شه‌ڕی په‌له‌وشك
بڵاوکردنەوە:
محمد مجید
نووسەر:
حمید مجید جوامێر
بینراو:
895
بەش:
مێژوو
له‌باره‌ی شێخ مه‌حمودی نه‌مره‌وه زۆر شت نووسراوه، ئاماژه به زۆر شه‌ڕی له ناوچه جیاجیاكاندا كراوه، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر گرتن و زیندانیكردن و دوورخستنه‌وه‌ی له نیشتمان زۆر شت وتراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌وانه‌یه هێشتا شتی‌تر مابێت له‌باره‌ی ئه‌و مرۆڤه مه‌زنه‌ی مێژووی كورد نه‌وترابێ! یه‌كێك له‌و شه‌ڕانه‌ی كه له‌باره‌یه‌وه كه‌متری له‌سه‌ر وتراوه شه‌ڕی په‌له‌وشكه.
په‌له‌وشك كۆن دێیه‌كی بچكۆلانه‌ی سه‌ربه ناحیه‌ی سه‌رقه‌ڵای جاران بوو، دوای دروستكردنی ناحیه‌ی تیله‌كۆ له‌ڕووی كارگێڕییه‌وه خرایه‌سه‌ر ئه‌و ناحیه‌یه، ئێستاش سه‌ربه ناحیه‌ی رزگارییه.
په‌له‌وشك له زه‌وییه‌كی ته‌ختدایه، ده‌وروبه‌ری گردۆڵكه‌یه و خڕی هه‌واسه‌لی به‌به‌رده‌میدا تێده‌په‌ڕێ. خه‌ڵكه‌كه‌ی سه‌ربه تیره‌ی رۆغزایی جافن، به كاری ئاژه‌ڵداری و كشتوكاڵه‌وه سه‌رقاڵبوون، له‌شاره‌وه دووربوون.
قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی بۆ نووسیوه كه‌وا ساڵی 1941 ناوی بچێته لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی شه‌ڕ و شۆڕشی كوردایه‌تییه‌وه له‌ڕۆژگارێكدا كه حكومه‌ت نه‌یده‌هێشت كه‌س وه‌كو كورد بیربكاته‌وه، هه‌ر جموجۆڵێك به لادان و دژایه‌تیكردنی ده‌سه‌ڵات له‌قه‌ڵه‌مده‌درا. ئه‌وه ته‌نیا خه‌ڵكه كوردپه‌روه‌ر و خاوه‌ن هه‌ڵوێست و مێشكڕۆشنه‌كان بوون هه‌ڵوه‌دای رزگاری و دواڕۆژی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بوون كه چاویان له نه‌ته‌وه‌كانیتری ده‌وروبه‌ر بوو به مافه‌كانی چاره‌نووسیان گه‌یشتبوون، ته‌نیا كورد له پارچه زه‌وییه‌كدا كه هی خۆشیه‌تی جێگه‌ی ناكرێته‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه په‌لامار ده‌درێ و خوێنی ده‌ڕێژرێ.
یه‌كێك له‌و كه‌ڵه پیاوانه‌ی ته‌مه‌نی خۆی بۆ دواڕۆژی كورد ته‌رخانكرد و له‌وڕێگایه‌شدا ئازار و ده‌ربه‌دری فره‌ی چه‌شت ئه‌ویش شێخ مه‌حمودی مه‌لیكی كوردستانه، كه له‌سه‌رده‌مێكدا خه‌باتیكردووه جیهان له كێبڕكێی شه‌ڕه گه‌وره‌كاندا بووه بۆ دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان. شێخ ده‌یویست پێگه‌یه‌ك بۆ كورد دروستبێت، به‌ڵام زلهێزه‌كان نه‌یانده‌ویست، له‌وانه‌شه جۆری بیركردنه‌وه و هه‌ڵوێست و پێگه‌ی شێخ كاریگه‌ری هه‌بووبێ.
عوسمانییه‌كان ته‌نیا بۆ مه‌رامی خۆیان ویستوویانه شێخ له به‌ره‌ی ئه‌وان دوورنه‌كه‌وێته‌وه و دژی ئینگلیزه‌كان بێت، ئینگلیزه‌كانیش به‌هه‌مان شێوه له‌گه‌ڵ شێخدا راستگۆ نه‌بوون؛ بۆیه شێخ زۆر بڕوای به ئینگلیز نه‌بووه و ته‌نانه‌ت به‌شداریی له شه‌ڕی شوعه‌یبه‌دا كردووه، كه ئه‌مه‌ش كاریگه‌رێتیی له‌سه‌ر دروستكردووه و رووی لێوه‌ربگێڕن.
شێخ ویستوویه‌تی شتێك بۆ كورد بكرێ، په‌نای بۆ هه‌موو لایه‌ك بردووه، ته‌نانه‌ت روویكردووه‌ته لای یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت و نامه‌ی بۆ لینین نووسیوه، به‌ڵام به هۆكاری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی سۆڤیه‌ت له‌گه‌ڵ رژێمی ئه‌تاتورك وه‌ڵامنادرێته‌وه و هه‌وڵه‌كه‌ی شكست ده‌هێنێ.
ئه‌و رۆژگارێك تێده‌گات كه كه‌ركوك له‌ڕووی سیاسییه‌وه گرنگیی خۆی هه‌یه؛ بۆیه ده‌یه‌وێ له‌گه‌رمیانه‌وه كه نزیكترین شوێنه بۆ گه‌یشتنه كه‌ركوك ده‌ستی بگاته ئه‌وێ، به‌ڵام له ئاوباریكی بناری گل تووشی شه‌ڕێكی نابه‌رانبه‌ر ده‌بێ و به‌ناچاریی ده‌كشێته‌وه.
ژیانی سیاسیی شێخ مه‌حمود هه‌ڵبه‌زودابه‌زی تیابووه، رۆژێك ده‌ستیداوه‌ته چه‌ك و په‌لاماری دوژمنی داوه، رۆژێكی ئاواره‌یی هه‌ڵبژاردووه. له‌شه‌ڕێكدا ده‌ستگیرده‌كرێ و دووره‌وڵات ده‌خرێت و دواتر ده‌هێنرێته‌وه و حوكمڕانییه‌كی بۆ دروستده‌كرێ و ئه‌وه‌ش تێكده‌درێ، دوژمنانی كورد زۆر داخ له‌دڵبوون به‌رامبه‌ری ته‌نانه‌ت له‌هێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌یدا بۆ سلێمانی ته‌قه له ته‌رمه‌كه‌ی و خه‌ڵكه‌كه‌ش ده‌كه‌ن.
هه‌موو حوكمڕانێك بێكه‌موكوڕی نابێت، حوكمڕانیی شێخ‌یش هه‌روابووه، له‌وانه‌یه جۆره درێغییه‌ك له بیركردنه‌وه و تێگه‌یشتنی شێخ له‌ڕووی سیاسییه‌وه هه‌بێت، هه‌روا ده‌وروبه‌ره‌كه‌یشی رۆڵیان هه‌بووه له‌وه‌ی شێخ و ئیداره‌كه‌ی تووشی خه‌وش و لاڕێ بووبن كه ئێستا هه‌زار و یه‌ك قسه‌ی له‌سه‌رده‌كرێ.
شێخ مه‌حمودی نه‌مر كه له بنه‌ماڵه‌یه‌كی شێخزاده‌یه چه‌ندین ساڵ و له چه‌ند قۆناغێكی جیاوازدا ئاڵای خه‌بات و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داگیركه‌رانی به‌رزكردبووه‌وه، ئه‌ویش ده‌یتوانی وه‌كو هه‌ندێ ده‌ره‌به‌گ و كه‌سایه‌تی تری كورد له سای داگیركه‌ردا بحه‌سێته‌وه و ده‌ستكه‌وتی هه‌بێ و پێگه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینییه‌كه‌ی یارمه‌تیده‌ربوون بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی، به‌ڵام ئه‌و هه‌سته نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانییه‌كانی وای لێكردبوو ئۆقره نه‌گرێ و نه‌حه‌سێته‌وه كه نه‌ته‌وه‌كه‌ی ئایینده‌ی نییه، دواڕۆژی لێڵه و دوژمنان ناهێڵن له بسته خاكێكدا بحه‌سێته‌وه.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو كه‌موكوڕییه‌كان، شێخ شۆڕه‌سوارێكی گه‌وره‌ی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تییه و هه‌تا كورد مابێ ناو و نیشانی به‌به‌رزییه‌وه ده‌دره‌وشێته‌وه.
ئه‌وه‌ی ئێمه مه‌به‌ستمانه بیخه‌ینه‌ڕوو گێڕانه‌وه‌ی باسی شه‌ڕێكه كه له ناوه‌ڕاستی گه‌رمیاندا روویداوه له‌نێوان شێخ مه‌حمودی مه‌لیك و پێنج له یاوه‌ره‌كانی و هێزی پۆلیسی حكومه‌تی عێراق له دێی په‌له‌وشكی رۆغزایی.
رۆژێك نه په‌له‌وشك و نه خه‌ڵكه‌كه‌ی ئاگایان لێ‌بوو كه پیاوێكی گه‌وره‌ی كورد به رێبواریی لاده‌د‌اته ئه‌وێ و ده‌بێته میوان و هێشتا ماندوویه‌تی ده‌رناچێ هێزی دوژمن ده‌گه‌نه سه‌ری و ده‌بێته شه‌ڕ، كه به شه‌ڕی په‌له‌وشك ناوده‌برێ.
من رووداوی ئه‌م شه‌ڕه‌م له چه‌ندین پیاوی به‌ته‌مه‌نی ناوچه‌كه بیستبوو، هه‌ریه‌كه به جۆرێ ده‌یانگێڕایه‌وه كه خۆیان به‌شدارییان تیانه‌كردبوو، بیستبوویان، یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی كه خۆی له‌وشه‌ڕه‌دا به‌شداربووه و له‌گێڕانه‌وه‌كانیدا كه‌سێكی راستگۆ بوو كوێخا خه‌سره‌وی ته‌په‌سه‌وز بوو. دیاره جیاوازیش له گێڕانه‌وه‌ی یه‌كێك كه رووداوه‌كه‌ی بیستووه و یه‌كێكیش خۆی له‌ناوڕووداوه‌كاندا بووبێ هه‌یه.
كوێخا خه‌سره‌و سه‌ربه تیره‌ی ته‌رخانیی ئێلی جافه، پیاوێكی سه‌رڕاست و خاوه‌ن قسه‌ی خۆی بوو، كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری ناو خزموخوێشه‌كه‌ی بوو، من چه‌ندین جار بینیبووم و چێژم له ده‌مه‌ته‌قێ و گێڕانه‌وه‌كانی وه‌رده‌گرت، كه یه‌كێك له‌و شتانه‌ی بۆی باسكردم شه‌ڕی په‌له‌وشك بوو.
بیست و چوار ساڵ دوای شه‌ڕی په‌له‌وشك كوێخا خه‌سره‌و ساڵی 1965 له‌باره‌ی شه‌ڕی په‌له‌وشكه‌وه پرسیارم لێ‌كرد و ئه‌ویش به‌وردیی قسه‌ی بۆ كردم و بۆی گێڕامه‌وه و وتی:
ئێمه عاده‌تمان وابوو خه‌ڵكی دێی ته‌په‌سه‌وز هه‌موو رۆژێك له‌سه‌ر به‌رزیی مزگه‌وته‌كه كۆده‌بووینه‌وه. رۆژێك تازه لیكی خۆر هاتبووه بان، هه‌موومان له‌وشوێنه‌دا خڕبووبووین، ته‌ماشامانكرد له‌ڕێگای خواری دێوه كه رێگای كفرییه شه‌ش سوار و سه‌ڵته‌زه‌لامێك ده‌ركه‌وتن به‌ره‌وناو دێ ده‌هاتن، سه‌ڵته‌زه‌لامه‌كه به‌خێرایی ته‌كانیده‌دا. كه ئه‌وه‌مان بینی وتم با خۆم ئاماده‌بكه‌م نه‌كو شتێك رووبدا به‌تایبه‌تی ئه‌وكاته ئێمه له‌گه‌ڵ خزمانی زه‌نگنه هه‌نێك ساردی له‌به‌ینمانا هه‌بوو، دێیه‌كه‌شمان ته‌نیا یه‌ك چه‌كمان هه‌بوو ئه‌ویش هی من بوو. ئه‌وه‌نه بێژم یه‌ك و دوو، خۆم گه‌یانده ماڵ، تفه‌نگه‌كه‌م هه‌ڵگرت و فیشه‌كدانه‌كه‌م به‌سته پشتم و به‌په‌له چوومه‌سه‌ر قوله‌كه و خۆم ئاماده‌كرد، سواره‌كانیش گه‌یشتنه ناو ئاوایی. له‌ناوسواره‌كانا یه‌كێكیان زۆر سه‌رنجی راكێشام، شۆڕه‌سوارێكی عه‌جایه‌ب بوو، ئه‌و شۆڕه‌سواره به بێده‌نگیی وه‌ستابوو، سواره‌كانیش به‌ده‌وریابوون، یه‌كێ له سواره‌كان روویكرده پیاوه‌كانی دێ و وتی: كوا كوێخا؟ ئه‌وانیش وه‌ڵامیان نه‌دایه‌وه، سواره‌كه پرسیاره‌كه‌ی دووباره‌كرده‌وه، ئیتر منیش به‌ناچاریی وتم: ئا ئه‌ممه له‌یره، چیتان ده‌وێ؟ فه‌رموون بڕۆن دێكه‌مان به‌جێبێڵن. سواره‌كه هاته‌پێشه‌وه بۆ به‌رده‌م قوله‌كه كه هام به‌سه‌ریه‌وه، زۆر به‌توندیی وتی: پێتیه‌ژم دابه‌زه. وه‌ختێ كابرا تووڕه‌بوو وتی دابه‌زه من میلی تفه‌نگه‌كه‌م هاوردۆ و فیشه‌كمڕانی و وتم: ئه‌گه‌ر به‌زووترین كات دێكه‌مان به‌جێنه‌هێڵن خۆتان ده‌بیننه‌وه.. خه‌ڵكی دێ له‌حه‌یبه‌تا هه‌موویان خۆیانشارده‌وه، چونكه چه‌كیان نه‌بوو، له‌مكاته‌دا یه‌كێ له سواره‌كانی تر خوڕی له‌و سواره‌ی وا تووڕه‌بوو و وتی: بێره دواوه، سواره‌كه گه‌ڕایه دواوه، ئه‌و سواره خۆی هاته‌پێشه‌وه كه به‌ته‌مه‌ن له‌سواره‌كه‌یتر گه‌وره‌تربوو، زۆر به‌نه‌رمیی وتی: كوێخا ئه‌وه بۆچی وا لێمان تووڕه ده‌بی خۆ ئێمه میوانی تۆین؟ منیش وتم: ئێمه هه‌میشه رێزمان له میوان گرتووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێوه ده‌یكه‌ن شێوه‌ی مێوانی نییه. تۆزێك پێكه‌نی و وتی: كوێخا ئه‌وه‌ی ئێستا تۆ به‌رانبه‌رت گرتووه ده‌زانی كێیه؟ وتم: نه‌خه‌یر نازانم كێن؟ وتی: ئه‌وه كه‌سێكه له‌لای هه‌موو كورد خۆشه‌ویسته، ئه‌وه شێخ مه‌حمودی مه‌لیكه و دڵسۆزی هه‌موو كورده، ئه‌ویشه بزانه ئێمه ئیشی زۆر گرنگمان پێته و به ناونیشان بۆ لای تۆ هاتووین. كاتێ بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌وه شێخ مه‌حموده و مه‌سه‌له‌كه فڕوفێڵی تیانییه له قوله‌كه بازمدایه خواره‌وه، به‌ره‌و لای شێخ چووم، شێخ فه‌رمووی: هه‌تا گه‌لی كورد پیاوی به‌غیره‌تی تیابێ ته‌سلیم به‌هیچ دو‌ژمنێك نابێ.
له شێخ نزیكبوومه‌وه و ئاوزه‌نگییه‌كه‌م گرت ویستم ئاوزه‌نگییه‌كه‌ی ماچبكه‌م، شێخ قبوڵی نه‌كرد، ده‌ستی موباره‌كی هاورد و ته‌وقه‌ی كرد، منیش ده‌ستیم ماچكرد. شێخ فه‌رمووی: كوێخا سواربه بابڕۆین، منیش ئاوزه‌نگییه‌كه‌م گرت و زۆر تكام لێ‌كرد نه‌ڕۆن و نان بخۆن فایده‌ی نه‌بوو، ئه‌وان جووڵان و منیش هه‌ڵچه‌رخامه‌وه بۆ ماڵی خۆمان ته‌ماشامكرد وا فاتمه‌ی خێزانم ماینه‌كه‌ی زینكردووه و له قاپی حه‌وشه‌كه‌دا وه‌ستاوه، ده‌ستم گه‌یشته لغاوی ماینه‌كه و سواربووم و ئاوزه‌نگیم لێدا، گه‌یشتمه خزمه‌تی شێخ و وتم: یاشێخ ئه‌مركه سه‌روماڵم به‌قوربانتبێ.
شێخ فه‌رمووی: كوێخا له‌ڕێگایه‌كی قه‌دبڕه‌وه بمانبه با خه‌ڵكیش زۆر نه‌زانێ ئێمه كێین. منیش كه‌وتمه پێشیانه‌وه به‌ره‌و په‌له‌وشك، كه گه‌یشتینه دێی په‌له‌وشك شێخ فه‌رمووی: كوێخا ئه‌م دێیه كوێیه و كێن؟ وتم: قوربان ئه‌مه دێی په‌له‌وشكه، دێی عه‌زیزی سڵێمانی رۆغزاییه، پیاوێكی پیاوانه‌ی ده‌س و دڵپاكه.
شێخ فه‌رمووی: كه‌واته نانێكی سه‌فه‌ری له‌م دێیه ده‌خۆین، به‌ڵام كوێخا خه‌سره‌و با له كوێخا عه‌زیز به‌ولاوه كه‌سیتر نه‌زانێ ئێمه كێین، نانه‌كه‌یش زۆر به‌په‌له ئاماده‌بكه‌ن.
گه‌یشتینه ناو دێی په‌له‌وشك، خه‌ڵكی دێ هه‌مووی له‌ده‌ورمان گردبوونه‌وه، من كوێخا عه‌زیزم بانگكرده لاوه و باسی مه‌سه‌له‌كه‌م بۆ كرد و وتم: ئه‌وه شێخ مه‌حموده نابێ له خۆت به‌ولاوه كه‌سیتر بزانێ نانێكی سه‌فه‌ری ده‌خۆن و ده‌ڕۆن.
كوێخا عه‌زیز خوڕییه پیاوه‌كانی ئاوایی و وتی: میوانه‌كان به‌جێبێڵن و بچنه ده‌ره‌وه. زه‌لامه‌كان ده‌رچوون، كوێخا عه‌زیز ده‌ستی شێخی ماچكرد و زۆر به‌خێرهاتنی كرد، كوێخا عه‌زیز دوو كاوڕه نێری سه‌ربڕی، ده‌ستیانكرده نان دروستكردن.
تومه‌ز كاتێ شێخ مه‌حمود له به‌غا ده‌رچووه به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك بست به‌بست جاسوس به‌دوایه‌وه بووه، دیاره له‌به‌غاوه ئاگاداری كفری كراوه‌ته‌وه كه‌وا شێخ مه‌حمود له به‌ندیخانه هه‌ڵهاتووه، چونكه‌م مه‌فره‌زه‌یه‌كی پۆلیسی كفری كه پێكهاتبوو له 15 پۆلیس و مه‌فره‌زه‌یه‌كی پۆلیسی سه‌رقه‌ڵا كه پێكهاتبوو له 10 پۆلیس به دوو ئۆتۆمبیله‌وه كه‌وتبوونه دوای شێخ و هاوڕێكانی.
پۆلیسه‌كان گه‌یشتبوونه ئاوایی سێخڕان ئیتر رێگای ئۆتۆمبیل نه‌بوو بڕۆن به‌ناچاریی په‌لاماری دێكه‌یان دابوو هه‌رچی ئه‌سپ و مایین بوو به‌زۆر بردبوویان، نزیكه‌ی 7 مایینیان بردبوو، به‌ڵام مه‌جید جوامێر كه مایینێكی چاكی بوو كاتێ به‌مه‌ی زانی مایینه‌كه‌ی خۆی به‌ره‌ڵڵاكردبوو پۆلیسه‌كان بۆیان نه‌گیرابوو. ئیتر پۆلیسه‌كان بڕێكیان به سواریی و ئه‌ودوای به پیاده به‌ره‌و ته‌په‌سه‌وز كه‌وتبوونه‌ڕێ، له‌ته‌په‌سه‌وزیشه‌وه به‌ره‌و په‌له‌وشك. خه‌ڵكی ته‌په‌سه‌وز وتیان سه‌عات و نیوێك دوای شێخ و هاوڕێكانی پۆلیسه‌كان گه‌یشتبوونه ته‌په‌سه‌وز، ئینجا له‌نزیك سه‌عات یانزه و نیو گه‌یشتنه په‌له‌وشك.. پۆلیسه‌كان بوونه دوو به‌شه‌وه: پیاده‌كان چوونه‌سه‌ر گرده‌قیبله و سواره‌كانیش بۆ ئاوایی هێرشیانكرد.
شێخ و هاوڕێكانی هێشتا نانیان نه‌خواردبوو، یه‌كێك له هاوڕێكانی به‌په‌له خۆی كرد به‌ژوورا و به هێواشیی چپه‌یه‌كی بۆ شێخ كرد، شێخ فه‌رمووی: چه‌نده بۆتانده‌كرێ خۆیان مه‌كوژن وڵاخه‌كانیان بكوژن، شێخ ئه‌مه‌ی فه‌رموو و ته‌قه ده‌ستیپێكرد. كاتێ ده‌نگی ته‌قه‌مان بیست هه‌موومان هاتینه ده‌ره‌وه، ته‌ماشامان كرد ئه‌وا پۆلیس هان به‌سه‌ر گرده‌قیبله‌وه په‌یتا په‌یتا ده‌ستڕێژده‌كه‌ن بۆ ناو ئاوایی و ئه‌و پۆلیسانه‌ش كه‌وا سوارن هێرشیانده‌كرد بۆ ناو ئاوایی به‌ته‌واویی نزیكی ماڵه‌كان بوونه‌وه، له‌مكاته‌شدا هاوڕێكانی شێخ شێرانه ده‌ستیانكرده‌وه، به یه‌كه‌م ده‌ستڕێژ دوو ئه‌سپ له ئه‌سپه‌كانی پۆلیسه‌كان كوژران و چه‌ند ئه‌سپێكیتر زاماربوون. منیش به ده‌وری خۆم هه‌تا فیشه‌كم بوو درێغیمنه‌كرد، له‌مكاته‌دا پۆلیسه‌كانی سه‌ر گرده‌قیبله بۆ یارمه‌تیدانی پۆلیسه سواره‌كانی ناو ئاوایی هێرشیانكرد، به‌ڵام نه‌مانیه‌ڵا ده‌ستیان بگاته ناو ئاوایی.
ئه‌م شه‌ڕه نزیكه‌ی یه‌ك سه‌عاتی خایاند، هاوڕێكانی شێخ سێ كه‌سیان له به‌رگریكردن به‌رده‌وامبوون و ئه‌و سیانه‌كه‌یتریش له‌گه‌ڵ شێخ له‌ڕێگای هه‌واره‌قوڵه‌وه ده‌رچوون و دووركه‌وتنه‌وه، سیانه شه‌ڕكه‌ره‌كه‌ش وه‌كو شێر به‌بێ ترس خۆیان گه‌یانده شێخ و رۆیشتن. پۆلیسه‌كانیش كه زانییان ته‌قه له‌ئاواییدا نه‌ما هێرشیان بۆ ناو دێ هێنا، ئا له‌مكاته‌دا منیش هیچ چارم نه‌ما ماینه‌كه‌ی خۆمم به‌ره‌ڵڵا كرد و تفه‌نگه‌كه‌م له‌ناو كه‌پرێكدا شارده‌وه و خۆم كرده ناو خه‌ڵكی ئاوایی‌دا، پۆلیس به شه‌ق و شه‌لاق خه‌ڵكی ئاواییان راپێچا و خڕیانكردن و كه‌وتنه پرسیاركردن لێیان. باشچاوه‌شێكی چوارخه‌ت زۆر به‌تووڕه‌ییه‌وه پرسیاری له‌و خه‌ڵكه ده‌كرد تا سه‌ره گه‌یشته من.
وتی: تۆ ناوت چییه؟
وتم: ناوم خه‌سره‌وی ره‌سوڵه.
وتی: ماڵت لێره‌یه؟
وتم: نه‌وه‌ڵڵا ماڵم له ته‌په‌سه‌وزه.
وتی: كه‌واته تۆ كوێخا خه‌سره‌وی ته‌په‌سه‌وزی؟
وتم: به‌ڵێ قوربان.
وتی: بۆچی بۆ ئه‌م دێیه هاتووی؟
وتم: ئێمه دراوسێین هه‌موو جارێك سه‌ر له‌یه‌ك ده‌ده‌ین؟
وتی: به‌ڵام سه‌ردانی ئه‌مجاره‌ی تۆ جیاوازه.
وتم: چۆن قوربان؟
وتی: تۆ هاوكاری چه‌ته‌كانت كردووه و رێپیشانده‌ریانی.
وتم: قوربان من خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته‌م و چه‌ته ناناسم.
وتی: ئه‌ی ئه‌وه كێ بوو ئه‌م به‌یانییه له‌ته‌په‌سه‌وزه‌وه بۆ په‌له‌وشك پێش چه‌ته‌كان كه‌وت؟
وتم: قوربان ئه‌مه قسه‌ی ناحه‌زه بۆمی دروستكردووه. هاته پێشه‌وه هه‌تا هێزی تیا‌بوو یه‌ك شه‌قازلله‌ی لێدام و روویكرده پۆلیسه‌كان و وتی: ئاده‌ی كه‌له‌پچه‌ی بكه‌ن. پۆلیس په‌لاماریاندام و كه‌له‌پچه‌یانكردم.
وه‌ختێ من گیرام، پۆلیسه‌كان زانییان ئاواییه‌كه كه‌سی چه‌كداری تیانه‌ماوه ئه‌مجاره به‌ره‌و دوا كه‌وتنه‌ڕێ، منیشیان له‌گه‌ڵ خۆیانا به‌به‌ندیی راپێچكرد و هاتینه ته‌په‌سه‌وز كه دێكه‌ی خۆمانه ئه‌مجا له‌وێشه‌وه به‌ره‌و دێی سێخڕان، كه چووینه سێخڕان ماینه‌كانیان به خاوه‌نه‌كانیان دایه‌وه، به‌ڵام دوو مایین كوژرابوون كه یه‌كێكیان هی حاجی ئه‌حمه‌دی منه‌وه‌ر و ئه‌وه‌كه‌ی تریشیان هی حاجی قادری ره‌شید بوو.
دوایی پۆلیسه‌كان به‌ره‌و سه‌رقه‌ڵا گه‌ڕانه‌وه، له سه‌رقه‌ڵا منیان خسته به‌ندیخانه‌وه، دواتر بردمیان بۆ لای مودیر ناحیه.. مودیر ناحیه زۆر به‌تووڕه‌یی و هه‌ڕه‌شه‌كردنه‌وه ده‌ستیكرده پرسیاركردن.. یه‌كه‌م قسه‌ی پێی وتم: خه‌سره‌وه چه‌ته بوویته‌ته چه‌ته و هاوكاریی چه‌ته‌كانت كردووه، خیانه‌تت له حكومه‌ت كردووه؟
ماوه‌ی چه‌ند مانگێك له به‌ندیخانه مامه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی بمبه‌نه لای حاكم، هه‌ر مودیر ناحیه خۆی بڕیاربه‌ده‌ست بوو، دوای عه‌زیه‌تدانێكی زۆر رۆژێك بۆ لای مودیر ناحیه‌یان بردم. له دڵی خۆما پاڕامه‌وه له ده‌ست ئه‌م كابرایه رزگارمبێت، كه چوومه ژووره‌وه سه‌لامێكم كرد و ره‌پ راوه‌ستام، مودیر سه‌یرێكی كردم و به پۆلیسه‌كانی وت: ئێوه بڕۆن، كه پۆلیسه‌كان رۆیشتن، مودیر كه‌وته قسه‌كردن، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به‌نه‌رمی.
وتی: خه‌سره‌و ئه‌گه‌ر به‌رتبده‌ین ئیتر هاوكاریی چه‌ته‌كان ناكه‌یت؟
وتم: قوربان من هاوكاریی چه‌ته‌م نه‌كردووه.
جا بۆ رۆژی دوایی بانگ كرامه‌وه و له به‌ندیخانه ئازادكرام و بۆ ماڵی خۆمان گه‌ڕامه‌وه. حه‌وت رۆژ له‌ماڵدا مامه‌وه خزمان هه‌موویان بۆ سه‌ردانم هاتن، له‌دوای حه‌وت رۆژه‌كه بۆ خزمه‌تی شێخ له دێی داریكه‌لی كه‌وتمه‌ڕێ.
به دوو رۆژ گه‌یشتمه دێی داریكه‌لی، له‌جێیه‌كا ماینه‌كه‌م به‌سته‌وه و خۆم بۆ باره‌گای جه‌نابی شێخ رۆیشتم، كه چوومه به‌رده‌می باره‌گای شێخ پاسه‌وانه‌كان رێ‌یان لێگرتم وتیان: خاڵه بۆ كوێ؟ چیت ده‌وێ؟
منیش وتم: ده‌مه‌وێ به خزمه‌تی شێخ بگه‌م.
وتیان: ئه‌مڕۆ شێخ كاری تایبه‌تی خۆی هه‌یه نابێ كه‌س بچێته ژووره‌وه.
من وه‌ستام و ده‌نگم نه‌كرد. پاسه‌وانێك وتی: خاڵۆ بۆ وه‌ستاوی؟ بڕۆ له جێگایه‌ك بۆ خۆت بحه‌سێره‌وه هه‌تا به‌یانی.
وتم: ده‌تۆ به جه‌نابی شێخ رابگه‌یه‌نه كه كوێخا خه‌سره‌وی ته‌په‌سه‌وزی گه‌رمیان هاتووه ده‌یه‌وێ به‌خزمه‌تت شادبێت، له‌مكاته‌دا پیاوێكی ریش ماشوبرنج و سه‌روسیمادار په‌یدابوو، پاسه‌وانه‌كه چووه به‌رده‌می پێیوت: ئه‌م پیاوه له‌دووره‌وه هاتووه ده‌یه‌وێ بچێته خزمه‌تی شێخ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ خۆتا بۆ لای شێخی ببه‌ی خێرتده‌گا. پیاوه‌كه هاته پێشه‌وه وتی: خاڵه خه‌ڵكی كوێیت؟
وتم: خه‌ڵكی گه‌رمیانم.
وتی: ناوت چییه؟
وتم: ناوم خه‌سره‌وه.
وتی: كوێخا خه‌سره‌وی ته‌په‌سه‌وزیت؟
وتم: به‌ڵێ قوربان چۆن ده‌مناسی؟
وتی: من ئه‌و پیاوه‌م تۆ له‌سه‌ر قوله‌كه‌ی ماڵی خۆتان بوویت شێخم پێناساندی. ئه‌مجاره باوه‌شمان به‌یه‌كاكرد و ئه‌ملاولای یه‌كترمان ماچكرد و ده‌ستمی گرت و بۆ خزمه‌تی شێخ بردمی، منی له‌ده‌ره‌وه وه‌ستان و خۆی چووه ژووره‌وه، گوێم لێ‌بوو وتی: یاشێخ كوێخا خه‌سره‌وی گه‌رمیان هاتووه.
شێخ فه‌رمووی: بڵێ شێره‌كه‌ی گه‌رمیان هاتووه.
ئیتر فه‌رموویان لێكردم و چوومه ژووره‌وه. جه‌نابی شێخ هه‌ڵسایه سه‌ر پێ، ده‌ستی موباره‌كی هێنا ته‌وقه‌مانكرد و منیش ده‌ستی ئه‌وم ماچكرد و ئه‌ویش ئه‌ملاولای منی ماچكرد و ده‌سمی گرت لای خۆی داینام. چای و جگه‌ره‌یان هاورد، كاتی نانخواردنی نیوه‌ڕۆ بوو شێخ فه‌رمووی لێكردم و دوای نان هاتینه‌وه بۆ ژووره‌كه‌ی شێخ.
ئه‌مجاره شێخ ده‌ستیكرده پرسیاركردن: چۆن به دیل گیرای؟ چی‌یان پێوتی؟ چه‌ن عه‌زیه‌تیاندای؟ منیش به دوورودرێژی هه‌موویم بۆ باسكرد كه دوای ئه‌وان چۆن گیرام و چۆن عه‌زیه‌تیاندام و چه‌نێ له به‌ندیخانه مامه‌وه. شێخ پێكه‌نی و فه‌رمووی: خه‌سره‌و نامه‌مان بۆ ئه‌و مودیر ناحیه‌یه نارد بۆ رزگاركردنت، منیش زۆر سوپاسی شێخم كرد كه منی له‌بیرنه‌چووه.
چه‌ن رۆژێك له خزمه‌تی شێخدا مامه‌وه، ئه‌مجا داوای مۆڵه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ ماڵی خۆمان كرد، شێخ ئه‌مری فه‌رموو: ئاره‌زووی خۆته و ئه‌مریشی فه‌رموو: خه‌سره‌و خه‌ڵاتبكه‌ن. خه‌ڵاتیانكردم، له‌ناو هه‌موو خه‌ڵاته‌كاندا ئه‌وه‌ی فره دڵم پێ‌خۆش‌بوو كراسێكی شێخ خۆی بوو به نیازی چاككردنه‌وه‌ی هه‌موو نه‌خۆشی و ده‌رد و به‌ڵایه‌ك.
ئیتر دوعاخوازیمكرد و به‌ره‌و گه‌رمیان گه‌ڕامه‌وه. جا ئه‌و كراسه دێ به‌دێ خه‌ڵك ده‌یانبرد به‌نییه‌تی ته‌به‌ڕوك بۆ نه‌خۆش و ژنی ئاوس.
شایانیوتنه ئه‌و كراسه ئێستاش لای نه‌وه‌كانی كوێخا خه‌سره‌و ماوه‌ته‌وه.
حه‌مید مه‌جید جوامێر
زۆر سوپاس بۆ مامۆستا علی عه‌بدووڵڵا (عه‌لی په‌رله‌مان) كه یارمه‌تیه‌كی زۆری دام له ئاماده‌كردنی ئه‌م بابه‌ته...
بابەتی هاوشێوە
زۆرترین بینراو
developed by Scorpion shield