شاری ڕانیە

بڵاوکردنەوە:

ئیسماعیل عەبدوڵڵا ئەحمەد

نووسەر:

ئیسماعیل عەبدوڵا ئەحمەد

بینراو:

784

بەش:

ئاشنایی

ڕانیە شارێکە لە پارێزگای سلێمانی، کە لە ناوەندی قەزای ڕانیەیە. شاری ڕانیە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان. قەزای ڕانیە بە شاغ و ڕووبار و دەریاچەی دووکان دەورە دراوە. ڕووبەری ڕانیە ٨٨٤ کم٢، لە هەر یەکێک لە چوار ناحیەکانی ڕانیە، چوارقوڕنە، حاجیاوا، بێتواتە و سەرکەپکان پێکهاتووە.

 

بنەڕەتی ناوی ڕانیە

سەبارەت بە بنەڕەتی ناوی ڕانیە چەند بۆچوونێکی جیاواز ھەیە؛ بۆ نموونە لە قسەی پێشینانی شارەکەوە دەگێڕنەوە کە ناوی ڕانیە لە ڕانک و چۆخەوە ھاتووە. ڕانک و چۆخە، جۆرە جل و بەرگێکی ڕەسەنی کوردییە، گوایە شوانێک لە شوێنێکی بەرزاییەکانی قەندیلەوە ڕانکەکەی لێ بەربووەتەوە و چووە بە ئاودا، دوایی لە سەرچاوەی ئاوی (قوولە) کە دەکەوێتە ناوەڕاستی شاری ڕانیە دۆزراوەتەوە، بۆیە پێیان وایە ڕەنگە ناوی ڕانیە لەو ڕانکەوە ھاتبێت.

بۆچوونێکی تر پێی وایە، کە لە ناوی پاشایەکی کۆنەوە ھاتووە بەناوی رەھانشا. مەلا رەئووف سلێمان حەوێزی پێی وایە ناوی ڕانیە لە (ڕۆندیات)ەوە ھاتووە. جەمال بابان بۆچوونی وایە ناوی ڕانیە لە (ڕاھ+نیاھ)ەوە ھاتووە بە واتای ڕێنیشاندەر. مامۆستا شاکر فەتاح ناوی ڕانیە بۆ ڕان (ڕانەمەڕ)، کە شوێنێکی لەبارە بۆ بەخێوکردنی مەڕوماڵات دەگێڕێتەوە. کەسایەتییەکی وەک مەحموود قادر فەرەج پێی وابوو ناوی ڕانیە لە (ڕەن)ەوە ھاتووە. برایم بەگ کەسایەتییەکی بەتەمەنی ناو شاری ڕانیەیە، کە ئێستا کۆچی دوایی کردووە پێی وابوو ناوی ڕانیە لە (ڕێ+نیە)ەوە ھاتووە، واتە ناوچەی ڕانیە لە کۆندا بیشەڵان و ناوچەیەکی چڕ بووە و ڕێی کەم بووە. لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ ژمارە ٢٤٧٦ بۆچوونێک خراوەتە ڕوو، کە ناوی ڕانیە لە (ئۆرانی)یەوە ھاتووە و گوایە لە وشەیەکی یۆنانی بە ناوی (ئۆرانس/ئۆرانی)یەوە ھاتووە کە بە واتای ئاسمان دێت. بۆچوونی تر زۆرە لەسەر ناوی ڕانیە، کە ڕەنگە ساغکردنەوەیان بەدواداچوونێکی زیاتری بوێت.

 

مێژووی کۆنی ڕانیە

ئەم ھەرێمە خاوەن شارستانیەتییەکی دێرینە لە زۆر ڕووشەوە دەکەوێتە ناوچە ئاسەوارییەکانی کوردستان لە بواری مێژووییەوە. نەخشە ئاسەوارییەکانی عێراق دەریخستووە کە لە دێر زەمانەوە سەردەمی شارستانییەتی ئەم ناوچەیە و سەردەمی ورکا یەکدەگرنەوە، ھەمان سەرچاوە دەڵێت: لەگەڵ سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ئاشووری ھاوچەرخ دەبنەوە. ئەم ھەرێمە نزیکەی ١٣٠کم لەسلێمانییەوە دوورە، لە بەشی باکووری ڕۆژئاواوە چەندین پاشماوەی دێرینی تێدایە ئێستا زۆربەی ئەو گوند و تەپۆلکانە سەرەڕای دەستکاریکردن و وێرانکردن و کەوتنە ژێر ئاوەوە وەکو خۆیان ماونەتەوە لە ڕووی دەستکاری بەرزییەوە.

 

پاشماوەکانی سەردەمی حسوونە و ورکا و ئاشووری لەگردی بەسکیندا دۆزراونەتەوە، کە ئێستا بە بۆسکێن ناودەبرێن.

لاکێشەیەکی لەسەر شاخ ھەڵکۆڵدراو (مسلە) لەخوار شەقامی دەربەندی ڕمکانەوە ھەیە، کە رووبەرەکەی ٣*٢ پێیە، بەڵام وا پێدەچێ کە ھێڵکاری وێنە یان نووسینەکانی سەری بەھۆی باوباران و داماڵینەوە کوژابێتەوە، بەڵام ئەوەی کە لێی زاندراوە وێنەی پیاوێکە کە ڕووی لە ڕۆژھەڵاتە. ئەم ھەڵکۆڵینە زۆر لەوانەی ھوورین و شێخان و سەرپۆل دەچێت، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەکەدییەکان ٢٣٠٠ پ. ز.

کامەم: چەند گوندێک لە ناوچەیەکدا، کە ئاسەواری کۆنی سەردەمی ئەلعوبێدزورکا (العبیدزورکا) تێدا دۆزراوەتەوە، لە ناو یەکێکیاندا تابلۆیەکی گەورە، کە نووسینی سەردەمی بابلی کۆنی بەسەرەوە بووە ١٨٠٠ پ. ز، هەروەها لەسەر گوندەکەش ئاسەواری ئاوەدانی سەردەمی ھلنتسی ٣٠٠ پ. ز ھەبووە، لە دەوروبەری گوندێکی تریشدا ھەندێک ئاسەواری رۆمی و رۆمانی ھەبووە.

باسمووسیان: بەرزیەکەی ٣٦ مەتر بووە، لە ساڵانی ٩٥٦-٩٥٨ ز پشکنینی تێدا کراوە ھاوتای ئاسەوارەکانی (ورکا وجدە نسر) بووە. پەرستگایەکی تێدا دۆزراوەتەوە کە چەندین سەردەمی بە خۆیەوە دیوە و نوێکراوەتەوە لە سلالەی ئووری سێیەمەوە ٢١٠٠ پ. ز تاوەکو سەردەمی بابلی حووریەکان ھەر پەرستگا بووە، خوایەکی تێدا پەرستراوە کە ھاوشانی خوا عەشتاری بابلی بووە، لە ھەندێک سەرچاوەدا ئەم خوایە بە خوار (ئەدەد) ناوبراوە و خوای باوبۆران بووە، هەروەها لە سەرچاوەیەکی تریشدا بەم جۆرە باسی باسمووسیان دەکرێت کە ١٦ چینی ئاسەوار ھەبووە، کۆنترین پاشماوەکانی دوو پەرستگایە لە چینەکانی سێیەم و چوارەم کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان (ئاشووری کۆن ٢٠٠٠ پ. ز) دەتوانین بڵێین، کە ئاسەوارەکە، ئەم سەردەمانەی بە خۆیەوە بینیوە (سامرا، حلف، عبید، ورکا، ئاشووری کۆن و ناوەڕاست).

شمشارە: ساڵی ١٩٥٧ ستافێکی دانیمارکی پشکنیویانە، دوای ئەوانیش بۆ بەرێوەبەرایەتی ئاسەوار دەرکەوتووە کە ئەم گردە لە سەردەمی بەردینی نوێدا ئاوەدان بووە. واتا خۆی لە گوندی چەرمۆ و حووسنە نزیک دەکاتەوە (ھەزارەی شەشەمی پ. ز)، بینایەکی لە خشت دروستکراوی تێدایە دۆزراوەتەوە کە چەند ژوورێکی تێدابووە. پێدەچێت کۆشک یان پەرستگایەک بووبێت یان ھەردووکیان بووبن بەیەکەوە. ٢٤٥ تابلۆی نووسراوی (سەدەی ھەژدەمی پ. ز)ی تێدا دۆزراوەتەوە. زۆربەیان نامە بوون بەپێی ئەو نامانە، دەردەکەوێت کە شمشارە یان شووشرا ناوەندی مەڵبەندی دەوڵەتی سەر بە ئاشوور، بێتواتە سەر بە شا شەمسی ئەدد بووبێت و دواتریش ناوەندی پاشای ئەکەدی بووبێت. ھەروەکو ئاماژەی پێکرا لەسەردەمی شا شەمسی ئەدد و لە سایەی دەسەڵاتی کواری پاشای شمشارەدا، ئەو شوێنە بە شوورا ناوی ھاتووە،‌ بەڵام لەسەردەمی دەسەڵاتدارییەتی شا سیلالەی سێیەمی ئوور (٢١١٢ -–٢٠٠٤ پ. ز)دا لەشێوەی (شووشرم)دا نووسراوە.

لێکدەرەوە شوێنەوارناسەکانی عێراق بەم شێوەیە باسی ئەو ھەڵکۆڵدراوەیان کردووە: لەو شوێنەی کە زێی بچوک دەڕژێتە دەشتاییەکانی خوارووی ڕانیە (مەبەست لێی دەربەندەکەیە)، ھەڵکۆڵدراوێک ھەیە کە بریتییە لە تابلۆیەکی لەسەر شاخ ھەڵکۆڵدراو بە پانی مەترێک و بەرزییەکی ٦٠ سم، ٢٠ مەتر بەرز لەسەر ئاستی ڕووی زەوییە، زۆر لە ھەڵکۆڵدراوەکەی نەرامسین (مسلەی سەرکەوتن) دەچێت، ھەروەھا زۆریش لەھەڵکۆڵدراوەکەی دەربەندی کاوڕ دەچێت.

 

مێژووی ڕانیە

لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدە ڕانیە لە ژێر دەسەڵاتی میرنشینی بابان بووە، دواتر کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی میر محەممەدی ڕواندز، دواتریش کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان. ڕانیە لە ساڵی ١٨٩٧وە سنجاقێکی سلێمانی سەر بە ویلایەتی شارەزوور بووە کە ناوەندەکەی کەرکووک بووە. لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، ڕانیە قەزایەکی پارێزگای ھەولێر بووە و لە ساڵی ١٩٥٧ خراوەتە سەر پارێزگای سلێمانی.

 

شوێنەوارە مێژووییەکانی ناوچەی ڕانیە

لە ناوەڕاستی شاری ڕانیە گەڕەکێک ھەیە بە لای ڕۆژھەڵاتدا بەناوی گەڕەکی قەڵات، کە بە کۆنترین گەڕەکی شاری ڕانیە دادەنرێت و بناغەی شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی شارەکە بووە. مێژووی ژیان لەو قەڵاتەدا بۆ ھەزاران ساڵ بەر ئێستا دەگەرێتەوە. مامۆستا عەبدولرەقیب یووسف لە چاوپێکەوتنێکی گۆڤاری ڕانیەدا دەڵێت: "مێژووی ژیان لەو قەڵاتەدا بۆ ٩٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەرێتەوە."

عەلی سەید گەورانی، نووسەر و مێژوونوس لە ساڵی ١٩٣٠ لە کتێبی (لە عەمانەوە بۆ ئامێدی)دا لەبارەی قەڵاتی ڕانیەوە دەڵێت: "ڕانیە گردێکی کۆنی تێدایە، گوایە لەشکری ئێرانی لە کاتی خۆی ھەڵیان بەستووە، ئێستا خانووی چین بە چین بەسەرییەوە درووستکراوە بە چەشنی قەڵای ھەولێر."

لە تەنیشت گەڕەکی قەڵات گردێکی مێژوویی تر ھەیە بە ناوی (گردە دێمە). گردی شمشارە، کە لە ساڵانی ١٩٥٧ – ١٩٥٩دا لەلایەن تیمێکی دانیمارکی و عێراقییەوە پشکنینی بۆ کراوە، بە یەکێک لە کۆنترین گردەکانیی مێژووی مرۆڤایەتی دادەنرێت کە زیاتر لە ٢٤٧ نامەی بزماری و مێخی، پەرستگایەکی سەردەمی ئاشوورییەکان و حەوت چینی مێژووییی تێدا دۆزراوەتەوە، ھەر لە سەردەمی پێش فەخفووری و حسوونە، ورکا، ئاشوری و ھتد... تاوەکو دوای ھاتنی ئایینی ئیسلام بۆ ناوچەکە.

گردەکانی بازمووسیان، بووسکێن، دووگرادان، کامەریان، قورەشینە و دێمە. تابلۆ ھەڵکۆڵدراوەکەی لای دەستە ڕاستی دەربەند لە ڕۆژھەڵاتی شاری ڕانیە، کە ھەڵکۆڵدراوێکی مێژوویی ھەیە و وێنەی مرۆڤێکە، بە بۆچوونی ھەندێک لە شوێنەوارناسان، پاشایەکی گۆتی یان لۆلۆییە، ئەم تابلۆ مێژوویییە پانیی مەترێک و بەرزیی ٦٠ سانتیمەتر و نزیکەی ٢٠ مەتر لە زەوییەوە بەرزە.

 

 

ڕانیە لە سەردەمی نوێدا

لە سەردەمی شێخ مەحموودی حەفید، بارەگای جێگری حاکمی سیاسیی سلێمانی ئینگلیز لە دەربەندی ڕانیە بووە. شەڕی بەناوبانگی دەربەندی ڕانیە لە ٢٣ی ئابی ١٩٢٢ بە یەکێک لە دیارترین ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە دادەنرێت، کە خێڵە کوردە نیشتەجێبووەکانی ئەو ناوچەیە ڕۆلێکی گەورەیان تێدا گێڕاوە. ڕاپەرینی ساڵی ١٩٨٢ و ڕاپەرینی ٥ی ئازاری ١٩٩١، کە بۆ یەکەم جار لە شاری ڕانیە جەماوەری خەڵکی کوردستان بە گژ دەسەڵاتە خوێنڕێژەکەی ڕژێمی بەعسدا ھاتنەوە و لە ماوەی چەند کاتژێرێکدا بە خوێنی هەشت شەھید شارەکەیان لە ژێر دەستی داگیرکەراندا ڕزگار کرد، بەمەش دەروازەی ڕاپەرینی سەرتاسەری خەڵکی کوردستان لە شاری ڕانیە کرایەوە و بەرھەمی پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێمی لێکەوتەوە، ھەر بەم هۆکارەشە کە لە لایەن پەرلەمانی کوردستان نازناوی دەروازەی ڕاپەرینی پێدراوە، ھەروەھا یەکەم بڵاوکراوە لە ڕانیەدا لە ساڵی ١٩٤٢ بەناوی (بڵێسە) دەرچووە.

 

بەڕێوەبەرایەتی ناوچەی ڕاپەڕین؛ قەزای ڕانیە

لە ئێستادا سنووری ناوچەی ڕاپەرین وەکو بەڕێوەبەرایەتییەکی سەربەخۆ بە ناوی بەڕێوەبەرایەتی ڕاپەڕین دوو قەزا پێکدەهێنێت، ئەوانیش قەزایەکانی ڕانیە و قەڵادزێن، کە ناوەندی بەڕێوەبەرایەتی ڕاپەڕین لە قەزای ڕانیەیە.

 

ڕانیە لە چوار ناحیە پێکهاتووە، کە لەخوارەوەدا ئاماژە بە ناحیەکان لەگەڵ ئەو گوندانەی لە ناحیەکان پێکهاتوون دەکەین، ناحیەکان پێکهاتوون لە سەرکەپکان، بێتواتە، حاجیاوا و چوارقوڕنە.

 

ناحیەی سەرکەپکان

٥٠ گوند سەر بە ناحیەی سەرکەپکانن، کە بریتین لە گوێچکەلان، کەوبێنی سەروو، کەوبێنی خواروو، شەمامک ، پاشتەلان، بۆتێ، پڵنگان، بێ زێوە، دێمان، ئاسنگەران، گێوژە، سارتکەی سەروو، سارتکەی خواروو، مێکۆکە، قەڵاسەیدەی خواروو، قەڵا سەیدەی سەروو، سۆرەبنە، نۆرە، کانی بناو، تۆبزاوە، مەحباب، دەرەشکەت، چۆم، خەزێنە، دەرووکە، باز ئەسپ، بنجار، سێ مەمیان، قەڵات، سپیاو، بامۆلەکان، شەروە، سڕێ، زەوی بەلاسی، ساڵینە، سماکە، شەکەلە، پاشقۆتەڵ، مێردێرە، دەنگاڵە، گوڵان، مام خەلان، ناوەزینان، بێردبی، بەردانگە، دارەبەن، ڕێزێنە، دێرە، کەڕەک و کەچەڵ.

 

ناحیەی بێتواتە

لە ١٤ گوند پێکهاتووە، کە بریتین لە زێوە، نێوە، چێوەی سەروو، چێوەی خواروو، مێرگەسەر، دواوە، بێتواتە، شکارتە، هەرمک، وەرێ، مەلۆک، نواوە، ئەندێک و ئەنگۆز.

 

ناحیەی حاجیاوا

ناحیەی حاجیاواش لە ١٤ گوند پێکهاتووە، کە بریتین لە حاجیاوای کۆن، قاجە، کانی ماران، قورە بەرازە، پووکەی سەروو، پووکەی خواروو، گەرمکەداڵ، کانی تووان، کفرە دۆڵ، تاقۆڵان، قولەی کانی ماران، دووپشکە، خەلیفە و میرە بەگ.

 

ناحیەی چوارقوڕنە

لە ٩ گوند پێکهاتووە، کە بریتین لە هیزۆپی گەورە، هیزۆپی گچکە، قەرەنیاغا، گردجان، قەسرۆک، بێستانە، قەمتەران، ئەستریلان و کڵاو سووران.

 

 

جوگرافیای ڕانیە

شاری ڕانیە دەکەوێتە باکووری ڕۆژھەڵاتی باشووری کوردستان و باکووری ڕۆژئاوای شاری سلێمانی. ڕانیە دەکەوێتە باکووری شاغی قەندیل، باشووری قەزای کۆیە، ڕۆژھەڵاتی قەزای پشدەر و ڕۆژئاوای قەزای شەقڵاوەوە. ناوەندی شاری ڕانیە سەرباری دەشتێکی بەپیت و فراوان، بە چیا دەورە دراوە و بەشی باکووری ئەو شارە بە چیای کێوەڕەش، کە ١٢٠٠م لە ئاست ڕووی دەریاوە بەرزە دەورە دراوە، هەروەها بەشی باشووری ڕۆژئاوای بریتین لە چیاکانی حاجیلە و ماکۆک. لەنێوان ڕانیە و چوارقوڕنە، چیایەکی بچووک ھەیە کە شەقامێکی گشتی پێدا تێپەڕ دەبێت بە ناوی کلکەی کۆڵین؛ بەھەمان شێوە لە نێوان ڕانیە و قەڵادزێ کلکە چیایەک ھەیە بەناوی دەربەند؛ ئەمە جگە لە زێی دەربەند کە لایەکی ڕانیەی دەورە داوە. قەزای ڕانیە لە باشوورەوە بە چیای کۆسرەت و زێی بچووک، لە ڕۆژھەڵاتەوە بە چیای ئاسۆس و چیای کۆلارە و لە ڕۆژئاواوە بە چیای حەریر دەورە دراوە. ڕووبەری ناوەندی قەزای ڕانیە (٨کم٢)یە یەکسانە بە ٣٢٠٠ دۆنم، پانتایی قەزای ڕانیە ٨٨٤کم٢یە. دەشتی بیتوێنی ڕانیە، کە یەکێکە لە دەشتە بەناوبانگەکانی کوردستان بە دەشتێکی پان و بەرین دادەنرێت، درێژییەکەی ٣٠کم و لە ڕۆژھەڵاتەوە بۆ ڕۆژاوا، پانییەکەی ٢٠–٣٠کم٢ دایە، ڕووبەرەکەی ٨٠٠کم٢ و بەرزییەکەشی لە نێوان ٥٠٠–٦٠٠کم٢ دایە. ڕانیە ١٤٦کم لە شاری سلێمانییەوە دوورە.

 

دەربەندی رانیە

رەمکان وەکو قلقشندی لە (سبح الاعشی)دا ناوی ھێندراوە لە سەردەمە کۆنەکاندا دەروازەی تێپەڕبوونی لەشکرە داگیرکەرەکان بووە بە تایبەتی ئەوانەی لە دۆڵی رافیدەین بەرەو ئێران ڕۆییشتوون. زۆر نزیکە لەو رێگایەی، کە سەرجوونی ھەشتەم (٧١٤ پ. ز) بۆ داگیرکردنی ناوچەکانی ئازەرباینجان لە منا گرتبوویەبەر، ھەمان ئەو رێگایە بووبێت کە لەدەربەندەوە بەرەو قەڵادزێ تێپەڕ دەبێت، چونکە ناوی زۆر شوێن لەو گەشتەدا ھاتوون کە پێیدا تێپەڕ بووە، وەکو کێوی کلارا کە ئێستا ھەر لە نزیک ئەو دەربەندە شوێنێک ھەیە بە ناوی کولارە.

 

شایەنی باسە، کە قلقشندی ئەو دەربەندەی بەدەربەندی (قرایر) ناوھێندراوە بەرلەوەی دەریاچەی دووکان زۆربەی ئەو شوێنەوارانە دابپۆشێت، ھەڵمەتێکی گەورە و بەپەلە کرا بۆ پشکنینی ئەو شوێنەوارانەی کە کەوتوونەتە ژێر دەریاچەکانەوە، لەو شوێنانەش دەستی پشکنینیان گەییشتووە بەم ناوانە:

 

کامەریان: ئاسەواری ئەم سەردەمەیان تێدا دۆزیوەتەوە، العبید ٣٥٠٠ پ. ز، الورکا ٣٠٠٠ پ. ز، ئاکری ٢٥٠٠ پ. ز، ئاشوری کۆن ٢٠٠٠ پ. ز و حووری.

 

گردە دیم: ئاسەواری ئەم سەردەمانەی تێدا بووە: ورکا، ئەکەدی، ئاشووری کۆن و حووری میدی، ھەروەھا پەرستشگایەکیشی تێدابووە.

 

دووگردان: پاشماوەی سەردەمی (العبی)، دوو پەرستگا، پاشماوەی سەردەمی ورکا و ئاشووری کۆنی تێدا دۆزراوەتەوە.


 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield