کارەساتی ئاتوچا و پەیوەندی بە پارێزەران

بڵاوکردنەوە:

کەوسەر شاخەوان عبداللە

نووسەر:

کەوسەر شاخەوان

بینراو:

3176

بەش:

ڕامیاری

بێگومان پیشەی پارێزەری یەکێکە لە پیشە مەترسیدارەکانی جیهان و بەردەوام گوێبیستی چەندان بابەتی مەترسیدار و تاوان دەبینەوە دژی پارێزەران. ڕۆژی ۲٤ی ۱ی هەموو ساڵێک لە جیهاندا بە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی پارێزەران ناسراوە، هاوکات ساڵانە لەم ڕۆژەدا لە سەرانسەری جیهان چەندان چالاکی لەلایەن ڕێکخراوەکان و پارێزەران ئەنجامدەدرێن بە مەبەستی دەرخستن و ڕێگری و نەهێشتنی ئەو هەڕەشە و مەترسیانەی لەسەر ژیانی پارێزەران هەیە. مێژووی ئەم ڕۆژەش دەگەڕێتەوە بۆ کارەسات و تاوانێکی جەرگبڕ لە وڵاتی ئیسپانیا، کاتێک لە ئێوارەی ۲٤ی ۱ سێ تاوانبار دەچنە نووسینگەیەکی کاری یاسایی لە شەقامی (ئاتوچا)  کە دەکەوێتە باشووری ناوەندی شاری مەدرید لە وڵاتی ئیسپانیا پاشان ئاگر لە نووسینگەکە بەردەدەن. بەم هۆکارەش، سێ پارێزەر بە ناوەکانی، لویس خافێیر بێناڤیدیس، ئینریکی ڤاڵدیڤێرا و فرانسیسکۆ خافێیر ساوکۆیلۆ، بە ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی گەیەنرانە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدا.دواتر، سێ تاوانبارەکە دابەش بوون، دووانیان بە چەکی پڕ فیشەک بەناو نووسینگەکەدا دەگەڕان تاکو (خواکین ناڤارۆ) بدۆزنەوە و بیکوژن، کە ئامانجی سەرەکی بکوژەکان بوو. خواکین ناڤارۆ ئەمینداری گشتی یەکێتی کرێکارانی شیوعی بوو. سێیەم تاوانبار بە چەکی بەتاڵ چاودێری دەکرد دواتر کاتێک زانیان ناتوانن خواکین ناڤارۆ بدۆزنەوە و لە نووسینگەکە ڕۆشتووە، بڕیاریان دا سەرجەم ئەو کەسانەی لەوێن بیانکوژن. هەشت کەسی تر مابوون، پێیان وتن دەستان بەرزبکەنەوە کاتێک دەستیان بەرزکردەوە بەرامبەر دیوارەکە گولەبارانیان کردن و سیرافین هۆلگادۆ کە خوێندکاری یاسا بوو هەروەها یاریدەدەری کارگێڕی نووسینگەکە ئەنخێل ڕۆدریگێز و پارێزەر دۆلۆرێس گوانزالێز کە ژنی فرانسیسکۆ خافێیر بوو هەروەها میگێڵ سارابیا لەگەڵ ئەلیخاندرۆ رویز و هەروەها لویس ڕامۆس پاردۆ ئەمان برینداربوون بەقورسی بەڵام ڕزگاریان بوو، لەوکاتەدا دۆلۆرێس دووگیان بوو بەهۆی هێرشەکەوە منداڵەکەی لەدەستدا.

لە هەمان شەودا، تاوانبارەکان هێرشیان کردە سەر نووسینگەیەکی چۆڵ کە لەلایەن یەکێتی گشتی کرێکارانی شوێنکەوتەی حیزبی کرێکارانی هاوبەشی ئیسپانیا (PSOE) بەکاردەهێنرا. سەرجەم تاوانباران سەر بە فاشیستە تازەکانی ئیسپانیا بوون و دژی دیموکراسی بوون، ئامانجیان کوشتنی خواکین ناڤارۆ و نەهێشتنی بەردەوامی و جێگیری حوکمەتەکەی ئەدۆلفۆ سوارێز بوون. دواتر، سەرجەم تاوانباران و ئەوانەی هاوبەشیان بوون بە سزای ٤٦٤ ساڵ زیندانی سزادران هەرچەن دواتر سزاکە زۆر کەم کرایەوە وە هەندێک لە تاوانباران لە زیندان ڕایان کرد و هەڵهاتن، بەڵام ئەوەی بۆ فەرمانڕەوای ئیسپانیا زۆر گرنگە تەنها یەک خاڵی سەرەکییە ئەویش ئەوەیە لە کۆتایی ساڵانی ۱۹۷۰کان ئیسپانیا گەڕایەوە بۆ پەیڕەوی دیموکراسی .

ڕۆژنامەنووس خوانچۆ دومال لە یاداشتەکەیدا بەبۆنەی چلهەمین ساڵیادی کوژرانەکەیان دەنووسێت (ئەمە کردەوەیەکی تیرۆرستی بوو کە وێنای داهاتووی وڵاتەکەمان دەکێشێت بە ڕێگایەک کە هەرگیز نابێت کوشتنی هاوشێوەی وای تێدا ڕووبداتەوە ئەمەش هەمان داخوازی قوربانیانە بەتەواوی هەموو ڕووبەڕی شەقامەکانی ئاتوچا ئەم کارەساتە لە یادگەیان دەمێنێتەوە).

هەرچەندە، ڕووداوەکان لە هەر سەرچاوەیەک بە شێوەی جیاواز باسدەکرێن، بەڵام ئەمە لە ڕاستی کارەساتەکە کەمناکاتەوە چونکە جیاوازی سەرچاوەکان زیاتر لە کات و شێوازی کوژرانی قوربانیەکانە، هەروەها ئەلیخاندرۆ ڕۆیز کە لە کارەساتەکەدا بریندار بوو بەسەختی و ڕزگاری بوو لە ساڵی ۲۰۱۷ لە پەیامێکدا دەڵێت، (بۆ ئەم کارەساتە هیچ کەس نەیتوانی دەنگ هەڵبڕێت و قسەبکات هیچکەس نەیدەتوانی باسی تۆڵەسەندن بکات بەڵکو بە بێدەنگی ماڵئاواییمان کرد لە هاوڕێیانمان و هیواخوازین هیچ کات کارەساتی لەم جۆرە توندوتیژ لە وڵاتەکەمان نەبینینەوە).

بەهۆی ئەم کارەساتە دڵتەزێنە زیاتر لە ۱۰۰ هەزار کەس بە بێدەنگی لەگەڵ تەرمی مردووەکان هەنگاویان دەنا و دەڕۆشتن لە مەراسیمەکەیاندا، ئەم ڕووداوە جەرگبڕەی مێژوو لەسەر بنەمای ئەوەبوو کە پارێزەرەکان کارەکانیان بەباشی ئەنجام نەداوە، هەرچەن بەپێی یاسا پارێزەر کاری بەدیهێنانی ئەنجام نییە تەواوی هەوڵدەدات و ڕێکارە یاساییەکان دەگرێتە بەر بەڵام ئەنجام کاتێک بەخواستی ئەو کەسانە نابێت کارەکەیان لای پارێزەرەکەیە هیچ بەرپرسیاریەتی ناکەوێتە ئەستۆی پارێزەر، بەڵام بەداخەوە لە تەواوی جیهاندا ڕۆژانە گوێبیستی ڕووداوی زۆر سەخت دەبینەوە بەرامبەر پارێزەران .

لە ناونیشانی سەرەکی ڕۆژنامەی ڕۆژانەی لیژنەی ناوەندی حیزبی شیوعی لە ئیسپانیا کە بڵاوکرایەوە لە ڕۆژی بەخاک سپاردنی تەرمی قوربانیانی کارەساتەکەدا نووسرابوو (بۆ هەمیشە ئەم ڕووداوە ئەوەی خستە بیری هەمووان ئازادی پێویستی بە قوربانیدانە هەندێ جار تەنانەت بە ژیانت). دوای کەمتر لە سێ مانگ لەم ڕووداوە سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا ئەدۆلفۆ سوارێز لەڕۆژی ۹ی نیسانی ۱۹۷۷ فەرمانی دانپێدانانی بە ڕەوایەتی و یاسایی حیزبی شیوعی لە وڵاتی ئیسپانیا دەرکرد.

 

 

سەرچاوەکان

https://themakingofmadrid.com/2022/02/27/the-atocha-massacre-and-its-aftermath/

https://ihr.world/es/2021/01/24/masacre-de-atocha-44-anos-despues/

https://www.bbc.co.uk/programmes/p04pr3bg

https://www.madridmetropolitan.com/45th-anniversary-of-atocha-massacre-marked-in-silence/

http://www.hartford-hwp.com/archives/62/148.html

https://placeandsee.com/wiki/massacre-of-atocha?spmchkbj=spmprvbj5tbo1XrmlqE412rG38URmSaKF1

https://commons.wikimedia.org/wiki/Category:1977_Atocha_massacre

https://www.dreamstime.com/photos-images/atocha-massacre.html

https://en.mercopress.com/2018/12/07/atocha-massacre-fugitive-captured-in-brazil

https://www.ccoo.cat/ciprianogarcia/noticies/40-years-of-the-atocha-massacre/

https://www.abogacia.es/en/publicaciones/blogs/el-blog-de-victoria-ortega/40-anos-del-asesinato-de-los-abogados-de-atocha-companeros-no-os-olvidamos/

https://www.humanite.fr/mot-cle/massacre-datocha

https://www.nytimes.com/2020/02/07/world/europe/spain-extradition-brazil.html

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield