دانیشتووانی کوردستانی دێرین؛ لولوبییەکان
بڵاوکردنەوە:
ئاریان ئومێد
نووسەر:
ئاریان ئومێد
بینراو:
1006
بەش:
مێژوو
بەشی دووەم
لولوبییەکان
یەکێکن لەو گەل و هۆزە دێرینانەی کە لەسەر خاکی کوردستان ژیاون، لە دەقە مێخییەکان ناویان بە چەند شێوازێکی جیاوازی وەک (لوللوبوم، لوللوبوما، لوللومێ، لنوللوم..هتد) هاتووە.
هیچ بەڵگەیەک نیە بیسەلمێنێ ئەم کۆمەڵەیە پێش یاخود دوای سوئیەکان لەم ناوچەیە نیشتەجێ بووبن. ئەوەی ڕوونە شوێنی نیشتەجێ بوونیان ناوچەکانی شارەزورو سلێمانی ئەمڕۆو دەشتی زەهاویی گرتوەتەوە. لەسەردەمی ئاشووریی نوێ (٩١١-٦١٢ پ.ز) ناوچەکانیان بە زاموا ناوبراوە.
هەرچەند باوەڕوایە ناوچەی ژێر دەسەڵاتیان تا نزیکی دەریاچەی وان ڕۆیشتبێت، بەڵام بۆ ئەوە بەڵگەیەکی بەرچاومان لەبەردەست نیە. بەڵکوو ئەوەی زیاتر ڕوونە بوونی لولوبییەکانە لەو ناوچانەی ئاماژەمان پێدا کە ناوەندی حوکمداری و دەسەڵاتیان بووە، واتە بەشێک لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ.
لولوبییەکان پێدەچێ دامەزرێنەری شانشینی (خەمازی)بن کە لەم ناوچەیەدا دەسەڵاتداربووە و هەنێک جاریش کێبڕکێ و ڕووبەڕوبونەوەی لەگەڵ شارە دەوڵەتەکانی باشووری عێراقی ئەمڕۆدا بۆ دروست بووە، وەک کێشەو ناکۆکی لەگەڵ پاشایانی (کیش و وەرکا) و لە دواتریشدا لەگەڵ (نەرامسینی ئەکەدی ٢٢٦٠-٢٢٢٣پ.ز) کە دەتوانین بڵێین ئیمپڕاتۆرێکی گەورەی ئەو ڕۆژگارە بووە، نەک هەر بەتەنها پادشای شارە دەوڵەتێک.
هەروەها ئاشوورییەکانیش زۆرجار هێرشیان کردووەتە سەر نیشتیمانی لولوبوم، وەک لە دەقێکی (شەلمانسەری سێیەم ٨٥٨ - ٨٢٤پ.ز)دا، دەردەکەوێت و ئاماژە بەوە دەکات لە داگیرکاریەکانیدا گەیشتووە بە (دەریای لولوبوم) کەپێدەچێ مەبەستی لە دەریاچەی زرێبار یان ورمێ بێت.
لولوبییەکان لە لای دوژمنەکانیان بە بوێرو دڕندە ناوزەندکراون و جەنگاوەرەکانیان کڵاوی درێژیان لە سەردابووە و پرچیان هەبووە. جلوبەرگەکانیان لە پێستی ئاژەڵەکان دروستکراون، چەکەکانیان ڕم و تیروکەوان بووە.
ئاشوورییەکان کە زۆرترین هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەی لولوبوم، لە چەندین دەقی جیاوازدا ئاماژەیان بەو هێرشانە داوەو وردەکاری شەڕەکانیان نووسیوە. وەک دەردەکەوێ زۆرجار هێرشەکان بەهۆی یاخیبوونی لولوبییەکان بووە لە دەسەڵاتی ئاشوور، وەک یاخیبوونەکەی پاشا (نور حەدد) کە لە دەسەڵاتی ئاشووریی هەڵگەڕاوەتەوەو سوپای ئاشوورییش هێرشێکی فراوانیان کردووەتە سەری و لە دەربەندی بازیانی ئەمڕۆ کە ئەوکات بە (بابیت) ناسرابوو شەڕ لە نێوانیان ڕوویداوە و ئاشوورییەکان بە گرتنی چیاکانی چواردەوری دەربەندەکە توانیویانە بچنە پشتی شورای لولوبییەکانەوە و دوای ڕووبەڕوبوونەوە توانیویانە شارەکانیان بگرن، بەڵام سوپا شکاوەکەی لولوبی خۆی ڕادەست نەکردووە، بەڵکوو ڕوویان لە چیای (کینیبا) کردووە کە ئاشوورییەکان پێیان وتووە (نیسیر)، باوەڕوایە مەبەست لە چیای پیرەمەگرون بێت. ئاشوورییەکان بۆ سەرکوتکردنی ئەو یاخیانە هێرشێکی فراوانیان کردووەتە سەر چیاکە بەڵام بە شکستێکی گەورە بۆیان کۆتایی هاتووە.
لولوبییەکان لە ڕووی ئاینییەوە کۆمەڵگایەکی فرە خوداییان هەبووە. خاوەنی ژمارەیەکی زۆر خواوەند بوون کە باوەڕوایە هەر هۆزێک و خواوەندی تایبەتی خۆی هەبووبێ، وەک لە دەقێکی پادشای ئاشووریی (تیگلات پلاسەری یەکەم ١١١٥-١٠٧٧ پ.ز) هاتووە، لە ئەنجامی هێرشێکدا پەیکەری (٢٥) خواوەندی لولوبی بە تاڵان بردووە، هەروەها (ئاشوور ناسر پاڵ)یش دەڵێ لە هەڵمەتێکدا (گایەکی لە مس دروستکراوی پیرۆز)ی بردووە.
هەروەها یەکێک لە پاشا ناودارەکانی لولوبی بە ناوی (ئانوبانینی) کە نەخشێکی لە ناوچەی سەرپێلی زەهاو بەجێهێشتووە، ناوی چەندین خواوەندی هێناوە وەک: (عەشتار، ئەدەد، سین، ئانو، ئەنلیل، ئەنتوم، نینلیک،... زۆری دیکەش).
لولوبییەکان تا کۆتایی دەسەڵاتی ئاشوورییەکانیش جار بەجار ناویان لە دەقەکان هاتووە و وەک خەڵکێکی شارەزا لە تەلارسازی و پەیکەرتاشی ناسرابوون، لە دوای ڕووخانی ئاشوورەوە ناویان بەو شێوەیەی پێشتر نەماوە، بەڵام بێگوومان وەک دانیشتوانی ناوچەکە ماونەتەوە.
سەرچاوەکان:
١- د. جەمال ڕشید، د. فوزی ڕشید: مێژووی کۆنی کورد.
٢- کۆمەڵێک وانەی زانکۆیی، م. دڵگەش ئیبراهیم، زانکۆی سلێمانی.
بابەتی هاوشێوە
زۆرترین بینراو
developed by Scorpion shield