چەند زانیارییەکی کەم بیستراو و کورتەیەک لە ژیانی شاعیری پایە بڵندی کورد مەولەوی

بڵاوکردنەوە:

ئوسامە حەسیب

نووسەر:

ئوسامە حەسیب

بینراو:

638

بەش:

ئاشنایی

مەولەوی، ناوی تەواوی سەید عەبدولڕەحیمی كوڕی مەلا سەعیدی تاوەگۆزی و لە نەوەی مەلا یوسف جانی كوڕی مەلا ئەبوبەكری چۆڕی یە كە بە (موسەنیف) مەشهوور بووەو، ڕشتەی پشتیان ئەچێتەوە سەر خواناسی ناودار سەید موحەمەد زاهیدی كوڕی سەید مەحمودی مەدەنی كە بە (پیر خدری شاهۆ) ناسراوە.

مەولەوی لە ساڵی ١٢٢١ک/١٨٠٦ز لە دێی (سەرشاتە)ی ناوچەی تاوەگۆزی كە ئەكەوێتە بەری باشووری ڕووباری سیروان، لە دایك بووە هێشتا منداڵ بووە ماڵی باوكی ناوچەی تاوگۆزی یان بەجێ هێشتووە و لە دێی (بێژاوە) جێگیر بوون و، لەوێ لای باوكی قورئانی پیرۆز و كتێبە وردەكانی خوێندووە و فێری نووسین بووە.

-  بۆ تەواوکردنی خوێندن زۆر شوێن گەڕاوە لەوانە: هەڵەبجە، خوڕماڵ، بیارە، مەریوان، سنە، بانە، سلێمانی

-  بەهۆی مردنی باوکی ماوەیەک لە خوێندن دادەبڕێ و دواجار لە خزمەت مەلا عەبدوڵای نۆدشەیی ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێ لە سلێمانی.

- ناسناوی شعری سەرەتا مەعدوم بووە دواتر دەبێت بە مەولەوی.

- مەولەوی لەگەڵ عەنبەر خاتوون کە بە ڕەچەڵەک ئەفغانیە، ژیانی هاوسەری پێک دێنێ، کە دواتر بەر لە مەولەوی کۆچی دوایی دەکا، مەولەوی لە عەنبەر خاتوون چەند کچ و کوڕێکی هەبووە کە تەنها ناوی کوڕەکانی زانراون ئەمانەن: سەید محمد، شێخ محمد، سەید عەبدوڵا، هیدایەت.

- مەولەوی لە ژیانیدا زۆر خەم و مەینەتی بەسەر دادێ وەکو، مردنی سێ کوڕی لەماوەی ژیانیدا ئەوانیش (شیخ محمد، سەید محمد، هیدایەت)، مردنی عەنبەر خاتوونی هاوسەری، سوتانی کتێبخانەکەی و لەناوچوونی بەشێک لە کتێب و شعرەکانی، کۆچی دوایی شێخ بەهائەدینی بیارە کەلێنێکی گەورەی ڕۆحی دەخاتە ژیانی، لە دەستدانی بینایی کە حەفت ساڵی کۆتایی تەمەنی نا بینا بووە، لە کۆتا ساڵەکانی تەمەنیشی کەوتن و شکانی پشتی.

- دوای چەندین ساڵ لە خزمەت و تەدریس و ژیانی پڕ لە مەینەتی، لە تەمەنی ٧٦ ساڵی و لە ساڵی ١٨٨٢ز، کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی ئەسحابە لە دێی سەرشاتە بە خاک دەسپێردرێ.

- مەولەوی جگە لە دیوانەکەی چەند بەرهەمێکی تریشی هەیە لەوانە: العقیدة المرضیة، الفوائح، الفضیلة، نامیلکەیەک سەبارەت بە ڕابیتە.

لە کۆتاییشدا پێم خۆشبوو ئەو بەسەرهاتەی مەولەوی دابنێم...

جارێک لە سنە، مەولەوی لە کۆڕیکدا دەبێ، لێی دەپرسن: تۆ هەر دەڵێی هۆزەکەم بە گەورەم دەزانن و خۆشیان دەوێم، بە چیدا دەیسەلمێنی کە بەو شێوەیە؟

مەولەویش دەڵێ: کە هەورامییەک بارێکی ئێجگار گران لە کەرەکەی ئەنێت و ئەیەوێت بە ملەی ئەوێهەنگ (گوندێکی ناوچەی کەڵاتەرزانە لە سنە) سەری بخات بەڵام کەرەکە ناڕوات، پێی دەڵێ هەچە دەی بەخوا مەولەویش بی هەر دەبێ ئەو بارە سەر خەی.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield