لەیلا زانا؛ ئەو ئافرەتەی لەگەڵ ناوھێنانی بوێری و کۆڵنەدان و کوردبوون دەخاتە ھزری ھەمووان

بڵاوکردنەوە:

سۆنیا مەحموود

نووسەر:

سۆنیا محمود

بینراو:

599

بەش:

ئاشنایی

لەیلا زانا، لە شارۆچکەی (سیلوان)ی سەر بە شاری دیاربەکر، لە ٣ی ئایاری ساڵی (١٩٦١) چاوی بە دونیا ھەڵێناوە. خاوەنی شەش خوشک و یەک برا بووە. باوکی لەیلا چەندین جار ئەشکەنجەی دایکی داوە، لەبەر ئەوەی شەش کچی بووە. باوکی تەنیا کوڕە تاقانەکەی بەلاوە گرینگ بووە، و تەنانەت ڕێگەی نەداوە لەیلا و دەستە خوشکەکانی بخوێنن. لەیلا، بەھۆی دواکەوتوویی و دابونەریت، لەژێر گوشاری باوکی لە تەمەنی (١٤) ساڵی دەچێتە ناو پڕۆسەی ھاوسەرگیری، لەگەڵ سیاسەتمەداری کورد، (مەھدی زانا)، کە ٢١ ساڵ تەمەنی لە خۆی گەورەترە. ساڵی (١٩٧٨) مەھدی زانای ھاوسەری لەیلا، بە سەرۆک شارەوانی ئامەد ھەڵدەبژێردرێت. کودەتا سەربازییەکەی ساڵی ١٩٨٠ لە تورکیا شەپۆلێکی نوێی لە زوڵم و چەوساندنەوە دژی کورد بەدوای خۆیدا هێنا و مەهدی زاناش یەکێک لەو هەزاران چالاکوانانە بوو، کە، بە ناوی ئاسایشی نەتەوەیی و دیموکراسییەوە دەستبەسەر و  (٣٥) ساڵ زیندانی کران. ئەو کات، لەیلا ١٩ ساڵ تەمەنی بوو، خاوەنی یەک منداڵ بوو بە ناوی ڕوناھی، ڕوکەنی کچی لە سکدا بوو.

لەیلا زانا لەسەر لیستی پارتی (ڕەنجی گەل) لە ساڵی (١٩٩١) خۆی بۆ پەرلەمان ھەڵدەبژێردرێت، لە هەڵبژاردنەكان توانی بە بەدەستھێنانی ٤٥ هەزار دەنگ سەربکەوێت. بەو شێوەیەش، بووە یەكەم ژنی كورد كە پێ بخاتە هۆڵی پەرلەمانی توركیا و کورسی لە پەرلەمانی تورکیا بەدەستبھێنێت و بە زمانی کوردی قسە بکات. بەمەش لە مێژووی بزاڤی کوردی گۆڕانکاریەکی گەورە ڕوویدا. بەرواری ١-١١-١٩٩١ کە ڕۆژی سوێندخواردنی پەرلەمانتاران بوو، لەیلا ڕەنگەکانی ئاڵای کوردستانی لە پرچی ئاڵاندبوو. پێش ئەوەی لەیلا بگات بە سەکۆی سوێند خواردنەکە، ئەمە، پەرلەمانتارە تورکەکانی توڕە کرد و کاردانەوەی لێ کەوتەوە. لەیلا و شەش پەرلەمانتاری دیکەی کورد لە ڕۆژی سوێند خواردنەکە بە زمانی کوردی سوێندیان خوارد. لەیلا لە کۆتایی سوێند خواردنەکەی بە زمانی کوردی گوتی، "سوێند بە برایەتی گەلی کورد و تورک دەخۆم." ھەر لەگەڵ گوتنی ئەو دەستەواژەیە، قیامەت لە پەرلەمانی تورکیا ھەستا. بووەی ھۆی توڕەبوونی پەرلەمانتارەکان. گەورەترین ململانێی بەدوای خۆی ھێنا.  ئەمە لە کاتێکدا بوو کە زمانی کوردی لە تورکیا بە ڕەسمی قەدەغە کرابوو، تەنانەت لە نێوان دوو کەسیش قسەکردن بە زمانی کوردی ڕێگەپێدراو نەبوو. لە پاش ئەو مەڕاسیمە پۆلیسی تورکیا ھەر یەک لە لەیلا زانا، ئۆرھان دۆغان، سەلیم ساداک و خەتیب دیجلەی دەستگیر کردن، بە (١٥) ساڵ زیندانیکردن حوکمدران، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە و خیانەت لە نیشتیمان. دوو پەرلەمانتارەکەی ‌تر، زوبێر ئایدار و یەشار کایاش، ڕایانکرد. ھەرچەندە بەھۆی نەخۆشییەوە بڕیاری لێخۆشبوون بۆ لەیلا دەرچوو. بەڵام، لەیلا ئەو بڕیارەی ڕەتکردەوە. ساڵی ٢٠٠١ دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی دەنگی دا بە ھەڵوەشاندنەوەی سزای لەیلا و ھاوڕێکانی. بەڵام، بە ھەموو شێوەیەک حوکمەتی تورکیا ئەوەی ڕەتکردەوە ئازادیان بکات. دواتر، لە ساڵی (٢٠٠٤) ھەر لە ژێر فشاری یەکێتی ئەوروپا بڕیاری ئازادکردنی لەیلا و ھاوڕێکانی درا لە دوای ١٠ ساڵ. یەکێتی ئەوروپا ھەمیشە لەگەڵ ئازادکردنی لەیلا و ھاوڕێکانی بوو. ھەر بۆیەش ساڵی (١٩٩٥) خەڵاتی ساخارۆفی بە لەیلا زانا بەخشی. بەڵام، بەھۆی ئەوەی لەیلا لە زیندان بوو، تا ساڵی (٢٠٠٤) نەیتوانی خەڵاتەکە وەربگرێت. پاش ئەنجامدانی کۆمەڵێک کارو چالاکی تر لە دوای ئازاد کردنی، لەیلا زانا دەبێت بە ئەندام لە حیزبی ھەدەپە و دەبێتە ئەندام پەرلەمانی تورکیا بۆ جاری دووەم، لە هەڵبژاردنەکانی ٢٦هەمین خولى پەرلەمانى تورکیا لە ساڵی (٢٠١٥). لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی تورکیا بۆ سوێند خواردنی پەرلەمانتاران، دووبارە لەیلا زانا بە زمانی کوردی سوێندی خوارد و قیامەتی لە پەرلەمانی تورکیا ھەستاندەوە، بەھۆی ئەوەی دەقی سوێندەکەی گۆڕی و بە زمانی کوردی دەستی بە سوێند خواردنی یاسایی کرد. بەمەش، دووبارە پەرلەمانی تورکیای ھەژاندەوە و مشتومڕی زۆری لێکەوتەوە و چاوی میدیاکانی خستەوە سەر خۆی. دواتر، لە (٢٠١٨)، لە پەرلەمانی تورکیا، مەسەلەی لێسەندنەوەی مافی پەرلەمانتاری تاوتوێ کرا، بەھۆی یاسایی-نەبوونی سوێندخواردنەکەی و دەوامنەکردنی لە پەرلەمان. دەرئەنجام، بە دەنگی ٢٧٦ پەرلەمانتار، وەرگرتنەوەی مافی پەرلەمانتاری لە لەیلا زانا پەسەندکرا.

شایەنی باسە ئەو خانمە بوێر و چاونەترسەی کورد، لە کاروان و خەرمانی ژیانی خاوەنی چەندان خەڵاتە. لە ساڵی ١٩٩٤، خەڵاتی‌ دەزگای‌ رافتۆی‌ نەرویجی‌ بۆ ئاشتی‌ وەرگرتووە. هەروەها، ساڵی‌ ١٩٩٦، خەڵاتی‌ ڤاڵدۆستی‌ ئیتاڵی‌ بۆ مافی‌ مرۆڤی‌ وەرگرت. ساڵی‌ ١٩٩٦، خەڵاتی ئاخنی ئەڵمانی‌ بۆ ئازادیی ڕادەربڕین پێبەخشراوە. لە نێوان ساڵەكانی‌ ١٩٩٥ تا ١٩٩٨، كاندیدكرا بۆ وەرگرتنی‌ خەڵاتی‌ ئاشتی ‌نۆبڵ. لە شاری‌ رۆمای‌ ئیتاڵی‌ رەگەزنامەی‌ فەخری‌ ئەو وڵاتەی‌ پێبەخشرا. ساڵی‌ ٢٠٠٨، خەڵاتی‌ خوان ماریا باندریسی ئیسپانی‌ بەخشرایە لەیلا زانا. مێژوو گەواھیدەرە کە لەیلای کوردان چەند بوێر و چاو نەترس و مەرد بووە. نموونەی ئافرەتی شۆڕشگێڕ بووە، بووەتە سیمبولی ڕووبەڕووبوونەوە بەرامبەر بە ستەم و زۆرداری.

جا، ئەگەر مەجنون لەیلی ھەبووبێت و عاشقی بووبێت، ئێمەش لەیلی خۆمان ھەیە و بەدڵ و بەگیان خۆشماندەوێت.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield