هێرمان مودگێت هۆڵمس (H. H. Holmes)

بڵاوکردنەوە:

ئاری ساڵح قادر

نووسەر:

ئاری ساڵح قادر

بینراو:

405

بەش:

ئاشنایی

ناوی هێرمان مودگێت هۆڵمسە، (لەدایکبووی ١٦ی ئایاری ١٨٦١، گیلمانتۆن، نیو هامپشایر، ئەمریکا – کۆچی دوایی کردووە، ٧ی ئایاری ١٨٩٦، فیلادلفیا، پێنسیلڤانیا)، فێڵباز و فێڵبازی متمانەپێکراوی ئەمریکی کە بەشێوەیەکی گشتی بە یەکەم بکوژی زنجیرەیی ناسراوی وڵاتەکە دادەنرێت.

مودگێت لە خێزانێکی دەوڵەمەند لەدایکبووە و لە تەمەنێکی بچووکەوە نیشانەکانی زیرەکی ئاست-باڵایی تێدا دەرکەوتووە.  هەمیشە حەزی لە پزیشکی بووە، گوایە ئاژەڵەکانی بەندکردووە و نەشتەرگەری بۆ ئەنجامداون؛  تەنانەت هەندێک لەوانەی کە باسی ژیانیان کردووە باس لەوە دەکەن کە هاوڕێیەکی یاریکردنی منداڵی کوشتووە. مودگێت لە زانکۆی میشیگان لە قوتابخانەی پزیشکی خوێندوویەتی، لەوێ خوێندکارێکی مامناوەند بووە. لە ساڵی ١٨٨٤ نزیک بوو ڕێگری لێبکرێت لە دەرچوونی، کاتێک ئارایشتکارێکی بێوەژن تۆمەتباری کرد بەوەی بەڵێنی درۆی هاوسەرگیری لەگەڵدا داوە.

 

لە ساڵی ١٨٨٦ مودگێت ڕووی لە شیکاگۆ کرد و لەژێر ناوی “H. H. Holmes”. هەر زوو دوای ئەوە وا دیارە دەستی کرد بە کوشتنی خەڵک بۆ ئەوەی موڵک و ماڵی ئەوان بدزێت. ئەو خانوویەکی بۆ خۆی دروستی کردبوو کە بە "قەڵای کوشتن" ناسرابوو (بەشێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئوتێلێکی گەورەی بنیات ناوە بە ناوی "World's Fair Hotel").

ڕێڕەوی نهێنی، دەرگای تەڵە، ژووری دژە دەنگ، دەرگایەک کە دەتوانرێت لە دەرەوە قوفڵ بکرێت، ڕژانی شلەی غاز بۆ خنکاندنی قوربانییەکان و کورەیەک بۆ سووتاندنی تەرمەکان کە تەیار و ئامادەکراوە. لە لوتکەی بەناوبانگی ژیانی پیشەیی خۆیدا، لە کاتی پێشانگای جیهانی کۆڵۆمبیا لە شیکاگۆ لە ساڵی ١٨٩٣، گوایە ژمارەیەک ژنی ڕاکێشاوە و کوشتوویەتی، بە شێوەیەکی گشتی هاوسەرگیری لەگەڵ کردوون و دواتر ئەوانی کوشتووە دوای ئەوەی دەستی بەسەر پاشەکەوتی ژیانیاندا گرت. هەروەها مودگێت داوای لە کارمەندەکانی دەکرد بیمەی ژیانیان لەگەڵ خۆیان هەڵبگرن کە ناوی ئەویان وەک سودمەندیان (کەفیل) هێناوە بۆ ئەوەی بتوانێت پارە کۆبکاتەوە دوای ئەوەی ئەوانی کوشت. تەرمی زۆرێک لە قوربانییەکانی بە قوتابخانە پزیشکییەکانی ناوچەکە فرۆشتووە.

لە ساڵی ١٨٩٣ مودگێت بەهۆی ساختەکاری لە بیمەی دوای ئاگرکەوتنەوە لە ماڵەکەیدا دەستگیرکرا، بەڵام زۆری نەخایاند ئازادکرا. پاشان لەگەڵ هاوکارێکی بەناوی بێن پیتزێل پلانێکی داڕشت بۆ فێڵکردن لە کۆمپانیایەکی بیمە بە ساختەکردنی مردنی پیتزێل. دوای ئەوەی پیتزێل بیمەی ژیانی بە بڕی ١٠ هەزار دۆلار کڕی، ئەو و مودگێت گەشتیان کرد بۆ کۆلۆرادۆ، میزۆری، نیویۆرک، پێنسیلڤانیا، تێنسی و تەکساس، لەوێش کردەوەی تری ساختەکارییان ئەنجامدا (لە ڕێگادا، مودگێت هاوسەرگیریشی کرد).

لە گەڕانەوەی بۆ میزۆری، مودگێت بەهۆی ساختەکارییەوە دەستگیرکرا و بۆ ماوەیەکی کورت لە شاری سانت لویس زیندانی کرا. لە کاتێکدا لە زیندان بوو (ماریون هێدگپێت)ـی ناسی، تاوانبارێکی پیشەیی کە ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر یارمەتیدانی مودگێت لە پلانی بیمە لەگەڵ پیتزێل. لەم نێوەندەدا پیتزێل ڕووی لە شاری فیلادلفیا کرد و نوسینگەیەکی مۆڵەتپێدانی ساختەی کردەوە بۆ فێڵکردن لە داهێنەران. دوای ئازادبوونی لە زیندان، مودگێت گەشتێکی بۆ فیلادلفیا کرد و پیتزێلی کوشت. پاشان بێوەژنەکەی پیتزێل کە ئاگاداری بەشداریکردنی هاوسەرەکەی بوو لە پلانی بیمەکەدا، مودگێت قەناعەتی پێکرد کە هاوسەرەکەی هێشتا لە ژیاندایە، دواتر ٥٠٠ دۆلاری لەو پارەیەی کە کۆیکردبووەوە پێیدا. مودگێت نیگەران بوو لەوەی کە ڕەنگە پێنج منداڵەکەی پیتزێل دەسەڵاتداران ئاگادار بکەنەوە، سێی لەوانە کوشت.  لێکۆڵەرانی بیمە لەلایەن هێدگپێتەوە لەو ساختەکارییە ئاگادارکرانەوە و مودگێت لە ساڵی ١٨٩٤ لە شاری بۆستۆن لە ویلایەتی ماساشوستس دەستگیرکرا، لە شاری فیلادلفیا بە تۆمەتی کوشتنی پیتزێل دادگایی کرا و بە هەڵواسینی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

مودگێت دانی بەوە داناوە کە بکوژی ٢٧ کەس بووە (دواتر کۆی گشتی بکوژیەکەی بۆ زیاتر لە ١٣٠ کەس زیادکردووە)، هەرچەندە هەندێک لە توێژەران لەو باوەڕەدان کە ژمارەی ڕاستەقینە ٢٠٠ کەسی تێپەڕاندووە، مودگێت چیرۆکەکەی بە کۆمپانیای هێرس فرۆشت بە ١٠ هەزار دۆلار.

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield