مامۆستا موحەممەد مەلا ساڵح شارەزووری کێیە؟

بڵاوکردنەوە:

کەوسەر شاخەوان عبداللە

نووسەر:

کەوسەر شاخەوان

بینراو:

274

بەش:

ئاشنایی

مامۆستا محمد کوڕی مەلا ساڵحی کوڕی سۆفی ئەبوبەکری کوڕی قادرە و باوکی بە مەلا (ساڵحی زارا) ناسراوە، لە ساڵی ۱۹٤۷ لە گوندی (کەچەڵی) نزیک شارۆچکەی سەیدسادق لەدایکبووە پاشان لە ساڵی ۱۹٥۰ ماڵیان باردەکات بۆ سەیدسادق کە ئەوکات تەنها چەند ساڵێکە دروستبووە.

لەساڵی ۱۹٥٤ دەستی کردووە بە خوێندنی قورئانی پیرۆز و زانستە ئیسلامییەکان پاشان لە ساڵی ۱۹٦۰ کە حکومەتی ئەوکاتی عێراق بڕیاری دروستکردنی ٦ قوتابخانەی ئیسلامی دەدات و یەکێکیان لە هەڵەبجەی شەهید دەبێت و مامۆستا محمد شارەزووری لە ٢٢-٩-١٩٦٠ یەکەم وانەی تیادا دەخوێنێت، لە تەمەنی ۲۱ ساڵیدا ژیانی هاوسەرگیری پێکدەهێنێت و خێزانی یەکەمی بەناوی (مینای کچی دەروێش ڕەشید) دەگوازێتەوە، دواتر لە ساڵی ۱۹۷٤ دەبێتە مەلا لە گوندی (گورگەدەر)ی ناوچەی شارباژێڕ، پاش هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی کوردی ڕژێمی بەعس باردەکەن بۆ شاری سلێمانی و لە مزگەوتی (قەرەچێوار) لە گەڕەکی چوارباخ دەبێتە پێشنوێژی ئەو مزگەوتە، دواتر لە ساڵی ۱۹۷٥ دەگەڕێتەوە سەیدسادق و دەبێتە پێشنوێژی مزگەوتی گەورەی سەیدسادق کە پێشتر مامۆستا ساڵحی باوکی مەلا بووە لەهەمان مزگەوت دا، شێوازی وتارەکانی مامۆستا موحەممەدی شارەزووری دووربوون لە کلاسیک و چاولێکەری و شێوازێکی زانستیانە و سەردەمیانە بووە. مامۆستا موحەممەدی شارەزووری خاوەن چەندین پەرتووکی نایاب و گرنگە و بایەخی زۆری بە زانست داوە، سەرانی بەعس بەهۆی وتارە کاریگەرەکانی بەردەوام دەیانگرت و ئەشکەنجە و ئازاریان دەدا. لەیەکێک لە یاداشتەکانیدا دەڵێت :

" جارێک وتارێکی زۆر توندم لەسەر بەرەی نیشتیمانی خوێندەوە لە نوێژی هەینیدا هێرشێکی زۆرم کردە سەر ڕژێمی بەعس هەر لەوکاتەدا پیاوانی ڕژێم هاتن و لەگەڵ تەواوبوونی وتارەکەمدا قۆڵبەستیان کردم تەنانەت نەیانهێشت نوێژەکەی هەینیان بۆ بکەم و بۆیە ناچار باوکم نوێژی هەینی بۆ کردن"

هەروەها دەڵێت :

هەر لەوکاتەدا بوو بە دەنگەدەنگ چونکە ڕیزەکانی دواوە نەیاندەزانی چی ڕوویداوە کەسێک بەناوی (خاڵە شێخ قادر) هەستا و وتی بابە چپەچپی چیتانە مەلا موحەممەد لەنێوان خودا و بەعس گیری خواردووە ئەگەر ناحەق بڵێ خودا دەیگرێ و ئەگەر حەقیش بڵێت ڕژێمی بەعس دەیگرێت"

دواتر مەلا موحەممەد شارەزووری لەساڵی ۱۹۸۰ دەچێتە سلێمانی و لەوێ لە مزگەوتی (حاجی عەبدولڕەحمان بۆسکانی) دەبێتە مەلا، لە ١٧-٣-١٩٨٧ تەنها چوار مانگ پێش مەرگی خۆی لە یاداشتنامەکەیدا نووسویەتی و دەڵێت: "دەینتان بە ملم ئەوە مەلایەتی نەبوو من کردم، تەوقی ئیزرائیل بوو چووە گەردنم هەتا ڕۆژی نووسینی ئەم یاداشتە ۱۳ ساڵە من مەلام ۱۳ پارووی ڕەحەتم نەخواردووە، هەناسەیەکی ئۆخەییم هەڵنەکێشاوە."

سەرەنجام لە ڕۆژی ٢٥-٧-١٩٨٧ لەکاتێکدا لەسەر تراکتۆر دەبێت تراکتۆرەکەیان وەردەگەڕێت و بەهۆیەوە دەستبەجێ گیان لەدەست دەدات لە تەمەنی ٤۰ ساڵیدا، لە مەراسیمێکی شایستەدا تەرمەکەی دەگەڕێتەوە سەیدسادق.

 

سەرچاوە: هەگبەی شارەزووری.

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield