لەیلا قاسم
بڵاوکردنەوە:
ئیسماعیل عەبدوڵڵا ئەحمەد
نووسەر:
ئیسماعیل عەبدوڵڵا ئەحمەد
بینراو:
1013
بەش:
ئاشنایی
ئیشق جۆری زۆرە، یەکێک لەو جۆرانە ئیشقی خاک و خۆڵی نیشتمانە. ئیشقی نیشتمان ئەو کاتەیە کە مرۆڤ ئاڵوودە و هۆگری خاکەکەی دەبێت، بە جۆرێک ئامادەیە کە هەموو شتێک لە پێناویدا بکاتە قوربانی. بە جۆرێک دەکەوێتە ئەو باوەڕەی کە خاکەکەی پێویستی بە خوێنی ئەوە بۆئەوەی پارێزگاری لێبکات و بمێنێتەوە. هەر مرۆڤێک، تاوەکو تەواو لەو ئیشە تێنەگات ناتوانێت ژیان و قوربانیدانێکی شایستە پێشکەش بە نیشتمانەکەی بکات. هیچ قوربانیدان و گیانبازییەکیش هێندەی نیشتمان پیرۆزتر و جوانتر نییە. لەیلا و هاوڕێیەکانیشی لەپێناوی ئەو ئیشقەدا لە لووتکەی تەمەنی لاویەتی و ژیانی زانکۆیاندا بە گیانیان قوربانیان بۆ نیشتمان دا. لەیلا و هاوڕێکانی، بۆ هەمیشە بوونە ھێمای لاوانی نیشتمان و قوربانیدان لەپێناوی ئیشقی خاک و خۆڵدا. لەیلا قاسم، ئەو کەسەیە کە دەبێت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی قوتابیانی کوردستان بۆ هەمیشە وەکو ئەندامێک شانازیان پێوە بکەن.
— لەدایکبوون و منداڵی
لەیلا قاسم (بە عەرەبی: لیلا قاسم؛ ١٩٥٢ – ١٢ی ئایاری ١٩٧٤) چالاکوانی کوردی فەیلی دژ بە ڕژێمی بەعسی خوێنڕێژی عێراق بوو، کە لە بەغدا لەسێدارەدرا. لەناو کورد دا بە شەهیدێکی نەتەوەیی ناسراوە.
لەیلا قاسم، ساڵی (١٩٥٢) لە گوندی بامیلی سەر بە شاری خانەقین لە خێزانێکی ھەژار و نیشتمانپەروەری کورد لەدایکبووە. بەڵام، لە تەمەنی چوار ساڵیدا گواستراوەتەوە بۆ هەولێر. لە کۆی پێنج منداڵ کە لە جووتیارێکی کورد، داڵاهۆ قاسم و کانی هاوسەری لەدایک بوون، سێیەم منداڵی خێزانەکەی بووە. لەیلا سێ برا و خوشکێکی ھەبووە بەناوەکانی (چیاکۆ، سەبیحە، سەلام، سەفا و سەڵاح). قاسم حەسەنی باوکی لەیلا، لە دواییدا بووەتە کرێکاری کۆمپانیای پاڵاوتگەی نەوتی ئەڵوەند. دوای ئەوەی قاسم خانەنشین کراوە، ساڵی (١٩٧١) لە خانەقینەوە ماڵیان گواستۆتەوە بۆ بەغدا.
ستەم و زۆرداری ڕژێمە یەک بە دواییەکەکانی عێراق له به‌رامبه‌ر نەتەوەی كورد هه‌ر زوو له منداڵییه‌وه كاریگه‌ری له‌سه‌ر له‌یلا دروستكردووه و هۆگری نیشتمانی كردووه، گیانی یاخیبوونی له ناخییدا دروستكردووه. لە سەرەنجامدا، ویست و ھەستی پێداگری له‌سه‌ر ناسنامه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌كه‌ی گەشەی کردووە.
سه‌بیحه قاسمی خوشكی له‌یلا به‌سه‌رهاتێك ده‌گێڕێته‌وه: "ساڵی (١٩٥٩) سه‌ردانی به‌غدامان كرد، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی عه‌بدولكه‌ریم قاسم له‌سه‌ر حوکم بوو. ڕۆژێك بیستمان ئاهه‌نگێك هه‌یه، بڕیارماندا ئێمه‌ش بچین سه‌یری بكه‌ین. له به‌رده‌م وه‌زاره‌تی به‌رگری خه‌ڵكێكی زۆر كۆبووبوونەوە و هوتافیان بۆ پشتیوانی له عه‌بدولكه‌ریم قاسم لێ ده‌دا. له‌یلا، داوای له باوكی كرد بیخاته سه‌رشانی، باوكی به قسه‌ی كرد و هه‌ر هێندەی له‌یلای خسته سه‌ر شانی خۆی، له‌یلا به ده‌نگێكی به‌رز ده‌ستی كرد به هوتاف لێدان و وتنی درووشم بۆ كورد و كوردستان."
— خوێندن
لەیلا و چیاکۆی برای لە تەمەنی شەش و هەشت ساڵیدا لەلایەن دایکییەوە فێری زمانی عەرەبی و کشتوکاڵ دەکران. ھەموو خوشک و براکانی لەیلا خەریکی خوێندن بوون. سەرەڕای خوێندن، ھەریەکەیان لەپاڵ خوێندنەکەیان بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکەیان کاریان کردووە. لەیلا قاسم، بۆ یەکەم جار ساڵی (١٩٥٨) لە شاری خانەقین چووەتە بەر خوێندن و قۆناغەکانی سەرەتایی و دواناوەندی لەم شارە تەواو کردووە. لەیلا لە ساڵی (١٩٧١)دا چووەتە بەشی کۆمەڵناسی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا.
— چالاکی سیاسی
لەیلا قاسم، تەمەنی شانزە ساڵ بوو، لە کاتێکدا عەبدولرەحمان عارف لەلایەن سەرۆکی حزبی بەعس ژەنەڕاڵ ئەحمەد حەسەن بەکر لە ساڵی (١٩٦٨) لادرا. لەیلا بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی توندوتیژانەی دەسەڵات دووچاری زەحمەتی زۆر بۆتەوە. لە کۆتایی شەستەکاندا، لەیلا و چیاکۆ نامیلکەیان لەسەر ترسناکییەکانی حزبی بەعس نووسیوە لەوانە بەرپرسی نوێ، سەدام حوسێن کە بە دژی سەربەخۆیی کورد وەسفی دەکەن. لەیلا سەبارەت بە ستەم و زۆرداری ڕژێمی بەعس و کەم ڕەوشتی ئەندامەکانی بۆ کوردەکانی هەرێمی کوردستان دەگێڕاییەوە، کە لەو کاتەدا ڕژێمی بەعس تاوانباریکرد بە هاندان بۆ ئاژاوەگێڕی. لەیلا، ھەر زوو ئاشنایەتی لەگەڵ بزووتنەوە و ڕێکخستنەکاندا پەیداکرد. ساڵی (١٩٧٠) لە ڕێگای سەلام قاسمی برا گەورەکەییەوە پەیوەندی بە ڕیزەکانی (یەکێتیی قوتابیانی کوردستان) کردووە. لەیلا ساڵی (١٩٧٠) بووە بە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان.
لەیلا قاسم لەگەڵ یەکێک لە ھاوڕێکانی خۆی بەناوی جەواد ھەمەوەندی زۆر چالاکی سیاسی ئەنجامدەدا، کە جەواد کرێکاری کارگەیەکی زەیت درووستکردن بوو لە بەغدا. ئەو هاوڕێیەتییە بەهێزەی نێوانیان لە دواتردا گۆڕا بۆ پەیوەندی خۆشەویستی، لەیلا ھەر بەڕێگەی جەوادیشەوە بۆ ماوەیەک لە ناوچەکانی باشووری کوردستان چووە نێو ڕیزەکانی پێشمەرگەوە. ئامانجی لەیلا قاسم لەمەدا زیاتر ئاشنا بوون بە دۆخی پێشمەرگە و ڕێکخستنەکانی ناوشار بوو.
لەیلا و جەواد، لە سەرەتای ساڵی (١٩٧٤) بەیەکەوە لێکۆڵینەوەیەکی زانستی‌یان لەسەر کۆمەڵگەی کورد ئەنجامدابوو و لە دەرفەتێک دەگەڕان کە بڵاوی بکەنەوە. بەڵام، بەھۆی تێکچوونی گفتووگۆکانی نێوان سەرکردایەتی کورد و ڕژێمی عێراق و دەستپێکردنەوەی شەڕ، لە دواتریشدا بەھۆی گیرانی لەیلا قاسم و جەواد و ھاوڕێکانی تریان دەستنووسی لێکۆڵینەوەکەشیان لەلایەن سیخوڕەکانی حکومەتی عێراقەوە لەناوبردرا.
— دەستگیرکردنی لەیلا و هاوڕێکانی
لە ئازاری (١٩٧٤), دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ و ھێرشکردنەوەی ڕژێمی عێراق بۆ سەر ناوچەکانی کوردستان، ڕژێمی بەعس دەستیکرد بە کۆچبەرکردنی ھەزاران کورد و بۆردوومان کردنی ھەر دوو شاری قەڵادزێ و ھەڵەبجە. هەروەها، ڕاوەدوونان و دەستگیرکردنی ئازادیخوازان و ڕووناکبیران و قوتابیانی کورد. لە دوای بەرفراوانبوونی شەڕەکان لە ساڵی (١٩٧٤)دا، دەزگا ھەواڵگرییەکانی ڕژێمی بەعس بەردەوام و زۆر بەتوندی چاودێری یەک بە یەکی تاکەکانی کوردی‌یان دەکرد. بۆیە هێندەی نەبرد لە ڕۆژی (٢٨ی نیسانی ١٩٧٤) لەیلا قاسم و چوار لە ھاوڕێکانی جەواد ھەمەوەندی، (نەریمان فوئاد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران) لە ئەنجامی ھەڵمەتێکی بەرفراوانی ھێزەکانی ئاسایش و سەربازی ڕژێم لە بەغدا دەستگیرکران. (ڕۆژنامەی وێنە)ی زمانحاڵی ڕژێمی بەعسی دەسەڵاتدار، هەروەها ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی نێوخۆیی عێراق، لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی وەک تێکدەر و گێڕەشێوێن و تیرۆرست ناوبرد. بەڵام، لەگەڵ ھەموو ئەو جۆرە لە ئازار و ئەشکەنجەدانانەش بچووکترین تۆمەتیان لەسەر نەسەلمێندرا.
ھەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی ویستوویانە دوو تەقینەوە لە بەغدا ئەنجامبدەن بە مەبەستی سەرنجڕاکێشانی ڕای گشتی عێراق و کەمکردنەوەی فشارەکانی ڕژێم لەسەر ناوچەکانی کوردستانی باشوور. دواتر، لەلایەن چەند کەسێکی نێو ڕێکخستنەکانەوە لە بەغدا کە دەستیان لەگەڵ ڕژێم تێکەڵ بووە پلانەکە گەیەنراوەتە دەزگای ھەواڵگری ڕژێم. ھەرچەندە، ڕوون نییە کە پلانی ئەم چالاکییانە بە دەستپێشخەری خودی شانە ڕێکخستنەکەی لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی بووە یان بە بڕیار و داوای سەرکردایەتی کورد لە شاخ. ئەوەی تێبینی دەکرێت لە دوای لەسێدارەدانی لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی سەرکردایەتی کورد خاوەنداریی لێ نەکردن. زۆر سەرچاوە پشتڕاستی دەکەنەوە کە لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی لەلایەن چەند ئەندامێکی دەستڕۆیشتووی ڕێکخستنەکانەوە لە بەغدا بەگرتندراون.
ئه‌حلام مه‌نسوور، كه له هه‌مان كات و له هه‌مان زانكۆ له به‌شی كوردی خوێندوویه‌تی باس له ڕۆژێك به‌ر له ده‌ستگیركردنی له‌یلا قاسم ده‌كات و ده‌ڵێت: "سڵاوم له له‌یلا كرد، به‌ڵام ئه‌و ڕۆژه به ساردی وه‌ڵامی دامه‌وه و په‌شۆكاو دیاربوو."
دەربارەی كاتی ده‌ستگیركردنی له‌یلا، سه‌بیحه‌ی خوشكی له‌یلا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات ویستوویه‌تی بۆ سه‌ردانێك له‌یلا له‌گه‌ڵ خۆی ببات بۆ جه‌له‌ولا، به‌ڵام دواتر له‌یلا پێی وتووه كه ناتوانێت له‌گه‌ڵی بچێت. سه‌بیحه قاسم له دەمی دایكییه‌وه ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێت: "دایكم وتی: دره‌نگانی شه‌و بوو هێزێكی زۆری چه‌كدار هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر ماڵمان و پرسیاری له‌یلایان كرد. له‌یلاش هات و خۆی پێناساندن، به‌ڵام باوه‌ڕیان پێ نه‌كرد و وتیان: تۆ له‌یلا نیت، له‌یلا سه‌رۆك سه‌ددام و هه‌موو حكوومه‌تی توڕه كردووه. دواتر له‌یلا ناسنامه‌ی زانكۆی پیشاندان، ئینجا باوه‌ڕیان كرد و به بیانووی لێكۆڵینه‌وه و پرسیاركردن لێی ده‌ستگیریان كرد و له‌گه‌ڵ خۆیاندا برد."
— به‌رخۆدانی له‌یلا قاسم له زیندان
به‌رخۆدان و وره‌به‌رزی له‌یلا قاسم له‌نێو زیندان و كاربه‌ده‌ستانی حكوومه‌تی بەعس ده‌نگی دابوەوە، چونكه به چه‌ندین شێوه له‌یلا ئه‌شكه‌نجه درابوو. به‌ڵام، ئاماده‌نه‌بوو له‌سه‌ر داوا ڕهوایەكانی خۆی و نەتەوەکەی په‌شیمان ببێته‌وه. كاربه‌ده‌ستانی ده‌زگای هه‌واڵگری ڕژێم، زۆر هه‌وڵیاندا به وتووێژ بڕوا به له‌یلا بكه‌ن كه په‌شیمان ببێته‌وه. به‌ڵام، هیچ سوودی نه‌بوو. ته‌نانه‌ت ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق داوای له له‌یلا كردووه نامه‌یه‌كی په‌شیمانبوونه‌وه بۆ سه‌ددام حوسێن بنووسێت له به‌رامبه‌ردا ئازاد ده‌كرێت. به‌ڵام، له‌یلا ڕه‌تیكردۆته‌وه و له وه‌ڵامدا وتوویه‌تی: "ئه‌گه‌ر من له كارێكی خۆم له‌م ژیانه‌دا په‌شیمان ببم، ئه‌وه‌یه کە زوو ده‌مرم، به‌بێ ئه‌وه‌ی بتوانم ماوه‌یه‌كی درێژ بۆ نەتەوەکەم تێبکۆشم. ئه‌گه‌ر بڕیار بێت داوای لێبووردن له كه‌سێك بكه‌م، ئه‌وا داوای لێبووردن تەنها لە نەتەوەکەی خۆم ده‌كه‌م، چونكه له ڕاستییدا من بۆ پرسی نه‌ته‌وه‌كه‌م كه‌م تێکۆشاوم و قوربانیم داوە."
به‌ر له له‌سێدارەدانی له‌یلا، په‌یامێكی له‌یلا ده‌گاته بنەماڵەکەیی و پێیان ڕاده‌گه‌یه‌نێت: "ڕۆژی ١٢ی ئایار له‌سێداره ده‌درێم وه‌رن بۆ دیده‌نیم، به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی ڕێگه‌تان پێبدرێت، بڵێن هاتووین بۆ لای زیندانییه‌كی خه‌ڵكی جه‌له‌ولا كه ناوی سه‌ڵاحه." له ڕۆژی ١٢ی ئایار، دایكی له‌یلا نامه‌یه‌ك بۆ هاوسەرەکەی جێده‌هێڵێت و به‌په‌له ده‌چێته دیده‌نی له‌یلای كچی له زیندانی ئه‌بوغرێب، دەیگێڕێتەوە: "هه‌ر كه ڕێگه‌یان پێدام بچمه ژووره‌وه له‌یلام بینی و به ده‌نگێكی به‌رز با‌نگم كرد، له‌یلا؟ له‌پشت ئاسنهكانهوه یه‌كتریمان ماچ كرد. له‌یلا زۆر به‌هێز و به‌وره دیاربوو، پێی وتم: دایه خه‌م نه‌خۆیت و بڵێیت كچه‌كه‌م وەهای لێهاتووه، بووەستە بۆت باس بكه‌م: "سه‌ددام حوسێن له‌گه‌ڵ چه‌ندین گه‌وره كاربه‌ده‌ستانی ڕژێم هاتن بۆ لام، سه‌ددام پێی وتم چیت ده‌وێ بۆتی ده‌كه‌م. داوای لێكردم په‌شیمان ببمه‌وه، له به‌رامبه‌ردا نه‌وەك هه‌ر ئازادم ده‌كات، به‌ڵكو چیم بوێت بۆ خۆم و بنەماڵەکەم ده‌یكات. وەڵامی لەیلا بۆ سەددام لە دەمی خۆیەوە: "كه سه‌دام قسه‌كانی كرد، دواتر لێم پرسی قسه‌كانت ته‌واو بوون؟ سه‌دام وتی: به‌ڵێ، هه‌ر ئه‌و داوایه‌م لێت هه‌یه و تۆش چیت ده‌وێ بیڵێ با بۆت جێبه‌جێ بكه‌م. منیش پێم وت: با پێت بڵێم من كوردم و کوردستانیم. سه‌ددام یەکسەر تەنها بە ناوهێنانی وشەکانی کورد و کوردستان هەڵچوو و تووڕەیی دایگرت، وتی به‌خوا لەسێدارەت ده‌دەم، به‌خوا چاوت ده‌ردێنم. منیش وه‌ڵامم دایه‌وه و پێم وت: "من بكوژن، به‌ڵام ئه‌و ڕاستییه بزانن كه به كوشتنی من هه‌زاران كورد له خه‌وی گران وەئاگا دێنه‌وه. من زۆر خۆشحاڵم كه به سهربەرزی له ڕێگای ئازادیی كوردستان گیانی خۆم فیدا ده‌كه‌م."
بنەماڵەی له‌یلا قاسم ئاماژه بەوه‌ش ده‌كه‌ن، باوكی له‌یلا كه زانیوییه‌تی له‌یلا له‌سێداره ده‌درێت ئه‌ویش به‌په‌له خۆی گه‌یاندووەته زیندانی ئه‌بوغرێب و له دوایین دیده‌نیدا به كچه‌كه‌ی وتووه: "كچم له‌یلا، نه‌ڵێی من له‌نێو قه‌فه‌زی زینداندا وه‌ستاوم، تۆ سه‌ری هه‌موو كوردت به‌رزكردۆته‌وه. كوردستان هەرگیز نامرێت و ده‌بێت ئاڵایەكهی هه‌میشە بەرزبێت."
— لەسێدارەدانی
لە (٢٨ی نیسانی ١٩٧٤) لەگەڵ چوار لە هاوڕێکانی دەستبەسەر کران و تۆمەتبار کران، بە هەوڵدان بۆ ڕفاندنی فڕۆکەیەک. لە (١٢ی ئایاری ١٩٧٤) لە بەغدا دەستگیرکرا و ئەشکەنجە درا و لە کۆتاییدا دوای دادگایی‌کردنی نمایشکراو لەسێدارەدرا. کە لە سەرانسەری عێراق وا پەخشکرا کە ئەو کچە تۆمەتبار کرابوو بە پلانی کوشتنی سەدام حوسێن. یەکەم ژن بوو کە لەلایەن حزبی بەعسی عێراقەوە لەسێدارەدرا. لەیلا قاسم لەگەڵ چوار هاوڕێیەکەی لەسێدارەدرا.
ڕژێمی بەعس، بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ترس لە نێوان لاوان و قوتابیان و چینی ڕووناکبیرانی کورد یەکسەر لە دوای دەستگیرکردنیان دادگایەکی نمایشکراویان دژ بە لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی بەڕێوەبرد و بڕیاری لەسێدارەدانیانیان بۆ دەرکرد، کە ھێشتا دوو ھەفتە بەسەر دەستگیرکردنیان تێنەپەڕیبوو. کاژێر ٧ی سەرلەبەیانی ڕۆژی (١٢ی ئایاری ١٩٧٤)، لەیلا قاسم و ھەر چوار ھاوڕێکەی لەسێدارەدران. ڕژێم ته‌رمه‌كانی لەیلا قاسم و جەواد ھەمەوەندی نەدانهوه بە بنەماڵەکانیان و له شاری نه‌جه‌ف به‌خاكی سپاردن. برا گەورەکەی لایلا قاسم، سەلام قاسمی دوای ماوەیەک لە لەسێدارەدانی لەیلا ھەر لە بەغدا لەلایەن بەعسییەکانەوە شەهید کرا، کە تەنها بەوە تۆمەتبار کرابوو، وێنەی لەیلای خوشکی ناردبوو بۆ قوتابیانی کورد و ئەندامانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات. یه‌كێكی تر له براكانی كه سێ هه‌فته بوو دامه‌زرابوو لە بەغدا دوورخرایەوه بۆ سه‌ماوه. هەروەها، سه‌بیحه‌ی خوشكیشی بۆ دهۆك گواسترایه‌وه. باوكی له‌یلا له (پاڵاوتگه‌ی دۆره)وه گواسترایهوە بۆ شوێنی فرۆشتنی قلێنهی غاز له كاتێكدا باوكی له‌یلا خاوه‌نی بڕوانامه‌ی به‌رزی خوێندن بوو. دایک و باوکی لەیلا قاسم دوای ماوەیەک بەھۆی لەدەستدانی دوو ڕۆڵەیان بە کۆست و خەمێکی گەورەوە کۆچی دواییان کردووە.
له‌یلا، به‌ر له له‌سێداره‌دانی داوای كردووه جلی كوردی بۆ ببه‌ن بۆئه‌وه‌ی له كاتی له‌سێداره‌دانیدا له‌به‌ریان بكات. هه‌روه‌ها، له دوایین دیدهنییدا لەگەڵ دایکی داوای لێ كردووه کە قژه زه‌رده‌كه‌ی ببڕێت و له‌گه‌ڵ خۆیدا بیباته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بیكه‌ن به ئاڵای كوردستان.
ڕۆژی ١٣ی ئایار ھەواڵی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم لە تەواوی کوردستان و عێراقدا دەنگی دایەوە، ھەروەھا ڕاگەیاندنەکانی ئەوسای جیھان و ناوچەکە ھەواڵی لەسێدارەدانی لەیلا قاسمیان وەک لەسێدارەدانی یەکەم ژن لە مێژووی سیاسی عێراقدا ناوزەند کرد.
— یادکردنەوەی
زۆرێک لە بنەماڵە کوردەکان بەناوی ئەوەوە ناوی منداڵەکانیان ناوناوە لەیلا. هەموو ساڵێک لە ساڵڕۆژی شەهیدکردنی لەلایەن کوردەکانەوە یادی دەکرێتەوە. لە ساڵڕۆژی شەهید کردنیدا، چەندین کۆڕ و سیمینار لە شار و شارۆچکە جیاوازەکاندا بەناوی ئەوەوە ساز دەدرێن. لە کەلار پارکێکی گشتی ناونراوە لەیلا قاسم، هەروەها لە هەولێریش پەیکەرێکی بۆ دروستکراوە.
لەیلا قاسم چەندین هۆنراوەی لەسەر نووسراوە و ناوی هێندراوە. ھەروەک ھێمن موکریانی لەسەر لایلا لەم هۆنراوەیەدا دەڵێت:
لەدووی لەیلا بە واوەیلا و شیوەن
دەڕۆم و پۆلێ شین گێڕ وا بەدواوەم
بزەی ھاتێ، وتی ڕووناکە ئاسۆم
وەرە جەلاد پەتت باوێژە ئەستۆم
ئەوە پەت نییە مێداڵی ئیفتخارە
کە بوومە قارەمانی میللەتی خۆم
كە تۆ تۆرای لە چاوان وەك خەوی من
لە بسكت ڕەشترە مانگە شەوی من
بڕۆ مەجنون! بە لەیلای خۆت مەنازە
كە ناوبانگی پتر ڕۆیی ئەوی من"
هەروەها جگەر خوێنی شاعیر لەم هۆنراوەیەدا دەڵێت:
"لەیلا جوان‌و شۆخ و شەنگ
خوە دایە كوشتن وەك پلەنگ
شەرێ ل ناڤ كورد دایە دەنگ
ئێرش بكەن رەنگێ زیا
زوو دەركەڤن ژۆرێ چیا
بگرن ل ئەو دوژمنێت ریا
كا: هۆر و میت و مەدیا
لەیلا بژی سەد ئافەرین
ژ بۆ مە بوویە ئۆل و دین
دیسا ل من دەربوون برین
هەتا جگەر من بوویە خوین
زۆرترین بینراو
developed by Scorpion shield