چەمکی بۆشایی-کات

بڵاوکردنەوە:

زنار بابەکر

نووسەر:

زنار بابەکر

بینراو:

389

بەش:

زانست

لەم بابەتەدا باس لە چەمکێک دەکەم کە لای زۆر کەس بەهەڵە تێگەیشتراوە؛ بۆشایی-کات (Space-Time)، کە بریتییە لە بیرۆکەیەک کە ئەلبێرت ئاینشتاین پێشنیازی کرد بۆ ڕوونکردنەوەی بیردۆزە ڕێژەییەکەی. با زۆر بەوردی لە خودی زاراوەکەوە دەستپێبکەین، کە دەبینین پێکهاتووە لە "بۆشایی" لەگەڵ "کات." کەوابێت، با هیچ هەنگاوێک بە زیادەوە هەڵنەنێین و هیچیش نەپەڕێنین؛ بۆشایی چییە؟...

بۆشایی... بەر لە دەستپێکردن بە ئەمەش، با ڕوونکردنەوەیەکی پوختت لەسەر ئەوە پێبدەم کە بەکارهێنانی "بۆشایی ئاسمان" لە زمانی کوردیدا هەڵەیە! بۆچی دەبێت وشەی "ئاسمان" بخرێتە پاڵ وشەی "بۆشایی؟" ئاخر، ئاسمان خۆ لە بنەڕەتدا، تەنها بریتییە لە مەودای بەرگەهەوای هەر هەسارەیەک. دوای ئەمە، هیچ ئاسمانێک بوونی نامێنێت! هەموو ئەوەی کە هەیە، بەپێی زانستی فیزیای سەردەم، بەتاڵاییەکی کۆتایی نەهاتووە و تەواو. بۆیە ناودەبرێت بە "بۆشایی." هیچ پێویستیش بە پاڵدانی وشەی "ئاسمان" ناکات پێیەوە – نەک پێویست ناکات بەڵکوو لە ڕاستیدا هەر هەڵەیە. هەرچۆنێکبێت، بۆشایی بریتییە لەو مەیدانە بەتاڵاییەی کە هەموو شتێکی لە گەردووندا لەخۆگرتووە. هەروەها، ئەوەندەی کە تا ئەمڕۆ دەزانرێت، بۆشایی سێ ڕەهەندییە. بۆیە کاتێک کە هەژمار و لێکۆڵینەوە بۆ هەر تەنێکی دیاریکراو دەکرێت لە بۆشاییدا، ئەوە ڕەچاوی جووڵەیەکی سێ دووری بۆ دەکرێت لە خێرایی جووڵە و بڕینی هەر دوورییەکی دیاریکراو و هەر پێوانەیەکی تر. بەڵام، یەکێک لە پێوانە فیزیاییەکان کە هەڵسوکەوتێکی جیاواز لە بۆشاییدا دەنوێنێت وەکوو لەوەی کە لەسەر ڕووی زەوی خۆمان دەینوێنێت، بریتییە لە کات.

لەسەر ڕووی زەوی، کاتێک کە هەژماری بیرکاری بۆ هەر تەنێکی دیاریکراو دەکرێت، دەبینرێت کە کات بۆ هەموو تەنەکان هاوتا و نەگۆڕە. واتە، هەمیشە بە خێراییەکی دیاریکراو بە یەک ئاڕاستە دەڕوات بۆ داهاتوو، نە بۆ من خێراتر و نە بۆ تۆ هێواشتر و نە بۆ هیچ کەس و شتێکی تریش بە هەر شێوەیەکی تر دەجووڵێت. بەڵام، لە بۆشاییدا وا نییە! دەبینرێت کە کات لەسەر ڕوو و هەروەها دەوروبەری هەندێک تەن، خێراییەکی جیاوازی هەیە وەکوو لەسەر ڕوو و دەوروبەری هەندێک تەنی تر؛ ئەمە، چۆن و بۆچی؟...

جا، لێرەوە ئەو خاڵە دێت کە دەڵێم بۆچی لای زۆرینەی کەس بەهەڵە تێگەیشتراوە. ئەگەر وەک زۆرینەی خەڵک بڕوات وایە کە کات بریتییە لەو پێوانە 24 کاتژمێرییە، 1440 خولەکییە، 86400 چرکەییەی کە بەسەر دیواری ماڵەکەتانەوە و سەر شاشەی مۆبایلەکەت دەیبینیت، ئەوە هەرگیزاوهەرگیز لە چەمکی بۆشاییەکات تێناگەیت. ئەو کاتژمێرانەی کە دانراوە، خەیاڵین! دەستکردی هزرێکی مرۆیین کە پێوەرێکی بۆ خۆی داناوە تاکوو کارەکانی ژیانی ڕۆژانەی بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و دیاریکراو ڕایی بکات. کات لە سرووشتدا بەم شێوەیە نییە! ئەوەی کە بە 24 کاتژمێر دەستنیشانکراوە لەماوەی هەر ڕۆژێکدا، بریتییە لەو "گۆڕانانەی" کە بەسەر ژینگەی شوێنێکی دیاریکراودا دێت لەماوەی هەر سووڕێکی خولانەوەی هەسارەی زەوی بە دەوری چەقەکەی خۆیدا. بۆیە، زۆر پێکەنیناویانە، لە ڕاستیدا ئەوەی کە بە کاتژمێر دانراوە تەنها بریتییە لە هەژمارەی تەواوکردنی یەک سووڕی خولانەوەی زەوی بەدەوری خۆیدا، نەک ئەو "کات"ـەی کە بەشێوەیەکی بنچینەیی و سرووشتی لە گەردووندا بوونی هەیە.

دەزانم، ئاسان نییە تێگەیشتن لەمە، بەڵام مەحاڵیش نییە! بە تێڕامان و وردبوونەوەی تەرخانکراو، هەموو کەسێک دەتوانێت تێبگات. تەنها لەگەڵمدا بمێنەرەوە هەر کە بۆت ڕووندەکەمەوە... هەمووان سەیری ڤیدیۆیەکی دیاریکراومان کردووە لەڕێگەی بەکارهێنانی هەر ئامێرێکەوە. سەیرکە، لە خوارەوە هێڵێک هەیە کە دەتوانیت بە ئارەزووی خۆت بۆ پێشەوەی ببەیت تا ڤیدیۆکە پێشبخەیت و هەروەها دەتوانیت بۆ دواوەش بیبەیت تاکوو ڤیدیۆکە دوابخەیت؛ ئەمە بریتییە لە ڕەهەندی کات بۆ دنیای سێ دووری ئەو ڤیدیۆیە. واتە، ئەگەر ئەوەی لەناو ڤیدیۆکەدا بوونی هەیە و ڕوودەدات تۆ بە دنیایەکی سێ دووریی ڕاستەقینە وەریبگریت، ئەوە ئەوەی کە تۆ بەکاریدەهێنیت بۆ پێشخستن و دواخستنی ڕووداوەکان – ئەوەی کە زنجیرە ڕووداوەکانی دنیای ڤیدیۆکەی پێدا تێپەڕدەبێت – بریتییە لە ڕەهەندی کات. دەبینیت کە هەر ساتێکی دیاریکراو بە چرکە و خولەک دەستنیشان کراوە، بەڵام ئایا ئەم چرکە و خولەکە هاوتایە لەگەڵ ئەوەی کە ئێمەی مرۆڤ ناوی دەبەین بە کاتژمێر لە ژیانی ڕۆژانەماندا؟ بە هیچ شێوەیەک! بەڵکوو، تەنها پێوەرێکی دانراوی بیری مرۆییە، خۆمان بەکاری دەهێنین چونکە بەم شێوەیەیە دەتوانین لەو ڕەهەندەی ڤیدیۆکە تێبگەین کە زنجیرە ڕووداوەکانی پێدا تێپەڕ دەببێت و دەتوانین لەڕێگەی ئەم پێوەرە دەستکردەوە بەکاری بهێنین. کەوابێت، لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت کە کات، بریتییە لەو ڕەهەندەی کە زنجیرەی ڕووداوەکان پێیدا تێپەڕ دەبێت.

جا، بۆ جیهانێکی بچووکی وەکوو گرتە ڤیدیۆیەک یاخود زەوییەکەی ئێمە، زنجیرەی ڕووداوەکان هەمیشە نەگۆڕە و لە هەموو شوێنێک بە یەک بڕی دیاریکراو بۆ هەموو شتێک دەڕوات. بە واتایەکی تر، لەم چرکە ساتەی ئێستادا، ئەوەی من ئەزموونی دەکەم تۆ لە ساتێکی داهاتوو یاخود ڕابردوو ئەزموونی ناکەیت، بەڵکوو هەر لەگەڵ من لە ئێستادا ئەزموونی دەکەیت. بۆچی؟ لەبەرئەوەی لە جیهانە بچووکەکەی سەر ڕووی زەوی ئێمەدا، هیچ شتێک نییە کە بتوانێت کار لە ڕەهەندی کات بکات و بیگۆڕێت – بۆیە دەوترێت کە کات لەسەر ڕووی زەوی نەگۆڕە. بەڵام، لە بۆشاییدا وانییە! ئاخر، هەتا ئەمڕۆش دەوترێت کە قەبارەی بۆشایی گەردوون ناکۆتایە – ئەوەندە گەورە و فراوانە. هەروەها، چەندەها شت دەستنیشان کراوە لە بۆشایی گەردووندا کە دەتوانێت کار لە ڕەهەندی کات بکات. بە واتایەکی تر، شتانێک کە دەتوانێت کار لە ساتی ڕوودانی زنجیرەی ڕووداوەکانی گەردوون بکات بە پێشخستنیان یان دواخستنیان لە شوێنێکی دیاریکراو بە بەراورد بە شوێنێکی تر.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو شتانەی کە دەتوانێت کار لە ڕەهەندی کات بکات، ئاینشتاین هات بیردۆزێکی دانا و ئەم چەمکی "بۆشایی-کاتـ"ـەی خستەڕوو تا بۆمان ڕوونبکاتەوە چۆن دیاردەیەکی لەم شێوەیە بوونی هەیە و دەتوانرێت تایبەتمەندی ڕێژەییبوونی کات شیبکرێتەوە. ئەو وتی، کە بیهێنە بەرچاوت بۆشایی گەردوون پارچە کوتاڵێکی تەخت و بەرفراوانە و سەرێکی بریتییە لە ساتی دەستپێکردنی زنجیرە ڕووداوەکانی گەردوون و سەرەکەی تری کۆتایی هاتنی زنجیرە ڕووداوەکان. بەڵام، ئاگاداربە، مەیدانی ئەم کوتاڵە ڕووبەڕی بۆشایی گەردوون دەستنیشان ناکات، بەڵکوو ڕەهەندی کات و زنجیرە ڕووداوەکان دەستنیشان دەکات لە دەستپێکەوە بەرەو کۆتا. جا، ئێستا، ئەگەر تۆ تۆپێک بە بڕێک لە بارستایی بخەیتە سەر ئەم کوتاڵە، ئەوە دەبینیت نووشتانەوە درووستدەبێت لە کوتاڵەکەدا. کەوابێت، لەو خاڵەی کوتاڵەکە کە ئەو بارستاییە هەیە و چەماوەتەوە، زنجیرەی ڕووداوەکان بە هەمان بڕی ئەو خاڵانەی تر ناڕوات کە بارستاییەکەی لێنییە و تەختە، بەڵکوو دەبینیت لەوەی کە نووشتاوەتەوە و خێرایی کەمبۆتەوە و کات خاوتر تێپەڕدەبێت بەرەو ئاڕاستەی کۆتا. بۆیە، لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت کە بارستاییەکان کاریگەرییەکی پێچەوانەیان لەگەڵ کاتدا هەیە و لە هەر خاڵێکی بۆشایی گەردووندا تا بارستایی زۆرتر و گەورەتر هەبێت، ئەوە کات خاوتر و هێواشتر تێپەڕدەبێت. سەرەڕای ئەمەش، خێراییش دەتوانێت کاریگەری لەسەر زنجیرەی ڕووداوەکانی گەردوون هەبێت. هەر بە پەیوەندییەکی پێچەوانە، هەر تەنێک کە خێرایی زیاتر و زۆرتری هەبێت، ئەوە کاتەکەی هێواشتر و خاوتر تێپەڕدەبێت. بەڵام، ئەم کاریگەرییانە لەسەر خودی خۆیانە! واتە، ئەو تەنەی کە بە بارستاییەکەی نووشتانەوەی درووستکردووە و لە خێراییەکەشی کاریگەرییەکی زیاتری بەسەر کاتەوە بۆ پەیدابووە، ئەوە تەنها خۆی ئەزموونی تێپەڕبوونی زنجیرە ڕووداوەکانی گەردوون دەکات بەو ئاست و بڕەی کە لەو نووشتانەوە و خێراییەکەی سەری هەڵداوە. ئەگینا، تەنێکی تر بەشێوەیەکی زۆر جیاوازتر ئەزموونی زنجیرە ڕووداوەکان دەکات کە ئەمیان لە بارستایی خۆی و خێرایی خۆیەوە سەری هەڵداوە. واتە، زنجیرەی ڕووداوەکان هەر وەکوو خۆیەتی و نەگۆڕە، بەڵام تەنێک خێراتر و تەنێکی تر خاوتر ئەزموونی دەکات؛ تەنێک زووتر و تەنێکی تر درەنگتر ئەزموونی دەکات – گرنگە کە لەمە تێبگەیت ئاگاداربە. چ شتێکی ئەم خێراتر/زووتر و خاوتر/درەنگترە دیاری دەکات؟ بارستایی و خێرایی.

ئەمەیە کە دەوترێت "کات ڕێژەییە." لەوە زیاتر ڕوونکردنەوەت بۆ بدەم، تەنها شتەکەت لێ ئاڵۆزتر دەکەم! ئێمەی مرۆڤ، بوونەوەرێک نین کە هێز و توانا و دەسەڵاتی ئەوەمان هەبێت تا ئەزموونی تایبەتمەندی "ڕێژەیی" و "گۆڕاوی" کات بکەین لە گەردووندا – لانیکەم لە ئاست و قۆناغی ئەمڕۆی ژیانماندا – بۆیە تێگەیشتن لە هەر شتێکیش کە ئەزموون ناکرێت ئاسان نییە. کە دەشڵێم ئاست و قۆناغی ئەمڕۆی ژیانمان، ئەوە مەبەستم لە سنور و بەربەستە فیزیایی و تەکنەلۆژییەکانمانە. بۆ نموونە، دەکرێت لە داهاتوو مرۆڤایەتی بگات بە هەسارەیەک کە کات خێراتر یاخود خاوتر دەڕوات وەکوو لەوەی لەسەر ڕووی زەوی هەیە. جا، لەمە مەبەستم لە شەو و ڕۆژەکە و خولانەوەی هەسارەکە نییە بەدەوری خۆیدا! بەڵکوو، بەو شێوازەی کە ئەو هەسارەیە ئەزموونی زنجیرە ڕووداوەکان دەکات لە گەردوون. ئەوکات، ئاستی تێگەیشتنی مرۆڤایەتی دەبێت بە چ ئاستێک گەیشتبێت کە بتوانێت ڕەهەندی کات – زنجیرەی ڕووداوەکانی گەردوون – بە هەژمارکردنی ڕاستەوخۆ بپێوێت! دەکرێت هەسارە و ئەستێرە بوونی هەبێت، کە تەنها تێپەڕبوونی یەک خولەک لەسەر ئەوێ، یەکسانبێت بە تێپەڕبوونی یەک ڕۆژ لەسەر ڕووی زەوی. هێشتاش، زۆر لەوە سەیرتر و نامۆتر دەکرێت بوونی هەبێت! بۆ نموونە، تێپەڕبوونی هەر کاتژمێرێک لە هەسارەیەک، هاوتابێت بە تێپەڕبوونی ساڵێک لەسەر هەسارەیەکی تر. بەڵام، تەنها تێگەیشتن لە چەمکی بۆشایی-کات، لەگەڵ چۆنییەتی کاریگەری بارستایی و خێرایی بەسەر کاتەوە، بەسە بۆ تێگەیشتن و کۆتایی هێنان بە هەر سەرسوڕمانییەک لە ڕێژەییبوونی کات لە هەسارە و ئەستێرەیەک بۆ هەسارە و ئەستێرەیەکی تر، هەروەها لەگەڵ جیاکردنەوەی کاتی خەیاڵی دانراوی بیری مرۆیی لەگەڵ کاتی ڕاستەقینەی سرووشتی.

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield