ناساندنێک بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەردەوام ناویان دەبیستین بەڵام کارو چالاکییەکانیان ڕووننین لەبەرچاو

بڵاوکردنەوە:

شادی غەفوور

نووسەر:

شادی غەفور

بینراو:

542

بەش:

ئاشنایی

مێژووی دروستبوونی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان

ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییە لە ساڵی 1945 پاش جەنگی جیهانی دووەم دامەزراوە لەلایەن 51 وڵاتەوە، کە ھەوڵیانداوە کار بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانە لەنێوان گەلاندا و بەرزکردنەوەی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و پێوانەی باشتری ژیان و مافەکانی مرۆڤ بکەن. هەروەها، لە ئێستادا گەورەترین و ئاشناترین ڕێکخراوی نێودەوڵەتییە لە جیهاندا، بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیۆڕکە، و ئۆفیسی سەرەکی دیکەی لە شارەکانی جنێڤ، نایرۆبی، ڤیەنا و لاهای هەیە.

 

نەتەوەیەکگرتووەکان (UN)

ڕێکخراوێکی نێوان حکومەتەکانە کە ئامانجەکانی بریتین لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.

 

ئامانجەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەگرتووەکان

دەتوانین ئامانجەکانی ڕێکخراوەکە لە چوار خاڵدا کۆ بکەینەوە:

١. ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەیی، بۆ پاراستنی ئاشتی لەسەر ئاستی جیھانی.

٢. بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکی دۆستانە لە نێوان نەتەوەکان.

٣. یارمەتیدانی نەتەوەکان بۆ کارکردن لەگەڵ یەکدا بۆ باشترکردنی باری گوزەرانی ھەژاران، سەرکەوتن بەسەر برسیەتی و نەخۆشی و نەخوێندەواری و بۆ ھاندانی ڕێز بۆ ماف و ئەرکی یەکتر.

٤. بوون بە مەڵبەندێک بۆ یارمەتیدانی نەتەوەکان بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە.

 

مەرجەکانی بەئەندامبوون لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکاندا:

ھەر دەوڵەتێکی ئاشتیخواز کە پابەندبوونی خۆی بۆ پەیماننامە و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان دەربڕیبێت، دەتوانێت ببێتە ئەندامی ئەو ڕێکخراوە. بەئەندامبوون بۆ کەسی ئاسای نییە، بەڵکو دەوڵەت و ڕێکخراوەکان دەتوانن ببنە ئەندام .

 

دەزگاکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان:

نەتەوە یەکگرتووەکان خاوەنی 6 دەزگای سەرەکییە کە بریتین لە: ئەنجومەنی ئاسایش، کۆمەڵەی گشتی، ئەنجومەنی سەرپەرشتیکردن، ئەمیندارێتیی گشتی، دادگای دادی نێودەوڵەتی و، ئەنجومەنی ئابوریی کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە ھەریەکە لەم دەزگایانە ئۆفیس و بارەگای تایبەت بەخۆی ھەیە بۆ ئەو کارانەی لەسەر ئەم دەزگایانەیە.

ئەم ڕێکخراوە ساڵانە ڕاپۆرتێکی زۆر لەسەر گەشەی مرۆیی بڵاو دەکاتەوە تاکو بەرنامەکانی پەیوەندیدار بە پێشکەوتن و گەشەی وڵاتان بخاتە ژێر لێکۆڵینەوە و ھەڵسەنگاندن، جگە لەمانە ڕاپۆرتیش لەسەر ئاستی ناوچەیی و نیشتمانی بڵاودەکاتەوە. گروپێک هەن لەناو نەتەوە یەگرتووە کاندا کە زۆربەی کاروبارەکانی بەڕێوبردن لە ئەستۆی ئەو گرووپەیە...

 

گروپی بەڕێوەبردنی باڵا یان پلەبەرز؛ پێکهاتە و ئامانجەکان چییە؟

گرووپی بەڕێوەبردنی پایەبەرز (SMG) بەشێکی پلەبەرزە، کە سکرتێری گشتی سەرۆکایەتی دەکات، کە سەرکردەکانی بەشەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و نوسینگەکان دەکاتەوە. ئەمە، کۆڕێکە بۆ بابەتی پەیوەندیدار بە سیاسەت، پلاندانان و هاوبەشکردنی زانیاری لەگەڵ رێزگرتن لە بیروڕا و کێشەی یەکتری لەڕێگەی کۆبوونەوە ئاساییەکانەوە – لەوانە، کۆنفیدراسیونی ڤیدیۆیی لەگەڵ نوسینگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێف، نایرۆبی، ڕۆما، بانکۆک، بەیروت، ئەدیس ئەبابا، سانتیاگۆ و ڤیەنا. گروپی بەڕێوەبردنی باڵا ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت، لەلایەن سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێسەوە، سەرۆکایەتی دەکرێت و ئەندامێکی زۆری تێدایە. ئەنتینۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتییە، و، ئامینە جەی محەمەد، جێگری سکرتێری گشتییە.

 

نەتەوەیەگرتووەکان لە کوردستان

ئەم ڕێکخراوە چەندین جار بەئاراستە و بەهانای هەرێمی کوردستانەوە هاتووە لە ساڵی 1991 بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی ژمارە 688، کە هەرێمێکی پارێزراوی نێودەوڵەتی بۆ کوردستان دروست کرد. بڕیاری 986 بوو، کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا باری ئابوریی هەرێمی باش کرد. دەزگا‌کانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێی بارودۆخ، بۆ بوژاندنەوەی مرۆیی و ئابوریی هەرێمی کوردستان هه‌وڵه‌كانیان خستۆته‌گه‌ڕ.

 

لە کۆتاییدا باسی پێشەکی بڕوانامەی نەتەوە یەگرتووەکان دەکەم، کە بە دەستووری نەتەوە یەگرتووەکان ناسراوە لەبەر ئەو هەوڵە جوانەی نەتەوە یەگرتووەکان دەیانەوێت بە جیهان پشکەشی بکەن لە پێشەکییەکەیدا بەجوانی باسی لێوە کراوە. دەڵێت:

"ئێمە گەلان و نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێن دەدەین نەوەکانی داهاتوو لە جەنگ و کارەساتەکانی بپاریزین، لە هەمان بواریشدا پەیمان نوێ دەکەینەوە و باوەڕبوونمان بە مافەکان و بەوەی کە پیاو و ژن و نەتەوە، بە گەورە و بچووکیانەوە، مافی یەکسان و چوونیەکیان هەیە."

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield