ئەو داهێنەرە کێیە کە جیهان قەرزاریەتی؟

بڵاوکردنەوە:

ڕاستی عبداللە ڕەزا

نووسەر:

ڕاستی عبداللە ڕەزا

بینراو:

704

بەش:

ئاشنایی

لە ساڵی 1856 و لە ڕۆژی 10‍ی تەمموزدا لە شاری (سمیلجان) کە دەکاتە نەمسای کۆن و کڕواتیای ئێستا، داهێنەر و ئەندازیار و میکانیک و فیزیکزانێک لە ناو خێزانێکی 7 کەسی چاوی بەدنیا هەڵهێنا، ئەویش "نیکۆلا تێسلا" بوو. لە تەمەنی منداڵیدا باوکی تێسلا، (میلوتین تێسلا)، دەیویست بەرەو ئایین کەمەندکێشی بکات و بیکاتە پیاوێکی ئایینی، چونکە باوکی نیکۆلا خۆی قەشە بوو. بەڵام، دایکی تێسلا ئەمەی ڕەتکردەوە و هانی کوڕەکەی دا بەرەو زانست و دواجار تێسلا ئامانجەکانی خۆی لە بازنەی زانستدا بینیەوە.
تێسلا پاش خوێندنی ئامادەیی چووە شاری پراگ بۆ تەواوکردنی زانکۆ. قۆناغە گرنگەکەی ژیانی تێسلا و بیرۆکەی داهێنانەکانی لە شاری بوداپێستەوە سەری هەڵدا ئەویش کاتێک لە ساڵی 1870 و دوای تەواوکردنی زانکۆ ڕووی لەو شارە کردبوو بەمەبەستی کارکردن و هەر لەوێ بیرۆکەی دروستکردنی ماتۆڕی ئیندێکشنی بۆدێت و کاری لەسەردەکات. پاش چەندین ساڵ، تێسلا بڕیاریدا گەشتی ئەمریکا بکات تا لەوێ گرنگی‌ بە داهێنانەکانی بدرێت و بچێت ئەزموون لە داهێنەرێکی مەزنی ئەو سەردەمەی وەکو (تۆماس ئەدیسۆن) وەربگرێت. پاش چەندین کارکردنی پێکەوەیی و بەرەوپێشبردنی داهێنانەکانیان لەژێرناوی ئەدیسۆندا و ناساندنی زیاتر، ئیدی چیرۆکی ئەم هاوبەشکارکردنە بەهۆی چەند کێشەیەکەوە کۆتایی دێت و ئەم دوو داهێنەرە ناکۆکی دەکەوێتە نێوانیان و جیادەبنەوە، ناکۆکیەکەش بابەتی بازرگانی بوو کە تۆماس زیاتر تێیدا قوڵبووبوویەوە بەڵام نیکۆلا شارەزایی کەمتر بوو لەو بوارەدا.

سەرەتای جیابونەوەیان لەگەڵ ئەدیسۆن لەڕووی داراییەوە سەخت بوو بۆ تێسلا، بەجۆرێک ناچاربوو کرێکاری کاری دەستی بکات تا لەو بارودۆخە ڕزگاری ببێت. بەڵام، کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم سەرەتای بەناوبانگبوونی تێسلا بوون، ئەویش پاش ئەوەی کە توانی بودجە بۆ کۆمپانیا نوێیەکەی بەناوی "تێسلا ئێلکتریک" وەربگرێت و هەر لەو ساڵەدا توانی چەندین بڕوانامە بۆ داهێنانەکانی لەبواری (کارەبای گۆڕاو – AC) تۆماربکات.

ئەم سەرکەوتنانەی تێسلا جێی سەرنجی بازرگانان بوو، هەر بۆیە کۆمپانیای ویستینگهاوس کە لەلایەن "جۆرج ویستینگهاوس"‍ەوە خاوەنداری دەکرا بوونە هاوبەش پاش ئەوەی کۆمپانیاکە هەموو بڕوانامەکانی بە 60,000 دۆلار کڕیەوە و بیرۆکەی گواستنەوەی کارەبا بۆ مەودای دوور بە تەزووی AC بووە پرۆژەیەکی نوێی کۆمپانیاکە و بووە هۆی ئەوەی ڕکابەری تۆماس ئەدیسۆن بکەن، کە تۆماس و پڕۆژەکانی کاریان لەسەر ئەوە دەکرد وزەی کارەبایی بە (تەزووی نەگۆڕ – DC) بگوازنەوە و بەهۆی ئەوەی تۆماس ئەدیسۆن ناسراوتر و بەناوبانگتر بوو هەڵمەتێکی ڕۆژنامەوانی نەرێنی دژ بە تێسلا و کۆمپانیای ویستینگهاوس ڕاگەیاند بەڵام لە کۆڕبەندی کارەبایی لە شیکاگۆ لە ساڵی 1893 تێسلا توانی لەوێ سەرنجی هەمووان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت. لە ئەنجامدا، پڕۆژەکەی تێسلا پەسەندکرا و سەرکەوت بەسەر ئەدیسۆندا.

سەرکەوتنەکانی تێسلا درێژەی هەبوو پاش ئەوەی پڕۆژەی وێستگەی کارەبای ئاوی سەرکەوتنێکی مەزنی بەدەستهێنا کە توانیان بەهۆی تاڤگەی نیاگارا‍وە وزەی کارەبای AC بەرهەم بهێنن و پاشانیش بەهۆی هەمان سیتسمی وێستگەییەوە توانیان کارەبای شاری نیویۆرک بەهێزبکەن و هەر ئەمەش یارمەتیدەربوو تا سیستمی کارەبایی AC بەجیهان بناسێنرێت و هەموو جیهان سوود لەو داهێنانە بەسوودە وەربگرن.

هەر لەکۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەمدا بوو کە تێسلا توانی کۆیلی تایبەتی دروست بکات و ناوی لێنا (کۆیلی تێسلا) کە ئێستا لە بوارەکانی: (ڕادار، تیشکی ئێکس، فلۆرۆسەنس، ڕادیۆ)‍دا بەکاردێت.

تێسلا لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم دەستی بە پرۆژەیەکی تایبەت و نامۆ بەو سەردەمە کرد ئەویش دابینکردنی وزەی ئازاد بوو بۆ بەستنەوەی هەموو جیهان پێکەوە بەبێ وایەر کە لەڕێگەی تاوەری کارەباییەوە بگوازرێتەوە بەڵام پڕۆژەکەی شکستی هێنا و هەموو کارەکانی تەواونەکرا.

هەر بۆیە ئەمەش وای کرد تێسلا بە بارێکی دەروونی ئاڵۆزدا بڕوات و لەساڵی 1917 تێسلا ئیفلاس بوونی خۆی لەڕووی داراییەوە ڕاگەیاند و ئەم تەنگژانەیش بوونە هۆی ئەوەی تێسلا تووشی تێکچوونی دەماری ببێت و ئیدی رۆژە سەختەکانی دەست پێ بکەن.

ڕۆژێکی ساردی زستان و ڕێکەوتی 7/کانوونی‌دووەم/1943 لەژووری ژمارە 3327 لە هۆتێلی Hotel New Yorker ‍دا لاشەیەک دۆزرایەوە بەمردوویی کە لاشەی (نیکۆلا تێسلا)‍ی داهێنەری مەزن بوو بەپێی پشکنینەکانی پزیشکی بەهۆی (کۆرۆنەری ثرۆمبۆسیس)‍ەوە مردبوو کە جۆرێکی جەڵتەی دڵە.

پاش مردنی، ئەو داهێنەرە زۆرتر ناوبانگی پەیداکرد و کارەکانی بوونە جێی سەرنجی هەموو جیهان و هەموو بەداخ بوون بەوەی پاش مردنی پەی بەو زیرەکیەی براوە، وەکو گێڕانەوەکان کە باس دەکرێ تێسلا خاوەنی هێندە مێشکێکی زیرەک و پڕ تەرکیز بووە توانیویەتی بەخێرایی نووسین و زانیاری ئەزبەر بکات و چەندین پەرتووکی گەورەی ئەزبەر کردووە و زەینێکی ڕوونی هەبووە بۆ بیرکەوتنەوە. تێسلا توانیویەتی بە 8 زمان قسەبکات، ئەوانیش: (کڕواتی، چیکی، ئینگلیزی، فڕەنسی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، ئیتاڵی، هەنگاری).

تێسلا پاش مردنی نازناوی فرەداهێنەریان لێنا، چونکە خاوەنی چەندین داهێنان بوو کە زۆرینەیان بوونەتە هەوێنی داهێنان و پێشکەوتنەکانی ئەم سەردەمەش. داهێنانەکانی لە ئاستێکی بەرزدابوون کە توانیبووی زیاد لە 300 بڕوانامەی داهێنان لە 26 وڵانی جیاوازەوە لەسەرانسەری جیهان بەدەست بهێنێت. تێسلا جیا لەوەی داهێنەری چەندین شتی سەردەمی خۆی بووە داهێنەری چەندین شت بووە کە پاش مردنی کاری لەسەر کراوە بە بنچینەی داهێنان و کارەکانی تێسلا. لیستی داهێنان و بیرۆکەی داهێنانەکانی تێسلاش بریتین لە: (تەزووی گۆڕاو، دەستگرتن بەسەر ڕووناکیدا، تیشکی ئێکس، ڕادیۆ و شەپۆلی ڕادیۆیی، ماتۆڕی کارەبایی، ڕۆبۆت، لەیزەر، پەیوەندی وایەرلێس (بێوایەر)، وزەی ئازاد، سیستەمی گۆڕین و کەشوهەوا، مایکرۆوەیڤ، تەلەڤیزیۆن، ڕادار، مایکرۆسکۆپی ئەلیکترۆنی، لەرەلەرکەری تێسلا، گڵۆپی نیۆن و فلۆرین).

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield