ئەبراھام لینکۆڵن

بڵاوکردنەوە:

سۆنیا مەحموود

نووسەر:

سۆنیا محمود

بینراو:

1324

بەش:

ئاشنایی

ئەبراھام لینکۆڵن، ئەو پارێزەرەی ناوی لە ڕیزی باشترین ١٨ پارێزەری مێژوودایە، لە ١٢ی شوباتی ١٨٠٩ لە ناوچەی ھاردین لە ویلایەتی کینتاکی لەدایکبووە.

 دووەم منداڵی "تۆماس لینکۆڵن" و "نانسی ھانکس لینکۆڵنە". لینکۆڵن ھاوسەرگیری لەگەڵ "ماری تۆد" کردووە، کە کچی "ڕۆبەرت سمیس تۆد" بوو، پارێزەر و بازرگانێکی دەوڵەمەند بوو لە شاری لێکسینگتۆن لە ویلایەتی کینتاکیی ئەمریکا. دوای ماوەیەک کە دەستگیراندار بوون ھاوسەرگیرییەکەیان لەسەر داوای لینکۆڵن ھەڵوەشایەوە، بەڵام لە ساڵی ١٨٤٢ ئاشتبوونەوە و ھاوسەرگیریان کرد. لە ڕۆژی ھاوسەرگیرییەکەیان کاتێک یەکێک لە ھاوڕێکانی لە لینکۆڵنی پرسیی: "بۆ کوێ دەچیت؟" لە وەڵامدا وتی: "پێموایە بۆ دۆزەخ."

لینکۆڵن باوکی چوار کوڕ بوو، بەتەمەنترینیان ناوی "ڕۆبەرت تۆد لینکۆڵن"ــە و لە ساڵی ١٨٤٣ لەدایکبووە. "ئێدوارد بەیکەر لینکۆڵن" لە ساڵی ١٨٤٦ لەدایکبووە، لە ١ی شوباتی ١٨٥٠ کۆچی دوایی کردووە. دەگوترێت کە بەهۆی نەخۆشیی سیلەوە مردووە. سێیەم کوڕی لینکۆڵن بەناوی "ویلی لینکۆڵن" لە ٢١ی کانوونی دووەمی ١٨٥٠ لەدایکبووە و لە ٢٠ی شوباتی ١٨٦٢ بەهۆی تاوە، لە کۆشکی سپی کۆچی دوایی کردووە. بچووکترینیان بە ناوی "تۆماس، تاد لینکۆڵن" لە ساڵی ١٨٥٣ لەدایکبووە، بەڵام لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا بەهۆی سستبوونی دڵەوە کۆچی دوایی کردووە.

لینکۆڵن یەکێکە لە باشترین پارێزەرەکانی مێژوو و سیاسەتمەداری ئەمریکی و ١٦ھەمین سەرۆکی ئەمریکایە. لە تەمەنی گەنجیدا لە کێڵگەکەی باوکی کاری دەکرد و دەستیداوەتە چەندین کاری جیاواز، دواتر بڕیاریدا ھەوڵی کاری پارێزەری بدات. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە لینکۆڵن یەکێک بووە لە باشترین پارێزەرەکان، بەڵام نەچووەتە قوتابخانە و لە بواری یاساییدا نەیخوێندووە. پیشەی لینکۆڵن لە بواری یاسادا وەک خولیایەک دەستی پێکرد کە سەردانی دادگاکان بکات و خۆی ھەوڵی فێربوونی داوە، بە خوێندنەوەی زۆرێک لە کتێبی یاسایی و کەیسە یاساییەکان.

لینکۆڵن دەڵێت: "خوێندم لەگەڵ ھیچ کەسدا"، واتە تەنھا بۆخۆی توانیویەتی ببێتە پارێزەر بەبێ ھیچ مامۆستا و کەسێک. دواتر لە ساڵی ١٨٣٦ و لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا لە تاقیکردنەوەیەکی زارەکی دەرچوو کە لەلایەن پانێڵێکی پارێزەرەوە ئەنجامدرا و مۆڵەتی یاسای وەرگرت. هەرچەندە زۆرجار ڕەخنەی لێدەگیرا بەهۆی کەمی زانیاریی تەکنیکی، بەڵام لینکۆڵن بە پەرۆشەوە بەدوای کەیسەکانیدا دەگەڕا و زانیاریی کۆدەکردەوە. لە سەرەتای کارکردنیدا بە مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسی سادە دەستیپێکرد، دواتر بوو بە هاوبەش لەگەڵ پارێزەرێکی ناوخۆیی بە ناوی "جۆن ت. ستوارت"، ئەم هاوبەشییە فێری رێبازێکی دەستیی زیاتری کرد لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسە یاساییەکان و دادوەر و سیستەمی دادگا. جۆن ستوارت هانیدا بۆ خوێندنی یاسا و کتێبی یاسایی بە قەرز پێبەخشی. لە ماوەی کارکردنیدا مامەڵەی لەگەڵ زیاتر لە ٥ ھەزار کەیس کردووە. یەکێک لە گەورەترین خاڵە بەھێزەکانی لینکۆڵن وەک پارێزەرێک بریتیبوو لە وەرگرتنی دۆسیەی ئاڵۆز و شیکردنەوەی خاڵە سەرەکییەکان و ئاسانکردنی لە دادگادا. ئەمەش وە بەهرەی ئەو بۆ پێشکەشکردنی مشتومڕی قایلکەر لە دادگا، سوودێکی زۆری بۆ ئەو هەبوو لە ماوەی کاری یاساییدا. ھەروەھا ڕەفتارە سادە، دۆستانە و ئارامەکەی لە کاتی قسەکردن لەگەڵ شایەتحاڵەکان یان لە کاتی لێکۆڵینەوەدا یارمەتیدەربوو.

بەپێی تۆمارە مێژووییەکان، لینکۆڵن نوێنەرایەتی نزیکەی ١٧٥ کەیسی کردووە لەبەردەم دادگای باڵای ئیلینۆیس. یەک کەیسی لەبەردەم دادگای باڵای ئەمریکا بووە و تاکە کەیس بووە کە لینکۆڵن دۆڕاندوویەتی.

لە کاتی بووژانەوەی هێڵی ئاسن لە کۆتاییەکانی ١٨٠٠دا، بەشداریی لە چەندین دۆسیەی دادگادا کرد کە نوێنەرایەتی ئەو کەسانەی دەکرد کە شەڕیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسن دەکرد بۆ پاراستنی هێڵەکانی موڵک و ماڵی خۆیان و ئەو کەیسەی بردەوە. ئەمەش یارمەتیدا لە ساڵی ١٨٤٦ کورسییەک لە ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستبهێنێت و دژی جەنگی مەکسیک و ئەمریکا و دژی کۆیلایەتی قسەی دەکرد. هەستیکرد پێویستە کۆیلایەتی هەڵبوەشێتەوە. لە ساڵی ١٨٦٠ وەک کۆماریخواز خۆی بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا کاندید کرد و لە ساڵی ١٨٦١ بە سەرکەوتوویی وەک ١٦هەمین سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرا، دواتر لە ساڵی ١٨٦٤ دووبارە هەڵبژێردرایەوە. بەدرێژایی ژیانی سەرۆکایەتی ئەبراهام لینکۆڵن ماندوونەناسانە لە دژی ترسناکییەکانی کۆیلایەتی شەڕی کرد و بە پەرۆشەوە هەوڵی داوە بۆ یەکخستنی نەتەوەیەکی دابەشکراو. تەنها پێنج ڕۆژ دوای ئەوەی جەنگی ناوخۆی ئەمریکا بە شێوەیەکی کاریگەر کۆتاییھات، لەگەڵ ماریی هاوسەری، بەشداری شانۆگەرییەک بوو لە شانۆی فۆرد لە واشنتۆن. لە کاتێکدا پاسەوانە تایبەتەکانی لەگەڵدا نەبوو، لەلایەن "جۆن ویلکس بووس" تەقەی لێکرا و تیرۆر کرا.

دکتۆرە تایبەتەکەشی لە ھەمان شانۆیی بوو، بۆیە خێرا خۆی دەگەیەنێتە لای و ھەوڵی چارەسەرکردنی دەدات، بەڵام پاش ئەوەی بۆ ماوەی ٩ کاتژمێر بێھۆش دەبێت، لە کاتژمێر ٧:٢٢ خولەکی بەیانی لە بەرواری ١٥-٤-١٨٦٥ دا گیانی لە دەستدا. پاش گەڕاندنەوەی تەرمەکەی بە چەندین ویلایەت و دەیان شار لەسەر شەمەندەفەرێک، وە پێشوازیی سەدان ھەزار خەڵک لە ویلایەتی ئەلینۆی نێژرا.

شایەنی باسە ساڵی ٢٠١٢ فیلمێک دەربارەی ئەبراھام لینکۆڵن لە لایەن گەورە دەرھێنەری ئەمەریکی "ستیڤن سپیلبیرگ" بەرھەم ھێنراوە، کە باس لە ژیانی لینکۆڵن دەکات لە کاتی سەرۆک کۆماری و جەنگی ناوخۆی ئەمریکا ساڵی ١٨٦٥. "دانیاڵ دێ لیوس"ی ئەکتەر ڕۆڵی ئەبراھام لینکۆڵنی بەرجەستە کردووە لە فیلمەکەدا.

دانیاڵ دێ لیوس زیاتر لە ١٠٠ کتێبی دەربارەی کەسایەتی لینکۆڵن خوێندووەتەوە بۆ گێڕانی ڕۆڵی ئەبراھام لینکۆڵن. توانی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین ئەکتەر بەدەستبھێنێت بەو ڕۆڵەی لە فیلمەکەدا بینیویەتی. ئەم فیلمە دوو خەڵاتی ئۆسکاری بە دەست ھێناوە، دووەمین خەڵات خەڵاتی ئۆسکار بووە بۆ باشترین دیزاین. لە ئەمریکا وێنەی ئەبراھام لینکۆڵن لەسەر دراوی پێنج دۆلاریە، تەنانەت پەیکەرێکی گەورەشی لە ناوەڕاستی کۆنگرێسی ئەمریکا لە شاری واشنتۆن دانراوە. ئەبراھام لینکۆڵن خاوەن کاریزما و ناوێکی گەورە، بۆیە ناو و ناوبانگی ھەمیشە لە مێژوودا و لە لای خەڵکی ئەمریکا بەتایبەتی، بە بەرزی و شکۆداریی دەمێنێتەوە.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield