كه ئه‌مه‌ش وای له‌هه‌ندێك مێژوونووس كردووه ئه‌م كاره دابنێن به سه‌ره‌تاییترین بیرۆكه كه له‌داهاتوودا ئه‌بێته چیرۆكی خه‌یاڵی زانستی. خودی ڕۆمانه‌كه‌ش باسی كوڕێك ئه‌كات كه به‌شێوه‌یه‌كی هه‌روایی له‌سه‌ر دوورگه‌یه‌كی بیابانی دێته ژیان، كه چه‌ند بێزراوێك ئه‌بینێت كه كاریان گه‌شتووه‌ته ماڵه‌كه‌ی ئه‌م. (ئیبن نه‌فیس) كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی (كامیل)ـی به‌شێوه‌یه‌ك بنیات ناوه وه‌كو كاغه‌زێكی سپی كه هه‌وڵ ئه‌دات له جیهان تێبگات. ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌یه كه چۆن كه‌سێك كه هیچی فێرنه‌كرابێ زه‌روریه‌تی هه‌بوونی خودا، ئیسلام و عه‌قڵانیه‌تی بۆ ده‌ره‌كه‌وێت. پاشان كاره‌كته‌ره‌كه ئه‌زموونی زانست و فه‌لسه‌فه ئه‌كات. ڕۆمانه‌كه زۆر چێژبه‌خش نییه، به‌ڵام وه‌كو وتارێك بوو بۆ دركاندنی چه‌ندین بیرۆكه‌ی جیاواز ده‌رباره‌ی جیهان كه (ئیبن نه‌فیس) ئه‌یانیزانی وه‌كو زانایه‌كی ئینسایكلۆپیدی. ئه‌م ڕۆمانه وه‌ڵامێك بوو بۆ كتێبی "دوورگه‌ی بیابان" ناسراو به "حه‌ی ئیبن یه‌قزان"، كه ئه‌ویش خۆی وه‌ڵامێك بوو بۆ كتێبی "تهافت الفلاسفة" (داڕووخانی فه‌یله‌سوفه‌كان)(10). ئه‌و كتێبانه گرنگیان ئه‌دا به ئه‌وه‌ی كه ئاخۆ كامه ڕووه‌ی بیرۆكه هزریه‌كان یاخود باوه‌ڕه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی فیتره‌تی له هزری مرۆڤه‌وه هاتووه، و كامانه به فێربوون هاتووه(11). "خود ئایینزانی" و "حه‌ی ئیبن یه‌قزان" هه‌ردووكیان باسی منداڵی ده‌شتی ئه‌كه‌ن كه بیرۆكه‌ی جیاواز ئه‌دۆزنه‌وه. ئه‌م فه‌یله‌سوفانه كاریگه‌ریه‌كی زه‌به‌لاحیان ئه‌بێت له‌سه‌ر فه‌یله‌سوفه‌كانی دوای خۆیان بۆ چه‌ندین سه‌ده. (ئیبن سینا) كه پێشتر باسكرا زۆرجار له ڕۆژئاوا به "ئه‌ڤی سیننا" ئه‌ناسرێت، یه‌كێكه له مه‌زنه‌كان."Averroes" یاخود (ئیبن ڕوشد) ، هه‌روه‌ها (فاڕابی)، (غه‌ززالی) و (كیندی) هه‌موویان به‌شێكن له ڕێزدارترین فه‌یله‌سوفه‌كان له مێژووی هزردا. كاره‌كانیان كاریگه‌ری خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه نه‌سڕانییه ڕۆژئاواییه‌كان چۆن له خودا تێئه‌گه‌ن و د‌رك به‌خودا ئه‌كه‌ن. و ئه‌و شێوازانه‌ی كه ئه‌وان به‌دوای بوونی خودادا ئه‌گه‌ڕان، هه‌روه‌ها ئه‌و بیرۆكانه‌ی كه په‌یوه‌ندی به ڕۆحه‌وه هه‌یه، پرۆژه‌كانی وه‌رگێڕان كاره فه‌لسه‌فه‌ییه یۆنانی و ڕۆمانییه‌كانی هێنا بۆ ڕۆژئاوا، كه ئه‌گه‌ر وانه‌با هه‌رگیز نه‌ئه‌پارێزران. كارێكی قورسه بیر له شارستانیه‌تی ڕۆژئاوا بكرێته‌وه به‌بێ ئه‌و به‌شداریانه‌ی كه فه‌یله‌سوفه موسڵمانه‌كانی سه‌رده‌می زێڕینی ئیسلامی كردوویانه. ئێمه‌ش له‌م ڕاپۆرته‌دا ته‌نها ڕووی ئه‌و سه‌رده‌مه‌مان كڕاند به‌باسی فه‌لسه‌فه. له ڕاپۆرتی داهاتووی زنجیره‌كه‌دا، ته‌ماشای ئه‌و شوێن و بوارانه‌ی تر ئه‌كه‌ین كه سه‌رده‌می زێڕینی ئیسلامی جیهانی پێ گۆڕیوه. جاری داهاتوو، سه‌یری زانست ئه‌كه‌ین، هه‌روه‌ها بیركاری، پاشان پزیشكی و ته‌ندروستی، پاشان داهێنان و ئه‌ندازیاری سه‌رده‌می زێڕینی ئیسلامی، و چه‌ندین داهێنانی ته‌كنه‌لۆجی.
کۆتایی بەشی یەکەم
تێبینییەکانی وەرگێڕ:
١) ئه‌م بابه‌ته له سه‌رچاوه‌یه‌كی ڕۆژئاواییه‌وه وه‌رگێڕدراوه (چەناڵی یوتیوبی Kings and Generals)، بۆیه پێویسته ئه‌وه لای خوێنه‌ر ڕوون بێت كه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌شی له دیدگا و بۆچوونێكی ڕۆژئاواییه‌وه‌یه، ڕه‌نگه د‌رك به چه‌ند شتێك بكرێت كه به "دروست" له قه‌ڵه‌م نه‌درێت ئه‌وه‌ش زۆر ئاساییه چونكه هه‌ر وایه، چه‌ند شتێكی "نادروست"ـی تێدایه كه هۆكاری دروستبوونی، دیدگای نووسه‌رانی بابه‌ته‌كه‌یه، كه له دیدگایه‌كی ده‌ره‌وه نووسراوه، چ له ڕووی ئایینی چ جوگرافی چ كات، كه دۆخی سه‌رده‌می ڕووداوه‌كان ڕه‌چاو نه‌كراوه و هیچ گرنگی به ڕای مسوڵمانه‌كان نه‌دراوه ده‌رباره‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه و ئه‌و پارامیته‌رانه‌ی كه بابه‌ته‌كه‌ی پێ پێوراوه پێوه‌رێكی ڕۆژئاواییه كه ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه دادپه‌روه‌ری نه‌بێ چونكه كه‌س ناتوانێت به پێوه‌ری سه‌رده‌م و خه‌ڵكانێك (كه ڕۆژئاواییه‌كی مۆدێرنه) سه‌رده‌م و خه‌ڵكانێكی تر بپێوێت. هه‌ر له ناونیشانی بابه‌ته‌كه‌وه كه ئه‌مه ناونیشانێكی زۆر گونجاوه له‌بری "سه‌رده‌می زێڕینی ئیسلام"؛ مانایه‌كی دروستی هه‌یه چونكه سه‌رده‌مێكی "زێڕین" بوو له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا و له كه‌شێكی ئیسلامی‌دا جێی گرتوه، نه‌وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێی ئه‌وكات ئیسلام وه‌كو ئایین له لوتكه‌دا بووه، خودی وشه‌ی زێڕینیش له‌لایه‌ن چه‌ندین زاناوه جێگه‌ی ڕه‌خنه بووه چونكه پێیان وابووه ئه‌و سه‌رده‌مه چه‌ندین ڕا و بۆچوونی جیا و دوور وه‌كو ئه‌وه‌ی یۆنانییه‌كان هاتووه‌ته نێو ئیسلامه‌وه و كاریگه‌ری خستووه‌ته سه‌ر ناوه‌ڕۆكی ئاینه‌كه كه خۆی ئه‌بوو ته‌نها دیوه زانستیه‌كه‌ی ئه‌و ڕا و بۆچوونانه وه‌رگیرابا نه‌وه‌ك ئایین، هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا زانایانی ئایینی ئیسلام تووشی ئه‌شكه‌نجه و گرتن و كوشتن ئه‌بوونه‌وه، به‌ڵام هیوادارم ناونیشانه‌كه ئه‌و كێشه‌یشی چاره‌سه‌ر كردبێت و هه‌ندێك كاری قێزه‌ونی هه‌ندێك له سه‌ركرده و خه‌لیفه‌كانم (وه‌كو مه‌ئمون) به "زێڕین" له قه‌ڵه‌م نه‌دابێت...
٢) به پێچه‌وانه‌وه ڕێژه‌ی مسوڵمانه‌كان زۆر زیاتر بوو، به‌ڵكو زۆرینه‌ش بوو، و به‌دڵنیاییه‌وه زمانی عه‌ره‌بی زمانی زۆرینه بوو نه‌ك ته‌نها له‌نێو مسوڵماناندا به‌ڵكو له‌نێو ئه‌وانه‌شی كه مسوڵمان نه‌بوون.
٣) هیلینستی ماوه‌ی دوای مردنی (ئه‌سكه‌نده‌ری گه‌وره) 323 پێش زایین، تاكو دروست بوونی ئیمپراتۆریه‌تی ڕۆمانی 31 پێش زایین ئه‌گرێته‌وه.
٤) (كُتّاب) \كوتتاب\ كۆی وشه‌ی (نووسه‌ر)ـه، و ئه‌شوترێت كه وشه‌ی "قوتابی" كوردی له‌م وشه عه‌ره‌بیه‌وه هاتووه.
٥) ڕێژه‌ی ئه‌وانه‌ی كه هه‌موو قورئانی پیرۆزیان له‌به‌ره كه‌م نییه، به‌تایبه‌تی له‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌وكات، چونكه قورئان وه‌كو بنچینه‌یه‌ك بووه بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه ده‌ستیان كردووه به خوێندن، و له ئێستاشدا ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی كه هه‌موو قورئانیان له‌به‌ره ده‌یان ملیۆنه.
٦) هیچ سه‌رده‌م و كاتێك نه‌بووه ته‌فسیراتی حه‌رفی ڕه‌ت كرابێته‌وه و بگره هه‌رده‌م به‌هێزیش بووه، به‌ڵگه‌یه‌كی ڕوونیش ئه‌وه‌یه كه زۆرینه‌ی ڕه‌های مسوڵمانانی ئه‌م سه‌رده‌مه له‌سه‌ر فیقهـ و شه‌ریعه‌تێك ئه‌ڕۆن كه پشتی به ته‌فسیری حه‌رفی به‌ستووه، ئیتر سه‌ر به هه‌ریه‌كێك له مه‌زهه‌به‌كان بێت وه‌كو مه‌زهه‌به‌كانی (ئیمامی ئه‌حمه‌د، ئه‌بو حه‌نیفه، شافیعی، مالیك).
٧) ئه‌مه قسه‌یه‌كی ته‌واو نادادپه‌روه‌ریه چونكه هه‌ركه‌سێك ئه‌توانێت پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه بڵێت، كه بۆنموونه ئه‌وانه‌ی ڕای به‌رامبه‌ر هه‌وڵی كورسی و ده‌سه‌ڵاتیان داوه.
٨) له رۆژئاوا به‌م ناوه به‌ناوبانگ بوو، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا ناوی (په‌یامی كامیل ـی له ژیاننامه‌ی پێغه‌مبه‌ردا) بوو. به‌عه‌ره‌بی (الرسالة الكاملية في السيرة النبوية).
٩) ئه‌و جۆره چیرۆكه‌ی كه كاره‌كته‌ره‌كه‌ی ته‌مه‌نی گه‌وره ئه‌بێت و شتی زیاتر فێر ئه‌بێت.
١٠) هیچ زانیاریه‌ك نییه كه ئه‌م كتێبانه به‌دیاریكراوی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی كتێبێك دانرابێت.
١١) له ڕاستیدا نووسه‌ری كتێبی (داڕووخانی فه‌یله‌سووفه‌كان) ئه‌مه ئه‌و كێشه نه‌بووه كه ئه‌و باسی كردووه و هه‌وڵی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داوه.
بابەتی هاوشێوە
زۆرترین بینراو
developed by Scorpion shield