دادگای پشکنین

بڵاوکردنەوە:

سۆنیا مەحموود

نووسەر:

سۆنیا محمود

بینراو:

1401

بەش:

مێژوو

ترسناکترین و سەرنجڕاکێشترین دادگا لە مێژووی ئەوروپا و مرۆڤایەتی کە لە زنجیرەیەک دادگا پێکھاتبوو لە سەردەمی پاشا فردیناند و شاژنە ئیزابێلا سەدەی ١٢ سەری ھەڵداوە و زیاتر لە چوار سەدە بەردەوامی هەبووە، ئەم دادگایە بۆ لێکۆڵینەوە بووە لەو کەسانەی کە بیر و باوەڕیان نەدەگونجا لەگەڵ ئایینی مەسیحی و مەزهەبی کاثۆلیکی. لەم دادگایە مرۆڤەکان بە شێوەیەکی دڕندانە و نامرۆڤانە و دوور لە گشت بەھا مرۆڤایەتییەکان و بە شێوازی ترسناک بە ئامێری تایبەت ئازار دەدران تا ئەم ساتەش بەشێک لەم ئامێرانە لە مۆزەخانەکانی ئیسپانیا هەڵگیراون. ئامانجی سەرەکیشی بریتی بوو لە سزادانی ئەو کەسانەی کە ئایینەکەیان لە مەسیحیەتەوە دەگۆڕی بۆ یەھودیەت و ئیسلام ھەروەھا بۆ بەمەسیحیکردنی هەموو ئەو فەیلەسوف و زانایانەی کە دژی دەسەڵاتی مەسیحی ڕەخنەیان دەگرت و خۆیان بەهیچ بەشێک لە هەردوو باڵە دیارەکەی مەسیحیەت (کاثۆلیک و پرۆتستانت) نەدەزانی کە لەڕێگەی ئەم دادگایەوە زۆریان لێ دەکرا لەو ئایینە نوێیەی کە ھەڵیان بژاردووە پەشیمان ببنەوە یاخود ئیسپانیا و ئەو ناوچانەی لەژێر ئیستیعماریەتی ئیسپانیا دابوو بەجێبھێڵن، چونکە کاری ئەم دادگایانە لە سەرجەم ئەو شوێنانەدا بوو کە لەژێر دەسەڵاتی ئیسپانیەکاندا بوو، لە دوورگەکانی کەناری ھۆڵەندا و ناپۆلی ھەروەھا لەو سەوزایانەش کە لە ئەمریکای باکور و باشور و ناوەڕاستدا لەژێر دەست و ھەژموونی ئیسپانیەکان بوون، ئەگەرچی ڕێکەوتنیش کرابوو کە رێگری نەکەن لە ئازادی هەڵبژاردنی ئایین و بیروەباوەری جیاواز لە نێوان ئیزابێلا و فێردیناند لەگەڵ محمدی دووەم کە بە ئەبو عەبدوڵای بچووک ناسرابوو لەلای ئیسپانیەکان و دوایین فەرمان ڕەوای بەنی ئەحمەڕ بوو لە ئەندەلوس بەو مەرجەی پاپای ڤاتیکان بەشێک بێ لە ڕێکەوتنەکە بەس لە مەرەکەبی سەر کاغەز زیاتر نەبوو و لەکاتی داگیرکردنی غەرناتە ئەو رێکەوتنەیان شکاند و پابەند نەبوون پێیەوە.
دادگای پشکنین لە ڕۆمانیاش بوونی ھەبووە کە درێژەپێدەری دادگاکانی ئیسپانیا بوو، لەوێشدا ژمارەیەک خەڵک بوونە قوربانی یەکێک لەو کەسایەتیانەی کە بیروباوەڕەکانی لەگەڵ کەنیسە نەدەگونجا سەرگەرم و سەرقاڵی توێژینەوەی زانستی نوێ بوو کە فەیلەسوف و پزیشک و ئەندازیار و فیزیکزانی بەناوبانگ و پێشەنگ "گالیلۆ گالیلی" بوو، چون باوەڕی بەو ڕاڤەکردنانە نەبوو کە کەنیسە بۆ دیاردە سروشتی و فیزیکییەکان دەیکرد بۆیە بە بێباوەڕ ناوزەندیان دەکرد و لە کۆتایشدا لە سێدارە درا لە بەرواری ٢١-٨-١٦٤٢، کە ئەمەش کاردانەوەیەکی زۆر و مشتومڕێکی گەورەی فیکری و مێژوویی لێکەوتەوە.
لە ئەنجامی توێژینەوەی بەشێک لە زانایان و بیرمەندان و ھەبوونی سەرچاوە و بەڵگەی باوەڕ پێکراو ئەوەیان سەلماندووە کەنیسەی ئێسک کە بەناوبانگترین کەنیسەیە لە وڵاتی پرتوگال کە دەكەوێتە ناوچەی ئیفورای وڵاتی پورتوگال بە ئێسک و پروسکی ئەو کەسانە داپۆشراوە کە لە دادگاکانی پشکنین لە سێدارە دراون. ئەم کەنیسەیە بە یەکێک لە سەیر و سەمەرەترین شوێنەوارەکانی مرۆڤایەتی دادەنرێت کە بەرزییەکەی ٣ مەترە و درێژییەکەی ١٨.٧ مەتر و پانیەکەشی ١١ مەترە، لە تەنیشتەکانیەوە پەنجەرەی کراوەی بچووک بوونی ھەیە، ھەشت پایەی تێدایە کە ڕووپۆش کراون بە ئێسکی کەللەسەری مرۆڤ و بە چیمەنتۆ لکێنراون بە دیوارەکەوە ھەرچەندە وەک شوێن بچووکە، بەڵام ھێندە سەرجڕاکێشە کە ھەمووان سەرسام دەکات، ژمارەی ئێسکی ئەو مرۆڤانەی کە بەکارھاتووە تیایدا بەنزیکەی پێنج ھەزار ئێسکی مرۆڤ خەمڵێندراوە ئەوەی جێگای سەرنجە لە لایەن سەردانیکەرانیەوە ئەوەیە کە دوو مرۆڤی وشککراوە بە دیوارەکانیەوە ھەڵواسراون کە یەکێکیان ئێسکە پەیکەری منداڵێکە و لەژێریدا نووسراوە ((ڕۆژی دوایی زۆر چاکترە لە ڕۆژی لەدایک بوون)).
کارە قێزەون و نامرۆییەکانی دادگای پشکنین تا ئێستاش لە ئەدەبیاتی میللی ئیسپانیا و بەشێک لەو وڵاتانەی کە ئیسپانیەکان دەسەڵاتیان بەسەریدا ھەبووە و بڕیارەکانی ئەو دادگایەیان تێدا جێبەجێکردووە ماوەتەوە و درێژەی ھەیە و بەشێک لە لاپەڕەکانی مێژووی ئەو وڵاتەیان بۆ تەرخانکردووە و لەنێوان لایەنگری و دژایەتی کردنی بووە بە جێگەی مشتومڕ و قسە و باسی زۆری لەسەر دەکرێت.
دواجار دوای ٩٩ ساڵ لە مەرگی زانای بە ناوبانگ گالیلۆ، پاپا بندیكتی چوارەدەیەم پەشیمانی كەنیسەی ڕاگەیاند. کارەکانی ئەم دادگایە تا ساڵی ١٨٣٤ زایینی درێژەی ھەبووە و لە سەردەمی ئیزابێلای دووەم کۆتایی ھات.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield