دانیشتووانی کوردستانی دێرین؛ میتانییەکان

بڵاوکردنەوە:

ئاریان ئومێد

نووسەر:

ئاریان ئومێد

بینراو:

742

بەش:

مێژوو

بەشی شەشەم

 

میتانییەکان

 

لە سەر پاشخانی شارستانی و کولتووری خورییەکان دەسەڵاتێکی نوێ سەریهەڵدا کە دواتر ناویان بە (میتانی) دەرکرد، ڕای جیاواز هەیە لەسەر بنچینەی میتانی، هەندێک پێیانوایە میتانییەکان بە ڕەگەز هیندۆ ئەوروپین و لە خورییەکان جیاوازن، بەم پێیەش دەبێ میتانییەکان بنەماڵە یان هۆزێکی خانەدان بووبن و سەرکردایەتی گەلی خورییان کردبێت.

بەڵام هەندێک بۆچوونی دیکه پێیانوایە جیاوازی میتانی و خوری تەنها ناوەو لە بنەڕەتدا سەر بەیەک نەژادن.

میتانییەکان لەسەر ئەو خاکانەی کە خورییەکانی تێدابوون دەرکەوتن و ناوبانگیان پەیداکرد.

لە دەوروبەری سەدەی پازدەی پێش زاینەوە لە ناوچەکانی نێوان ڕووباری خاپوور و باڵیخ لە سەروی وڵاتی ئاشوورەوە دەرکەوتن و وڵاتەکەشیان لای ئاشوورییەکان بە (خانی کلباد) و لە لای میسری و هیتییەکانیش بە (نەهارین و نەهارینا یان مەیتانی) ناسرابوو، هەرچی کەنعانیەکانیشە بە (مات نەهرەین) ناویان هێناون.

لە دەوربەری ساڵی (١٤٧٠پ.ز) میتانییەکان سنووری قەڵەمڕەوی دەوڵەتەکەیان فراوانکردوو دەستیان بە سەرناوچەکانی نزیک شاری حەلەبی ئەمڕۆدا گرت، لەوێشەوە بە شامدا تا نزیکی فەڵەستینییان کۆنتڕۆڵکرد. بەم شێوەیەش سنووری قەڵەمڕەویان لە کەنارەکانی دەریایی ناوەڕاستەوە تا نزیکی کەرکوکی دەگرتەوە.

هۆیەکی سەرەکیش بۆ ئەم فراوانخوازیە خێرایە دەرکەوتن و دۆزینەوەی (ئاسن)بوو لە دەڤەرەکەدا کە میتانییەکان بۆ گالیسکەو کەرەستە جەنگیەکان سودێکی باشیان لێ وەردەگرت، ئەمە جگە لە بوونی ئەسپی ڕەسەن و بەهێزیش کە بۆ ڕاکێشانی گالیسکەی ئاسن و هەڵمەتە سەربازیەکان سودیان لێی دەبینی و بۆ ئەو ڕۆژگارە وەک کەرەستەیەکی نوێی سەربازی، گرنگیەکی تایبەتی هەبوو.

یەکەمین پاشای میتانی کە ناوی هاتبێ (پەرا تەرنا)یە لە سەرەتای سەدەی پازدەی پێش زایندا فەرمانڕەوایی کردووەو پێدەچێ هەر لەسەر دەستی ئەویش شاری حەلەب کۆنتڕۆڵ کرابێ.

لە دواتریشداو لە دەوربەری (١٤٦٠پ.ز) پاشا (کیرتا) دێتە سەر تەخت و لە دوای ئەویش سێ پاشای دیکە بە ناوەکانی (شوتەرنا، پارساتاتار، ساوشتتری یەکەم) دەسەڵات وەردەگرن.

شایەنی باسە لیستی ناوی ئەم پاشایانە لە شوێنەواری (نوزی) نزیک کەرکوکدا دۆزراوەنەتەوە، کە ئەمەش بەڵگەیەکی ڕوونە بۆ بوونی دەسەڵاتی میتانی لەو ناوچانەدا.

ساوشتتر یەکێکە لە پاشا بەهێزەکانی میتانی کە توانیویەتی دەستبەسەر شاری ئاشووردا بگرێ و تەواوی ناوچە خورینشینەکان کۆنتڕۆڵ بکات، هەروەها پێدەچێ هەر لە سەردەمی ئەم پاشایەشدا شاری (واشوکانی) لە ڕۆژئاوای کوردستان کرابێتە مەڵبەند و پایتەختی سەرەکی دەوڵەتەکە.

لە دوای ئەم پاشایەش (پەرتاتەرنای دووەم) دەسەڵات وەردەگرێ و سەردەمی ئەم پاشایە بە ململانێیەکی درێژخایەندا تێدەپەڕێ لەگەڵ ئیمپڕاتۆریەتی میسر کە فیرعەونەکان فەرمانڕەواییان دەکرد.

کرۆکی ناکۆکیەکانیش لەسەر بەڕێوەبردنی  ناوچەکانی شام و سوریای ئەمڕۆ بوو کە هەر دەوڵەتەیان لە هەوڵدا بوو بیخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە.

سەرەڕای ململانێی هەردوو دەوڵەتەکە بە درێژایی ئەو ماوەیە، هەنێک جار ڕێکەوتن و ئاشتی بۆ ماوەیەک دەستەبەر بووە، بە تایبەت لەو دەمەدا کە پاشای میتانی (ئەرتاتاما) یەکێک لە کچەکانی خۆی دەدا بە فیرعەونی میسر (ئەمینۆفسی دووەم ١٤٢٨-١٤٠٠پ.ز)، لە دواتریشدا دووبارە پاشایەکی دیکەی میتانی بە ناوی (شوتەرنای دووەم) کچێکی خۆی بە ناوی (کیلۆخیپا) دەداتە (ئەمینۆفسی سێیەم ١٣٩٠-١٣٥٢پ.ز)، ئەم هاوسەرگیریە سیاسیانە گوزارشتن لە یەکسانی و لێک نزیکی هێزی هەردوو ئیمپڕاتۆریەتەکە.

لەو ماوەیەدا کە هاوسەرگیری سیاسی لەنێوانیان هەبووە، پەیوەندی ئەم دوو هێزە تا ڕادەیەک باش و هاوسەنگ بووە. دەقە بەجێماوەکان ئامامە بەوەدەکەن کاتێک فیرعەونی میسر باری تەندروستی تێکدەچێ، پاشای میتانی (شوتەرنای دووەم) پەیکەرێکی خواوەند (شاوشکا)ی بۆ دەنێرێت بە مەبەستی شیفا بەخشین و زوو باش بوونەوەی ئەمینۆفسی زاوای.

لە دوای مردنی شوتەرنای دووەم، شەڕی دەسەڵات لە ناو خانەوادەی شاهانەی میتانییدا هەڵدەگیرسێ و دەوڵەتەکە بەرەو لاوازیەکی زۆر دەبات و پەیوەندیە باشەکەیان لەگەڵ میسردا دەپچڕێ.

ئەم ململانێیە ماوەیەک دەخایەنێ تا یەکێک لە شازادەکان بە ناوی (توشراتا) بەسەر براکەیدا زاڵدەبێ و دووبارە دەسەڵات وەردەگرێتەوە، ئەم پاشایە شازادە (تاتوخیبا) کە دواتر لە میسر بە (نفرتیتی) ناو دەردەکات، پێشکەش دەکات بە ئەمینۆفسی سێیەمی فیرعەونی میسر تا بیکات بە هاوسەری، بەم شێوەیەش تا ڕادەیەک پەیوەندی نێوان دوو دەوڵەتەکە ئاسایی دەبێتەوەو بەرەو باشی دەڕوا.

وەک لە نامەکانی شوێنەواری (تەل عەمارنە) لە میسر دۆزراوەتەوە، بۆمان دەردەکەوێ پاشای میتانی لەم سەردەمەدا چەند نامەیەکی تایبەت و دوورو درێژی بۆ زاواکەی واتە فیرعەونی میسر ناردووە و داوای هاوکاری لێکردووە.

هەر لەم سەردەمەشدا (ئوتخی) کە برای توشراتا بوو لە ڕکابەری براکەیدا شکستی هێناو پەنای بردە بەر هیتییەکان و بە درێژایی ئەو ماوەیە لە هەوڵی دژایەتی میتانی و گێڕانەوەی دەسەڵاتدا بوو، ئاشوورییەکانیش کە تازە گەشەیان دەکردو هێزیان بە بەردا دەهات ئەم ناکۆکیەی نێوان بنەماڵەی شاهانەی میتانییان قۆستەوەو پشتیوانیان لە ئوختی دەکرد دژ بە براکەی.

بەم هۆکارانە دەوڵەتە تا دەهات لاواز دەبوو، لە نێوان بەرداشی هیتییەکان و ئاشوورییەکاندا وڵاتەکەیان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ڕووبەرو سنووری لە کەمی دەداو بەرەو قۆناغی کۆتایی دەڕۆیشت تا ئەوەی بەشێکی بچووکی لێ مایەوە لە باکووری ئاشوور بە ناوی (خانی گلبات) کە دواترو لە سەردەستی پاشای ئاشووری (شەلمانسەری یەکەم ١٢٧٣-١٢٤٤ پ.ز) خانی گلباتیش داگیرکرا، بەمەش کۆتایی بە حوکمڕانی میتانییەکان هات.

 

سەرچاوەکان:

١- د. جەمال ڕشید، د. فوزی ڕشید: مێژووی کۆنی کورد.

٢- کۆمەڵێک وانەی زانکۆیی: د. دڵگەش ئیبراهیم، زانکۆی سلێمانی.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield