باربارا ماکلینتۆک

نووسەر:

NIH

بینراو:

770

بەش:

ئاشنایی

باربارا ماکلینتۆک لە 16 حوزەیرانی ساڵی 1902، لە هارتفۆرد، کنێکتیکت لەدایکبووە. یەکێک بووە لە چوار مناڵەکانی تۆماس هێنری ماکلینتۆک و سارا هاندی ماکلینتۆک. خێزانەکەی لە ساڵی 1908 بەرەو برۆکلین ڕۆیشتوون لە نیویۆرک، هەروەها لە ساڵی 1919 "قوتابخانەی ئامادەیی ئێراسمۆس هاڵی تەواو کردووە." ماکلینتۆک بڕوانامەی (B. S.) و (M. S.)ی لە ڕووەکناسی لە "زانکۆی کۆرنێل" بەدەست هێناوە و دکتۆرای خۆی لە هەمان بابەتدا لە لە ساڵی 1927 کۆرنێل وەرگرتووە. هەرچەندە، ژنان ڕێگەپێنەدراو بوون تا لە بواری بۆماوەییدا کاربکەن لە کۆرنێل، بەڵام ئەو بوو بە ئەندامێکی زۆر کاریگەر لە گروپێکی بچووک کە لە "سایتۆجێنێتیکی گەنمەشامی" دەکۆڵیەوە، واتە لێکۆڵینەوەی بۆماوەزانی گەنمەشامی لە ئاستێکی خانەییدا.

لەسەرەتای ساڵانی 1930، هاوڕێ و دکتۆرە گەورەکانی لە "ئەنجوومەنی توێژینەوەی نەتەوەیی" و "دامەزراوەی گوگنهایم" زیاتر هانی دکتۆر ماکلینتۆکیان دا بۆ بەدواداچوونێکی بۆماوەیی لە چەندین پەیمانگای جیاوازدا، کە لەوانە "کۆرنێڵ،" هەروەها "زانکۆی میزوری" و "پەیمانگای تەکنەلۆژیای کالیف." بەشێک لەو توێژینەوانە، دوای شەش مانگ لە دکتۆراکەی له ئەڵمانیا لە ساڵی 1933 بۆ 1934 ئەنجامدان. بەڵام زیادبوونی تەنگەژەی سیاسی لە سەرانسەری ئەوروپادا ناچاری کرد کە زووتر لەوەی چاوەڕێی دەکرد بگەڕێتەوە بۆ ئەمەریکا.

ماکلینتۆک بۆ ماوەی چەند ساڵێک گەڕایەوە بۆ کۆرنێڵ تا ساڵی 1936، پیشەی پرۆفیسۆری یاریدەدەری لە "زانکۆی میسۆری" لە کۆڵۆمبیا قبوڵ کرد لەلایەن بۆماوەزانی گەنمەشامی، “Lewis Stadler”. تا لە ساڵی 1940، باوەڕی وابوو کە لە میسۆری ناتوانێ بەتەواوی کارەکانی بکات، بۆیە وازی لە کارەکەی لەوێ هێنا. لە کانوونی یەکەمی 1941، لە پەیمانگای کارنگی بەشی بۆماوەزانی واشنتۆن پێشنیاری کرد کە بۆ ماوەی یەک ساڵ توێژینەوە بکات لە ناوچەی کۆڵد سپرینگ، هاربۆر، لە لۆنگ ئایلاند لە نیویۆڕک، کە لە ساڵی دواتردا بوو بە شوێنێکی تەواو بۆ کارکردنی خۆی و دەستەکەی. لە ساڵی 1967، دوای 26 ساڵ لە ئەنجامدانی توێژینەوەکەی، ماکلینتۆک لە پەیمانگای کارنگی خانەنشین بوو، بانگێشت کرا بۆ مانەوە لە تاقیگەی “Cold Spring Harbor” وەک زانایەکی توێژەر، هەروەها ئەویش تا مردنی لە ساڵی 1992 بە ئەندام لەو تاقیگەیە مایەوە.

ماکلینتۆک، بە درێژایی کارەکانی، سەرنجی دەخستەسەر بۆماوەی گەنمەشامی، بەتایبەت، پەیوەندی بەرهەمهێنانەوەی ڕووەکەکان و بازدانی بۆماوەیی بەدواهاتوودا. لە کۆتایەکانی ساڵانی 1920، لە چۆنییەتی جووڵانی بۆهێڵەکانی دەکۆڵیەوە لە کرۆمۆسۆمەکاندا لە کاتی بەخێوکردنی ڕووەکی گەنمەشامی، هەروەها توێژینەوەیەکی لەسەر ئەم بابەتە بڵاوکردەوە. دواتر لە ماوەی ساڵانی 1940 و 1950، ماکلینتۆک دەریخست کە چۆن بۆهێڵە دیاریکراوەکان بەرپرسن لە هەڵکردن (بەکارخستنی) یان کوژاندنەوەی (لەکارخستنی) تایبەتمەندی جەستەیی، وەک ڕەنگی گەڵاکان یان ناوکی گەنمەشامی. ماکلینتۆک پەرەی بە گریمانەکانی دا بۆ ڕوونکردنەوەی زانیاری بۆماوەیی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەکانی دواتر لە ڕووەکی گەنمەشامی کە دژایەتی زانستی زانراوی بۆماوەزانی گەردیی باوی دەکرد لە ساڵانی 1950. دوای ڕووبەرووبوونەوەی هەندێک گومان سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکانی، خۆی لە بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان لە ڕۆژنامە پێشکەوتووەکان دوورخستەوە. توێژینەوەکانی تەنیا لەگەڵ بازنەیەکی بچووکی هاوپیشەکانیدا بڵاودەکردەوە.

لە ساڵی 1957، ماکلینتۆک پارەی لە دامەزراوەی زانستی نەتەوەیی ڕۆکفێلەر وەرگرت، بۆ لێکۆڵینەوە لە جیاوازی نێوان ڕەگەزەکانی گەنمەشامی لە ئەمریکای باشوور و ناوەڕاست. لە سەرەتای ساڵی 1960، گەشتێکی بەرفراوانی کرد، نموونەی گەنمەشامی کۆکردەوە  کە تایبەتمەندییە سەرنج ڕاکێشەکانی پەرەسەندنی نیشان دا، زانای بچووک و قوتابی گەنجی لە بۆماوەیی گەنمەشامیدا پەروەردە کرد. ماکلینتۆک و هاوکارەکانی دوو دەیەیان بە کۆکردنەوەی داتا بەسەربرد لەسەر جیاوازیەکانی گەنمەشامی لە ئەمریکای باشوور، کە لە کۆتاییدا لە ساڵی 1981 وەک "دەستووری کرۆمۆسۆمی ڕەگەزەکانی گەنمەشامی" بڵاوکرایەوە.

ماکلینتۆک بەدرێژایی پیشەکەی وەک یەکێک لە زانا دیارەکانی سەدەی بیستەم ناوبانگی دەرکرد. لە ساڵی 1944 بوو بە سێیەم ئافرەتی هەڵبژێردراو لە ئاکادیمیای نەتەوەیی زانست. یەکەم ئافرەت بوو کە بوو بە سەرۆکی کۆمەڵەی بۆماوەزانی هەڵبژێردراو لە ساڵی 1945  لە ئەمەریکا. لە ساڵی 1971، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ڕیچارد نیسکۆن، مەدالیای نەتەوەیی زانستی بە ماکلینتۆک بەخشی. هەروەها، لە ساڵی 1981، ماکلینتۆک بوو بە وەرگری یەکەم خەڵاتی ڕێکخراوی ماک ئارثۆر، کە ئێستا بەشێوەیەکی نافەرمی بە خەڵاتی "بلیمەتی" ناسراوە، پاشان هەر لەو ساڵەشدا خەڵاتی ئەلبێرت و ماری لاسکەری پێدرا. لە ساڵی 1983، لە تەمەنی 81 ساڵیدا، خەڵاتی نۆبڵی لە فیزیۆلۆجی یان پزیشکی وەرگرت لەسەر کاری "توخمە بۆماوەییە جووڵۆکەکان،" واتە، توانای بۆهێڵەکان بۆ گۆڕینی شوێن لەسەر کرۆمۆسۆمەکان. ماکلینتۆک بە یەکەم ئافرەت دادەنرێ کە خەڵاتی نۆبڵی لەو بوارەدا وەرگرتووە.

ماکلینتۆک لە نەخۆشخانەی هەنتینگتۆن  (Huntington) لە نزیک کۆڵد سپرینگ لە هاربۆر، لە 2ی ئەیلولی 1992، لە تەمەنی 90 ساڵیدا، کۆچی دوایی کرد.

 

ئەم بابەتە لە (NIH) وەرگیراوە و هەروەها وەرگێڕدراوە.

بەستەر: https://profiles.nlm.nih.gov/spotlight/ll/feature/biographical

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield